Jump to content

دیوانی گۆران/سروود

From Wikisource

کوردستان

[edit]

کوردستان، کوردستان!
نیشتمانی جوان!
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بژی!
 
لووتکەی بەرزی گەردن کەشت
نزاری سپی، بەرخۆری ڕەشت
دۆڵی کپ و چەمی خوڕت
دارستانی زەبەند و چڕت
بەهەشتی سەزەمینن،
هێلانەی خۆشیی ژینن،
جێگەی نۆشن،
ئاگر تیژکەری ئیلهام و هۆشن.
 
کوردستان، کوردستان!
نیشتمانی جوان!
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بژی!

بەری بەیانە

[edit]
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
دەنگی بانگ هەڵسا لە مزگەوتی دێ باڵدار هێلانەی خەو بە جێ دێڵێ
قاسپە قاسپی کەو ئاشکرا ئەڵێ: کاتی فرمان هات، کورد نابێ بنوێ.
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانیی کورد! سەردەمی هەڵسان هەرکەسێ نووست، مرد!
پێویستی پیرۆز؛ بەڵام سەخت و ورد چاوەڕوانتە، هەڵسە دەستوبرد!
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ:
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!
بۆ بەختیاری و سەربەخۆیی گەل، لەگەڵ هاوڕێتا پەل بدەرە پەل!
کەی دەرچوو تیشکی هەتاو لە دەم کەل، وریا بی، زۆر چاک بە کاربێنی هەل
بەری بەیانە، ڕووناکە ئاسۆ،
ئاسۆی هیوای کورد، مژدە بێ لە تۆ!

دەمی ڕاپەڕینە

[edit]

دەمی ڕاپەڕینە، دەمی ڕاپەڕین!
هەتاکەی بە سستی و بە پەستی بژین؟
پەلامار دە، ئەی کورد، عەرەق ڕشتنێ!
لە دڵ کرمی ناکۆکی دەرکردنێ!
بە یەکبوونە گشت:
پتەوبوونی پشت!
بە یەکبوون ئەبێ:
گەلت پێش کەوێ!
 
دەمی ڕاپەڕینە، دەمی ڕاپەڕین!
هەتاکەی بە سستی و بە پەستی بژین؟
بە لادا بکە چاکی مەردایەتی،
درێغی مەکە گیان لە کوردایەتی،
بگرمێنە وەک شێر، بچۆ ناوی بەرد،
بڵێ: کوا هەقی ژینی ئینسانی مەرد؟
درشت تاکوو ورد،
نەکەین دەست و برد،
بە هەق چۆن ئەگەین؟
پشوو چۆن ئەدەین؟
دەمی ڕاپەڕینە، دەمی ڕاپەڕین!
هەتاکەی بە سستی و بە پەستی بژین؟

1943

نەورۆز ئەکەم

[edit]
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزی من بەهارییە، زەردەخەنەی ڕووی سروشتە؛
لە دەشتی ڕەنگین دیارییە: هەر هیی من نا، جەژنی گشتە:
ڕۆژی ژیانەوەی گەلە، هیی گژ و گیایە، هی مەلە!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

بەفری چیا کشایەوە، سەرمای زۆردار سوپای شکا؛
هێزی ژیان بە دوایەوە ئەڕوا و گەڵا و گیا سەوز ئەکا؛
دەست لە پشتی گیاندار ئەسوێ ئەیخاتەوە سک و زای نوێ!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

بولبول ئەڵێ: ئاواتی گوڵ لەم جەژنەوە بۆم دێتە دی
هەنگی لە ناو کونا خجڵ، لەم ڕۆژەوە ڕێی ئازادی
ئەگرێتەوە بەر بۆ مژین: لە دەمی گوڵ شیلەی هەنگوین!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بە سۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

کۆنەپەرست لێم ناگرێ: ڕێی وریاییی نیشتمانی،
کێ ئەتوانێ: بگرێ لە زێ ڕێی هەڵسان، کاتی هەڵسانی؟
یا تەنانەت بەری گەشە بگرێ لە چڵی وەنەوشە؟
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بە سۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

کۆنەپەرستی چاوقووچاو! لە جەژنی گەل بۆ ئەترسی؟
لە گەل دزی کۆشک و دراو! بۆ ناتەوێ جەژنی برسی؟
بۆ ناتەوێ گیانی چڵکن! جەژنی پاکی نەورۆزی من؟
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!

نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەرۆز ئەکەم!

ئەی لاوی کورد

[edit]
ئەی لاوی کورد! کوڕی ئازا: دانانەوێنێ بۆ قەزا:
بۆ زوڵم و زۆر، ملی ڕەزا! نە بە نیاز، نە بە نزا.
نیشتمانت ڕزگار ئەبێ، کۆمەڵت بەختیار ئەبێ!
هێز پێویستە بۆ حەق سەندن: هێزی پێکهاتووی یەکگرتن
هێزی باوەڕ، هێزی وتن هێزی کردن، ورەی دوشمن
هەر هێز بنچینەی دەردێنێ قەڵای سەختی ئەلەرزێنێ!
ڕێگای ئامانج با سامدار بێ با پڕ لە ترس و ئازار بێ
دڵسۆز ڕابەر، هێز ڕێبوار بێ کۆمەڵ یەک گیان، یەک بڕیار بێ:
کاروانی چۆن پێش ناکەوێ؟ دوشمن لە بەریا ناڕەوێ؟
ئەی لاوی کورد، ئەی ڕۆڵەی ژیر ئەی نیشتمان دیلی زنجیر
ئەی کۆمەڵ یەک چینی فەقیر نابێ هەرگیز دەرکەی لە بیر:
ئەو ئیستیعمارە خوێن مژە کە کوردکوژە، هەژارکوژە!
ئەو ئەژدیها ژارپژێنە، پاروو لە ناودەم فڕێنە
ڕەنجدەر لە برسا مرێنە وەک پڵنگ شڕ کە، بدڕێنە!
با کوردستان سەرفراز بێ بەهەشتی نیعمەت و ناز بێ!
ئەی لاوی کورد! پڵنگی لان! کوڕانە باز دەرە مەیدان؛
حەق بسێنە بە ڕەنجی شان بۆ گشت هەژار، بۆ گشت ئینسان!
لە کێ؟ یەکەم لە ئیستیعمار ئەمجا داگیرکەر و زۆردار!

گۆرانیی قوتابییان

[edit]
بەسەر دنیای فراوانا دەنگدانەوەی گۆرانیمان
بە لاوانی گشت ڕووی زەوی ئەگەیەنێت براییمان،
***
ئیتر هەرگیز ڕووی ڕۆژی ڕوون داناپۆشێ هەوری چڵکن،
ترسی تاڵ و تاریکی شەڕ ڕووناکیمان لێ ناکا ون!
***
ئەی قوتابیی وڵاتان گشت، بە یەکتری ببەستن پشت!
بە یەکیەتیی ورد و درشت حەقی ئاشتی ئەخەینە مشت!
***
بۆمبای ئەتۆم نایترسێنێ هێزی لاوان خۆی بنوێنێ،
ڕاوەستاوین وەک پاڵەوان ئەجەنگین تا شەڕ نامێنێ،
***
تا مەشخەڵی ئازادیی گشت گڕ لە گشت لا هەڵئەسێنێ!
. . . . . . . . . . . . . . . . . . . .
***
ئەی قوتابی بۆ یەک گرتن لە خەباتا بۆ پێشکەوتن،
بۆ پێشەوە بەرەو ئاشتی، بەرەو بەختیاری چەشتن!

1953/11
سلێمانی

جەژنە پیرۆزەی ئاشتیخوازان

[edit]
ئاشتیخواز! ئاشتیخواز! ئاشتیخوازی کورد! بە ئاشتی سەر ئەگرێ گشت نیازی کورد!
ئەی برا، جەژنەکەت پڕ نان و گوڵ بێ! نان بۆ تێریی سک، گوڵ نەشەی دڵ بێ!
ئەی برا و خوشکەکان! ئەی ورد و درشت! ئاشتییە ئازاد و بەختیار کا گشت!

چواردەی تەمووز

[edit]
تۆ ئاسۆی ئاواتی گەلی! تۆ خۆشترین کاتی گەلی!
نوبەرەی خەباتی گەلی! سەرەتا و هۆی هاتی گەلی!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
تۆ هەڵهاتی، شەو دوایی هات ڕۆژی گەلی عیراق هەڵهات
ڕووناکی کەوتە ڕووی وڵات بژی شۆڕش! بژی خەبات!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
دەزگای دەرەبەگی شکا ئیمپریالیست ئابڕووی تکا
بێت و شەڕفرۆشی بکا، سەر ئەماڵێ بە کوچکا!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
وڵات یەکسەر پێکەنینە، بەم شۆڕش و ڕاپەڕینە
کۆتر سپی و ئاسمان شینە ئاشتی هۆی شیرینیی ژینە
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!

1959

مارشی ئاشتیخواز

[edit]

ئاشتیخوازین، پشتیوانمان گەلانە،
کۆتری سپیی ئاڵامان ناونیشانە:
ڕێگامان ڕێی برایەتیی ئینسانە،
ناکۆکی و شەڕ نەهێشتن ئامانجمانە!
 
باوەڕمان وایە:
ناکۆکی شەڕی لە دوایە،
شەڕ هۆی وێرانیی دنیایە
هەر دۆستیی گەلان،
ئەپارێزێ ئاشتیی جیهان،
فەڕ ئەخاتە ژینی ئینسان!
 
خوێن ڕشتنی یەکتری لاوان بەسە!
بە کەلاوە کردنی شاران بەسە!
بێشکەی مناڵ ئاگرتێ بەردان بەسە!
ئەتۆم کڕین بە دراوی نان بەسە!
ئەی شەڕفرۆشان!
قاسە پڕ و کەللەبۆشان!
بەس بێ، بەس: بۆ شەڕ تێکۆشان!
شەڕ هەڵبگیرسێ،
ئەوەی لە مەرگ زۆر ئەترسێ
- خاوەن ملیار - ناخەلەسێ!
 
پاسی ئاشتی ئامانجی خەباتمانە
ئاشتی ڕێگای ڕزگاریی وڵاتمانە
کاتی ئاشتی، کاتی خۆشی و هاتمانە
هۆی تێربوون و پۆشتەبوونی لاتمانە!
ڕێی کامەرانی،
ڕێی پێشکەوتنی ئاوەدانی،
ئاشتیی گشتییە و جیهانی.
سا ئەی ئاشتیخواز!
بە دڵسۆزی و بەرزیی نیاز،
گوێی زەوی کەڕ کە بە ئاواز!
 
ئاشتیخوازین، پشتیوانمان گەلانە،
کۆتری سپیی ئاڵامان ناونیشانە:
ڕێگامان ڕێی برایەتیی ئینسانە،
ناکۆکی و شەڕنەهێشتن ئامانجمانە!
 
باوەڕمان وایە:
ناکۆکی شەڕی لە دوایە،
شەڕ هۆی وێرانیی دنیایە
هەر دۆستیی گەلان،
ئەپارێزێ ئاشتیی جیهان،
فەڕ ئەخاتە ژینی ئینسان!

1959

یادی لەنین

[edit]

بە سەرکردەیی بەرزی هاوڕێ لەنین،
کشا لەشکری شۆڕشی سووری چین،
 
بە زانست و بیر و بە خوێن و عەرەق،
شەوی ئادەمیزادی خستە شەبەق
 
برادەر لەنین،
بە عەزم ئاسنین،
کە پێی نایە ژین،
سەری بەرزە چین.
 
بژی یادی پیرۆز و بەرزی لەنین!
بژی داس و چەککوش! بژی حیزبی چین!
بژی شۆڕشی یەکخەری گشت گەلان!

جەژنی ئایار

[edit]
یادی پیرۆزە یەکەمی ئایار جەژنی جیهانە بۆ گشت کرێکار
کرێکار بەندی سەرمایەدار بوو ڕووت بوو، برسی بوو، کز بوو، هەژار بوو
ئەیچەوسانەوە خاوەن سەرمایە بە مەمرە و مەژی کرێی ئەدایە
لە دنیای تازە شاری شیکاغۆ هۆشی کرێکار هاتەوە بەر خۆ
هێرشیان بردە سەر شەقامەکان بۆ حەقیان چەشنی شێر ئەیان نرکان