Jump to content

دیوانی وەفایی/ێ

From Wikisource
310997دیوانی وەفایی — پیتی ێ1902وەفایی

1

[edit]
زەدەی ڕووتم، بە چاوی تۆ، شیفام بێلێوەکەت نابێ بە حەققی ئابڕووی پیری موغان ساقی مەیی نابێ!
ئەتۆش ئەی تارزەن سادەی سروودێکی بە نەغمەی نەی بڵا تەی بێ غەم و نۆبەی سرووری جامی مینابێ
ئەتۆش دەم دەم بە نەغمەی نەی ئەتۆش خۆش خۆش بە جورعەی مەی کزەی بایێکی ڕۆحانی، نەشەی جامێکی یار بابێ
بەقوربانی سەداتم ها بڵێ موتریب وەرە ساقی نەیستان ئاوری بەربۆتێ، بڵا تۆفان لەسەردا بێ
لە شەوقی بادە داگیراوە ساقی ڕووی عەرەقناکی وەکوو شەبنەم لەسەر گوڵ کەوتبێ ڕۆژ عەکسی لێدابێ
وەرە بنواڕە تاب و تابشی زولفی دڵاوێزی ئەگەر نەتدیوە عرش الله چرای دەیر و کلیسا بێ
لە تاو ئاوری جەماڵت کەی دەزانێ حاڵی دڵسۆزان؟ کەسێکی تاوەکوو زولفت نە شێوابێ نە سووتابێ
کەناری چاوی هەردەم شانشینی عاشقی ڕووتە بەڵێ وەک سوورمە وایە هەرچی سووتاوی تەجەللابێ
ئەتۆ بەو چاوە سەرمەستە دەمێکی هەستە ڕاوەستە ببینم کەی قیامەت دێ؟ بزانم بۆچ مەسیحا بێ؟
دەڵێن غەم لەشکری کێشاوە، تۆش بەو زولف و خاڵانە بفەرموو تا شەبیخوونێ لەلای چین و حەبەش ڕابێ
دەڵێن یار دێتەوە، خۆ من بە دەردێکی گران کەوتووم تەبیبی دەردەداران ئەی خودا بێ، ئەی خودا وابێ
بە گۆشەی چاو و خاڵی لێو و خاکی کۆی یار نادەم ئەگەر سەد جامی جەم، ئابی خدر، ئەوڕەنگی دارا بێ
لە ڕووم مەحرووم مەبە فەرمووی وەفایی عاشقی زارم! کەسێ زەڕڕێکی ئیمان بێ بەهەشتی لێ حەرام نابێ
درێغا سەروی باڵای من گوڵێک بوو هات و با بردی گوڵێکی وا بەهار ناگرێ هەتا دونیا بە دونیابێ

2

[edit]
وەفایی بوت پەرستی تۆیە سەد جار کوفری زاهیر بێ بە دینی بولبولان سەجدە حەڵاڵە گوڵ کە مەزهەر بێ
دەمێک با دەست و گەردەن بم، دەمێک با هەمدەمت من بم نەخۆشی چاوی تۆم بەڵکوو شیفای من شیر و شەککەر بێ
قەسەم بەو لێوی خەندان! هەر ئەتۆی بەو شکڵ و باڵایە لە جەننەتدا ئەگەر هیچ نەخلی تووبا، ئابی کەوسەر بێ
لە تاوی تیرەبارانی نیگاهت بۆچ نەناڵێنم؟ دیارە حاڵی بیمارێکی جەرگی پڕ لە نەشتەر بێ
ڕوخ و گەردنی پیشان دام پێم دەڵێ: تۆ هەر بناڵێنە کە خۆشە نەغمەیی بولبول بەهاران وەک بەیان بەربێ
لە دوولا زولف و خاڵی عەنبەرین کەوتۆتە ڕوخساری وەکوو تابووری هیند و چین بە باغی دڵگوشا وەربێ
کە ڕووی خۆی خستەدەر هەستا لە هەر گۆشێکی غەوغایێ جیهان پڕ بوو لە ناڵەی عاشقان وەک ڕۆژی مەحشەر بێ
قەراری دا بە ڕۆح و دڵ بەری پێی ماچ بکەم تا سەر ئیلاهی عەهد و پەیمانی حەبیبی من هەتا سەر بێ!
بە هەویای خاڵی لێوت کەوتمە داوی زوڵمەتی زولفت ئیلاهی ڕەهبەری ئابی بەقام خزری پەیەمبەر بێ
لەوی ڕۆژێ کە دەستم دا لە ڕووی، سیڕڕی دەمیم زانی بە قورئان سوێند دەخۆم کەوسەر ئەگەر وەک لەعلی دولبەر بێ
دەڵێ: بگری، ببارێنە، هەتا بێم دەست وگەردن بین نیساری شای شەکەر لێوان دەبێ هەر لەعل و گەوهەر بێ
دەڵێ: بمرە و بسووتێ تا بە دڵ من بێمە سەر جێی تۆ سلووکی عاشقان وایە کە دڵ دەربێ بە دڵبەر بێ
وەها مەحوی تەجەللای گەردەن و ڕوخساری تۆم قوربان لە خاکم، ڕەنگە تا مەحشەر کە هەر نەسرین و گوڵ دەر بێ
خوشا بەو ڕۆژە گۆشەی چاوەکەی دامێ بە ناز فەرمووی: وەفایی بۆ درەنگ هات؟ ئەی خودا جەللادی کافر بێ!

3

[edit]
فەڕەنگی میللەتێ، کافر دڵێ، ئەگریجە تەرسایێ مەلایک سوورەتێ، ئاهوو خەرامێ، ماهـ سیمایێ
پەری پەیکەر بوتێ، گوڵ پەرچەمێ، زنجیر گیسوویێ شەکەر لەب، نازەنینێ، عیشوەسازێ، سەرو باڵایێ
نیگارێ، توندخوویێ، سەرکەشێ، عاشق کوشێ، شۆخێ گوڵەندامێ، دڵئارامێ، سەمەنبەر، دیدە شەهلایێ
بە دوو زولفان ڕەسەن بازی، بە دوو ئەگریجە تەننازی بە دوو چاوان سیحرسازی، بە دوو لێوان مەسیحایێ
کەمان ئەبرۆی پەیوەستێ، لە عیشوەی نێرگسی مەستێ کە سەهمی خستە نێو شەستی نران هەریەک لەسەر لایێ
هەڵیدا دای لە جەرگم، خستمی قەسدی سەری کردم شەهیدی «کەربەلا» من بووم، ئەسیری دەستی تەرسایێ
شکاندی سەددی ئیمان، پشتی دین دەستی تەوانایێ حیجابی ئابڕوو، تۆبەی وەفایی سیدقی مەولایێ
دەخیل ئەی هەم جەلیسان، ئەی ڕەفیقان، خزمە تا ماوم بە هەر نەوعێکی بۆ خۆتان دەزانن بۆم بکەن ڕایێ
هەموو عومری عەزیزم سەرفی دەردی ئینتیزاری بوو بەسەر وەختی وەفایی داخۆ دێ ئەم شۆخە یا نایێ

4

[edit]
سەحەر مەستانە ڕابوردم بە بەر دەرکی کلیسایێ کەچی دەستی دڵی گرتم خەرامان بەچچە تەرسایێ
ئیرەم بوو عەنبەری زولفی، ئەسیری چەنبەری زولفی کەراماتی سەری زولفی بە هەر تایێ مەسیحایێ
بە دوو زولفی موژەی هەستان، لەسەر موڵکی دڵم وەستان نیزامی چین و تورکستان ڕژان بەربوونە یەغمایێ
نیگاری دڵستانی من، خوماری دا بە جانی من تەبیبی حاڵزانی من، نەخۆش بوو، شەربەتی دایێ
ئیشارێکی بە چاوان کرد، برۆی هەمباشی تورکان کرد دڵمیان تیرەباران کرد کەمانداران لە هەرلایێ
سەبا زولفی پەرێشان کرد بە ڕوخساری عەرەقناکی چە شیرینە لەگەڵ یەکدی مەهـ و پەروین کە شەو دایێ!
پەرێشان زولفی زونناری، درەخشان ڕوویی گوڵناری لە زاری گوڵ شەکەر باری، کە ئەی مەجنوونی لەیلایێ!
وەرە بڕوانە مەیخانە، چ مەعموورە چ وێرانە! لە هەرلایێ دڵئارایێ، لە هەر گۆشێکی شەیدایێ!
کە دەستم داوەری دڵ بوو، نە دڵ بوو گوڵشەنی گوڵ بوو هەموو نەسرین و سونبول بوو، قەرەنفول نەخلی تووبایێ
لە جێگایی تەجەللا دەم بە دەم بێ لن ترانی بێ بە قوربانی دڵی عاشق هەزار وەک تووری سینایێ
سروشکم هاتە خوارێ، دوور لە چاو و گەردنی ساقی بەسەر حەوز و فوارەی عاشقان ئاخ جام و مینایێ
جەماڵی موتریبم کەوتۆتە یاد کوا نەغمەکەی تاری هەوای خورشید ئەوا سووتاندمی، ئاخ بۆ کزەی بایێ!
موغەننی کوانێ ئاهەنگی حیجاز و بەربەت و چەنگی؟ سێتای موتریب سەدای بۆ کەوت؟ لەبەرچی دەنگی نەی نایێ؟
بە لەهجەی دەنگ و ئاوازت، بە شوعلەی زەخمەکەی سازت مەداری ئاو و ئاور بووم، ئەمان موتریب مودارایێ
بە شەوقی ئاتەشی ڕووی تۆ، بە بادەی چاوی جادووی تۆ سەراپا بوومە کۆی ئاور، ئەمان ساقی سەراپایێ
لەبەر تاوی جەماڵی عالەمی مومکین بوو ئارامم دەسووتام ئەز ئەگەر سایەی سەری زولفی نەبوویایێ
بە گریانی دڵی من هاتە ڕەحم و پێکەنی فەرمووی مەحاڵ بوو خەندەیی ساغر ئەگەر مینا نەگریایێ
ئەمان شۆخی خەراباتی! کە بۆ دین و دڵ ئافاتی بفەرموو بۆچ کەتۆ هاتی لە من دەنگ و سەدا نایێ!
بە ئاب و تابی ڕوخسارت وەفایی وا مەسووتێنە خودا ڕا! ئەی چراغی دیدە! بۆ پەروانە پەروایێ
وەفایی ماوە دەست بەردان، لە دەوری نوقتە سەرگەردان ئەمان یا قوتبی ڕەببانی، مەدەد یا شای بوخارایێ!

5

[edit]
هەتا ڕۆژی قیامەت دێت و نایێ لە دووری نامە شەرحی ماجەرایێ
لە ئاهـ و ناڵەیی پەروانە خەوفێ کە تۆ بگرێ خودا ئەی شەم بە بایێ
دەمت دەرمان، تەبیب تۆ، من بریندار دەسا بۆ حاڵی من تەدبیر و ڕایێ
لەسەر گەنجی ڕوخت ڕەشماری زولفت لەبۆم هاتن بە دەو هەر یەک لە لایێ
برینداری هەوای جیلوەت شەهیدە ئەمان ساقی بە مەرگی من سەمایێ
هەموو دەم ڕوو لە میحرابی برۆتم ئیلاهی کەی ئیجابەت کەی دوعایێ؟
بە یادی تاقی میحرابی برۆی تۆ وەفایی چوو لە گۆشەی خانەقایێ

6

[edit]
هێند نەخۆشی دەردی دووریم وەختە گیان و دڵ دەرێ ئاخ نەسیمی سوبحدەم کوا عەرز و حاڵی من بەرێ؟!
دەردەدارم، بێزبانم، بێدڵم، سەوداسەرم ئاخ لە بۆ دڵ میهرەبانێ، هەم زبان و هەم سەرێ
کەس لە حاڵی سۆز و گریانی من ئاگادار نییە ئاخ لە بۆ یەک حاڵزانێ دڵ پڕ ئاو و ئاورێ
لەحزەیەک یادی خودا ناکا لەبەر عەیشی جیهان نەفسی کافر وا دەزانێ قەت جیهان ڕانابرێ
من بە دڵ، زولفت بەسەر، کەوتووینە بەر پێی ڕەحمەتت ئەی ئومێدی موئمین و کافر بە حاڵم نەززەرێ
بێشەکەرخەندەی دەمت وەسڵی ڕوخت مومکین نییە جەننەتم نابێ هەتا نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ
پێم بڵێ وەجهی چییە زولفت موقیمی ڕوومەتە؟ خۆ بە شەرعی موستەفا جەننەت بە کافر نادرێ!
با ئەدی بەس بێ جەفا بەو چاوە بیمارەت بڵێ یا دەوای دەردم کەرەم کا، یا لە دەردم هەڵگرێ؟
کردمێ مەجنوونی دەر و دەشتان و فەرهادی زەمان شۆخ و سەلماڕەنگ، لەیلادەنگ و شیرین شەککەرێ
کردمیە ئەفسانەی هەموو بازاڕ و شاران عاقیبەت ڕوو بە خاڵ، گەردەن مەراڵ، چاو کاڵ و گێسوو عەنبەرێ
مەنعی ناڵینم مەکەن یاران لە دەست موژگانی یار زۆر بە ئێش و دەردە ڕێشی جێگە نێشی نەشتەرێ
زەحمەتی بێهوودە تاکەی؟ ئەی تەبیبی میهرەبان دەردی من دەردێکە بێدەرمانە چارەی ناکرێ
سۆزی جەرگی من بە گریان وا بە باڵای هەڵچووە گەر هەزار تۆفانی نووح بێ ئاوری من دانامرێ
دەست و دامان بووم، گوڵێکی مەزهەری تۆم بوو کوتی: عیززەتی حوسن و جەماڵم شەوکەتێ هەڵناگرێ
دوودی ئاهم سۆزی جەرگم وا کە هەر باڵا دەچێ شەو نییە ئاسمان کە نەگرێ چاکە ئاور ناگرێ
ڕووی وەدەرنا تا بە تا زولفی دڵاوێزی بزووت ئاهـ و ناڵەی عاشقان هات بوو بە ڕۆژی مەحشەرێ
ماچی سەر تاپای کە دای فەرمووی: وەفایی من دەڕۆم ئەو دەمەت ماوە لە عومرت هەستە با خۆش ڕابرێ

7

[edit]
ئەگەرچی بادی نەورۆزی نەویدی وەسڵی گوڵ دێنێ هەتا گوڵ دێ بەناز بولبول بە سەد یەک عومری نامێنێ
بە ئوممێدێکە جارێ بێتە خەندەی گوڵ، بەڵا بولبول وەکوو هەوری بەهاری هەر بناڵێ هەر ببارێنێ
هەوای جیلوەی گوڵانە، بولبول ئاوری گرتوە، نازانم بەهار هات یا ئەیار هات، شەوقی ڕووی وا من دەسووتێنێ؟
بەهارێکی چ شۆخی، هیچ لە فیکری بای خەزاندا نیت؟ دەترسم ئاهی ڕەنگ زەردان وەکوو زولفت بشێوێنێ
بە شینی عاشقان ڕەسمی قەدیمە شایی مەعشووقان بە لەیلێ نەغمەیی عوششاقە گەر مەجنوون دەناڵێنێ
دەزانێ تاوی بارانە شەرابی پێکەنینی گوڵدەمێک نابێ لەسەر خەندێکی سەد جارم بەگریێنێ
کوتی: ڕووم وا دەکەم تێرم ببینی، چاوەڕێم داخۆ لەلای قیبلەم کە کەی بای وەعدە بێنی نەستەرەن بێنێ؟
لە جەرگم طرفة العینێ هەزار نەشتەر چوو نەمزانی نە تیر و تەرکەشی تورکە، نە ئەو چاوانە هەڵدێنێ؟
غەمی ئەو زولفە ناهێڵێ دڵم یەک بێ لەگەڵ باڵات بە ژەنگی کەسرەت ئەو ئاوێنە وەحدەت دوورە بنوێنێ
بە هەر شێوێکی بێ عاشق مورادی هەر ڕەزای یارە بڵا شیرین بە خوێنی کۆهکەن پەنجەی بڕەنگێنێ
قەزای چاوت لە ڕۆحی من کەوێ، دەمرم ئەتۆ خۆش بی وەفایی بۆ چییە گەر خۆی لەبەر ئەو چاوە نەمرێنێ

8

[edit]
موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ سووتام بە مەستی مەیەوە دەنگی نەوات بێ
ساقی وەرە مەجلیس بە سەر و گەردەنی جامت بێ نەغمەیی نەی نامەوێ گەر ئابی حەیات بێ
تۆ گەنجی جەمالت هەیە، من عاشقی ڕووتم یەک بووسە چ نابێ کە بفەرمووی بە زەکات بێ
نابێتەوە ڕۆژ ئیدی سەباحی ئەمەلی من بەو گەردنە، هەرتا شکەنی زولفی دوتات بێ
دەگریم و لەگەڵ ئاهی دەروون سۆزی دڵم دێ وەک بەرقی بەهاری کە لە عەینی زوڵمات بێ
قوربان! کوتم: ئاخر بەسە بەو زولفە ئەسیری فەرمووی: کە ئەتۆ مورغی شەباوێزی، سەدات بێ
مەنعم مەکە مەستم کە بە تەفسیری جەماڵت عاشق ئەوەیە بێ سیفەت و پەڕتەوی زات بێ
من ڕەند و قەلەندەرسیفەت و مەست و خەرابم تۆ پیری خەراباتی ئەگەر مەزهەبی وات بێ
نەمزانی هەتا پێنەکەنی گوڵبەدەنی من فنجانی لە مەرجانی دەبێ پڕ لە نەبات بێ
هەر چاوەڕوانی قەدەمی تۆم و ئەگەر دێی زوو بێ نەفەسی ئاخرە، ڕۆحم بەفیدات بێ
هەستە وەرە لەو جامی ئەلەستە بدە دەستم بەستەی دەری گوڵزارە ئەوی مەستی سەفات بێ
سەد جار بچم و بێم و بسووتێم حەقی تۆیە هەرچەندە بە شەرعی شەم و پەروانە خەتات بێ
بۆ ماچێکی مەمکوژە، بە ڕوحم و بە وەفا بە هەرچەندە بە دینی گوڵ و بولبول حەسەنات بێ
عەهدێکە لەگەڵ گوڵ کە بەبێ موتریب و ساقی تا ئێرە نەچی ئیدی وەفایی دە حەیات بێ

9

[edit]
تا نەرگسی تۆ نازی هەبێ غەمزە نومابێ شەرمەندە ئەبێ چینییە ئاهوویی خەتابێ
ئەی خوسرەوی خووبان بە دوو لێوی شەکەرینت شیرین نییە فەرهاد بکوژی تۆ بە عیتابێ
سەبزەی دەمتە داویە شکەست خەتتی ڕێحانی خەتتێکە غوباری کە بە یاقووت کشابێ
حەیرانی دەم و سەبزەیی نەوخێزی لەبی تۆم بێ نوکتە نییە قەت خەتی ئایاتی خودابێ
سووتاوە دەروونم لە غەمی غەمزەیی جانان موتریب بڵێ، ساقی بە کەرەم بێنە شەرابێ
خوێنی دڵی ڕشتم لە هەوا دڵ نەبوو خاڵی عاشق بە خودا وایە وەکوو من بە وەفابێ
حوسنت بە لەتیفی قەد و شیرینیی زارت قەد باغی ئیرەم دارە گوڵێکە گوڵی نابێ
تۆ هەر بە جەفا مەیلی وەفاییتە عەزیزم مەعشووقە دەبێ هەم بە وەفا هەم بە جەفا بێ

10

[edit]
ئەو دڵبەرە وا بادە بە چاوان دەفرۆشێ هەردەم بە تەبەسسوم لەبی خەندان دەفرۆشێ
بۆ شەهد و شەکەر حوققەیی مەرجان دەفرۆشێ ئەو غەمزە کە چاوی بە شەهیدان دەفرۆشێ
چی زاهیدە ئەو زوو دڵ و ئیمان دەفرۆشێ
یاقووتی لەبی لەعلی کە وا قووتی ڕەوانە ڕوو باغی گوڵ و دەم گوڵ و قەد سەروی ڕەوانە
موژگانی کەچی قاتیلی سەد قافڵە جانە تا پێنەکەنی زولفی نەدا بەردەمی شانە
نەمزانی کە گوڵ شەککەر و ڕەیحان دەفرۆشێ
قەترەی عەرەقی نافە لەسەر لەعلی درەخشان یا میشکە لە گۆشەی وەرەقی گوڵ بووە ئەفشان؟
داغی دڵە یاخۆ، بە سەری زولفە پەرێشان خاڵی دەمی تۆ زەنگییە کەوتۆتە بەدەخشان؟
یاخۆ خزرە چەشمەیی حەیوان دەفرۆشێ
تاتا کە بە داو زولفی وەکوو سونبولی بادا گوڵدەستەیی شەوبۆ بوو بە بەرگی گوڵیدا دا
شەوبۆیی گوڵ و نافە لە دەم بادی سەبادا شێخم بە هەوای زولف و دڵ و دینی بە با دا
وەجهی چییە بەو کوفرە کە ئیمان دەفرۆشێ
گەر تالیبی ماچێکی ئەتۆ لەو دەمە قەندەی بەو زولفە دەبێ هەر وەکوو من خۆت لە ڕەسەن دەی
شاهەنشاهی میسر و حەبەشە کێ بووە بەندەی چاوێکی بە گریانی دەوێ تالیبی خەندەی
مەعلوومە کە گوڵ خەندە بە باران دەفرۆشێ
جیلوەی مەیی ئەو ساغیرە نەشئێکی نەدامێ ساقی وەرە لەو لێوە، بە چاوت، بدە جامێ
کوشتەم بە خەت و خاڵ و ڕوخی تازە نەمامێ من تالیبم ئەی بادی سەبا بێنە پەیامێ
لەو لێوە کە ماچی بە دڵ و جان دەفرۆشێ
تا دوێنێ ئەمن وەسڵی ڕوخ و زولف و دەمم بوو باغی ئیرەم و عومری خزر، جامی جەمم بوو
ئەمڕۆکە جوداییم لە غەزاڵەی حەرەمم بوو بەو سەعیە لەسەر قیبلە سەفا عەینی غەمم بوو
چاوم بە دوو جێ زەمزەمی گریان دەفرۆشێ
مەهڕوو بە خەتا نافەیی چین میشکی خەتایی دیم هاتە سەفی گوڵ بە هەوای عەترنومایی
تەفزیلی گوڵم دا هەموو یەعنی بە ڕیایی بۆ ماچی دەمی شاهیدی دڵبەر بوو وەفایی
شێخم کە بە هیچ و نەبوو ئیمان دەفرۆشێ

11

[edit]
دڵی دێوانە ویساڵی لەبی جانانی دەوێ بولبولی شیفتە خەندەی گوڵی باغانی دەوێ
دڵ لەسەر پەرچەمی شێواوە ئەسیری زەنەخە ئارێ ئارێ ئەوە دێوانەیە زیندانی دەوێ
بە کوڵی گریەیی من بۆیە گوڵم پێدەکەنێ شەکەر و گوڵ دەفرۆشێ دوڕ و مەرجانی دەوێ
بەستەیی زولفییە، بۆ زاری دەناڵێ گوڵەکەم تووتیی گوڵشەنی هیندە شەکەرستانی دەوێ
دڵ بە سەد جێگە لە نێو زولفی دەسووتێ بە عیزار پادشای حوسنە بە شەو حوکمە چراغانی دەوێ
غەزەلی تورفەیی من قەت نییە بەو ناسکییە بۆ لەبەر کردنی دانایێ قەدرزانی دەوێ
خەستەیی چاوتە سووتاوە وەفایی ساقی سەرخۆشی بادەیی سادێکە غەزەلخوانی دەوێ

12

[edit]
سووتام بە نازی فیرقەتێ، ساقی کەرەم کە شەربەتێ وەک قەقنەس ئاورم کەوتەتێ، یا غەوسی سانی هیممەتێ
ڕیشەی دڵم بەس پارە کە، موتریب دەستێ بۆ تارەکە بەو یادی زولفی یارەکە، یا غەوسی سانی هیممەتێ
تۆ مەزهەری نووری خودای، تۆ مەنبەعی سیدق و سەفای سەرداری کوللی ئەولیای، یا غەوسی سانی هیممەتێ
من پەروانەی بێحاسڵم، من بولبولی خوێنین دڵم شەیدای چرای ڕوومەت گوڵم، یا غەوسی سانی هیممەتێ
من تەشنەی چۆڵ و زوڵماتم، ئاخر تۆی کانی حەیاتم هەروا بە هەویای وەفاتم، یا غەوسی سانی هیممەتێ
من خەرموهرەم تۆ یاقووتی، من ناسووتی تۆ لاهووتی تۆ ڕۆژ دێوانەیی ڕووتی، یا غەوسی سانی هیممەتێ
دڵخەستەی یاری سەرسەریم، ماران گەستەی دێو و پەری مشایەد پەریم کەی ڕەهبەریم؟، یا غەوسی سانی هیممەتێ
سەرگەشتەی چۆڵ و غوربەتم، شایانی ڕوحم و ڕەحمەتم هەر چاوەڕێی یەک هیممەتم، یا غەوسی سانی هیممەتێ
نەفس و شەیتان دامەن کەشان، بۆ سەرکەشی ڕووی مەهوەشان دەمان کێشن بە باوەشان، یا غەوسی سانی هیممەتێ
خاکی سەگانی دەرگەهم، خواهەندەی بێجێگا و ڕەهم چاو لە دەستی شاهەنشەهم، یا غەوسی سانی هیممەتێ
تا نەبیە خاکی مەیخانە، نەبیە ڕووی دۆست و بێگانە حاشا تۆ و پیر و پەیمانە، یا غەوسی سانی هیممەتێ
گرتووی کەنار دەریای فەنام، سەوداسەر و شێت و شەیدام هەر چاوەڕێی کەشتی بەقام، یا غەوسی سانی هیممەتێ
سەدای یاهووی دەروێشان هات، ئاهـ و ناڵەی دڵڕێشان هات ڕەگ و ڕۆحم وەئێشان هات، یا غەوسی سانی هیممەتێ
دەستی من و سەحرای دڵان، چاوی من و باغی گوڵان دڵ بێگوڵ بێ دەمرم بەڵان، یا غەوسی سانی هیممەتێ
بەزمێکی وا ئامادە بێ، هەم بادە بێ هەم سادە بێ قەت بێوەفایی وادەبێ؟ یا غەوسی سانی هیممەتێ
دوو حەرفی ئەمرە کاف و نوون، زەحمەت نییە ڕۆژەوە بوون ئەسبابی داناوە بێچوون، یا غەوسی سانی هیممەتێ
موتریب تۆ و تاری ڕۆحانی، ساقی تۆ و جامی سوبحانی تۆ و بەربەتێ، تۆ و شەربەتێ، یا غەوسی سانی هیممەتێ
وێڵی وڵاتی بێهۆشی، گێژی گێژاوی سەرخۆشی ماسی سەراوی ئاتەشی، یا غەوسی سانی هیممەتێ
ئەمڕۆ دەمی سوبحی سەحەر، ڕاوەستە بووم دەستەونەزەر دڵبەر بە ناز دیم هاتە دەر، یا غەوسی سانی هیممەتێ
زانی دڵم سەوداسەرە، ئاوێنەسا و سێبەرە ڕۆژ دایە گۆشەی پەنجەرە، یا غەوسی سانی هیممەتێ
ڕۆژ دایە قەلبی مینایی، دێوانە بوو سووفەستایی موشکیل کارە ناپەنایی، یا غەوسی سانی هیممەتێ
مەوجی دەریای بێجێ و سکوون، کێشامیە گێژاوی پڕخوون إنا إلیه راجعون، یا غەوسی سانی هیممەتێ
بەدری سەنابەرقی نەبوو، غەربی نەبوو شەرقی نەبوو هەرچی هەبوو فەرقی نەبوو، یا غەوسی سانی هیممەتێ
شەوقی سەمای زەڕڕاتی ڕۆژ، بوو بە گوڵی باغاتی ڕۆژ ڕۆژهاتی من نەهاتی ڕۆژ، یا غەوسی سانی هیممەتێ
فەرمووی: لە چاو ببڕە خەوێ، من قەلبی سووتاوم دەوێ وەفایی بانەنوێ شەوێ، یا غەوسی سانی هیممەتێ

13

[edit]
شەرحی دەردی ئارەزوومەندی لە کەس تەئسیری نابێ ئەو کەسەی دەردم دەزانێ گەر لە یاری خۆی جودابێ
ئەی برادەر خانەوێرانی جودایی بوو وەفایی وەک وەفایی ئەی جودایی یاخودا خانەت خرابێ!
غەیری دڵبەر دەردی دڵ ناڵێم بە هیچ کەس تا بمێنم دەردی دڵ بۆ وەی بڵێم چاکە بە دەردم ئاشنابێ
ئاخر ئەی سوڵتانی خووبان تا بەکەی نامیهرەبانی؟ چاکە مەحروومم نەفەرمووی: یا خیتابێ یا عیتابێ
ڕۆژ و شەو تۆ بوویتە قوربان شیوەن و شینی دڵی من کاری بولبول فەسڵی گوڵ ناڵینە تا ئاهێکی مابێ
مەنعی سووتانم مەفەرموو با وجوودی ئەو جەماڵە پیشەیی پەروانە هەر سووتانە تا شەوقی چرا بێ
هەرکەسێکی گوڵفرۆشە باغی پڕ جۆش و خرۆشە یا دەری گوڵزاری بگرێ، یا لە بولبول بێ سەدابێ
هەرچی تۆ پێت خۆشە مەحزی ڕەحمەت و مەقسوودی دڵمە گەر عیتابی لن ترانی یا خیتابی أو دنابێ
بۆیێ سەرتاپا گوناهم، بۆیێ عاسی و ڕووسیاهم تا گەدا شایانی ڕوحم و ئیلتیفاتی پادشابێ
دوور لە ئەغیار و ڕەقیبان عومری دوسەد ساڵە دێنێ دەست لە دەستی یار و سەحنی باغ و گۆشەی ماهتابێ
ڕەنگ زەرد و لێوبەبار و ئەشکبار و بێ قەرارە زۆر پەرێشانە وەفایی، وەک لە یاران هەڵبڕابێ!

14

[edit]
یارم کە قەدی بەرزی سەد نەخلی شەجەر دێنێ پەروینی شەکەربەندی سەد ڕشتە گوهەر دێنێ
دڵ بەستەیی یارێکم کوژراوی نیگارێکم زاری لە تەبەسسومدا خەندەی بە شەکەر دێنێ
ئەم ئاهوویی تاتارە، بەو نەخلی شەجەر دارە هەر نار و بەیە باری، هەر شەمس و قەمەر دێنێ
گەر خەستە و دێوانەم بۆو نێرگسە کاڵانەم ڕەمزێکە بە تاڵانم، ئەگریجە بە شەڕ دێنێ
ناچێتە دڵم غەمزەی پەیوەستە کەچی دەمخا ئەو لەشکرە بەرگەشتە هەر فەتح و زەفەر دێنێ
دڵسۆزی منە ئەشکم دایم لە کەناری دام مەیلی پدەری نانێ ئەو حوببی پسەر دێنێ
ئەی مەردومی بینایی، ئیدی بەسە ڕیسوایی گریانی بەخۆڕایی، هەر قەتعی نەزەر دێنێ
چی ڕووڕەشییە کاری، هەر سوبحە شەبی تاری زولفێکی بە عەییاری دەستی لە کەمەر دێنێ
سووتاوی جودایی بە، هەمدەردی وەفایی بە بڕوانە کە ئەم دەردە هەر ئەهلی نەزەر دێنێ

15

[edit]

ئەمان موتریب بێ ساقی وا بێ
ئەگەر مەی نابێ بۆ خۆی با بێ
کەسێ بێهۆشی تەجەللا بێ
خەیاڵی نەشئەی بادە نابێ

هەتا نەبیە خاکی مەیخانە
مەڵێ ساقی بێنە پەیمانە
مەحاڵە بگاتە شەم پەروانە
مەگەر سەر تا پێ ئەو سووتا بێ

لە تاتای زولفان ڕووی تابانە
دەڵێ شەو شەوقی گوڵباغانە
وەک دەڵێن ئەمشەو چراغانە
بەڵکوو شای گوڵزاران وا ڕابێ

نەخۆشم کەوتووم بێ زوبانم
دەناڵم لەبەر دەردی گرانم
بەبێ ئەو شۆخە خۆم دەیزانم
دەوای من نایێ سەد مەسیحا بێ

نەخۆشم کەوتووم دەردەدارم
وەک زولفی دولبەر بێقەرارم
ڕۆح لەسەر لێو چاوەڕیی یارم
یار دەڵێن: وا دێ، تۆ بڵێی وا بێ؟

تۆ و غەمزەی چاوی زوبانزانت
تۆ و سەری زولفی پەرێشانت
مەیێڵە بمرم لە هیجرانت
بڵا مەجنوون بێ بە لەیل شا بێ

گەر دەگرم زولفت، دەڵێی کافر بووی
دەست بۆ دێنم، دەڵێی چاتر بووی
بە هەر حاڵ بۆ من تۆ ئاور بووی
فیدای مردن بێ ژیانێ وا بێ

یاخودا بە ناڵەی دڵئێشان کەی!
یاڕەب بە یاهووی دەروێشان کەی!
غەمی جەرگی من پەرێشان کەی!
ڕووت لەنێو زولفت بۆ بڵاو نابێ؟!

دەمێکی وا بێ ئەی مایەی سەبرم
بە دڵ دامانی زولفت بگرم
هەتا کەی ئاخر هەر بۆت بمرم؟!
تاوێک نا تاوێک سەڵام لێ ڕابێ

ئەگەر یار بێتە گۆشەی قەسرێ
دڵێکی دەم بە دەم ئاور نەگرێ
بە دیدارێکی سەد جار نەمرێ
دڵی وام ناوێ تووری سینا بێ

نە زولفی تۆم، بۆچ بێقەرارم؟!
نە چاوی تۆم، بۆچ وا بیمارم؟!
عەجەب شێواوە سەر و کارم
دیارە دەردێ بێدەوا بێ

دەمێکی ڕووت بگرم زولفت لادەم
بە خۆشیی هەردووک دونیات نادەم
کە تۆم بێ چم لە ڕەوزەیی ئادەم؟
بەهەشت وا خۆشە تۆی تێدا بێ

چەند خۆشە ئەمن و تۆ هەتا مردن
وەک زولفی تۆ بین: دەست و گەردن
لە تۆ گوڵ گوڵغونچەت وا کردن
لە من قوربان بوون تا ڕووح مابێ

مەگەر تۆ بووی و هاتیە خەندە
کە وا دونیا پڕ لە کەلەقەندە
بە مەرگی من بڵێ نرخی چەندە؟
دەڵێی دڵ؟ هانێ! دەڵێی ڕۆح؟ تا بێ!

دەڵێ:گوڵزارم، گەردەن ئاسکم
وەنەوشە بسکم، زیوین باسکم
بڵا بزانێ چەند نەرم و ناسکم
ئەگەر ڕووح دێنێ وەفایی با بێ!