Jump to content

دیوانی سالم/ز

From Wikisource
312988دیوانی سالم — پیتی ز1860سالم

1

[edit]
بە دەورمدا وەفا کێشاویە مەرکەز هەتا دەمرم لە خەت ناکەم تەجاوەز
کوهەن ناکەم قوماشی عیشقی جانان هەتا قابیز نەیێ ڕۆحم نەکا گەز
بەنەوعێ چەرخی داوم چەرخەیی چەرخ ڕەگی دڵ با درا وەک ڕوشتەیی قەز
برادەرمادەرە هیندوویی باغت غولامی چاوی مەستت دوختەری ڕەز
بە شەرعی شافیعی گەر نەهیە کوشتن لە شەرحی شەرعی دڵبەر دایە جایەز
شەوی فیرقت لەبەر غەم تا سەحەرگاهـ لە پەهلووم خارە سالم نەرمیی خەز

2

[edit]
نیگەهـ کەی گەر بە چاوی فیتنەئەنگێز دەکەن تائیب لە وەرعا تەرکی پەرهێز
ئەگەر شەهـ بم دەبەخشم گاهی خەندەت بە هیندووی خاڵی تۆ شیراز و تەبرێز
شەوی ماوە کە بێدارم لە شۆرت لە عەهدی گوڵ وەکوو مورغی سەحەرخێز
درێغی بوو لە شیرین، کۆهکەن، جان دەبوو بیکاتە پایەندازی شەبدێز
فەلەک نەیخستە مەحشەر خوونی فەرهاد بە شێرۆ حەققی شیرین سەند لە پەروێز
فەرەح دێنێتە خاتر گەر سەنەندەج لە دڵمایە خەفەت وەک کێوی ئارێز
بە زاری موددەتێکە وا لە بەندا دڵی سالم لەناو زوڵفی دڵاوێز

3

[edit]
بە تەقدیمی وەفا ناردی نیگاری سیمبەر کاغەز بەریدی خۆشخەبەر هێنای وەکوو بادی سەحەر کاغەز
خیتابی غائیبانە عادەتی داوم بە تەنهایی ڕەفیقە بۆ دڵی خوێنینی من گاهی سەفەر کاغەز
مەگەر موژگان ئیشارەی کرد بە کاتب، نوکتەسەنجی کا؟ لە زەخمی خوونچکانی دڵ وەکوو من باخەبەر کاغەز
شەکەرئەفشانیی شیرین زوبان مایەی حەلاوەت بوو دەهان شیرین دەکا هەر حەرف و نوکتەی وەک شەکەر کاغەز
قودوومی قاسیدی زیندانی هیجرانی بە گوڵشەن کرد دەکاتە ڕەوزەیی جەننەت بە موشتاقان سەقەر کاغەز
لە شادی خەلعەتی ئەلتافی دڵبەر دەس بەرە سالم هووەیدا کە بە شەوکەت وەک ڕەقەم موحکەم بەسەر کاغەز

4

[edit]
بنووسم چۆن؟ لە هیجرانا بە یاری سیمبەر کاغەز دەکا گوم دووکەڵی ئاهم لەبەر مەددی نەزەر کاغەز
چ حاجەت میننەتی باڵی کەبووتەر هەڵگرێ نامەم کە پەڕ بۆ تەییی ڕاهی کۆیی تۆ دێنێتە دەر کاغەز
لە تەندووری فیراقا ئافەتی مەکتووبە گریانم وەکوو پشکۆیی ئاگر خوێن بە گەرمی دێتە سەر کاغەز
لە بەندی دیققەتی وەسفی میانا نوکتەبازێکە لە پەردەی مەعنییا پڕ شەهدە میسلی نەیشەکەر کاغەز
لە جیلوەی شەعشەعەی وەزعی جەماڵا غەرقی پەڕتەو بوو ئیحاتەی شەمعی مەعنیدا مودەووەر وەک فەنەر کاغەز
چ حاجەت پورسشی ئەحواڵی ئاشوفتەم لە قاسید کەن؟ دەدا خەتتی پەرێشانی لە ئەحواڵم خەبەر کاغەز
لە فەحوای شەرحی ناری فیرقەتا سووتا دڵی دوژمن کە نووسی سالمی بێکەس بە خوونابی جگەر کاغەز

5

[edit]
لە زوڵمەت بەرمە بەر کەس، گەر عەرایز ئەجەل کۆتا بکا کارم بە قابیز
دەبا دڵ سوجدەیی تاقی برۆی تۆ هەموو وەختێ لەگەڵ جەمعی فەرایز
دەبوغزێنێ کەسێ مەنناعی عاشق ئەوە نوتفەی زەنی ناپاکی حایز
شەهیدی نیمنیگاهی تۆ شەریفە وەلێ سالم لە فەیزی زەخمە فایز

6

[edit]
گورێزانی جەفام، ئەی تورکی سیمینبەر، خوداحافیز لەتاو جەورت دەڕۆم، ئەی شۆخی مەهپەیکەر، خوداحافیز
بە یەغما چوو، لە یەک ئیما، مەتاعی سەبر و ئارامم بە دەروێشی دەڕۆم، ئەی تورکی غارەتگەر، خوداحافیز