دیوانی وەفایی/ە
Appearance
1
[edit]بە لێوی تۆ و بە چاوی تۆ کە وا هەر مەست و سەرمەستە | عەزیزم تا بەکەی ئەم خەستەیە هەر مەست و سەربەستە؟ |
لە قوببەی سینە سووتاوە دڵم بەو نارە پڕ نارە | برۆی پەیوەستی خستوومی منی وا خەستە پەیوەستە |
بە ئاهـ و گریەیی من پێکەنی، وەک بەرق و باران بێ! | بەهاران پستە خەندان بێ بە ناز ئاهێستە ئاهێستە! |
هەتا زنجیری زولفی تۆم هەبێ هەر شاد و ئازادم | سەرم هەر داوە بەو داوە، دڵم پابەستە بەو بەستە |
بەڵێنم ڕاستە من گەردەن کەچم بێڕستی دەستی وی | قەلادە و ڕستە بۆ من پەرچەمی ئەو سەروە نەوڕەستە |
قەد و قامەت قیامەت، قد قيامت تا بڵێن قامەت | بڕۆ ئەی تازە گوڵدەستە، دەمێکی هەستە ڕاوەستە |
ببارێنە گوڵ و نافە بە خەندە داغی باغانە | سەری زولفت کە دەم بەستە لە دەم بەستە ئەمە بەستە |
وەفایی مەجلیسێ گەرمە چ خۆشە بێی و ساقی بێ | وەکوو گوڵدەستە بتگێڕێ بە دڵ لەو دەستە بەو دەستە |
2
[edit]لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە | کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە |
دڵ و دین هەرچی بوو قوربانی تۆ بوون | هەتاکەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە؟ |
بڵا بەو ڕۆژە نیلووفەڕ نەسووتێ | بە مەرگی من سەری زولفت وەلابە |
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم | گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە |
وەرە بنوێنە خۆت بمکووژە قوربان | بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە |
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ | چ خۆش دەورێکە هۆشیاری خەرابە |
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە | ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە |
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق | هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕەبابە |
بە چاو و گەردەن و ڕوخساری ساقی | هەموو هەر شاهید و شەمع و شەڕابە |
کوتم: با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ | بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە |
کەچی فەرمووی: دڵت نەشکێ وەفایی | ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە |
3
[edit]ڕۆژی تەرەب و کەیف و دەمی جۆیە کوتانە! | بەو دەستەیی جوانێ وە پەری بۆتە نیشانە |
دەستی بەمە توند گرتووە گەرمی قەوەتانە | نێوکی نەکەوێ یاڕەبی بەم بارە گرانە |
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە | |
پەروانە سیفەت سووختەیی شەوقی چراغم | وەک بولبولی شەیدا هەموو سووتاوە دەماغم |
دڵ پڕ لە غەم و داغی جەماڵی گوڵەباغم | وەک نێرگسی مەخمووری پەری مەست و نەساغم |
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە | |
دولبەر کە بە خەندە سەری زولفان دەهەژێنێ | بازاڕی شەکەر، قیمەتی عەنبەر دەشکێنێ |
ماندوو بووە ئارەق بە ڕواندا دەڕژێنێ | بەرگی گوڵ و نەسرین بە گوڵاوێ دەڕشێنێ |
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە | |
ئەو شۆخە کە جیلوە و ڕەوشی کەبکی دەری بێ | گێسووشەب و مەهـ عاریز و گەردەن سەحەری بێ |
چاوی ڕەش و زاری گوڵ و زولفی قەجەری بێ | ئەو دڵبەرە بەو ڕەنگی جوان ڕەنگە پەری بێ |
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە | |
هەر لەحزە لە خەندەی دەمی وەک حوققەیی یاقووت | شەککەر دەوەری، گوڵ دەڕژا، غونچە دەپشکووت |
سەر تا بە قەدەم ڕۆحی وەفایی لە غەمان سووت | ناڵەی دڵی زاری گەیییە عالەمی لاهووت |
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە |
4
[edit]دڵ دەناڵێ دەم بەدەم سووتاوی تاوی فیرقەتە | بولبولە بۆ ڕوویی گوڵ دڵ پڕ لە داخ و حەسرەتە |
چاو پڕ ئاو و دڵ پڕ ئاور، دڵ بە دولبەر چاوەڕێ | ئەی خودا دەردی جودایی چەند گران و زەحمەتە |
ڕۆح لەسەر لێو چاوەڕێتم ئەی تەجەللای نووری توور | هێندە جارێک خۆت بە دڵ بنوێنە، مەرگم حەسرەتە |
ڕەمز و غەمزەی یەک نیگاهت قەلبی کون کون کردووم | بوومە جێی دەسڕێژی تورکان؛ بۆیە جەرگم لەت لەتە! |
داغداری ئەلفی باڵات با لە ڕووت مەحرووم نەبێ | من کەفیلی وەسڵی جەننەت هەرچی ئەهلی وەحدەتە |
زولفی لەرزاند کەوتە سەر ڕوو شادمان فەوجی دڵان | قەت لە دۆزەخدا ئەبەد نین، جەننەتین ئەو ئوممەتە |
قەت چ دەرگای وا نییە عالی بە شەرتێ بچمەوە | با هەزار جورم و خەتا، باز یار! لەسەر ڕووی ڕەحمەتە |
چاوی بازی کوشتمی، خەندەی بە ناز هێنامیەوە | سەد کە بیمار و نەخۆش بێ، پێکەنینم شەربەتە |
با حیجابێکم نەمێنێ لادە تاری زولفەکان | تا بەکەی دڵ نامورادی وەحدەتە لەو کەسرەتە |
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی، خۆش بوو جیهان؟ | یا لە تەئسیری هەناسەم عەتری بەرقی خەندەتە؟ |
چاوەکەت با این که خەت هات و بە من ڕوحمی نەکرد | ئارێ ئارێ! مەردومی نەوکیسە هەر دوون هیممەتە |
من پەرێشانم لەبەر زولفت بە ڕوودا کەوتووم | زولف و ڕووی تۆ سونبول و گوڵ، یا کە نوور و زوڵمەتە؟ |
ئەو بوتەی سەوداسەری کردووم بە زولفی بێمیسال | چاو غەزال، باڵا نیهال، ئەبرۆ هیلال، گوڵ وەجنەتە |
ئەو گوڵەی شەیدا دڵی کردووم بە لێوی شەککەرین | عەنبەرین موو، نەستەرەن بۆ، لالە ڕوو، مەهـ جەبهەتە |
بۆ ڕوخی تۆ ڕوو بە ئەبرۆ وەک موژەت دەستەو دوعام | ئەی چرای میحرابی ئەهلی قیبلە ڕۆژی ڕەحمەتە |
بۆ جەمالی تۆ منیش وەک زولفی سەرگەردانی تۆم | ئەی چرای ئیسلام و کافر وەقتی مەردی و مەروەتە |
مردم و نەمزانی ئەو ئاورەی منی سووتاند چ بوو | حاسڵی سەیر و سلووکی عاشقان هەر حەیرەتە |
مردم و هەرگیز نەگەیمە قیبلەیی تاقی برۆت | ئاخر ئەی قیبلەی مورادان تا بەکەی ئەم حەسرەتە؟ |
یار ئەوا بەیعی ویساڵی ڕووی لەگەڵ تۆ کردووە | جەننەتی داوە بە ڕۆح، نامەرد وەفایی فورسەتە! |
5
[edit]تۆ سەری زولفی بڵاوت زولفی خاوت بامەدە | جێی دڵی سەودایییە، چی دی دڵم جەزیا مەدە |
من کە بێت ناژیم وەرە ڕوحمت هەبێ نەشکێ دڵم | با بینای کەعبە نەڕووخێ، چاوەکەم لێم لا مەدە |
عاشقی زولفم بە ڕۆح و دڵ ئەمن جۆیایی تۆم | خێری خۆتە دەست لە سینەی مەردی خۆش سەودا مەدە |
هەر دەمەی من خاڵی گۆشەی لێوی تەعلیمی دەدام | عەیش و نۆش و کونجی تەنهایی بە ڕووی دونیا مەدە |
شەو قەرارت دا لەسەر زولفت بە دڵ شادبم بەتۆ | لامەدە زولفت وەفات بێ! وەعدەیی فەردا مەدە |
با قیامەت ڕا نەبێ، با ڕۆژ نەگیرێ چاوەکەم! | توند مەبە! هەڵمەستە پێ، سونبول بە ڕووی گوڵدا مەدە! |
چت لە زەوقی دینی دڵبەر داوە! تۆ بی و دینی خۆت! | تا بمێنی دەم لە وەسڵی ئاتەشی سینا مەدە |
مەرگی من ساقی دڵم بگرە دەمت وا بێنەوە | یا کەرەم کە جامی لەب ڕێز، یا شەرابی وا مەدە |
نیوە سووتاوم ئەمان، بێ بەس مەکە ئەی تارزەن | یا وەفات بێ، یا جەفایی عاشقی شەیدا مەدە |
ئەی وەفایی هێندە خوێن مەگری لە ڕووی ئارامی دڵ | گەوهەری تۆ وا لە کن تۆ، خۆت بە دەم دەریا مەدە |
6
[edit]دڵبەرا! تۆ بی و سەری زولفت بە عاریزدا وەرە | کێ دەڵێ ئاخر کە شەو بێڕۆژە، ڕۆژ بێسێبەرە! |
تا بە دڵ نووری عیزاری تۆم نەدی زارم نەدی | زەڕڕە مەعلوومە کە شەو هەڵبێ لە گۆشەی پەنجەرە |
عاشقی بەرگی گوڵم، ئەو مارە بگرە باغەبان | ڕۆحەکەم! یەعنی کە کوڵمت بێنە زولفت لابەرە |
حەڵقەیی زولفی بە بارێ خستە بەردەم دولبەرم | یەعنی عەینی عەنبەرم بەو نوقتە ئەمڕۆ غەم بەرە |
هەردوو زولفی خستە سەر دەم شاهیدی ڕوو، دا بڵێن | میمی بسم الله لە جەننەت عەینی شەهد و شەککەرە |
خەتتی بەر زولفی پەرێشانی بە موژگانی دەڵێ: | پادشای حوسنی شکا، تۆزی شکستەی لەشکەرە |
تاقە ئەبرۆی تۆ بە خوێنڕێژی بە دوو زولفی سیاهـ | خەنجەری زیجەوشەنە عیشوە و ئیشارەی جەوهەرە |
تۆ کە ئاوێنەی دڵم دەشکێنی بنوێنە ویسال | با هەناسەم نەتگرێ ڕووت واوە بێنی چاترە |
چاوەکەت وا تەشنەیی خوێنە بە موژگانی سیات | بۆ هیلاکی من دەڵێی مەستێکە دەستەوخەنجەرە |
قیبلە گۆڕاوی وەفایی عاشقی سادق نەبی | بێ سەفای دڵ، عومرەکەم، ئەو سەعیە هەر دەردیسەرە |
7
[edit]غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە | عاشقی ڕووتم، عەزیزم، تیرەبارانم مەکە |
بەس دڵم بشکێنە بەو ئەبرۆیە بۆ ماچی دەمت | مەمدە بەر تیغ و لەسەر هیچێ لە گریانم مەکە |
چیم لە ئەبرۆ داوە من پابەندی زولفم لێم گەڕێ | کافری عیشقم، بە قیبلەی خۆت موسوڵمانم مەکە |
عاشقی خەندێکی تۆم با بەس بە ئاهـ و ناڵە بم | بولبولم پەروانە نیم و حەز بە سووتانم مەکە |
دڵ بە من ناکا لەبەر ئاوری دەروونم دێتە جۆش | تۆ کە سووتانت نەدیوە مەنعی گریانم مەکە |
مەمدە بەر تابووری موژگانت هەتاکوو غەمزە بێ | ها بەجارێک بمکوژە، یەخسیری تورکانم مەکە |
سەد کەڕەت کوژراوی یار بم لێم مەپرسە ئەی تەبیب | دەردی یارم خۆشترە بێهوودە دەرمانم مەکە |
عەرزەچی نی تۆ، بەقوربان، پادشاهی عالەمی | دادی مەزڵوومان بپرسە، حەیفە بێلانم مەکە |
پێم بڵێ: یاقووت و ڕێحان خەتتی کامیان خۆشترە؟ | وا عەیارە چاوەکانی، لەعلی خەندانم مەکە |
حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا | تیفلی نادانم لەسەر ماچێک لە گریانم مەکە |
پەنجەکەی پاکی لەسەر خوێنی وەفایی بۆتە گوڵ | دەمکوژێ و پێشم دەڵێ: ئالوودەدامانم مەکە |
8
[edit]دوور لە تۆ بۆ و زولفە دڵ حەققی بەڵا و وەرهەمە | بۆ عەزیزی خۆی هەموو کەس وا بە شین و ماتەمە |
خاڵی سەرچاهی زەنەخدانت چ شیرینە؟ دەڵێی | هیندوێکی تەشنەیی جۆیایی ئابی زەمزەمە |
زولفەکەت گرتمی، بەیازی گەردەنت سووتاندمی | خوێنی پەروانە بە دەستەی شەو لەسەر ئەستۆی شەمە |
شەمعی مەجلیس دەرمەکە پەروانەکەی سووتاوتە | هەر ئەوە سەر تا قەدەم بۆت ئاتەشین و مەحرەمە |
عوشرەت و عەیشی جیهان خەتمە لەسەر ماچی دەمت | هەر سولەیمانە ئەوی دەستی بگا بەو خاتەمە |
ساعیدی ئیمدادی پەنجەی دا بە فەتحی دڵ کوتی: | سەفشکێنی قۆڵی گورجستانە، فەوجی پێنجەمە |
زولف و خاڵی تۆ کە وا شاد بوون بە تۆ عەیبی نییە | ئەمڕۆ هەرچی ڕووڕەشە باڵانشین و مەحرەمە |
من دڵم بۆ ماچێکی چاوی بە زولفی دا کوتی | ئەی پەشیمانم! وەفایی! مەستە سەودای بەرهەمە |
9
[edit]مەمکوژە تۆ گەردەنی خۆت ڕووت لە زولفان دەرخەوە | ئەی سەبای ساڵحان ئەتۆ بکەی ئەم شەوە ڕۆژ بێتەوە |
تاقەتم چوو ئارەقی گەردنت بە زولفان ون مەکە | ئەی ستارەی سوبحدەم ئەوشۆکە زووتر دەرکەوە |
سووتبووم خۆم دا پەنای زولفت دەمێک ئاسوودە بم | ڕووت نیشان دام باز لە سایەی تۆوە ئاورم گرتەوە |
زولفت ئەفشان کرد و پەنهان بووی و دونیات کردە تەم | خۆت وەدەرنا عالەمت سووتاند و ئاورت کردەوە |
با بە هەویای پایبووسیت عومری من کۆتا نەبێ | مەیخە پشت گوێ، مەرگی من، بێ زولفەکانت بەردەوە |
ئولفەتی زولفت چییە قوربان لەگەڵ ڕوخساری تۆ؟ | خۆ بە هیچ دینێکی نابێ کوفر و ئیمان پێکەوە |
هاتە سەر خەندە کە من سوڵتانی حوسن و دڵبەرم | غایەتی سووڕەت نومای ڕۆژی جەماڵی من شەوە |
بای سەبای بەرقەع گوشا بوو؟ یا ئەتۆ بووی خۆت نواند؟ | یا نە ڕیزوان دەرکی گوڵزاری بەهەشتی کردەوە؟ |
من لەبەر عەکسی نیگاهت کەوتووم هۆشم نییە | چاوەکەی تۆ هەر نەخۆشە یا نە سەرخۆشی خەوە؟ |
خارق العاداتی زولف و خاڵ و خەندەی زاری تۆ | میشک و عەنبەر، شەهد و شەککەر، لەعل و گەوهەر پێکەوە |
زولفی لادا تا دیار بێ جاعیلی لەیل و نەهار | ڕووی وەدەرنا تا بزانن خالق الأصباح ئەوە |
نەوڕەسیدەی نەخلی باڵای شەرحی حەرفی وەحدەتە | نەور و نەکهەت، نوور و زوڵمەت، نار و جەننەت پێکەوە |
وەک سەری زولفت دەبێ کێ بێ حیسابی تێک نەچێ | گەر بە ناز تۆ بێیە پەی مەحشەر بە چاوی مەستەوە؟ |
چم لە ئوممێدی بەهەشت و بیمی دۆزەخ داوە من؟ | دۆزەخی من هەر فیراقە، جەننەتم وەسڵی ئەوە |
لێوەکەت عومرم بوو شەرتت کرد بە دڵ جارێکی دیش | وەختە بوو بمرم وەرە عومری دوبارەم پێ بدەوە |
خۆش بە ناز ڕامەبرە، قوربان، ئیلتیفاتێکت هەبێ | دادخواهـ زۆر کەوتوون نەختێ سەمەندت بگرەوە |
تاقی ئەبرۆت دەرخە شادم کا هەتا قوربانی بم | عیدی قوربان چونکی شەرتی ڕوئیەتی ماهی نەوە |
داخۆ چ بکا پاش خەت و خاڵان سەفی موژگان بە ناز؟ | لەشکری تورکان ئەوا هات و فەڕەنگی پێشڕەوە! |
ئاهـ و ناڵەی بێقەراریم عالەمی خستۆتە جۆش | گوڵ بەناز پەروەردەیە ئەی دڵ دەمێکی بسرەوە |
من لە سەر خاکی دەری یاری سەفەرکەردە نەمام | نامرم ئەهلی بەهەشتم گەر ژیانم بێتەوە |
تۆ هەڵستای بەو دەمە ڕۆحی وەفاییت زیندە کرد | با قیامەت کەس نەڵێ هەر یێکە توخودا هەستەوە |
10
[edit]تا بە تا لەو ڕۆژە تۆ زولفت بە ڕوودا خستەوە | من لە سایەی زولف و ڕووی تۆ ڕۆژی ڕووناکم شەوە |
دا بزانن خەت لە دەوری عاریزی هات و کوتی: | «هەرچی نەیدیوە شەو و ڕۆژ نوور و زولمەت پێکەوە!» |
دڵ لەسەر تاقی برۆی خۆی خستە داوی زولفی خاو | قیبلەکەم گۆڕاوە بۆیە پێم بە داوی کوفرەوە |
ڕۆحی شیرینم بە چاوان وا بە زاری دەمکوژێ | قەد نەڵێ: داخۆ ئەوە فەرهادە یاخۆ خەسرەوە؟ |
چونکە دڵ عاشق بە ئەبرۆی بوو بە داوی زولفی بەست | حەقیە زنجیری بکا دێوانەیی ماهی نەوە |
من وەها زوو مەستی مەی نابم بە نەشئەی چاوەکەت | مەرگی من ساقی لەگەڵ ئەو جامە لێوت بێنەوە |
تۆ وەفاییت کوشتووە ئیسباتی کوڵمی سوورتە | ڕۆژ کە گیرابێ نیشانەی قەتڵی مەزڵوومان ئەوە |
11
[edit]کار و پیشەی ئەم دڵەم چ بکەم خودا هەر زارییە؟ | سەیلی فرمێسکم وەکوو جۆگە لە چاوم جارییە |
سەروە یا شمشادە؟ یاخۆ عەرعەرە، یا نارەوەن؟ | یا چنارە یا کە تووبای قامەتی دڵدارییە؟ |
نوختەیی ئایاتی قورئان، یا نە هیندووی خەتتی تۆ | یا سەوادی عەینە، یاخۆ خاڵی سەر ڕوخسارییە؟ |
بێ قسە وەختی تەبەسسوم سەد هەزارانی دەکوشت | یا نە غیلمان، یا پەری، یا حوورە، یا گوڵزارییە؟ |
مات و حەیرانم کە بۆچ ئەمڕۆ دەمی هێنا ئەمە | یا نە تەئسیری فوغانە، یا نە وەعدەی پارییە؟ |
زەخمی ناسۆری قەرارە، یا نە ئێشی خەنجەرە؟ | یا خەدەنگی چاوی بیمارت لە جەرگم کارییە؟ |
دەنگی قووقووی قومرییە، یاخۆ سەڵایی شیوەنە؟ | دەنگ و نەغمەی بولبولە یا ناڵەناڵی تارییە؟ |
ئەشکی دوو چاوی وەفایی سوورە جارێ ئاوییە | چونکی لێوی لەعلە گەردەنبەندەکەی مروارییە |
12
[edit]چاوی پڕ خوێنم دەگێڕم قیبلەکەم پەیدا نییە | نووری چاوم ڕۆییوە یا دیدەکەم بینا نییە؟ |
وەک نەیستان ئاورێ بەربۆتە دەروونم بەندبەند | دڵ کە هەروەک نەی دەناڵێ دەم بە دەم بێجا نییە |
ئەی چرا لەحزێک مودارا تێر ببینێ ڕەنگ و ڕووت | وەرنە پەروانەی غەریب جان و دڵی پەروا نییە |
بۆ نیساری مەقدەمت عومرێکە دەگریم ڕۆژ و شەو | تا بەکەی گەوهەرفشانی، چاوەکەم دەریا نییە؟ |
چی دەکەم، دەگریم، دەسووتێم، ئاوری دڵ نامرێتەوە | چ بکەم ئاخر نووری دیدەم، سینەکەم سینا نییە |
گەر هەزار جار بێ بە کۆی زووخاڵ بە نووری کێوی توور | ئەو دڵە، جۆیایی یەک دیداری وەک مووسا نییە |
هات و ڕووی وا کرد و دونیای کردە ناڵەی عاشقان | دا نەڵێن نایێ قیامەت، ڕۆژی واوەیلا نییە |
حەڵقە حەڵقە تاری زولفت خستە سەر ڕووی نازەنین | دا نەڵێن ڕۆژ حەڵقەگۆشی ماهی شەوئارا نییە |
پێکەنی مەمنوونی کردم، زولفەکەی دامێ بە دڵ | دا نەڵێن شەککەرفرۆشی ئێمە خۆشسەودا نییە |
خۆم بەسەر گێڕا کوتم: قوربان پەرێشانی بەسە! | سوێندی خوارد بەو زولفە وەسڵم عەینی سەرگەردانییە |
مەنعی ناڵینم لە شەوقی گەردەن و ڕووی خۆت مەکە | بولبولی سوبحی بەهار بێشین و واوەیلا نییە |
دڵ کە بەستەی زولفە لەو لێوانە مەحڕوومی مەکە | بێشەکەر ئەم تووتییە ناژی کە هێندوستانییە |
گا بە ناز، گاهێ بە غەمزە مەمدە بەر تیغی برۆت | کوشتنی عاشق بە هیچ دینێکی قوربان چا نییە |
با فریبی من نەدا واعیز بە گوڵزاری ئیرەم | عاشقی ڕووی تۆ بە هەویای جنة المأوی نییە |
گەر هەموو عالەم بڵێن: مەجنوونە، تا دەمرم دەڵێم: | هەردوو دونیا قیمەتی دیداری یەک لەیلا نییە |
داد لە دەست حوسنت کە زولفت نابێ بێ ناڵەی دڵان | ئارێ ئارێ دائیرەی شاهانە بێغەوغا نییە؟ |
چت لە وەسڵی زولفی من؟ فەرموو وەفایی ها دەمم | تالیبی عەیشی ئەبەد بە، عومری دونیا فانییە |
سەد هەزار دڵ پێکەنی وەک گوڵ بەدەم بادی بەهەشت | یا هەناسەی جانفەزای گوڵزاری غەوسی سانییە؟ |
جانشینی حەزرەتی غوث الخلایق قوتبی حەق | فەرعی تاها ئەسڵی یاسین نەوبەری گەیلانییە |
ڕەوشەنی چاو و قولووبی عاریفە عەکسی دڵی | کێوی توورە، مەزهەری نوورە، کلی سوبحانییە |
پێی لەسەر شانی هەموو وەلیانە جەددی خۆی دەڵێ | جێی لەسەر چاوانە شاهـ و شانشینی سانییە |
13
[edit]بریندارە دڵم سەودازەدەی زولفی دڵارامە | مەکەن مەنعی دڵی زارم کە وا بێسەبر و ئارامە |
بە ناز هات بۆ تەماشای شیوەنی دڵ، پێکەنی فەرمووی: | لەگەڵ گریەی سوراحی، نەشئەیی مەی، خەندەیی جامە |
موفەسسیر غەمزەکەی ڕێزە و شکستەی زولفی مەعنا کرد | دەڵێ: چی کەوتە بەرپێم کافریش بێ سەر بە ئیسلامە |
خەتی هات و بەسەرچوو ڕەونەقی زولفی دڵئاوێزی | لە تازیەی ئەهلی دڵ گیرانی ڕۆژ مەشهووری ئەییامە |
بە مەرگی من هەتا ماوم سەرت وابێنە بیزانم: | ڕوخە یا بەرگی نەسرینە؟ لەبە یا شەککەری خامە؟ |
بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت سەرم دانا، دەبێ چ بکەم | لەئەم بازاڕە تەرکی سەر کە ئەووەڵ سوود و سەودامە |
بە غەمزەی چاو و لوتفی ئەو دەمە ڕۆحم وەبەر بێنە | دەمی تۆ ڕۆحی شیرین، چاوەکەی مەستت مەسیحامە |
لەشەوقی ڕووت دەناڵێنم لە سایەی گەردەن و زولفت | گوڵستان بێسەدای بولبول نییە، گەر سوبحە، گەر شامە |
بە تاتا زولف و ڕووی کردە وەفایی پێکەنی یەعنی: | شەکەر هەمڕاز و عەنبەر هەمسەر و گوڵ باغی باڵامە |
14
[edit]بە ماچێ جان دەبەخشێ، ئەم مەسیحای عەسرە، بیستوومە | ئەوا من عاشقی ڕووتم دەخیل دڵ زار و مەزلوومە |
ئیشارەم کردە زولفی ڕوو بە ئەبرۆ بۆ چییە؟ فەرمووی: | بە قیبلەم نۆ موسوڵمانێکە زەنگی زادەیی ڕوومە |
دڵم تیفلی دەبستانی غەمە وا مەیدە بەر غەمزە | هەتاکەی تیرە باران؟ ئاخر ئەو مەزلوومە مەعسوومە |
لەبەر تاقی برۆت گریانی دڵ بۆ زولفە بەرپا بوو | عەجەب ماوم دەڵێن: شەو ڕوو بە قیبلە ناڵە مەحکوومە |
لە سیڕڕی حیکمەتی زارت کە نوقتەی جەدوەلی ڕووحە | عەجەب ماوم! چ نیکتێکە؟ نە مەوجوودە نە مەعدوومە! |
سیەهـ ڕۆژ و نەخۆشی تۆم گوڵم ئاشفتە بوو، یەعنی: | بە داوی توڕڕە وایە چی لە دووی دوو چاوی جادوومە |
وەفایی وا لە کوڵ دەگری، بە دڵ بۆ گوڵ دەناڵێنێ | بە سەد غولغول دەڵێ بولبول لە باغی قیبلە مەحروومە |
15
[edit]ئەلا ئەی ساقیی مەستان! بە حەققی پیری مەیخانە | بە گەردش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە |
ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری ڕۆحانی | بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە |
ئەتۆ ئەی ڕۆحەکەم ساقی، ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب | پەیاپەی لێدە چەنگ و نەی، دەمادەم بێنە پەیمانە |
بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زولفم لە گەردەن کە | بەسەر هاتوومە مەیدانت، بە دڵ بۆت بوومە نیشانە |
ئەگەر شەوقی جەماڵی تۆ نەبێ من مەست و حەیرانم | لەبەرچی بۆتە بولبول گوڵ، چرا بۆچ بۆتە پەروانە |
لە شەوقی تۆیە سەرمەستە، بە زەوقی تۆیە پا بەستە | ئەگەر عاریف لە کەعبەیدا، ئەگەر کافر لە بوتخانە |
لە شیرینی جەماڵی تۆیە ڕۆژی ڕوونی لەیلایە | ئەگەر فەرهادی سەرگەردان، ئەگەر مەجنوونی دێوانە |
دەمێکی مەست و بیمارم، دەمێک بێهۆش و هۆشیارم | چ کەس نازانی دەردی من، مەگەر ئەو چاوە کاڵانە |
دە هەر حەلقێکیدا سەد دڵ گرفتارە دەناڵێنێ | سەری زولفی پەرێشانت مەگەر زنجیری شاهانە |
هەناسەی عاشقان با نەتگرێ بێمروەتی تاکەی؟ | بترسێ ئەی گوڵی نازک بەدەن لەو بایی زریانە |
ئەگەر زولفت وەکوو من عاشقی ڕووی تۆ نییە بۆچی: | سەراپا تێک چووە کەوتۆتە بەرپێت دەست و دامانە؟ |
ترازا دوگمەکەی سینەی، بە یاریی زولفی هات غەمزە | بەیان بەربوو لەلای چین، باخەبەر بن تیرە بارانە |
وەفایی بۆ گوڵێکی سەروباڵا شێت و شەیدایە | وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە |
16
[edit]دڵی پڕ ئێشی من بۆیە وەها خوونابی گریانە | هەموو سینەم وەکوو نیشانە جێگا نێشی موژگانە |
بە زاری پێم کوت: ئاخر بوردەباری تابەکەی؟ فەرمووی: | دەسا دەی بیکوژن یاران، کە ڕۆژی بەردەبارانە |
بەڵاگەردانی تۆم، ئەی من بنازم خاڵی ڕوخسارت | خەلیلی ئاتەشی نەمروودە، خەتتی سەبزی ڕێحانە |
کە تۆ سوڵتانی حوسنی بۆ لە حەزرەت ئەبرووت ڕێت دا | لەبەر چاوت کە هیندوو ماڵی کەعبەی کردە مەیخانە |
تەبیبی میهرەبان بێهوودە تاکەی دڵنەوازی من؟ | وەکوو بۆ خۆم دەزانم هەستە - بیللا - ڕۆژی گریانە |
دەڵێ حاڵت لە سەیلی دیدە، سۆزی دڵ چییە؟ قوربان | لە دووری تۆ بڵێم چی؟ حاڵی من خنکان و سووتانە |
ئەمن لەو شارە کوژراوی خەدەنگی نازەنینێکم | فەڕەنگی تینەتە، کافر دڵە، زاهیر موسوڵمانە |
بە هیچ وەجهێکی ناوێرم کە نێزیکت ببم، قوربان | بعەینە هەر لە من ڕوویداوە حاڵی شەمع و پەروانە |
دەخیل ئەی مەحرەمی دەردی وەفایی! خزمە تەدبیرێ | ئەوا مەحبووبە چارەی نایێ خۆ کوژرانم ئاسانە |
17
[edit]حەریقی ئاوری دووریم، داغداری زولفی جانانە | ئەگەر بایێ لە لای قیبلەم نەیێ حاڵم پەرێشانە |
نەسیمی سوبحدەم قوربانی نەشئەی تۆزی ڕێگاتم | غەریبم، بێکەسم، ڕۆح و دڵم سووتاوی هیجرانە |
ئەمن وا لێرەکە و ڕۆحم لە خاکی پاکی بەتحادا | حەیاتم بێنەوە ڕاببرە بەو باغ و گوڵستانە |
ئەگەر دەریایی ئاور بێ، ئەگەر تۆفانی خوێن هەستێ | بە سۆز و گریەیی زارم، بڵێ بەو ماهە تابانە |
بە غەمزەی چاوەکەی مەستت هەموو جێی نەشتەرە جەرگم | بە موژگانی سیات قەلبم سەراسەر جێگە پەیکانە |
بە تاری زولف و گوڵناری جەماڵی تۆ بە ڕۆژ و شەو | سەرم دەربەندی سەودایە، دڵم سەرگەرمی سووتانە |
دڵم سەوداسەرە و جانم پُر اَز غەوغایە نازانم | نە داغی تاری زولفانە، نە دەردی وردە خاڵانە؟ |
نە خاڵت ڕوحمی پێمدا دێ، نە حەڵقەی دایرەی زولفت | عەجەب ماوم! دەڵێی دەوری فەڕەنگی کافرستانە |
بە شەوقی ڕووت لە حەلقەی زولفەکەت دێ ئاهـ و ناڵەی | دڵ لە سوبحی کازیبەی شەودا چریکەی مورغی خۆشخانە |
شەهیدی تیغی ئەبرۆتم بە جەزبەی خاڵەکەی چاوت | مەقامم قابەقەوسەینە لە سایەی پیری مەیخانە |
هەموو عالەم بە دیدارێکی تۆ قوربانی ئەبرۆتن | مەگەر تاقی برۆت، قوربان، هیلالی عیدی قوربانە؟ |
عیبادەتخانە بەرهەم بوو بە نەشئەی قیبلەکەی ئەبرۆت | لە سایەی چاوەکانت ماڵی کەعبەش بۆتە مەیخانە |
بە ئاهـ و گریە بۆ سەیری جەماڵی چووم و پێی فەرمووم: | تەماشای باغ و گوڵشەن بۆ چییە بەو با و بارانە؟! |
خەتی هات زولفەکەی لەرزی لەسەر خاڵی سیا، گۆیا! | حەبەش بۆ چین لە تێلی دا کە ڕۆم و هیندە شەڕیانە |
بە ناز ڕووی کردە میحرابی برۆ موژگانی دەیفەرموو: | کە تۆ لوتفت هەبێ، قوربان، خەراباتیش موسوڵمانە |
وەفایی دەردی بێدەرمانە بەو چاوانە نازانم | هیلاکی تۆیە؟ یا نە خەستەجانی دەستی پەریانە؟ |
18
[edit]خەرامان بەو سەری زولفی پەرێشان چیهرە بنوێنە | لە گوڵ ڕەنگ و لە سونبول بۆ، لە سەروان جیلوە بستێنە |
شەهیدی تاقی ئەبرۆی تۆ بە جەننەت شادە، ئازادە | ئەتۆ قیبلەی مورادانی دەمێکی ڕووت وەها بێنە |
زەکاتی خاڵی لێوت بووسەیێ لەو چاوە کافیمە | ئەتۆ بی و ساقیی کەوسەر دڵم بەو جامە مەشکێنە! |
بە زولف و ڕووی گوشاد جارێک بپرسە حاڵی شێواوم | دەمێک شەککەر بدە، سونبول بە بادە، گوڵ ببارێنە |
دڵم هێناوە بۆ لێوت بڵا زولفت ڕەزای لێ بێ | وەکوو قەننادی خۆش سەودا بە، زوو زوو بیدە بستێنە |
زەدەی چاوم، لە لێوی خۆت شیفام دە، بەس بە ڕقدا چۆ | بە قەترێک ئابی حەیوانت نەخۆشی خۆت مەسووتێنە |
ئەگەر سەد ڕۆح و دڵ بێنم مورادی من ڕەوا نابێ | لەبی لەعلی بە من نادا دەزانێ ڕۆح چ شیرینە |
لە ئەنفاسی سەحەرگاهی بترسێ، ئەی چرا، جارێک | هەناسەی عاشقان تیرە، مەڵێ پەروانە بێخوێنە |
دەلیلی چاک و پاکی پێ دەوێ وەسڵی ڕوخ و زولفی | خودا شادی بە شانەی دا و سەفای جەننەت بە ئاوێنە |
لەسەر میحرابی ئەبرۆی کەوتمە زولفی دامیە بەر غەمزە | بە جەللادی دەکوت: مورتەدد! حەڵاڵە خوێنی بڕژێنە |
سەری دانا لەسەر ڕووی تۆ، بە شوێنی زولفی تۆدا چوو | وەفایی ئاخری خێر بێ، دەمێکە بێسەر و شوێنە |
19
[edit]دەمێکی هەستە پێ، قوربان، جەماڵت عالەم ئاراکە | بزانن نەخلی تووبا، باغی جەننەت، خار و خاشاکە |
ئەگەر ڕەنجیدە بووی، قوربان، لە وێرانەی دڵی تەنگم | وەرە سەر مەنزەرەی چاوم تەماشای مەوجی دەریاکە |
بە ئەمری چاوی بیمارت کە هەر خوێنخوارییە کاری | مەگەر تاری سەری زونناری زولفت ماری زەححاکە؟ |
لە عەینی ئاهـ و سۆز و گریە زولفت هاتە تاراجم | شەوی پڕ بەرق و بارش ڕۆژی هیندووی دوزدی ناپاکە |
شەهیدی چاوی بازی پڕ لە نازی شاسوارێکم | کە گۆی چەوگانی زولفی دائیرەی خورشیدی ئەفلاکە |
دڵم شێواوی چاو و زولفتە بەو زارە چارەی کە | کە ئەو بیمارە مارانگەستەیە دەرمانی تریاکە |
لە ڕووی تۆ دانەما، پەروای شەهیدانی نەبوو چاوت | لە ڕۆژی حەشرێ ناترسێ، عەجەب تورکێکی بێباکە! |
بە یادی ڕووم دەڵێ بگری، بڵا چاوم لە گریەت بێ | بەهاران نم نمی باران بە مەیخواران تەرەبناکە |
لە فەهمی جەوهەری خەندەی دەمت عومرم چوو نەمزانی | کە سیڕڕی حاڵی ویجدانی وەرایی فەهم و ئیدراکە |
لە قەتڵی عالەمی دڵ بۆوە خاڵی ڕووت، بڵا بەس بێ | سوهەیلی کارەوانکوژ چی دەوێ بەو ڕۆژە ڕووناکە؟ |
دەمی هێنا، دڵم کردە نیساری پێکەنی و فەرمووی | کە زەڕڕێکیش بێ ون نابێ وەفایی! چاکە هەر چاکە |
20
[edit]ئەرێ ئەی زولفەکەت سەر تا قەدەم هەر حەلقە و بەندە | چ داوێکە کە هەر داوێکی بەندی سەد خیرەدمەندە؟ |
کە تۆ هاتی بە گوڵشەندا لە شەرمی زولف و ڕووی تۆ بوون | وەنەوشە و گوڵ سەراسەر غەرقی خوێن، مات و سەر ئەفگەندە |
خودایا ئەو جەمال و قامەتەی دوورکەی لە چاوی بەد | درەختی گوڵ لە نارنج و گوڵ و بادامی پەیوەندە |
کوتم: قوربان زەدەی چاوم! شیفای دەردم چییە بیدە؟ | دەمی خۆی کردە غونچە و پێکەنی فەرمووی: کە گوڵقەندە |
بە خەتتێکی شکستەی زولفی ڕێحانی لە سەر عاریز | لە مەعنای ئاتەش ئەم تۆمارە شەرحی زەند و پازەندە |
لە عیشقی تۆ هیلاکی ئەو دڵەی دێوانە دوو چت بوون: | وەک ئاهوو چاوڕەش و وەک غونچە زاری پڕ شەکەرخەندە |
لە ژێر باری غەمی زولفی خەتی هات و ڕەهای کردم | ئیلاهی قەت جەوانمەردان نەکەی داماو و دەرمەندە |
وەفایی هەرچی بێ، ئاخر، هیلاکی چاوەکەی خۆتە | بە چاوی سووکی مەنواڕێ، مەڵێ: مەیخوارە و ڕەندە |
21
[edit]سەرگەشتە و شێواوە وەکوو سایە لە دووتە | گۆیا سەری زولفت وەکوو من عاشقی ڕووتە |
زەنگی و فەڕەنگی سەفی کێشاوە بە قەتڵم | غەمزە و موژە دێن بۆ دڵی دێوانە بە جووتە |
یاقووتی لەبانت بە کەرەم بێنە تەبەسسوم | بۆ تەن ئەوەیە قووەت و بۆ دڵ ئەوە قووتە |
نوورانییە عالەم کە لە سایەی سەری زولفت | سایەی سەری تۆ سایەیی مولک و مەلەکووتە |
هەرچی هەیە جەننەت بە گوڵ و نافە نەنازێ! | عەکسی ڕوخ و عەتری شکەن و تایەکی مووتە |
غافڵ مەبە بۆ ڕابیتەیی گەردەن و چاوی | مەی بگرە «وەفایی» کە ئەمە جام و سەبووتە |
22
[edit]ڕۆژی تەرەب و وەختی گوڵ و فەسڵی بەهارە | یاران گوڵەکەم کوا کە دەمی بووس و کەنارە |
گوڵزاری ئیرەم، سووڕەتی غیلمان، قەدی تووبا | گۆشەی چەمەن و ڕوویی گوڵ و پایی چنارە |
بنواڕە لە نێو حەڵقەیی زولفی سەری کوڵمی | دوو ڕۆژی درەخشانە لە نێو دوو شەوی تارە |
هەر لەحزە کە دێ پێدەکەنێ حەقمە کە بگریم | پشکووتنی گوڵ مایەیی بارانی بەهارە |
بۆ چی نەگریم کوشتەیی سەد غەمزە خەدەنگم؟ | من یێک و نیزامی حەبەشیزادە هەزارە |
بەو زولف و موژە مەمکوژە هەردەم بە جەفایێ | جارێ لە تەنافم مەدە جارێ لە قەنارە |
بەو قامەتە حەیرانی شکۆفەی قەد و باڵام | قەد نارەوەنە و باغی گوڵان باغی هەنارە |
سووتاوم و شێواوم و سەودایی و مەستم | بەو عاریزە بەو پەرچەمە بەو چاوە خومارە |
گوڵدەستە، نیگەهـ مەستە، دەهەن پستە، گوڵئەندام | زولفی کە هەموو داوی دڵی عاشقی زارە |
بەو دوو مەمە زولف و ڕوخی تۆ نۆبەری سەرون | هەر عەترە بە تا هەر گوڵ و نارنجە بە بارە |
پرسیم: چییە؟ تەبخاڵە لەسەر ئەو لەبە؟ فەرمووی: | جێی ماچی وەفایی ئەوە نیشانەیی پارە |
23
[edit]تا خەندەیی گوڵ کاشیفی ئەسراری نیهانە | زارت لە تەبەسسوم نەکەوێ قەت لە زەمانە! |
زولفت چییە وا تا بەری پێ حەلقە بە حەلقە | یا نە شەوی هیجرانە کە زیندانی دڵانە؟ |
تۆی پێدەکەنی زەوقی دڵانی بە هەناسە؟ | یا عەترە دەبارێ؟ ئەسەری باغی گوڵانە |
قوللابی موژەت گرتمی ڕووی کردمە ئەبرۆت | یەعنی کە ئەوە قیبلەنومای ئەهلی دڵانە |
تۆ ڕۆژی درەخشان و ئەمن شەو وەکوو زولفت | سەرگەشتە لە دووی تۆ دەگەڕێم: خانە بە خانە |
گریانی دڵانە لەسەر ئەو زولفە بە ڕوودا | یا ناڵەیی مورغانی شەب ئاوێزی بەیانە؟ |
باعیس بە جودایی لە بەهاری گوڵی ڕووتە | بێ ڕەنگیی ڕەنگم کە وەکوو ڕەنگی خەزانە |
هێشتا دڵی من نادەیەوە هەر لە جەفادای | بۆ تیری هەموو دەرد و غەمت بوومە نیشانە |
بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێن پەڕی گوڵ، گوڵ | جارێکی نەپرسی: کە چ فریاد و فوغانە؟ |
حەیرانی برۆ و خاڵی لە ڕووی تۆیە وەفایی | بۆ چی حەرەم ئاتەشکەدەیی پیری موغانە؟ |
24
[edit]ئەی حوسنی ئەزەل، دا نەفەسێ خۆت بنوێنە | ئاوێنەیی ڕووی خۆتە دڵی من مەشکێنە |
کەوتوومە شکەنجی سەری زولفت بە تەمای ڕووت | یاریم کە نەکەی چووم بە تەلیسماتی خەزێنە |
عالەم هەموو ڕەنگینە لەبەر عەکسی جەماڵت | هەر ڕەنگە بە ڕەنگێکی هەزار ڕەنگە نوێنە |
چونکە سەبەبی دەوڵەتی خەندەی گوڵە باران | ئەی دیدهـ! هەتا هەی بگری، خوێن بڕژێنە |
چونکە شەرەفی قوربی بەقا وا لە فەنادا | ئەی دڵ وەرە تا زیندووە بی، خۆت بمرێنە |
سووتاوە دەروونم، وەرە ئەی بادی بەهاری | زیندووم کەوە بێنێکی لە غونچەی دەمی بێنە |
ڕاببرە بە دامان و خەیابانی یەخەیدا | نەختێ لە گوڵ و سونبول و نەسرین بوەشێنە |
مومکین نییە لەو چاوە نەجاتی دڵی زارم | ئەو مورغە بریندارە گرفتاری شەهێنە |
عەینی کەرەم و مەرحەمەتە هەرچی بفەرمووی | لوتفت نییە جارێ بە جوێنم بدوێنە |
دەمکوت: کە خەتت بێ دڵی خۆم نادەمە چاوت | نەمزانی کە مەی فەسڵی بەهار تۆبە شکێنە |
خۆی داوەتە زولفت لە دوو لا گۆشەیی ئەبرۆت | میزان کە دڵان هێندە دەبا سووچی شەهێنە |
فەرموویە: وەفایی بە دڵی تۆیە ویسالم | قوربان هەر ئەتۆ و دڵ؟ وەرە ڕۆحیش بستێنە! |
25
[edit]ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە | لوتفت هەبێ ڕوو وا بکە مەقسوودی مە، دینە |
بەو جێگە بوویتە شەرەف و قورب و مەقامت | لوتفت ببێ بمبەخشە وەرە جورمێ مەبینە |
دەرمان مەکە، هاتوومە حەکیمی هەموو دەردان! | دەرمان بکە جەرگم کە هەموو کۆنەبرینە |
عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت | جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە؟ چ شینە؟ |
فەڕزەن هەموو دونیا من و عومری خزرم بوو | بێ جەننەتی ڕووی تۆ چ حەیاتێکە؟ چ ژینە؟ |
ئیحسانی گوڵ و خاکی دەری پاکی لە چاودا | بۆیێکە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە |
ڕەوشەن بکە چاوم بە کلی خاکی دەری خۆت | بەو عیززەتە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە |
زولفت لە دوولا شاد و گوشادن بە جەماڵت | کوا ئەهلی شیمالی؟ هەموو ئەسحابی یەمینە |
مەوقووفی نیگاهێکە بفەرموو بە تەڕەححوم | ژەنگاوییە ئاوی نییە ئاوێنەیی سینە |
پابەندی ئیشارێکە دەری کە لە دەروونم | خودبینی و بوخل و حەسەد و نیخوەت و کینە |
بەو خاڵ و خەت و سووڕەتی گیسووی هەتە حەقیە | مانی کە پەرێشانی سەنەمخانەیی چینە |
نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت | جارێ بە وەفایی کە بڵێ کەلبی ئەمینە |
26
[edit]لەمحەت بە سەفا نیوەیی ماهێکی تەمامە | دڵ عاشق و سەودائییە ماهێکی تەمامە |
حەڵقەی سەری زولفت لە دو لا چەتری عیزارن | دەوری وەرەقی لالە و گوڵعەنبەری خامە |
بۆ قەتڵی دڵم بۆتە دو سەف لەشکری موژگان | دوو نەرگسە فەرماندەری سوڵتانە نیزامە |
ئەو ڕۆژە کە دیم توڕڕە لەسەر عەنبەری خاڵی | زانیم ئەوە بۆ سەیدی دڵم دانە و دامە |
پێم کوت: وەرە بۆ خۆت بە دەمت بمکوژە! فەرمووی: | مومکین نییە ئەو ئەمرە لەسەر چاوی سیامە |
بەو پەنجە کە ڕەنگی دڵە ساقی کە ئەتۆبی | پەیمانەیێ زەهرم بدەرێ عەینی شیفامە |
بۆ کوشتنی من دەست مەدە خەنجەر، بە فیداتم، | لەو خونچەگوڵی وەک دەمە یەک ماچی تەمامە |
من تالیب و دڵ ڕەهڕەوی نێو زوڵمەتی زولفت | خاڵت خدری زیندە، دەمت ئابی بەقامە |
قوربانییە ئەو ماهە تەمامە وەرە قوربان | قوربانی سەرت بم بە دڵ ئەو ماهە تەمامە |
پێم کوت بە نەسیمی سەحەر ئەی پەیکی وەفایی | مروەت نییە گوڵ هێندە لەسەر جەور و جەفامە |
گوڵ هاتە شەکەرخەندە بەدەم بادی سەباوە | فەرمووی وەفایی کە جەفا عەینی وەفامە |
مەتڵەب نییە شیعر و غەزەل و بەیت و قەسیدە | مەنزووری وەفایی کە لەگەڵ کاکە سەلامە |
27
[edit]ئەو زولفە دوتایە چ تەلیسمێکە چ دامە؟ | سووتاوە ئەوی پوختەیە بەو عەنبەرە خامە |
دڵ کەوتە سەری زولفی لەبەر جەزبەیی خاڵی | وەحشی سەبەبی دانەیە پابەستەیی دامە |
دەستم بگری تۆ کە بە جامێکی سەبووحی | بەو چاوە، ئەگەر پادشەهی شامە، گەدامە |
شەیداییی من غەمزەیی ئەو چاوەیە باعیس | سەرمەستیی من جوملە لەبەر نەشئەیی جامە |
بۆ قەتڵی دڵم بوونە دوو سەف لەشکری موژگان | ئەو نێرگسە فەرماندەری سوڵتانی نیزامە |
لەو زولفە بڵاو و سەفی موژگانە دەلەرزم | مەعلوومە کە شەو لەشکری بەرگەشتە بە سامە |
بۆ ماچی دەمی کوڵمە لە نێو پەرچەمی خاوی | لەو زوڵمەتە بۆ ئابی بەقا نووری چرامە |
عومرێکە دەناڵم بە دڵ، ئەو قەدگوڵە نەیکوت: | ئەو بولبولە - ئاخر - بە تەمای میهر و وەفامە |
بۆ کوشتن ئەتۆ دەست مەدە خەنجەر لە وەفایی | لەو غونچەگوڵەی وەک دەمە یەک خەندە تەمامە |
28
[edit]ئەی سەبا! تێک مەدە تۆ پەرچەم و کاکۆڵی گوڵە | زولف و کاکۆڵی گوڵە مەسکەنی سەد پارە دڵە |
ڕامی دامم نەبوو هەرگیز بە فسوون دڵ بووە خوێن | گوڵە سەرمەستە غەزاڵێکی عەجەب وەحش و سڵە |
چییە ئەم نوقتە کە وا بۆتە نیشانەی دەمی تۆ؟ | نوقتەیی هیچە کەچی نوکتەیی سەد ئاهی دڵە! |
دەمی خەندە و قسەیی ماچی دەم هەرزانە بە ڕۆح | دەم و خەندەی نوقوڵستانە قسەی وی نوقوڵە |
وەرە بڕوانە دڵم ئەی گوڵە! بۆ زاری گوڵت | بولبولێکە چ حەزینە، چ لە گریان بە کوڵە؟! |
قەت بە دڵ یاری وەفایی نەبوو، حەیرانم ئەمن | دڵ کە مەعلوومە یەکە بەس گوڵە بۆ چی دوو دڵە؟! |
29
[edit]چ تەلیسمێکە؟ چ سیحرێکە؟ چ سەودایێکە؟ | سەری زولفت کە دوسەد چینی بە هەودایێکە |
ناڵەناڵی دڵی سەودازەدە لەو پەرچەمەدا | ئەوە نیشانەیە دێوانەیی سەودایێکە |
وەرە مەنواڕە بە سووکی لە نیساری قەدەمت | ئەشکی دیدەی تەڕی من گەوهەری دەریایێکە |
ئەی شەکەرلەب کەمەری تۆ چییە بەو مەحکەمییە | کە هەزاری وەکوو من بەستەیی هەودایێکە |
نێرگسە غارەتی دین، پەرچەمە شێواویی دڵ | هەر یەکە ئافەت و فیتنەی سەری مەولایێکە |
کوشتەیی تیغی غەمی، کافییە ماچێکی دەمی | بەڵێ ئەو دولبەرە لەو عەسرە مەسیحایێکە |
مەنعی ناڵینی وەفایی مەکە مەجنوون سیفەتە | ئاخر ئەو غەمزەدە پابەستەیی لەیلایێکە |
30
[edit]دڵی دێوانە لەسەر زولفی لە عالەم بەرییە | قەد ڕەهایی نییە لەو داوە کە بەستەی پەرییە |
بە وەفا بە کە دەشمکوژی بە میهرم وەرە سەر | دا نەڵێن عاشقی بێمیهر و وەفا سەرسەرییە |
چت لە دڵ داوە عەزیزم وەرە نێو دیدەیی من | دڵ هەموو ئاورە، چاو مەنزەرەیی دوودەرییە |
چاوی بیماری تەبیبی هەموو دەردی دڵمە | غەمزە دەرمانییە، پەیکانی موژە نەشتەرییە |
قامەتی تۆ کە گوڵ و بەی بەری بێ، بێ بەری بێ | بۆچ دەڵێن ئیدی سنەوبەر بەری بێ بێبەرییە؟ |
بۆیە سووتاوم ئەمن عاشقی بەدناوم ئەمن | دڵەکەم غەمزەدەیی غەمزە و نازی پەرییە |
ڕوو بە ئەبرۆتە ئەگەر بۆ چی دڵ ئازارە موژەت؟ | ئەهلی قیبلە عەجەبا وا ڕەوشی کافەرییە |
سەروی گوڵزاری وەفایییە کە گوڵزاری جەمال | خەندەگوڵ، گوڵ بەرییە، هەم گوڵە هەم گوڵپەرییە |
31
[edit]سەروە یا عەرعەرە یا تازە نیهالی چەمەنە؟ | یا ئەوە گوڵبونی باڵای گوڵی گوڵزاری مەنە؟ |
عاشقی زولف و ڕوخی سەرسەری یارێکم ئەمن | چاوی بیمارە، گوڵی زارە، قەدی نارەوەنە |
قەدی سەروە بەری هێناوە کە میوەی دەمی وی | ناری پستانە، گوڵی نەوڕەسە، سیبی زەقەنە |
بە هەوای باغی گوڵانی کە دەنازێ حەقیە | گوڵی من گوڵ دەمە، گوڵ چەپکەنە، گوڵ پیرەهەنە |
دڵ کە کوشتەی ڕوخیە بەستەیی زولفە دەگری | شەوی هیجرانە دەڵێی ناڵەیی مورغی چەمەنە |
ئەشکی من چونکە لە سەرچاوەیی دڵ دێتە دەرێ | ڕەنگی گوڵنارییە مرواریی خاکی یەمەنە |
زولفی لەرزانی بە سەر چاوی بە دەم بادی وەزان | میشکی تەڕ، عەنبەری تەڕ، چەتری غەزاڵی خوتەنە |
کوشتنی بولبولی مسکین چییە؟ پشکووتنی گوڵ | مەتڵەبت کوشتنی عاشق نییە، تۆ پێمەکەنە |
دڵ و دینم لە بەهای ماچی دەمی داوە دەڵێ: | لە وەفایی مەگرن عاشق و مەجنوونی مەنە |
32
[edit]ئەی خۆش خەبەر نەسیمی سەحەر پەیکی عاشقان | ئەی قاسیدی نیازی هەر ئاوارە وا وەرە |
دیدەم ببینە هەروەکوو دوو چاوی پڕ لە خوێن | سینەم ببینە هەروەکوو کوورەی پڕ ئاورە |
گەر ئاوی سەیلی دیدە نەبێ سینە سووتووە | گەر تاو و جۆشی سینە نەبێ دیدە مضطرە |
سووتاوی تاوی سینەم و غەرقی نێو ئاوی چاو | لوتفێ بفەرموو چارەیێ لەو ئاو و ئاورە |
وەک «نەهری» چاو و مەشعەلەیی دڵ بڕۆ بە تاو | بۆ ئەو دڵبەرە کە گوڵبەرە پەیغامی دڵ بەرە |
«نەهری» کە جێگەیێکە هەموو خاکی سوورمەیە | «نەهری» کە جەننەتی گوڵ و گوڵئاوی کەوسەرە |
«نەهری» غوباری عەترە بوخاری بوخووری ڕووت | خاکی تەڕی کە وشکە هەموو میشکی ئەزفەڕە |
«نەهری» وەهایە «با» لە گوڵاو و گوڵئاتەشی | عەنبەرفرۆشە خاکی لە کەوسەر موخەممەرە |
«نەهری» کە خولدە نەهری ڕەوان سەلسەبیلیە | «نەهری» کە پاکی دار و دەوەن پاکی عەنبەرە |
«نەهری» کە خاکی قیبلەمە گوڵزاری گوڵبەرە | «نەهری» کە شاری دیدەمە جێڕاوی دڵبەرە |
دڵبەر بە لوتفی حەزرەتی باری مەتیبە | گوڵبەر بە نووری ڕەحمەتی داوەر مونەووەرە |
دڵبەر کە سەروی نەوڕەسی باغی سیادەتە | گوڵبەر کە نەوشکۆفەیی ڕەوزەی پەیەمبەرە |
دڵبەر کە وا لە گوڵبونی یاسین شکۆفەیە | گوڵبەر کە وا لە گوڵشەنی تاها سنەوبەرە |
ئەو تاقە نەسڵە ئەسڵی لە جووتێ فریشتەیە | دوڕڕی یەتیمە زادەیی بەحری دوو گەوهەرە |
ئەو شەمعە زەینی مەحفەلی شەمزینە ڕەوشەنە | ئەو شەمعە خۆ موبەرهەنە ئەو نوورە ئەزهەرە |
فەیزی جەسیمە، خولقی بەسیمە، عەتای عەمیم | بۆ لوتفی جوود و مەرحەمەت ئەو سەدرە مەسدەرە |
بەحری دڵی کە وادی ڕووناکی ئەیمەنە | جێگای زوهووری مەرحەمەت و نووری داوەرە |
نەوری حەدیقەیە کە لە عیرفان موتەییەبە | نووری حەداقەیەکە بە ڕەحمەت مونەووەرە |
سەر تا قەدەم بە نووری خودا ڕۆشنە بەڵێ | ئەو نەخلە بۆ تەجەللییە، ئەو نوورە مەزهەرە |
ئەبرۆی مەحەببەتی ئەوە میحرابی خانەقا | توڕڕەی مەوەددەتی ئەوە میعماری مینبەرە |
کەعبێکە خانەدان کە هەموو خەلقی تائیفە | قیبلێکە ئاستانی هەموو ئەهلی زایەرە |
بەیتی ئەوێ چ بەیتە؟ مەڵێ پاکە! جەننەتە | خاکی ئەوێ چ خاکە؟ مەڵێ چاکە! عەنبەرە |
گەر سەر نە خاکی مەقدەمی ئەو ڕۆحە پاکەیە | گەر دڵ نە تۆزی ڕێگەیی ئەم شەخسە تاهیرە |
سەر خاڵییە لە مەعریفەت و دڵ لە ئەهلییەت | بیللا نە دڵ دڵی منە، حاشا نە سەر سەرە |
ئەی پەیکی شارەزا! بە ئەدەب ڕوو بکە حەزرەتی | پەردەی عەرووسی عەرزی من ئاهێستە لا بەرە |
دەستێ بدە لە دامەنی بگری بە زاری من | بۆیێ بکە لە مەقدەمی پاکی کە ئەنوەرە |
چاوم لە دووری نووری جەماڵی، بە خاڵی تۆ | خاڵی لە نووری بینشە دایم موسەییەرە |
سینەم لە شەوقی میهری کەماڵی کەماڵی تۆ | سینە چ سینە؟ نا، وەکوو سینا پڕ ئاورە |
یاخۆ گڵێ لە خاکی بەری پێت بە بابدە | یاخۆ گوڵێ لە تووتنی خۆت، بیخە ئەم بەرە |
بۆ دیدە ئەو موفەڕڕیحە هەر عەینی سورمەیە | بۆ سینە ئەو موفەڕڕیخە ئارامی دڵ دەرە |
ئەو تووتنە کە مەیلی وەکوو دڵ بە سووتنە | ئەو تووتنە کە ڕەنگی وەکوو عاشق ئەسفەرە |
ئەو تووتنە کە زێڕی بەر دووکانی غەزنەیە | ئەو تووتنە کە خۆشە لەتیفە و موعەتتەرە |
تا تووتنی لەتیفە دەگاتن لە هاتنێ | دوو چاوی پڕ لە خوێنی وەفایی لەبەر دەرە |
تا شەو وەکوو ڕەواقی دڵم تەنگ و تیرەیە | تا ڕۆژ وەکوو ویساڵی گوڵم هەر مونەووەرە |
زەڕڕێک لە میهری تالیعی تۆ بێ کە سەروەری | نوقتێک لە بەختی دوژمنی تۆ بێ کە بەدفەڕە |
33
[edit]بەم ڕوخ و لەب مەیلی گوڵستان مەکە | هەتکی گوڵ و غونچەیی خەندان مەکە |
جانی عەزیزم بەسەری زولفی خاو! | یووسفی دڵ چی دی لە زیندان مەکە |
بمکوژە بۆ خۆ نە بە دوو چاوی مەست | قەتڵی منی خەستە بە مەستان مەکە |
دڵ مەدە زولفت بە تەمای کوشتنم | یاریی کافر لە موسوڵمان مەکە |
گوڵشەکەری زار و عیزاری دەوێ | تیفلی دڵم حەیفە لە گریان مەکە |
حەیفە لەسەر خاڵی دەمی ئەی خزر | ئارەزوویی چەشمەیی حەیوان مەکە |
تووتیی دڵ زاری قسەی زارتە | مەنعی لە قووتی شەکەرستان مەکە |
حاڵی وەفایی، گوڵە باتێک نەچێ | سونبولی ژوولیدە پەرێشان مەکە |
34
[edit]قەد گوڵ و ڕوو گوڵ و دەرمانی گوڵە | ڕاستە ئەمڕۆ گوڵە خەرمانی گوڵە |
تا بە تای زولفی کە شێواوە بە ڕوو | سونبوڵستانی گوڵستانی گوڵە |
ڕۆژ بەدەرناکەوێ تا سوبحی عیزار | هەڵنەیێ شەو کە لە گریانی گوڵە |
بۆ دڵی شیفتە بۆ چی بگریم؟ | بەستەیی چاو و زەنەخدانی گوڵە |
زولفی تورکانە لەسەر عاریزی یار | ئەوە چەتری سەری سوڵتانی گوڵە |
ڕوو بە میحرابی برۆ پەرچەمی خاو | کافری تازەموسوڵمانی گوڵە |
عەتری خەندەی گوڵی باغانە کە دێ، | یا هەناسەی دەمی خەندانی گوڵە؟ |
غولغولەی شۆری وەفایی کە دەڵێی | بولبولی گۆشەیی بوستانی گوڵە |
35
[edit]لەسەر چی لێم زیزی چ بووە؟ چ قەوماوە؟ | دەمم لە ڕووی تۆ دا، کابە نەڕووخاوە |
چ کێوی توورێکە چ شوعلە نوورێکە | دڵم لە تاوی ڕووی تۆ ئەگەر نەسووتاوە؟! |
چ بەرق و بارانە چ گوڵبەهارانە؟ | چاوم لەبەر خەندەت ئەگەر نەگریاوە |
نە زولفی جادووتم نە خاڵی لای ڕووتم | عەزیزەکەم بۆ چی ئەمنت وەلا ناوە؟ |
چ بکەم کە هەر نەگریم لە دەست ئەو چاو کاڵە؟ | شەهید بە هیچ وەختان خوێنی نەوەستاوە! |
لەبەر هەناسەی من زولفی لە ڕوو لاچوو | مەگەر نەسیم ئەنگووت؟ بەیانی بەرداوە؟ |
بە زاری خۆی داخۆ پرسی لە من ئاخۆ | گوڵ بوو وەها پشکووت؟ شەکەر بوو دەتواوە؟! |
بە تاری زولفانت ئەمن وەها شێواوم | سەبر و قەراری من ڕۆیی نەگەڕاوە |
لەبەر شەکەرخەندەت ئاورم وەها کەوتێ | سۆز و گودازی من نەی بوو نەشێراوە |
سۆراغی دێوانان، چراغی پەروانان | شەڕابی مەیخانان، خوماری ئەو چاوە |
ئەتۆ و گوڵی بۆ خۆت کردت بە ئاوێنە | ئەتۆ و دەمی فەرمووت بەو ئاوە کووژاوە |
ئەی ڕۆژی شەوگەردان، ڕووی تۆ لەنێو پەردان | شیفای هەموو دەردان، بە خەندەت هێناوە |
تۆ و زولف و خاڵی خۆت، ئەتۆ و جەماڵی خۆت | کە شەو بە تاریکی لەو ڕۆژە گیراوە |
بەو ئاڵ و واڵایە، بەو بەژن و باڵایە | کە زاتی ئەسمایە، کە وەحدەتی ناوە |
یەخسیر و بەندی تۆم، لەدووی کەمەندی تۆم | بە زولفەکان جارێ بفەرموو بەولاوە |
فەرمووت: دەبێ بگری، سەبر و قەرار نەگری | ئەمرت لەسەر عومرم، حوکمت لەسەر چاوە |
بە تیری ئەو شۆخە چلۆن نەناڵێنم؟ | برینی تیراوێ بە ئێش و زووخاوە |
فەڕزەن ئەمن شێت بووم ڕووم نەبوو نەمزانی | هەمیشە خۆ پاشا ڕووی بە گەدا داوە |
بە غەمزە کوشتوومی، بە شێوە گرتوومی | دەشڵێ: وەفا مەگری، شەهید نەشۆراوە |
دەمێکە ڕەنجوورم، لە یاری خۆم دوورم | شەماڵ دەخیلت بم، وەعدەی دوعا و سڵاوە |
بڕۆ بە زاری من، بڵێ بە یاری من: | دوور بێ لە حاڵی تۆ، ڕۆحم بە نێو ماوە |
ئەتۆ کە ڕێزانی چۆڵ و بیابانی | دەستی من و دامانت وەفایی داماوە! |
36
[edit]لەبەر نازی چاوبازان خورد و خەوم خوێناوە | بە تیری تیرەندازان چ بکەم جەرگم بڕاوە؟! |
شێت و شەیدا و سەحرایی، دەگریم هەروەک وەفایی | چ بکەم لە دڵەی سەودایی، پەرییان دەستیان لێداوە؟ |
لە سەر تاقی دوو ئەبرۆت مەیلی زولفان دەمکێشێ | خۆ وەختە من کافر بم، چ بکەم قیبلەم گۆڕاوە |
عیشوەی ڕووی تۆ هەر خۆش بێ، موشکل گوشا و سەرخۆش بێ | بزووت بادی نەورۆزی، گرێی زولفت کراوە |
ئەی ئاوێنەی دڵبەری، زارت گوڵ زولفت زەڕی | با هەناسەم نەتگرێ، ڕووی خۆت بێنە بەم لاوە |
زولفت جێی بێقەراران، ڕووت ڕۆژی شەوبێداران | ئەمان ئەی شای گوڵزاران، ڕوحمێک تا ڕۆحم ماوە |
بەس عومری من بە بادە، ڕووت بێنە زولفت لادە | دڵ بۆیە نامورادە، بەو شەوە ڕۆژ گیراوە |
با شەو بڕوا سەحەر بێ، باغی گوڵان وەبەر بێ | گەر تۆ مەیلت لە سەر بێ، کافر ئیسلامی ناوە |
دەستم لە تای زولفت دا بەم باڵایە نەمزانی | بۆچ دەمکوژی خۆ قوربان پردی قیامەت نەپساوە؟ |
لەبەر چاوت نەمزانی، بێ باغەبان گوڵچینم | مەست بووم هۆشم لێ نەبوو، دەمم بۆ ڕووت هێناوە |
هاتم بە بۆنەی خاڵت، تووشی داوی زولفت بووم | تەیرێکی نابەڵەد بووم نەمزانی دانە و داوە |
ئەمڕۆ سەبای مورادان کاسی کردم نەمزانی: | نە عەتری نافەی چینە، نە بۆنی زولفی خاوە؟ |
لە سایەی چاوەکانت بوومە ڕەندی خەرابات | لەلای پیری مەیخانە خەرقەم لە گرەو مەی ناوە |
تو خودا دڵم مەشکێنە، با بزانم ڕووت وا بێنە | ڕووتە یان گوڵ هەنارە؟ لێوتە یان شەکری خاوە؟ |
وەقتێ ئارەق دەڕێژێ بۆ کوشتنی وەفایی | بە گوڵی کوڵمی سوێند دەخۆم گەردن شووشەی گوڵاوە |
لە دەردی بێ دەرمانی، کەوتوومە سەرگەردانی | بە جوابی لن تراني چ بکەم ڕۆحم سووتاوە |
قەیتانی دوو لێوانت بەندی جەرگی پساندم | کوفرت لەلام زاهیرە ڕوحمت لەلا نەماوە |
سڵاوم کرد لە یارم، بە دڵێکی غەمگینەوە | بە لەفزێکی زۆر شیرین جوابی سڵاوی داوە |
37
[edit]چین چین و تاتا گرێی زولفی حەریری بکەوە | دین و دڵان مەسکە ڕیێ میسک و عەبیری بکەوە |
چەند خۆشە بۆسە کردن، پێکەوە دەست و گەردن | ئیدی هەتاکوو مردن بە شەهد و شیری بکەوە |
هیلاکی غەمزە و برۆی، شاد و شەهیدە بۆ خۆی | ئەی دڵی ڕەنجەڕۆ بۆی، شیر و تیری بکەوە |
گەر وەکوو زولفی سیای، حەلقە ببەستن سەفای | بمرە لەبەر خاکی پای، هەر بە ئەسیری بکەوە |
لە مێژە بێحاسڵم، تاکەی بناڵێ دڵم؟ | بولبولی خۆتە گوڵم، جارێکی بیری بکەوە |
دڵ کە لە تۆ زیز بووە، خوێن وە سەری کەوتووە | تیفلە گڕووی گرتووە، بەو مەمە ژیری بکەوە |
چاو مەستە ڕوو گوڵدەستە زاری خۆت کردە پستە | فەرمووی وەفایی هەستە بەس بە زویری بکەوە! |