Jump to content

دیوانی گۆران/شیعر بۆ مناڵان

From Wikisource
دیوانی گۆران (1962)
by گۆران
شیعر بۆ مناڵان
304368دیوانی گۆران — شیعر بۆ مناڵان1962گۆران

ساوای ئاشتیخواز

[edit]
مناڵێکم کۆرپەی ناز وەک باوکی خۆم ئاشتی خواز
کۆتری سپیی تەقڵەباز لە چەقەڵ ئەکەم دەرباز
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتیخواز
نامەوێ گرمەی بۆمبا بە کوتەک لە کەللەم با
نامەوێ چەپۆکی شەڕ ماڵی باوکم با بە «با»
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
باوکم نابێ بێکار بێ ڕووت و قووت و هەژار بێ
دایکم فرمێسکی خەمی وەک دڵۆپی بەهار بێ
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
نامەوێ هەتیو کەوم کەلاوە بێ جێی خەوم
لەبەر ئەوە، مایەی شەڕ کێ بێ، دوژمنی ئەوم
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
ئەمجا مەرجە تا ماوم بە زمانی پاراوم
گۆرانیی ئاشتی بڵێم ئاشتیی ڕووناکیی چاوم
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتیخواز

جگەرتانین

[edit]
جگەرتانین، ساواتانین گوڵی باخچەی هیواتانین
بزەی ناو بێشکەین بۆ دایکان ڕووناکیی چاوین بۆ باوکان
هێزی دواڕۆژی ئینسانین بەکەڵک ئەبین هەروەک جوانین
ماوە مەدەن شەیتانی شەڕ دەزگای کینەی بخاتە گەڕ
بە چەخماخەی تیشکی ئەتۆم ئێسقانمانتان بۆ بکا بە مۆم!
ماوە مەدەن بێشکەی مناڵ گڕ تێی بەربێ وەک کۆی زوخاڵ
ماوە مەدەن ڕووی ئەرز هەموو بێتە هێلانەی بێ بێچوو!

سا گۆرانیی کەو

[edit]

قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!
شاخی بەرز و بەردی ڕەق،
جێگای چێڵە و جێگای بەق
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

بەفری تازە و بەفری پار،
نابڕێ لە لووتکە و نزار:
نە پاییز و نە بەهار،
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

بەربەڕۆچکەی ئەشکەوتم،
زستان جێگای سرەوتم،
مەڵبەندی چینە و ڕەوتم،
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

ڕائەپەڕم بەربەیان،
هەڵئەکشێم بۆ لووتکەی جوان،
ئەخوێنم ڕوو لە ئاسمان:
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

مەهی هەزار بە هەزار،
بە یەک گڤەی بەرەوخوار
ئەبڕم لە ترسی زۆردار
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

«فجووق...» لە داڵی چاوزەق
«قغ...» لە ڕاوکەری دڵ ڕەق
لە تفەنگ و تەقەتەق
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

گشت ئێوارە و گشت شەبەق،
شاخ پڕ ئەکەین چێڵ و بەق،
لە جیڕکە، جیڕ، قەق، قەق، قەق،
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق!

بەرخەکەم

[edit]
ئەی بەرخۆلەکە! نەرم و نۆڵەکە!
سپی و خرپنی وەک کولووی لۆکە!
***
دەستەمۆ و چەشی فێرە باوەشی
دەنگی باڕە خۆش جوان و چاوڕەشی!
***
بۆ هەرکوێیەک چووم تۆیش وەرە لە دووم
ئەتلەوەڕێنم هەر وەکوو بێچووم
***
وەرە خلەخل! بچۆ نەرم و شل!
بباڕێنە: باع... بەرخی چاو بە کل!

گۆرانیی دەنکە گەنم

[edit]

ناوی خوای لێ ئەهێنم
دەرکی عەمار ئەشکێنم
بە بار گەنم دەردێنم
لە ناو وەردا ئەیچێنم
وەک ئاڵتوون زەردە
پاک و بێگەردە
دەنکە گەنمم...
 
پۆلە چۆلەکەی سەر چڵ!
مشکی ناو کون! کرمی گڵ!
وردە مەلی سرک و سڵ!
تۆوم وەشاند پڕ بە دڵ!
ئەیگرێ خوا
هەرکەسێ بیخوا:
دەنکە گەنمم...
 
ئێستا وشکە، بێ گیانە
ئەم دەنکە گەنمە جوانە
دوو ڕۆژی تر بڕوانە
تەلیسمێکی ژیانە
خوا ئەفەرموێ
ئەویش ئەڕوێ
دەنکە گەنمم...
 
ئەبێ بە قەرسیلی شین
بەرز ئەبێتەوە چین چین
دیمەنێکی چەند شیرین
ئەبەخشێ بە سەرزەمین
خوا دای گیانی
خوا نەخشانی
دەنکە گەنمم...
 
گا و گوێرەکەی سەرەڕۆ
ئاژاڵی زیانەخرۆ
بەرازی شەخەڵی کۆ
دوژمن نەیخوا گەنم و جۆ
نەفرینی خوا
لەوەی بیخوا
دەنکە گەنمم...
 
بەهارێ قەف دەر ئەکا
گوڵ تا بەر سنگ سەر ئەکا
قەلاس نووک نەشتەر ئەکا
دڕک پاسی بەر ئەکا
بە شنەی با
شەپۆل ئەدا
دەنکە گەنمم...
 
ئەی خوای گەردوونە بەرزە!
دەغڵەکەم بپارێزە
لە سن و کوللە و تەرزە
ئەی خوای گەردوونە بەرزە!
هی تۆیە و من
نەک هی دوژمن
دەنکە گەنمم...
 
دەغڵم وەک ئاڵتون زەردە
وەرزێر! داس لە هەسان دە!
خۆت ئاسایی تەکان دە!
مەڵۆم بۆ لە خەرمان دە!
خەرمانی سوور
وەک کۆگای نوور
دەنکە گەنمم...
 
هەر دەنکە بوو بە هەزار
سوپاس بۆ تۆ کردگار!
بەشی تۆ و بەشی عەمار
بەشی دەسکورت و هەژار
هاتە بەرهەم
سوپاس ئەکەم
دەنکە گەنمم...

پشیلەکەم

[edit]
میاو میاو! میاو میاو! ورد ورد ڕاکە پشە خرپنەی دەم و لووت پاکە!
کلووە ئاوریشمی گیاندارم چاو پیرۆزە، کلک کوڵەمارم!
ڕاکە، ڕاکە، وەرە باوەشم لا مل هەڵسوو تێر لە لەشم!
کلکی تیسکن لوول کە و ڕەپ کە نەرمەی دەستم گاڵتەقەپ کە
نینۆکی تیژ دەرپەڕێنە قەی ناکا! بڕنە، بدڕێنە:
دەست و دەم و چاو و جلم پشە، هەردوو دەست بکەرە ملم!
مووی سمێڵی شاش، لووتی سوور بگرە بۆ ماچ ماچێنی دوور!
کە مانوو بووی لە دەست بازی پشە، ڕاهاتووی کۆشی نازی
خۆت پەپکە دە لە سەر ڕانم، بە پرخە پرخ، پشەکەی جوانم
لێک نێ چاوی مەیلەو شینت؛ وردە جووڵە خەوبینینت،
ئەگەرچی ڕامئەچڵەکێنێ، بەڵام نەختە نەختە دێنێ
پرخە پرخی یەک ئاهەنگت شێوەی کش و مات و مەنگت
بۆ چاوی منیش وەنەوزێک، چاو لێک ئەنێم منیش تۆزێک

کەروێشک

[edit]
کەروێشک لەناو لانا گوێی لەسەر پشت دانا
چاوی نووقاند پرخەپرخ نووست تا ڕاوکەر وتی: پخ!
ئەمجا هەردوو گوێی لەقان شانی پیا کرد بە بازدان
کەروێشک! نزیکە دوژمن کەروێشک، ڕاکە قونەقون!

بەفر

[edit]
ئای بابە گیان! بەفر ئەبارێ، تەماشا: جێگا نەما پێیەک دانێی لە حەوشا
کلوو کلوو دێتە خوارێ: سپی و جوان دەنکە دەنکەش با ئەیهێنێ بۆ هەیوان
ئەڵێی وردە پەڕی سپیی دەعبایە یا لێشاوی پەپوولەی ناو هەوایە
ئەها بابە! ئەو ڕیشۆڵە هەژارە کزکز نیشتۆتەوە لەو بن پاسارە
ئێستا مشتێ گەنم دێنم ڕۆی ئەکەم با بێ بیخوا و نەجاتی بێ لە ماتەم