Jump to content

دیوانی وەفایی/ی

From Wikisource
310986دیوانی وەفایی — پیتی ی1902وەفایی

1

[edit]
ئەرێ حەبیبی ڕەوانم تەبیبی دەردی جودایی چنین تو عهد شکن یار شوخ دیده چرایی؟
دڵێکە داومە بە زولفت فیدای غەمزەیی تۆ بێ که در کمند تو خوشتر عزیز من که رهایی
لە تاوی دەردی فیراقت نەماوە ڕۆح لە بەدەندا طمع بریده‌ام از جان مگر تو باز بیایی
هەمیشە بۆیە دەناڵم بە ئاهـ و ناڵەیی بولبول دمی چو غنچه بخندی و همچو گل به در آیی
نەسیمی باغی گوڵە یا عەبیر و عەترە دەبارێ تویی شکر شکنی یا ز زلف نافه گشایی؟
بە چیهرە باغی گوڵانی، بە خەندە زەوقی دڵانی مگر تو شاخ نباتی، گل بهشت خدایی؟!
بڵا بە جیلوە نەنازن غوڵام و حۆری بەهەشتی خدای را چه شود گر جمال خود بنمایی؟
بە غەمزە کوشتمی چاوت عیلاجی دەردی نەفەرموو بیا که صد گله دارم ز آهوان خطایی
دڵت شکاوە چ قەوما خیلافی عەهدی مەحەببەت خدانکرده چه دیدی ز دوستی وفایی؟

2

[edit]
ئەی غەزاڵانی خەتا، ئاهوویی چین، کەبکی دەری بەندەیی تۆن بە نیگاهـ و بە ڕەم و جیلوەگەری
جیلوە لەو سەروە چ مەوزوونە دەڵێی نارەوەنە خەندە بەو زارە چ شیرینە مەگەر گوڵشەکەری؟
عاشقی قامەتی تۆم کوشتەیی خەندەی دەمی تۆ بەری باغی ئیرەمی یا گوڵی نەخلی شەجەری؟
غایب و حازری هەر لەحزە دەڵێی چاوی منی ڕەوشەنی مەردوومی، یا عەینی سەوادی بەسەری؟
گوڵ بە خەندە پەرییە، قیبلە بە جیلوەی مەلەکە شێت و دێوانەیی کردووم، چ مەلایک، چ پەری!
بە تەلیسمی حەبەشیزادەوە سەرگەردانم عاشقی خاڵم و دڵبەستەیی داوی کەمەری
وا دەگریێم بە زەلیلی لە غەمی گەردنی تۆ ئاگری خستە دڵم ناڵەیی مورغی سەحەری
دەوری دوون هەر بە دڵی مونعیمی دوون دێ و دەگەڕێ مەسەلی تورکییە: حیز حیزە تاپارسون، چغری
خەندەیی گوڵ سەبەبی جۆششی بارانە بەڵێ چونکە تۆ پێدەکەنی بۆیە وەفایی دەگری

3

[edit]
کە شانەی دا لە زولفی تار و ماری لە هەر تایێکی بارێ نافە باری
بە داو هەر تارێ بۆ من بۆتە مارێک لە پێم ئاڵاوە زولفی تار و ماری
مەگەر تۆ بووی بە گریەم هاتیە خەندە کە گوڵ پشکووت بە دەم هەوری بەهاری
وەرە سەر هەردوو چاوم تا بزانن کە وا شیرینە سەروی جۆیباری
بە بەردا زولفی بەرداوە کە تاتا شەوی گێڕا بە ڕۆژ باغی هەناری
لەبەر ئاوری دەروونمدا دەگریێم بە بەرق ئەنگووتووە هەوری بەهاری
کوتم: ئەی تازە غونچەی باغی جەننەت کوتم: ئەی سەروی چین، ماهی حەساری
لەبەر شەوقی فیراق و ئیشتیاقت فەراقی کرد دڵم تۆقی بە زاری
بە جارێ بمکوژە، خوێنم بڕێژە خەلاسم کە لە دەردی ئینتیزاری
برۆی تێکنا بە ڕوودا ئارەقی ڕشت لە ماهی قەوسدا شەبنم دەباری
وەها شێوا وەفایی، دوور لە زولفت لە داغی تۆ کە هەر گریانە کاری

4

[edit]
بە یادی زولفتە ئارامی ڕۆح و ڕاحەتی جانی عەجەب عاشق وەها جەمعە لەگەڵ عەینی پەرێشانی
لە باتی بمکوژێ دەمخاتە داوی زولفی شێواوی لەباتی بێ کە ئازادم بکا دەمکاتە زیندانی
بە سەر نەیدا مەگەر زنجیرە، یا زوننارە، یا مارە لە نەخلی قامەتت ئاڵاوە یاخۆ زولفی ڕێحانی
بە شیرینی کە جان بەخشی، بە مەحبووبی کە دڵکێشی ئەتۆ هەر ئابی حەیوانی، ئەتۆ هەر ماهی کەنعانی
زەمانێ قیبلەم ئەبرۆتە، دەمێ زوننار گیسووتە بە دەردی بێدەوا ماوم لەگەڵ کوفر و موسوڵمانی
بە دوو گیسوویی ڕەشماری ئەگەر زنجیری داوودی بە دوو لەعلی شەکەرباری ئەگەر موهری سولەیمانی
عەجەب ماوم بە بووسێ لەو دەمە هەر جانە بەخشینت بە ئیعجازت قەسەم! ئاتەش پەرەستم گەر موسوڵمانی
لەسەر چاکی یەخەی زولفی لە قوببەی سینە ئاڵاوە لە گۆشەی دوو ئوفوق نەمدیوە شەو دوو ماهی نوورانی
قسەی خاکی بەری پێت شوهرەیە بۆ چاوی نابینا هەتا نەمدی بە چاوی خۆم بە سورمەی دیدە نەمزانی
لەبەر شۆراوی ئەشکی خۆم و سۆز و تاوی عەشقی تۆ سەراپا عاقیبەت هەر وەک وەفایی بوومە بریانی

5

[edit]
لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی لە مەیخانان سەدای شین دێ کە وا پیری موغان ڕۆیی
دەڵێی دەوری قەمەر، سەیری فەلەک، میزانی گۆڕاوە کە وا گوڵ زەرد بوو، سونبول تێک چوو، ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی
لەبەر چاوی جیهانبینم جیهان تاریک بوو نەمزانی نە نووری چاوەکانم چوو، نە خورشیدی جیهان ڕۆیی
لە دووری تۆیە سوور بوو چاوەکەم بەو گریە مەعلوومە شەفەق دێ، کەوکەبیش هەڵدێ، کە میهری خاوەران ڕۆیی
دەمێکی هات بە چاوی سورمەسا، یەعنی: وەفادارم کە جەرگی سورمەیی کردم بە سیحری جادوان ڕۆیی
سەحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ کە دی باغ بێگوڵە، داغ بوو، بە سەد ئاهـ و فوغان ڕۆیی
مەڵێن: بولبول مەناڵێنە کە وا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد دڵ ئارامی نەما چ بکا؟ کە ئارامی دڵان ڕۆیی
قیامەت بۆ دڵان هەستا کە چاوی مەستی وەرگێڕا مەگەر ئازوردە بوو ساقی لە بەزمی مەیکەشان ڕۆیی
چ شینێکە؟ چ هاوارە لە نێو حەڵقەی موریداندا؟ مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحێب دڵان ڕۆیی
چ ئافەت کەوتە بەر چاوم کە وا چوو نووری بیناییم؟ مەگەر شاهی بوخارایی لە قەسری عاریفان ڕۆیی
بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم لە زەنگی کارەوان چ بکەم؟ دەلیلی کارەوان ڕۆیی
خرابوو خانەقا، بێشێخ و شەوقی تالیبان سەد حەیف چەمەن وێران بوو، نەغمەی بولبولان چوو، باغەبان ڕۆیی
بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی

6

[edit]
بە بێباکی دەمێکی هات و داغی کردم و ڕۆیی دەبێ حاڵی چ بێ بولبول، بەهار زۆر پێنەچوو ڕۆیی؟
نیگار هات دایە خەندە، کەوتە دونیا ئاهـ و ناڵەی من بەهار هات غونچە پشکووت، دەنگی بولبول سوو بە سوو ڕۆیی
فەراقم کرد لە پاش تۆ، هیچ حەیاتم پێنەما، قوربان حەیاتی من کە تۆی، مەعلوومە نامێنم، کە تۆ ڕۆیی
لەسەر ماچێکی زاری خۆت کە نەتدا ڕەنگ نەبوو زیز بی عەزیزم بێ وەفاییت کرد لە سەر هیچی نەبوو ڕۆیی
خەرامان هات و چوو دڵبەر، وەفایی ما بە ناکامی درێغا عومری شیرینم چ زوو هات و چ زوو ڕۆیی؟

7

[edit]
بە نازێکی کوشندەی سەد هەزار جان و دڵ ئیفتادەی مەلەک یا حۆری عەینی تۆ؟ فریشتە یا پەری زادەی؟
بە دڵ خەندێکی بنوێنە، بلوورین ساعیدت بێنە یەدی بەیزات هەیە تۆ دەم لە ئیعجازی مەسیحا دەی!
نە قەند تامی هەیە قوربان، نە گوڵڕێز و نە عەنبەر بۆ ئەگەر جارێک بە خەندەی بێی، سەری زولفت بە دەم بادەی
کوتت: ها زولف و کافر بووم، کوتت: ها ڕووم و چاتر بووم کە من هەر بێمە سەر ڕێی تۆ، دەبێ تۆ بۆچ لە من لادەی؟
دەمت وابێنە دەستم بگرە، با بمرم لەبەر چاوت بە جامێکی خەلاسم کە لە دەست ئەو تورکە جەللادەی
بە چاوی مەستی تۆ کەوتووم، بە ناری زولفی تۆ شەیدام نەخۆشی تۆم دەناڵێنم، حەیاتم! بۆچ بەرم نادەی؟
کە تۆ سوڵتانی، ڕوحمت بێ بە زولفان بەس دڵم تێک دە دەبێ تا کەنگێ بەیتوڵڵا بە دەست کافر بە یەغما دەی؟
دەمت بێنە بە دڵ بگرم، لەبەر جامی لەبت بمرم دەمادەم ڕۆح بەخشی تۆ لەبالەب ساغیر و بادەی
چرای قەندیلە، شەمسی ئاسمانە، ڕووی درەخشانت ئەگەر سەدجار بە زوهرە و موشتەری ڕووبەندی پێدادەی
وەکوو ماسی و سەمەندەر تەشنەگیم ناچێ ئەگەر سەد جار بە ئاب و ڕەنگ و ڕووت سینەم وەبەر تیری تەجەللا دەی
لەبەر چاوی وەکوو زولفی پەرێشان کەوتم و فەرمووی: وەفایی چت لە مەیخانان کە تۆ واپیر و ئیفتادەی؟!

8

[edit]
ئەی بە هەر ئاوێنە حوسنێک و تەجەللایێکی دی ئەی بە هەر چاوی دڵی عاشق دڵارایێکی دی
بۆ خیتابێکی شەو و ڕۆژ ئەو دڵەی سووتاوی من تووری ڕۆحم تالیبی دیداری مووسایێکی دی
چونکە ئاوێنەی جەماڵی شاهی خووبانە دڵم دیتە ئاهـ و ناڵە هەر دی ڕوویی زیبایێکی دی
غارەتی هۆشم دەکا هەردەم پەرێکی شۆخ و شەنگ بۆیە وا هەردەم لە دڵما شۆر و غەوغایێکی دی
هیجری تۆ ڕۆحان دەکێشێ، وەسڵی تۆ ڕۆحان دەدا ئەی فیدای زولف و ڕوخت بم! تۆ مەسیحایێکی دی
من بە چاو و گەردنی تۆ تەشنە و خوێنین دڵم ئاوری من دانامرێنێ جام و مینایێکی دی
قیبلەگاهی عاریفان کەس وەک عوبەیدیللا نەبوو عالمێکی وا دەبێ بۆ غەوسی بەغدایێکی دی؟
هەر لە تەقدیری وەفایی بوو شەوی دی مەیفرۆش حەیفە بۆ تۆ هەر دەمە دەیر و کلیسایێکی دی

9

[edit]
سوڵتانی هەموو سەروقەدان ماهی حەساری چاوی کە غەزاڵن دەگرن شێری شکاری
بۆ هەتکی ڕیازی چەمەن و بادی بەهاری زولفی کە هەوا خستیە سەر غونچەیی زاری
هەر لەحزە لە خەندێکی گوڵ و نافە دەباری
گوڵ هاتە دەرێ لافی لە حوسنی بوتی ما دا لەرزی قەدی بەرزی لە ڕقان زولفی کە بادا
عەترێکی لە دەم پەرچەم و ئەگریجە بە با دا چین و خوتەن و هیندی بە شاباشی سەبا دا
یەکسەر هەموو عالەم کە بووە میشکی تەتاری
لەعل و شەکەر و زاری کە وەک فیکری دەقیقە شوبهەی نییە ئەو مەرکەزە پەڕگاری عەقیقە
ئەو سەبزە لەسەر ئەو لەبە وەک ڕاحی ڕەحیقە هەر جەوهەرە، جەوهەر خەتە، خەت موشکی عەبیقە
یاقووتی گوڵم نەقشە لەگەڵ خەتتی غوباری
بۆ هەتکی ڕیازی خوتەن و کانی بەدەخشان وەک لەشکری هیند و حەبەشن، گەرمی تەماشان
تێکەڵ بوون زەڕڕە و خورشیدی درەخشان یا زولفییە بێ شانە لەسەر شانی پەرێشان
وا دێن و دەچن هەردوو لەسەر زار و عیزاری
پەرچەم حەبەشی زادە، فەڕەنگی بوتی زیبام سەرحەڵقەیی شۆخانی پەری چێهرە گوڵئەندام
پێم کوت: چییە ئەم نوقتە لەنێو دوو لەب و یەک جام؟ فەرمووی ئەوە نوکتێکە بە دوو لێوی شەکەرخام
تا ماچی نەکەی ناگەیە سەر حیکمەتی باری
بادی سەحەری هات و دڵ و ڕووحی مەنی دا عەتری گوڵ و گوڵزاری خەتا و خوتەنی دا
یان دەستی لە دوگمەی وەرەقی پیرەهەنی دا یەکسەر هەموو عالەم گوڵی جەننەت شکەنی دا
باغی سەمەن و یاسەمەن و سێو و هەناری
فەرموویە وەفایی کە دەبێ ئەهلی نەزەر بێ عاشق ئەوەتا هەمدەمی ئەنفاسی سەحەر بێ
سێڵاوی سروشکی هەموو خوێناوی جگەر بێ بۆ تەوفی ڕیازی حەرەمی قیبلە لەبەر بێ
ئەو سەعیە سەفای عومرە ئەگەر عاشقی یاری
دەم غونچەیی نەشکوفتەیی گوڵزاری جەماڵە ئەبرۆ چییە میحرابی دوعای نێرگسی کاڵە
قەدنارەوەنی نەوڕەسی باخی خەت و خاڵە نێرگس بە ڕوانین خەتەراتی سەر و ماڵە
یەکسەر هەموو عالەم کە بووە میشکی تەتاری
من عاشقی ڕووتم وەکوو پەروانە وەفایی بیماری نیگاهم بە غەزالانی خەتایی
تۆ بی و سەری خۆت ئەی گوڵی سەرپەنجە حەنایی چیت دیوە خەتا مەمخەرە زیندانی جودایی
بنوێنە ویسالت کە لەسەر وەعدەیی پاری

10

[edit]
حەریفان ئەلئەمان کوشتوومی یارم، چاوی بیماری دەسا بێن دەست بە شینم کەن! بە یەکجاری، بە یەکجاری
گرفتاری کەسێکم، دڵ برینداری جوانێکم جەفاجوو، توندخوو، زنجیر موو، خەییاتییە کاری
چ دڵکێشە ئیلاهی سەبزەیی نەورستەیی کوڵمی لە دەوری بەرگی گوڵ شیرینە ئارێ خەتتی ژەنگاری
بە خەندە هات نیگاهی کردە من وا مەست و شەیدا بووم کە نەمدی غەیری وی، هەر غونچە بوو پشکووت و گوڵ باری
خودا تۆبە لە دەست ئەو چاوە بیمارە چ سەححارە بە عەینی دڵ دەکێشێ گا بە یاری گا بە عەییاری
لە خەندەی زار و جیلوەی تار و کاکۆڵی پەرێشانی شکا بازاڕی قەننادی و نرخی میشکی تاتاری
بەهاری حوسنی خەمڵیوە بە باری گوڵبونی باڵا شکۆفە دەمیە، ڕەیحان خەتیە، نێرگس چاوی بیماری
عەجەب ماوم بە چاوت وا بە بیماری دڵئازارە چ کافر میللەتە - یاڕەب - لە مەستیدایە هۆشیاری!
ئەمن تەشبیهی ڕوخسارت بە میهر و مەهـ بکەم! حاشا کە تۆ ماهی سنەوبەر قامەت و خورشیدی گوڵزاری
چ خوا بەردارە دایم غەرقی خوێن بێ مەردومی چاوم لە خوا خۆش نایە، ئاخر کاکە، حەیفە مەردوم ئازاری
بە خۆڕایی نییە وا خاو و وا شێواوی، ئەی سونبول مەگەر تۆش وەک وەفایی غەمزەدەی کاکۆڵی ڕەشماری!