دیوانی حەمدی/ی
1
[edit]ئەی مەی وەها بزانە کە تۆ نووری چاومی | ئەسبابی عەیش و ڕۆحی ڕەوان و هەناومی |
وەختێ لە مەوجی بەحری ئەسەفدا مەوج ئەدەم | تۆ ڕوو بکەیتە من بە جامەوە کەشتی تەواومی |
2
[edit]خەزنەیە ئاو و گڵت ساحبی دار و دەوەنی | بە سەفا چەشنی بەهەشتی کەچی بەیتولحەزەنی |
جێگە سەیرانی عیراقی بەڵێ زۆر شۆخ و شەنی | چونکە بێ پیاوی بە ئاشووبی خەریکی فیتەنی |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
وەرە تۆ مەردی خوا بە هەڵیخە پیاوی چاک | ساحبی تەبع و عەقڵ عامیلی عەزم و بێ باک |
نە وەکوو من وەکوو ئەم خەڵقە کە کەوتووین وەک لاک | لە لەکێکا کە نییە ئەهلی کیفایەت یەک تاک |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
وەرە بنواڕنە ئەم وەزعە بە دیققەت سەیرە | میللەتێ بەم زلییە هێندە قەدیم و قەیرە |
وەکوو گۆ کەوتووەتە بەر شەق و لیسی غەیرە | ئەمە حاڵە، ئەمە ژینە، شەڕە یاخۆ خەیرە |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
گەورە بێ دەرکە، دەرک خاسە نەسیبی دوردە | لە شەرابا نییە نەشئە نە شەهێنی دەردە |
بۆیە بەدبەختە گوناهی ئەمەیە ئەم کوردە | کە نەبێ پیاوێ بڵێ وادەی دەس و بردە |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
سەبەبی ئاو و هەوا و گردی بڵاوی تۆیە | تەفرەقەن میللەتەکەت دیارە فەقیرن بۆیە |
غەیرەیە دوژمنیان دوژمنیان بۆ خۆیە | پێ لە پێوەندە کە وا تەوقیشی لەسەر ئەستۆیە |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
لە دەمی هیچ کەسێکا نییە باس و ناوت | هەر سەگێ هەڵسێ بەبێ ترس ئەکەوێتە ڕاوت |
مۆدەمان ڕۆیی بەسەرچوو بەسەری تۆ ناوت | بۆ ژیان مونتەزیری لوتفە لە غەیرە چاوت |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی | |
سەبەبی حاڵەتی تۆیە لە ژیانا بێزار | وەکوو کوڕمردوو خەریکی ئەسەفە و شیوەن و زار |
حەمدی شێتانە کە ئەتڵێتەوە میسلی بیمار | نییە بێ چارە حەکیمێ نییە چاری ناچار |
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی |
3
[edit]بە خیلافی قسەکەت شوکری بکا تا نوێژی | بەم هەموو خوێنە کە ڕشتی شتی جا دەسنوێژی |
دەستی هەورازی نەبوو مەسلەحەتی وا زانی | کە بکا عەشقەری ئیقبالی دوو چاوی لێژی |
عالەمی نایە کەو و کۆتەڵەکەی گرت و کوتای | هەر بە گێژ ڕازی نەبوو کردی بە واڵا بێژی |
داوی تەزویری کە ڕستوویە لە دەهرا باقڵ | هەر زەمان بوویەتی داوی ئەمەلی هێند درێژی |
هەموو کای کۆنی بە با کرد و گڕی تێبەردا | کە بکا دووکەڵەکەی چاوی فەلەک کل ڕێژی |
چاوی لێ سوور بوو لە کەف لێوی کە پڕ بوو دیجلە | مەلەوان هارە لەوێدا قسەیی گەر بێژی |
با وجوود داغە لە دڵیایە وتوویە و ئەیڵێ | خاکە ڕۆ ماوە خۆڵی بەسمە ئەوندەی گێژی |
باری تا ئێستە نەبردۆتە قەراغ ئاوایی | ترسی لێدانی نەبووبێ کەری قەمچی چێژی |
چڵی داری ئەمەلی غونچەیی خۆشبۆ ناکا | حەمدی دنیا ئەمەبێ وەک ئەوەبێ دەسنێژی |
4
[edit]پڕ گوڵە و عەنبەر وەتەن خاکی وەکوو جامی بلوور | پڕ بە چەشمەی ئاوی ڕۆشن میسلی چاوی پڕ لە نوور |
خاتەمی پەنجەی سولەیمانی نەبێ نەمبیستووە | کێوی یاقووت و زموڕڕود قوببە قوببە سەوز و سوور |
دەشتی فابریقەی گوڵ و سەوزە و ڕەیاحینە بەهار | بادی عەتتارە کە دێنی قافلەی موشکین لە دوور |
هەوری ڕووی ڕۆژی لە لوتفا وەک نیقابی نازی یار | تیرەبارانە لە قەهرا گڕ کە دێنێ وەک تەنوور |
وەک بەچەی بەقاڵ ئەگێڕن هەر بەسەر میوە درەخت | دەستە دەستە تەپڵە تەپڵە ترش و شیرین مزر و شوور |
زۆر کەڕەت ئەموت بەهەشتە موتڵەقەن گۆڕاوە لێم | پڕ بە سەحرا زەرد و سوور و پڕ چەمەن غیلمان و حوور |
خۆ بە دوو دیدە فەلەک هێشتا کە ئەمسالی نەدی | موددەتێکە چاو دەگێڕی گەهـ لە خوار و گەهـ لە ژوور |
وەزعی ئاڵەسیاو و بەرزنجەم لەبەر چاوە دەڵێی | مەسکەنی فیرعەون و مووسایە مەقامی نیل و توور |
وا هەناسەی دایەوە ماوە شوکر هێشتا وەتەن | پێم دەڵێ لادە لە وەسفم بۆ دەکەی تەبعەن غروور |
عومری نووحت بێ لە ئەوسافی منا سەرفی بکەی | کەی دەکەی وەسفی سەفای سوبحی بەهاری شارەزوور |
تۆ بڵێ بەو تاقمەی ساڵێ کە نێرن ساڵێ مێ | بۆ چی کۆلارەن دەبن گاهێ بە خاڵ و گەهـ بە پوور |
یا لە من دوور کەونەوە یاخۆ عیلاجم زوو بکەن | تا دیاری لێ نەداوم عیللەتی پیسی عەقوور |
یا بەجارێ ئەم دوعایەم بۆ بکەن ئێوە و خودا | هەر لە گەورە تا بچووک و هەر لە ژن تاکوو زکوور |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
کۆتەڵی دەست و قەڵەم تاکەی میسالی ئەسپ و زین | بۆ وەتەن حەمدی دەگێڕی بەسیەتی گریان و شین |
یادگاری بۆ خەلەف جێ بێڵە عیبرەت بۆ بەشەر | چۆن کرا پاماڵی میللەت غەسبی سەروەت هەتکی دین |
عالەمێکی بێ سەر و پێ کرد لە قەڕنێکا زەمان | دەستی ئینسافی کە دەرهێنا لە چینی ئاستین |
بازی چی بازیچەیێ تەمسیلی شاهی پێ ئەکرد | سەرسەری بوومی ڕەفیقی سەرسەری وێران نشین |
هەر بە دووری تێگەیشتم جا قەلێکی ڕووڕەشە | بۆ قڕان و بۆ قڕانی میللەتی کەوتە قڕین |
کەوتە تەشکیلی دەوائیر ناوی ئەهلییەت بە فێڵ | خەتتی سەر لەوحی زەمان بوو هەروەکوو نەقشی نگین |
ڕۆژی کورد شێتانە هەر شەو بوو سەری هێنایەدەر | چەپڵەڕێزان بوو بە جارێ عالەمێ ئەیوت بژین |
سەیری ئەوزاعم ئەکرد هەر پێکەنینم پێ ئەهات | موتڵەقەن ئەموت ئەمانە ساحیبی ئەم عەقڵە نین |
تاقمێ ئیغفالی سوێند بوو دەستەیێ حەیرانی زۆر | یەعنی قیسمێ شادمان و فیرقەیێ مات و حەزین |
گورگ و چۆپان وشتر و قەزاز زین و گای شێت | مێروولە و تەختی سولەیمانی عەفاریت و نگین |
بوخل و شاهی زوهد و مەستی عەقڵ و شێتی کیبر و زیل | سەبحە و فیشەکلغ و داری سیواک و ماڵ بڕین |
جەمعی ئەم زددانە چونکە داخلی مەنتیق نەبوون | دائیما ئەموت ئەمە دێون درنجن ئاخۆ چین |
تاقمێکی تازە کوڕەی ڕووتەڵە جا دەرپەڕی | عالەمێ زانی ئەمانە ئەووەڵی ئاخر شەڕین |
ئەو شەوی نەحسە کە ئیعلانی ملووکییەت کرا | تف کرا ئەمجا لە دەست و هەڵکرا دامەن لە قین |
شێتە شیعرم سوارە تاوت لێ ئەدەم خۆت ڕاگرە | داستانێکە ببێتە عیبرەتەن لیننازرین |
بۆ فڕێت دا کەوڵ و کەشکوڵ و عەسا نەتبیستووە | لوقمە نانێکی بە دەروێشی نەداوە ماڵی زین |
چاپوکی و هیممەت حەقیقەت قابیلە تەنها بە خۆی | حیرەت ئەفزایە کە کەوتە ئەخزی پارە و سەرفی کین |
وا وەتەن دیسان ئەڵێ جارێ دوعاکەم بۆ بکەن | جا بنووسە داستانی ئەو گرۆهەی سەرسەرین |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
باسی تەشکیلاتی سانی هەر ئەکەم بۆ پێکەنین | کەمترین بوو گەورەتر هەم گەورەتر بوو کەمترین |
ناعیلاجم ئیسم و شوهرەت باس ئەکەم عاجز مەبن | تا ببینن شکڵی وەزعییەت بە جارێ قارئین |
کۆیلی مولازم وەزیری خاسەیی قۆڵی یەسار | ئیبنی سەرمزگەوت وەزیری موشفیقی قۆڵی یەمین |
کاتبی مابەین بوو تاهیر تەرجەمەی حاڵی بکەم | پیس دەبێ دیوان لە پاشا موستەحەققە بۆ دڕین |
حەیفە تەعریفی ڕەشە و عەمی و ئەحەی دایەنەکە | ناکرێ ئەعزان ئەمانە چونکە عوزوێکی بەرین |
خەزنە کیسەی باخەڵ و مەسرەف ڕەشەی حاجی فەتاح | حامیلی سینی حەماڵ و زەرفی پڕ ماشێنی شین |
تابیعین ئەلوات و هەرزە قاتیل و دز بوو هەموو | ئەهلی ویجدان و شەریف و تێگەیشتوو مونکرین |
زابتانی عەسکەری زۆرە و زڕە ئەوڵا درێژ | هەردوو جلخوار و قڵیش و یونسی باجی هەمین |
ئەمری یەومییە هەموو هەر حەپس و زنجیر و جەزا | فکری لەیلییە هەموو هەر کوشتن و یغما و دزین |
حاکمی شەرع و عەدل مەحکوومی عالەم مارفەشەل | موخبیری سادق بوو کازیب سوئی زەن عیلمول یەقین |
قەهوەچی و پێش خزمەتی دیوانی عالی دوو سمە | ئەم بوو مەشهووری قولی بوو ئەو بوو مەعروفی شەلین |
موحتەرەم مەئمووری تەشریفاتی دەوڵەت بوو وسوو | نازری فەرشە ڕەحە بۆ خەڵوەتی ئامە ئەمین |
جائیزە بۆ میللەت و کوردایەتی بێ ڕەشبەڵەک | باجی ڕەحمە بێ قەزابی نایەڵی ڕێک هەڵپەڕین |
گەرچی ئێستا مردووە مەوقعیە باسی هەر ئەکەم | نانەوا گوێ ڕەپ بوو شەخسی ئەووەڵ و مەجلیس نشین |
جەردە شێخ ساڵح کە مورشید بوو لەگەڵ دەروێشەکان | من کە وامزانی لە کوڕڕەی حەڵقەیی زیکرا فڕین |
سەیری سیرەت کەن کە سوورەت ڕووکەشێکی سەنعییە | گورگ دەچێتە پێستی مەڕ زاڵم دەبێتە پۆست نشین |
ناوی جەمعییەت موجاهید بوو وەزیفەی جیا جیا | دەستە دەستە قاتیل و دز بۆ عیبادی موسلیمین |
باسی نەفسی خۆی بە فەزڵە من ئەزانم موختەسەر | ئاشکارە قیمەتی گەورە بە تەعریفی قەرین |
ناوی ئەو وەختە بە قانوونی تەبیعەت دانرا | چەرخی چەفیە و زلف و کاکوڵ دەوری سەر سنگ و سەرین |
هاتە دەر بۆ ساڵی تەئریخی «کە وا اخر شری» | کەوتە بانەوبان بە یادی بانە بوونە قەل فڕین |
وا بە حیددەت چاوی هەڵهێنا وەتەن دیسان ئەڵێ | من هیلاکم بۆ خەلەف تۆ چارەجۆی و دووربین |
وازحی ناڵێی دەوای دەردم بە تەورییەی بڵێ | شینە یاسینە دەخیلە چاری یاسین چاری شین |
جا دوعاکەم بۆ بکە ئەمما وەکوو وێردی زمان | تا سەراپەردەی فەلەک ماوە هەتا فەرشی زەمین |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
خەڵقە گوێ بگرن لە فەریادی پەرێشانی دەخیل | دەستی عیبرەت زوو بەرن بگرن بە دامانی دەخیل |
ئێسکی خان و قەیسەری کوردانە بوونە خشت و بەرد | وا لە مەیدانا کرایە قەیسەری خانی دەخیل |
هەر نیهالی قەددی مەحبووبانی کوردە نێژران | سەیری ئەم ئینسافە باغە و جێگە سەیرانی دەخیل |
هەر جگەر پارەی عەزیزی عاریفی قەومە کەوا | بۆ دەماغی مار و مێروو بوو بە بریانی دەخیل |
نیسفی ماڵ و سەروەت و ڕۆح و حقووقی عالەمی | بوو بە نەقد و جنس خرایە تاقە گیرفانی دەخیل |
ئەتڵەسی گەردوون کە پێوانەی ئەکا خەییاتی دەهر | کورتە بۆ باڵای تەماعی تاقە عوریانی دەخیل |
کوڕڕەیی ئەرز تێری ناکا چاوی تەنها برسییە | کوا ئەڵێ هێشتا زەمینی هەر بە قەد نانی دەخیل |
گوێ لە تەزویر و ڕیا و ئەفسانە مەگرن ئەسڵی دین | هەر زەکاتە و ڕۆژووە و حەج فەترە ئیمانی دەخیل |
غەیری بەدناوی لە تەپڵ و دەف ئومێدی چی دەکەن | فرسەتە ئەمڕۆ لە سنگ و تەوقی سەردانی دەخیل |
زەحمەتێکی مەحزە دەوڵەت جێ بمێنێ بۆ خەلەف | ئەو کە نەیبێ حەققی ژینی ئەمن و ئامانی دەخیل |
فرسەتی ئەمڕۆی نەدی ئەسلاف و نابینی خەلەف | ئێمە مەسئوولین بە کۆمەڵ دادی ئەفغانی دەخیل |
وا وەتەن دیسان ئەڵێ جارێ دوعاکەم بۆ بکەن | جا لە دوختۆری بسێنن تۆزە دەرمانی دەخیل |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
ئاگرێ بگری فەلەک ڕەببی ببیتە یەک شەرەر | مەنبەعی ئیفساد و فیتنە کارخانەی شۆر و شەڕ |
هەردوو چاوت ڕەببی کوێر بێ تا قیامەت هەڵنەیێ | خان و مانت وەک ئەساسی ئێمە بێ زیر و زەبەر |
دەک بە چاوی چڵکن و تیری قەزاوە بی کە سوبح | چاو هەڵێنی چۆن دەکەی ئەم خەڵقە دووچاری زەرەر |
بۆیە چاوت وەختی مەغریب لێک ئەنێی بکرێتەوە | بابی تەزویر و تەریقی فیتنە مەیدانی خەتەر |
بۆ ئەمەی دەستی بنەخشێنی ببێ ئەنگوشت نوما | دامەنت هەڵکردووە بۆ ڕشتنی خوێنی هەدەر |
عالەمت خستۆتە ژێر داوێنی ڕەحم و ڕەئفەتت | هەر لە کوردی بێ نەوا خەسمانە بەستووتە کەمەر |
هەر مناڵی بگری فەورەن بۆ ئەمەی ژیر بێتەوە | میسلی بازیچە گەهێ شەمسی دەدەیتێ گەهـ قەمەر |
هەر بە نازکێشان لە ڕێگەی دەردەکەی منداڵی خەڵق | ناوی خۆی نازانی ئاخر ون ئەکا شوێنی پودەر |
وا سەرت شێواند لە عالەم کەوتە عەکسی ئیقتیزا | دەربەدەر بوو جێ نشین و جێ نشین بوو دەربەدەر |
داوەشێی بۆ دەور و چەرخت داڕزێی بۆ هەیئەتت | وا دەبێ تەنزیمی دنیا وا دەکەی تەسکین بەشەر |
لایقی تەختی سولەیمانی بووە مێروولەیێ | خەرقەیی مووسا عەسا عادەت بووە بیکاتە بەر |
ناوی پژدەر بۆ چی بۆتە ئیسمی ئەعزەم هەر کەسێ | وەک سولەیمان ساحیبی دێو و نگین بێ کردیە بەر |
بۆچ تەقیلەی قووچ و لاپێچی کرێشەی داڕزیو | ئەو کڵاوەی سەخری جیننە پژدەری نایانە سەر |
هەر سەگێ جارێ وەڕی یاخۆ کەرێ نەختێ زەڕی | تۆ دەم و ملیان دەبێ پڕ کەی لە لوقمە و تۆقی زەڕ |
من عەبەس لۆمەت دەکەم بێ سوودە تەعنەت لێ ئەدەم | ئەی سوپەهری بەدسروشت و بەدنیهاد و بەدگوهەر |
خۆ وەتەن نوتقی نەماوە وا ئیشارەم لێ ئەکا | یەعنی لۆمە و تەعنە بەسیە وا بووە ئەلبەت قەدەر |
ئینتیباهە بۆ خەلەف لەم وەختەدا نابێ وتم | من لە باسی وەزعی سالیس چۆن بکەم سەرفی نەزەر |
جا وتی وەختی دوعاکەی پێشووە فکرت نەچێ | گەر ئەنووسی باسی تەشکیلاتی سالیس موختەسەر |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
جەبری نەفسی پێ دەوێ خەڵقینە کەسری ئیعتیبار | ئیعتیبار و نەفس ئەکەن لەم باسە چونکە ئینکیسار |
ڕووی زەمان ڕەش بێ لە مەردان ڕوو کە وەرگێڕێ ئیتر | دێنە مەیدان بڵح و نامەرد تێک ئەدەن ڕەسم و شیعار |
زۆر کەڕەت ئەموت کە بێ عەقڵە کەریمی تازەمین | ئەسپ و کەر، گاجووت و ئێستر، پێکەوە دەیکا قەتار |
نەمئەزانی وا لە خاتریا زەمان ڕۆژێ دەبێ | کیسەڵ و قرژانگ و قۆڕی پێکەوە بگرێتە بار |
سەیرە حەیوان هەر یەکی خولیایەکی کەوتۆتە سەر | بەرخ ئەڵێ بوومە پیرەنس، مەڕ وا دەزانێ بۆتە چار |
ئیددیعاجۆن وەحشییان بیلخاسە قورناویلکە ئەڵێ | من ئەخوێنم پایز و زستان و هاوین و بەهار |
سەف بە سەف قاز و قوڵنگ ئەوجی هەوایان گرتووە | بۆ حەرب ئەم دوو گرۆهە لازمە بدرێن قەرار |
ڕێوی کلکی دا بە ئەرزا کوا وتی جێگەی چەقەڵ | خزمی خۆمە ئەم چەمە وێران دەکەم نەخرێتە کار |
شێر وتی ناوی پڵنگ ئەمڕۆ لە ناوایە بڵێن | ڕێوی بێدەنگ کەن سیاسەتمان نەکا با ئاشکار |
کێ لە یادی ماوە مردووە قازی زوڕناژەن کەچی | بوو بە قائیمقامی ئەو ورچێ بە ناوی موستەعار |
لازمە بۆ مەجلیسی لەقەلەق بنێرن تاقمێ | دەم دڕاوی تێرنەخۆر و هیچ نەدیو و زەهردار |
بۆ ئەمە جارێ سەقاقوش بانگ بکەن ئەوسا بڵێن | ئۆتومۆبێل حازرە مێروولە بێت و توولەمار |
ئیددیعای پڕ پێستی خۆی پارە ئەکا مامە سمۆر | ئیرسییە کەوڵی بکەن لەو دارە زەحمەت بێتە خوار |
چونکە فامیلیایەکن ئەسڵەن لە جنسی قۆڕییە | مەسندئارایی خەلافەت بوو جەنابی سووسەمار |
ئەی پشیلەی قوڕ بەسەر گۆڕ هەڵتەکێنە وای لە کوێ | وا تلی لیلی دەکەن مشکان لەسەر بانی عەمار |
خادیمی پێشووی سولەیمانی دەبوو دێو و درنج | چەرخە ئەمڕۆ کیسەڵ و قۆڕی دەبێتە کارگوزار |
شکڵی ئەم وەزعەی بە خەو ئەوسا ئەگەر ئەیدی ئەمین | شێتە وا ئێستا دەبوو ئەو وەختە بێ شوبهە بەهار |
هەر زەمانە ئەم جڕ و جانەوەرانە یەک دەخا | هەر زەمانە ئەم گژ و گیایە لە گوڵشەن کا بژار |
«قوری نووسیویە لە پشتی کیسەلی» تەئریخەکەی | ناتەواوی بۆ فەقیرە تا گونی لێکرد بە چوار |
ناوی خەڵقی بۆ بەرم شوبهی گەلێکم پێ وتوون | خوێندەوارینە بتاشن شوبهی باقیکەی لە دار |
باسی وەحشیم هێندە کرد تەبعم خەریکی وەحشەتە | ساقیا لوتفەن عیلاجی شەربەتێکی خۆشگەوار |
تو سەری پیری موغان و تو ملی مینایی جام | تو نیگاهی چاوی پیاڵەی پڕ لە خەمر و پڕ خومار |
تو سەری کوڵمی لەتیف و نازکی گوڵڕەنگی دۆست | تو شکەنج و تووڕەیی زولفی سیاهی میشکبار |
دەردی من دەرمان بە جام و ڕەتڵی پڕ مەی ناکرێ | بمبەرە بەرپایی خوم خم کەم بەسەردا جار جار |
دابگیرسێنم بە نووری مەی چراغی فیکرەتم | کیمیایی تەبعی مەغشووشم بکەم سافی بە نار |
مەتڵەبێکم من بە دنیا نەبووە ئاماڵی بە کەس | هەر لە لوتفی تۆ دەکەم ئەمڕۆ ئەمەندە ئینتیزار |
ڕابیتەی پیر و سلووکی مەسلەکی ڕەندان ئەکەم | تا دووعاکەم زوو بگاتە دەرگەهی پەروەردگار |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسی گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
بۆ هەوا ئاڵۆزە بۆ چی لێڵ و سوورە ئاسمان | گێژەڵووکەی نەگبەتە یان فیتنەیی ئاخر زەمان |
هەوری قەهرە مەوجی دەریایی غەزەب دێنێتە جۆش | یا فغان و دووکەڵی ئاهی هەناسە سەردەکان |
ڕەنگی گوڵ بۆ چی پەڕی بولبول دڵی بۆ چی شکا | ناکرێ ئەووەڵ بەهاری شادمانی بێ خەزان |
بەفرە باریوە لەسەر بەختی ڕەشی خاکی وەتەن | یا بە دەم شەستیرەوە مێشکی هەژارانە پژان |
بۆ وەتەن زەرد هەڵگەڕاوە بەرگی سوورە شین ئەکا | ڕەنگە ئەشکالی شەهیدی بێ نەوامان دانیشان |
وەک برێشکە قرچەقرچی جەرگی سک سووتاوە دێ | یا گوڕەی مەترالییۆز و قرمەقرمی تۆپەکان |
ئەم هەموو لاوە نەمامن نێژران لەم باغچەیە | ڕیشەیی کوردایەتی بوو یەعنی بۆمان نێژران |
جەژنی قوربانە سلێمانی بە مەزبەح دانرا | کورد مەڕن بۆیە بە جارێ هەر لەوێدا سەربڕان |
یان کە ئیبلیسی عەلەیهیللەعنە قاورمە بکا | کۆمەڵی ئینسان بە جارێ وا ئەبێ بکرێن لە جان |
بۆ شەریفی کورد خەڵاتە هاتووە سەر تا بەپێ | یا کەلەبچەی دەست و تەوقی گەردن و پێوەندییان |
بۆچ مەغۆل هەڵساوە یاخۆ دەوری نەحسی جەنگیزە | قەتڵ و عامی ئەرمەنە یا حادیسەی ڕۆمی و بەبان |
ناوی خۆی نابوو زەمانی میللەتی کورد خۆ ژیان | بۆ چی بەستراوە زمانی وا دەبێ ئاخر ژیان |
بۆ نەبوو قەت ئەهلی حاڵێ دەردەدارێ بۆ نییە | ئەم وقووعاتە چ بوو بۆ چی کرا بیکا بەیان |
جا وەتەن فەرمووی لە پەردەی سینەما وەک سینەما | سوورەتی گیراوە فەرموو بۆت بکا یەکسەر عەیان |
جارێ تەئریخی بنووسە جا بگۆڕە قافیە | تا بەیاناتم بنووسی لێت نەبێ حەرفێ نیهان |
بێ هەزار ناوی سلێمانی بە تەئریخ «مشهد»ە | ئەم حیسابە عاقیبەت ڕۆژێ دەبێ بیکا زەمان |
مەقسەدی ئەسڵی و ئەساسی هەر دوعاکەی پێشووە | ئێستە تیکراری بکە بەڵکە بکا مەبحەس ڕەوان |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
ئارەزوویان بوو لە زنجیری ئەسارەت بێنە دەر | سەربەخۆ بەڵکوو بژین دەرچن لە ئازار و کەدەر |
عەهد و پەیمانی ئەجانیب ئیددیعای لێ کردبوون | تێگەیشتوو بوون نەیاندا تا نەبن تووشی خەتەر |
کەوتنە فکری سیاسەت ئەجنەبی وتیان ئەبێ | کورد قیامی پێ بکەین بەڵکە ببن مەشغووڵی شەڕ |
چەند کەسێکی کورد کە هەریەک ئارەزوویێکی هەبوو | بانگیان کردن یەکی نەوعێ تەماعیان نانە بەر |
زۆڵ ئیبن زۆڵ دەستە دەستە سەوقی کرد | جافی گێل، هەورامی گوێ دیل، بانەیی کەم فام و کەر |
کەوتنە ناو کوردەوە لایێ بە تەفرە لایێ زۆر | کۆمەڵێکیان پێکەوە نا عادەتا وەک بزن و مەڕ |
ئیددیعای کوردایەتی مەقسەد بوو ڕەفزی ئینتیخاب | زاهیرەن باتین عەرەب فکری ژیان دەرکەن لەسەر |
فرسەتی دەسکەوت ئەجانیب ئەمری دا جەیشی عیراق | هاتن و کوشتیان ئەمان جا ئەجنەبی بردی زەفەر |
چوون بەگژیەکدا لەسەر حەق میللەتی کورد و عەرەب | ئەو درەختی نەگبەتە بۆ هەردوو وەک یەک دای سەمەر |
سەربەخۆیی بۆ عەرەب هەروەک حقووقی کوردەکان | هەر لە خوێنا چوو لە ناوانا نەما باسی ئەسەر |
سەیری ئیجابی سیاسەت زابتی موستەخبەرات | یەعنی ئیشێکی خراپی کردووە کردیانە دەر |
کامیل و مەحموودی جەودەت موتتەفیقیان بوو حەمید | زابتی جەیشی عەرەب بوون کردیان سەرفی نەزەر |
تەرکی مەوقیعیان کە کرد هاتن بە فکری ئینتیقام | لەم بیابان و گەڕانە بێ ترس وەک شێری نەڕ |
بۆ پەنا و شەکوە لە پیران چوونە لای سەرداری کورد | وەعدی دا من حازرم نە هەر بە ماڵ و جان بە سەر |
هەر ڕەئیسی عەشرەتێکیان بانگ ئەکرد جوابی ئەدا | چوونکە فەردێکیان لە حیسی ئینتیقام نەیبوو خەبەر |
جافری کافر حەقیقەت پشتی ئەم قەومەی شکاند | لەعنەتی وەک کەولی نەگبەت تا قیامەت کردە بەر |
ئەو حەرامزادە بە نۆت نەوتی بەسەر کوردا ئەکرد | ئاگری گرت خویشی سووتا ئاخری ئەما بە گەر |
ئەو کەرانە لووشکە لووشکیان کرد نیشانیان دان کە زیو | کەوتنە نەعرەی زەڕین ئەمما بە وشکی نەک بە زەڕ |
ناقڵیشێ دار پوازی تا لە جنسی خۆی نەبێ | پشتی کورد، کوردی شکاندوویە وەها بوو هەر قەدەر |
خۆی و ئەتباعی ڕەئیسی کورد ئیلاهی هەر بژی | بۆ شەرەف ئەسکەندەرانە دامەنی خستە کەمەر |
من سەر و ماڵم لە ڕێگەی قەومما هەر دائەنێم | فرسەتە قیڕوسیا فەرزەن سەفەر بێتە سەقەر |
لامەدە حەمدی لە مەوزووع و دوعاکەیشت بکە | ئەم قسانە لازمە بۆ ئاخری بکرێ حەزەر |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ | |
ئەی وەتەن لوتفەن تەواوی کە وقووعاتی میلەل | ئەم مەراقە با نەکا بۆ ئاخری نەشری عیلەل |
تێ بگەن خەڵقینە توخودا بەس ئیتر تەفرە بخۆن | ئەجنەبی بۆ نەفعی خۆیانە دەکەن دایم حییەل |
نامداری کورد و سێ زابت بە هاوڕێتی سەلام | کەوتنە مەردانە سەعی حیرەتم بوو في المَثَل |
ڕۆستەمانە گەر بڵێم غەدرە کە ڕۆستەم هەر بە خەو | کەی تەیارەی دی بە فیلۆ یا تەقەی تۆپی جەبەل |
گەر بڵێم ئەسکەندەرانە غەدرە ئەسکەندەر مەدام | ساحبی ئۆردوو و وەزیری وەک ئەرستۆی بوو لەگەڵ |
بۆ چی باسی حەربی سوورداش و کاناروێت بۆ بکەم | بەم قسانە بۆت تەواو کەم قافیەی نەزم و غەزەل |
حەربی ئاوباریک ئەگەر تەسویری بتوانم بکەم | وا دەزانم کورد بە خوێنی کوردەکان بیکەن بەدەل |
شێخ لەگەڵ پەنجا کەسی مەشغوولی ڕاحەت بوون بە ڕۆژ | ئاخیری مانگی بەهار و ئاوباریک بوو محەل |
یەک فەوج جەیشی عەرەب سەد نەفەر پۆلیسی تورک | پێشڕەوی دووسەد سواری تاڵەبانی بۆ جەدەل |
نەفری عامی هاتنە سەر یەک نەفەر سەرداری کورد | بۆ خسووفی مانگ وەکوو چووبن شەیاتینی بە گەل |
دانیانە بەر تەقە هەر وەک شەیاتین ڕەجم کەن | مانگ نەگیرا کەوتنە جامبازە ئەمسالی جەمەل |
دەنگی شەستتیر و تەیارە و قرچەیی تۆپ و تفەنگ | ڕۆژی حەشرێ بوو ئەباری هەر وەکوو تەرزە ئەجەل |
دووکەڵی بۆمبا و تەپوتۆزی سوارە و گوللە تۆپ | ئاسمانی گرتە بەر داگیری کرد بورجی حەمەل |
گوللە پرشنگی ئەدا ئەکشا وەها زەننت ئەبرد | زامدارە بۆ تەداوی هاتووە نەجمی زوحەل |
ئەو هجوومانە کە لەرزەی خستە ئەرز و ئاسمان | نەیگەیان زەڕڕە بە وەزعی یەک مناڵی کورد خەلەل |
وا نەبوو ئەهمییەتی بۆمبا و گوللەی تۆپەکان | هەر ئەهات ئەدرایە بەر شەق یا بە پێلەقە و بە پەڵ |
من وتم ئەم حەربە تەمسیلی چەناق قەلعە ئەکا | سەد ئەگەر بکرایە ئەترافی بە تورپیل و بە تەل |
هەر بەلاشە ڕەشبەڵەک گیرابوو لەو مەیدانەدا | تاڵەبانی میسلی بەت جوندی هەژاریش میسلی قەل |
وەختی مەغریب ڕەجعەتی ئۆردووی کە کرد سەیری هەبوو | سنگ و سک گۆڕابوو یەکسەر بوو بووە پشت و کەفەڵ |
وای نەنەی پۆلیسی تورک و یوممەیوممەی عارەبی | بۆ قەوان هەڵ ناکەوێ جارێکی تر بەو نەوعە هەل |
وا لە ناو جەووی هەوادا ئەم قەوانە مەیلتە | گوێ لە تەلسز بگرە گرتوویە سەراپا موحتەمەل |
وەختی ڕەجعەت ڕەحمی فەرموو مەنعی تەعقیبی کە کرد | وا ئەگەر نەبوایە لاشە جێ ئەما وەک باڵی مەل |
چاوی هێشتا پیاوی ساغی هەر نەدیوە ئەجنەبی | خزمەتی ئەو چونکە ناکەن غەیری لات و کوێر و شەل |
سەیرە چاوی موغریزی کورد بەو تەپ و تۆزی شەڕە | تەم بەسەریا هاتووە گرتوویەتی دەردی سەبەل |
کورد ئیتر بەسیە کە ناوی هەر بە نەختە هیممەتێ | زینەتی داوە بەسەر لەوحەی تەواریخی دووەل |
یەک بە دە هەرچەندە سەنرا خوێنی منداڵانی کورد | زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر بکرێ ئەو ئیشکالە حەل |
لێمگەڕێ فەرمووی وەتەن ئەمجا دوعاتان بۆ ئەکەم | پشتی یەک بگرن لەسەرتانە خوای عەززەوەجەل |
ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ |
5
[edit]خۆم لە یادی خۆم دەبەی گوایە ئەمە یادم دەکەی | شادە مەرگم تۆ دەکەی یەعنی ئەمە شادم دەکەی |
هەر بە حەرفێ حەڵقەیی سەر سیلسیلەی ئولفەت دەخەی | عەبدی پیرم گوایە قوربان لوتفەن ئازادم دەکەی |
6
[edit]بەردی لۆمە و خشتی تەعنەی هێندە بۆ چوو ئاخری | کۆمەڵی کرد و وتی دەیکەم بە خان و قەیسەری |
تاقی قەیسەر شەقی برد بانگی کە لێکرد و وتی | کەی بە خان و قەیسەری ئەحمەق کراوە قەیسەری |
7
[edit]وەک مەدینە بێ نەبی بێ، یا نەجەف بێ، بێ عەلی | شاری غەزنەش ئێستە بێ مەحموودە وەک داریکەلی |
حەیفە ئەوجی ئاسمان بێ زینەتی خورشید و ماهـ | سا خودا بیکەی وەکوو خورشیدی ڕەخشان مونجەلی |
8
[edit]وەرنە سەیری ئەو بتە غەممازە کەوتە دلبەری | عالەمی عەشق و موحیببەت بوون لە ڕۆح و دڵ بەری |
بۆ شکارە باڵی ئەبرۆی دابەیەکدا چاوی باز | دڵ کە وا کەوتە تەپ و کۆ هەر وەکوو کەبیکی دەری |
بشفڕن ناگەن بە گەردی دامەنی ئەو حوسنەدا | میسلی خۆر حوور و میسالی ماهتابان بێ پەری |
خۆر لە خەتتی ئیستیوا وەستا قیامی کرد کە یار | نەک لە ئەرزیدا بنیشێ گەرد لە نەقشی سێبەری |
تا ویساڵ هەر قاعیدەی سووتانە ناری هیجری یار | ئاگری زەردەشتییە عەشقە حەکیمی ئازەری |
خاری گوڵ بۆ بولبولی بێ چارە هەر وەک نێزەیە | وەک دەکا برژانگ لە جەرگی عاشقاندا نەشتەری |
سەیلی تالیع ئاشی دەوڵەت فیلحەقیقە خول دەدا | عاقیبەت وەک دانە دەیکا هەر بە گەرد کەوتە بەری |
خۆت لە خۆ لادەر بە کوللی لابدەی چاکە ڕەقیب | مار کە لاڕێکا نەکوژرێ نانەوێ بۆ کەس سەری |
فەتوەیی وەسڵی نەداوە موفتی ئایینی عەشق | مەرگی هیجران چاترە حەمدی لە ژینی کافری |
9
[edit]عەکسی ئەبرۆی تۆ بووە هەڵهاتبێ ماهی نەوی | بەرقی ڕوخسارت بووە دەرکەوتبێ گەر پرتەوی |
نەشری شەوقی ئەو ڕەقیبە ڕوو ڕەشانەی تۆیە گەر | ئەم جیهانە وەک دڵی من پڕ لە زوڵمەت بێ شەوی |
10
[edit]لە کوورەی نارییا نەتوێیەوە وا تێ مەگە قاڵی | خوری شی شی نەبێ ناڕێسرێ بکرێتە پۆی قاڵی |
موزەککا بێ کە دڵ سەیری بزورگان کیمیایێکە | لە بازاڕی دوو دنیادا بباتە لیرە مسقاڵی |
11
[edit]سوبح پێ ناکەنێ تا بێ نەوایی شەو بە دڵ نەگری | گوڵێ ناپشکوێ تا بولبولی سوبحێ بە کوڵ نەگری |
بەری نابێ درەختی باغی عالەم تا هەموو وەک یەک | بەیەک سۆز و بەیەک شۆر و بەیەک دەم چڵ بە چڵ نەگری |
12
[edit]کە دنیا بێ بەقا بێ من لە ئومێدی ژیانم چی | وجوودێکی نەبێ ڕۆحم لە جیلد و ئیستیخوانم چی |
بە بەرگی مەعسیەت ڕازایەوە نەفسم دەڵێی بووکە | ئەجەل نەقڵم دەکا تازە لە هێنانی ژنانم چی |
نەفەس تەعدادی ساعەی عومر ئەکا مەعلوومە مەحدوودە | لە تەفرەی خۆم و ئەولادی فەقیر و ناتەوانم چی |
نەمان و مانی عالەم تابیعی وەختی موعەییەن بێ | بە من چی مردنی دوژمن، لە مانی دۆستانم چی |
فەلەک گەر بێتە سەرپۆشی نەواقیس زاهیرە هێشتا | کە فاریغ بم لە بێ عەقڵی لە پۆشانی عەیانم چی |
لە سەحنی کوڵخەنا عەیشم کە دائیم خاکساری بێ | لە باسی چەهچەهەی بولبول لە بەزمی گوڵستانم چی |
وەفاتی کرد وەفا بۆیە حەیا تەرکی حەیاتی کرد | بەچی دڵ خۆش بکەم فەرموو لە مەفتوونی زەمانم چی |
دەوامی نەگبەت ئیستیغنا دەبەخشێ عەینی وەک دەوڵەت | چ باکم قەهری سوڵتانە لە لوتفی خوسرەوانم چی |
کە گوڵزاری ئەمەل وشکە نەبارێ با ئیتر باران | بەهارێکم نەبێ حەمدی لە ڕووزەردی خەزانم چی |
13
[edit]لە خوێنی خۆم کە نووسی پیری مەی فەرمانی ئازادی | فەرەح کەوتە دڵی دەروێش و سۆفی کەوتنە شادی |
موحیببەتخانەیە دنیا خەریکی عەشقە مەوجوودات | چ عوششاقی، چ مەعشووقی، چ شاگردی، چ ئوستادی |
وەکوو شیرین خەیاڵی کوهکەندی گەر دەبوو لەیلا | لەگەڵ ئەو زوعفەدا مەجنوون دەکەوتە کاری فەرهادی |
بە دڵ ئەهلی دڵی پەیدا دەکا دنیا هەتا ڕۆژێ | بە سەگ جەرگ و دڵی دێنێتەدەر هەروایە موعتادی |
بە پیری تازە سەوزی چی دەبێ نەخلی ئەمەل لاچوو | هەناسەی بێ نەوایانت بەسە بۆ مەحو و بەربادی |
فەلاکەت مورشیدی ئەهلی موحیببەت بێ ئیتر حەمدی | چ موحتاجە بە تەحسیل و سلووک و پیر و ئیرشادی |
14
[edit]لەگەڵ عالەم کە دنیا دەستی تێکەڵ کرد وتی فەردی | مەحاڵە بەم ژنە هەرجایییە تێکەڵ ببی مەردی |
نە پۆڵا و نە مس نرخی بڕشتی زیو و زەڕ ناکا | بەڵێ مەقبوولی خاسە ڕوو سپی مەرغووبە ڕوو زەردی |
برا کاری جیهان نەردینە شەشدەر بگرە دوو شەشتە | ئەمە شازە یەکێ بیکا بە هەپ یەک دەفعەیێ نەردی |
شکاندوویە ڕەقیب شیشەی شەرابی عەیشی ئەم خەڵقە | بە پەنجەی ئەو نەبێ لەم ئاسمانە ناکەوێ بەردی |
دەوای ئازاری عوششاق و ڕەقیبان وەسڵ و هیجرانە | بەڵێ نابێ لە دنیادا ببێ فەردێ بەبێ دەردی |
بە غەیری مەردی ساحێب سەفوەتی قەلبت نەبێ ئومێد | کە لافاوم نەدی بشوا لەسەر ڕوخساری خۆی گەردی |
مەڵێن زۆری ئەبێتە واسیتەی کەم قیمەتی ئەشیا | کە کاڵایی وەفا قاتە بە پووڵێ ناکڕن یەردی |
خەریکی ڕابیتەی فەرهاد و مەجنوونە شوکر عوششاق | بەبێ حیکمەت نییە حەمدی کە بگرێ دامەنی هەردی |
15
[edit]وەرە ئەی دڵ لە قوڕ نیشە لە هیجرانا کە قوڕ پێوی | بڕێژە ئەی جگەر خوێنت کە موحتاجی دەم و لێوی |
سولەیمان حەشمەتە مووریچەیی ڕاهی عەشق ئەی دڵ | وەرە ئەم مەعرەکەی نەفسە نگینت گەر هەیە و دێوی |
لە مەیدانی موحیببەتدا سەری خۆت کز کە وەک سەحرا | کە فەرهادی عەشق دەرکەوت نەوەک فەرقت بکا کێوی |
مەتاعی شیعری من بەر ناکرێ لەم عەهدەدا ئەلبەت | کە ببڕن قیمەتی ئەشیا بە ڕیشی دەوڵەتی خێوی |
ئەگەر پشت ڕێشی باری میننەتی غەم بێ فەرەح حەقیە | چ وەختێ ناوی بوو تا غەم نەهاتە ناوەوە نێوی |
بەشی ئەهلی موحیببەت گەر نەماوە غەم وەرە قاسیم | دەروونی من ئەوا کەیلە ئەگەر کەییال و غەم پێوی |
جگەر بریان و دڵ برژاوی ناری فیرقەتە حەمدی | تەلاشی چی دەکەی زاڵم وەرە بیخۆ کە بێ شێوی |
16
[edit]بەوەمزانی فەلەک ڕەوشەن زەمیران دایم ئەفرۆشی | کەسەر دێنێتەدەر ڕۆژی بە زوڵماتی شەو ئەیپۆشی |
گەلێ کەس وەک فەلەک بەدمەستە چاوی خۆشی نابینێ | بەجامی خۆر کە جامێکی لە خومخانەی شەوا نۆشی |
لە عەیب و عار و تەعنە هەرکەسێ پەروا نەکا بێ شک | بە لەنجە و لاری بووکانە، جیهان هاتۆتە سەرکۆشی |
بە ناو بۆ ئیستیراحەت ئارەزووی دنیا ئەکەن خەڵقی | کە چی خۆ نایەڵێ دنیا ڕەحەت بێ بەڵکوو تێکۆشی |
موقابیل یاری من یارایی وەستانی نەبوو خورشید | لە داوێنی شەوی کێشا بە سەردا توحفە سەرپۆشی |
دڵت پڕ کە لە ئاوی زیندەگانی عەشق و دەم تەڕ کە | سەقا خۆ تینووە دایم هەڵیگرت کووپەیی بۆشی |
وتی تۆی من منم یا تۆ کە من لێمداوە تۆی گرتووە | بزانە چەندە ڕەندانەی بە شێخی وتوە سەرخۆشی |
لەبەر ئەو شەمعی ڕوخسارە بسووتێ بێ سەدا ئەی دڵ | کە فەخری مەجلیسی ڕەندانە وەک پەروانە خامۆشی |
بە خامۆشی جیهانی عەشق ڕەواجی داوە بەم عەسرە | بەدڵ حەمدی بناڵێنە بە دیدە زوو بدە جۆشی |
17
[edit]زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی | بە غونچەی تازە پشکووتوو دەکا عالەم گوڵاو پاشی |
هجوومی کرد بە ئاڵای سەوزە نێرگس میرەڵایانە | بە تابووری گوڵی کرد لالە هێرش میسلی بیگباشی |
لەسەردا پرچەکانی شۆڕەبی کەوتۆتە داوێنی | لە تەهلیلەی بەهارا بۆتە دەروێشانی بەکتاشی |
هەموو دەستێ چڵی کاسەی کەلێکی پڕ لە شەونم کرد | کە وەک ڕۆژ یار هەڵات بیکەن بەیەک دەفعە بە شاباشی |
ئەمەندە لووتی بەرزە سەروی سەرکەش هەر دەڵێی یارە | بەغەیری سێبەری قابیل نییە کەس بێتە ویڵداشی |
بە شیرین و لەتیفی بۆتە شاخی بێستوون گۆیژە | میسالی کۆهکەن شیرینی ئەرمەن بۆتە سەنگتاشی |
بەسواری چڵ بەتوندی گوڵ کە هات زانیم کە تێدەگلێ | لە باغی عالەما جەولان دەبێ بکرێ بەهێواشی |
ئەگەر ئەم باغە ئەهلی باغەبانی بێ بەهەشتێکە | دەبێتە دۆزەخێ وەختێ نیزامی کەوتە دەس ناشی |
لە لانەی بولبولانا کوندەبوو بۆ شاخی لێدەڕوێ | لە پەروازی شەهێنا بێ کە داڵاش کەوتووە لاشی |
لە تەبعی ئەهلی دڵدایە بەهاری بێ خەزان حەمدی | گوڵستانێکی ڕەنگینی لە نووکی یەک قەڵەم تاشی |
18
[edit]وەکوو بیستت لە قەیسەر قەسر و کیسرا بۆ لە کەی خاڵی | لە دیوانی شەهنشاهان جیهانت دیوە کەی خاڵی |
لە مەرگی مومسیکانا فیلحەقیقە خەزنە بەخشە دەهر | لەسەر سفرەی جیهان نابێ کە دەستی جوودی تەی خاڵی |
کە دڵ پڕ موددەعی دایم بترسێ چاکە نەک بڕژێ | کە ناگیرێ دەمی مینا زەمانێ بوو لە مەی خاڵی |
وەرە ئەی دڵ لە ئەشغالاتی لایەعنی فەراغەت کە | کە تەئسیری نییە ناڵە نەبێ دڵ میسلی نەی خاڵی |
خەراباتی موغان بێ ناڵەیی مەستانە وێرانە | خەرابە خانەقایێ لە دەنگی زیکری حەی خاڵی |
ملی مینایی ئەهلی موحیببەت مەگرە هەر وەک گەرد | ڕەقیب نەک وەک سەبو سڕڕی دەروونی بێ بەقەی خاڵی |
میسالی وەعدی وەسڵە حیددەتی جانانەکەت حەمدی | بەهاری نابێ دنیا بۆ لە دەنگی ڕەعدی دەی خاڵی |
19
[edit]بێ قەدرە کەماڵی ئەوی نەیمابێ کەماڵی | بەم حاڵە مەحاڵە کە ببن حاڵی لە حاڵی |
زانیوتە گەر ئەم دەردە بە دڵ دەردی نەداوە | عاجز مەبە ئەی غەم وەکوو کوڕ بێرەوە پاڵی |
تەییارە کە غەوواسی دڵی بەحری هەوا بێ | بۆمبایە تەبیعی سەدەفی پڕ لە لوئالی |
تا نەیکەمە تانە لەسەر ئەم دیدەمە خاڵی | هەر داغە لە دڵمایە مەڵێ خاڵی لەخاڵی |
عەشقێکی چ شیرینی هەبوو حەزرەتی فەرهاد | ئاخر وەکوو من دایەوە مەجمووعی بەتاڵی |
بۆ گوڵشەنی شادی دەفڕێ بولبولی تەبعم | مەعلووممە دنیا دەشکێنێ پەڕ و باڵی |
دنیا کە بە تۆ تێکەڵە من تێکەڵی نابم | ئەو بێ شەرەفە قەت دەمەوێ سەروەت و ماڵی |
وەک ئەسپی ئەجەل سەرکەشە ئیقبال و تەجەللی | وریا بە، بە قووەت بگرە دەستت بە یاڵی |
بەم میحنەتە وا تێمەگە برژابێ برادەر | ئاڵ و گەشە خوێنی جگەرت دیارە کە کاڵی |
سەر لەوحی مەزارم ئەمەیە خزمە بنووسن | حەمدی کە مەجالی نەبوو سووتا بە جەمالی |
20
[edit]دانی نەماوە ئاشی جیهان ئاش بەتاڵ ئەکا یا فاشی ئەم سەرائیرە بۆ ئینفیعال ئەکا | |
ئەحواڵی ئەم زەمانە لە کایەی مناڵ ئەچێ | دنیایەکی چ پووچە لە زەرفی بەتاڵ ئەچێ |
لەم باغە هەر دەمە کە دەگا میوەیی دەڵێی | ئەم کۆنە گومەزە لە دوکانی بەقاڵ ئەچێ |
نەقس و کەماڵی خەڵقی جیهان موعتەبەر نییە | هەر دوو موحەققەقە کە بەدەستی زەواڵ ئەچێ |
گەهـ ڕۆژە وا دەبێ بە ئەسیری زەڵامی شەو | گەهـ بەدری کامیلە کە بەدەردی هیلال ئەچێ |
ئیقبال و شومی تابعی عیلم و جەهل نییە | ڕێکەوتە بازە ئەمڕۆ سبەینێ لە داڵ ئەچێ |
ئەیوانی جەم کە هەمدەمی کەیوان بوو موددەتێ | ئەمڕۆ بەپەستی خانەخراپە لە چاڵ ئەچێ |
ئەو نەونەمامە سێبەری دوێنێ لە ناز ئەکرد | ئەمڕۆ لە ئاگرایە لە چیلکە و چەواڵ ئەچێ |
بێ لێوە ئەم جیهانە تەماشا کە نەیژەنی | بینایی کوێرە ئەفسەحی دایم لە لاڵ ئەچێ |
هەر ناڵە وا لە بورجی جەلالا وەکوو هیلال | هەر ماهە وا لە کونجی مەلالا لە ناڵ ئەچێ |
بازاڕی دەهرە قیمەتی ئەشیا بە جێگەیە | مێشێ گەیشتە ڕوویی نیگارێ لە خاڵ ئەچێ |
دنیا هەناسەیێکە نەچووبێ نەهاتبێ | حاڵێکە بوو بەچی کە لە عالەم بە حاڵ ئەچێ |
بەو عومرەوە کە بوویەتی نووحی وتوویەتی | دنیا لە ڕیحلەتا لە خەوی بێ خەیاڵ ئەچێ |
بڵقی سەر ئاوە کاکە جیهان تێ بفکرە تۆ | بۆ کەس نەبوو بە ماڵ و نە بۆ کەس لە ماڵ ئەچێ |
خۆ لابدەن لە باری گرانی حقووقی خەڵق | بنواڕە هەڵگری کە لە فیلەی حەماڵ ئەچێ |
نەگبەتییە ئەو کەسە کە عیززەتی نەفسی عرووج ئەکا | شامی مەلالی بۆیە لە ڕۆژی جەلال ئەچێ |
بۆ نەفعە خواشناسی عیبادەت ڕیایییە | تەقوایی ئەم زەمانە بە نرخی وەباڵ ئەچێ |
بانگێکی تر لە غەیبەوە ئێستا کە هاتە گوێم | هێندە زوڵاڵە دەنگی لە دەنگی بیلال ئەچێ |
زووتر لە بێ نەوا بە مەنافیع دەگا غەنی | ئەم تا بە پێ تەنەززول ئەکا ئەو بە باڵ ئەچێ |
ئەلحەشر و وەلقیامە جیهان ئاخرە دەڵێ | لوقمەی حەرامی ئیمڕۆ بە نرخی حەڵاڵ ئەچێ |
21
[edit]نامەرد موغەننی وەختی مەقاماتە نەسرەوی
توخوا قەتارێ خۆشە بە ئەبیاتی مەولەوی
یاخۆ بە سۆزی شۆرەوە بەندێکی مەسنەوی
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قیسمێکی قەوم لە بەحری تەحەممول شنا دەکەن
بەعزێ دوعا بە دەورە و بەعزێ سەڵا دەکەن
بەعزێ سەنا و بەعزێ بە چەرخە سەما دەکەن
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
گوڵگوڵ کرا میسالی گوڵستان زەمین بە خون
فرمێسکە جارییە وەکوو دیجلە ڕەوان و ڕون
هەر ناڵە و فیغانە لە جێی ساز و ئەرغەنون
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قومدە لە خوێنی جەرگ و بنیشە لە خەڵوەتا
بژمێرە داغی حەسرەت و بەستە لە دەوڵەتا
ئولفەت بکە بە دەرد و مودارا لە نەگبەتا
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قاتیل بە جامی خوێنەوە وەک ساقی بێتە خول
کوشتە بە ناڵە چەپڵەزەنان بێ بە دەست و پل
قازی بڵێ غەزایە نەوەک بێ بە دڵ خەجل
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
وەک عەینەمەل تەییارە بگرمێنێ بۆ سەفا
با ژن میسالی کوللە لەسەر ڕێگە بەربخا
خەفیە هەیە بە کەیفی بزانن نەوەک جەفا
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
تۆ بەستە بەستە حەمدی ببەستە لەگەڵ ئەسەف
گاهێ بدە لە تەپڵی سەر و گەهـ لە سنگی دەف
دەمدەم بخوێنە حادیسەیی خۆشی بێ تەرەف
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
1923
22
[edit]نامەردییە بە مەردێ ئەڵێن خەڵقی سەرچڵی | دڕکی نەبێ بزانە دەکا ئاخۆ گوڵ گوڵی |
ئەم گوڵشەنی حەیاتە نە ڕەنگی دەبێ نە بۆ | نەکرێ بە خوێنی ئاڵی جگەر فەرشی گوڵگوڵی |
گەر خۆت ئەناسی باسی ئەم و ئەو نەکەی دەخیل | ناچێتە جێی پڵنگەوە گورپە بە پڵپڵی |
پەروانە خۆی دەخاتە گڕی ئاگر و دەڵێ | بێ نووری مەعریفەت دەکرێ قەت بەدڵ دڵی |
بەد بەختییە ڕەقیبی کە کردۆتە یاری یار | دیوتە بزانە زوڵمەت و شوعلە بەتێکەڵی |
پرسیم لە مادەری زەمانە کە تۆ تەجرەبەت هەیە | چ خۆشە پێی وتم نەفەسی زیندەگی کەڵی |
مەفهوومی شیعرەکانی نەبی حەمدی حەقیەتی | بێ گوڵ دەکا لە سەحنی چەمەن فیسقە بولبولی |
23
[edit]ئەی دیجلە لێڵ و وێڵی سرشکی ڕەوانی کێی | وەک تیری دڵ شکافی لە بەحری کەوانی کێی |
مەجنوونی زلفی خاوی چ لەیلایەکی لە چۆل | بەم لێوی وشکەوە بە هەموو دەم دووانی کێی |
گەر ئابڕوو تکاوی فەرموو تکاوی چ ڕوویەکی | ئەم بێ قەرارییە چییە ڕۆحی ڕەوانی کێی |
خاڵی نییە لە ناڵە دەروون و دڵت دەمێ | وەک نەی نەوایی شۆرە مەقامت قەوانی کێی |
یا پیری یا لە قەهری زەمان پێچ و تاب ئەدەی | قامەت خەمی فیراقی نیهالی جوانی کێی |
تورکانە توند خوویی بە نەرمی کە عاشقی | ڕووت وا لە ئێمە ئاخۆ لە ئێمەی لەوانی کێی |
ئەم خەتتی ئیستیقامەتە وەکوو گرتووتە بیگری | حەمدی دەزانی ڕەهبەری ڕۆژ و شەوانی کێی |
24
[edit]بە هەر لادا کە ئەنواڕی درێژە بۆ ڕجا دەستی | یەدی بەیزایی مووسایە کە دەربێ بۆ عەتا دەستی |
بە ماهی نەخشەب و باڵی هومایی دەوڵەتی دانی | لە هەر لایێ کە یەک ڕوویی ببێ یا بێ ڕیا دەستی |
لەسەر عەرزی موحیببەت گەر حکومەت دابنێ ڕەسمی | کەسێ شەققولقەمەر ناکا بەرێ بۆ مەرحەبا دەستی |
بە قانوونی تەبیعەت ئێستە باقڵ میسلی دەستی دز | لە بندا ئەیبڕن گیرا لە بازاڕی وەفا دەستی |
سەدایی ئەلقوبوولم هاتە گوێ لەم ئاسمانانە | لە میحرابی برۆی تۆدا کە بردم بۆ دوعا دەستی |
نەڕێژی تا زەمان خوێنی هەزاران عاشقی شەیدا | چلۆن پێیی حەنایی کا بکا ئەنگوشت نوما دەستی |
لە تۆفانی بەڵادا چەندە بێ باکن خەراباتی | ئەڵێی ئەم فیرقەیە ئیرسەن هەیانە بۆ شنا دەستی |
خەلەل نادا بە قووەی ئەهلی هیممەت زوعف و ڕەنگ زەردی | کە کاهی ڕادەکێشێ نیشیە خۆ کارەبا دەستی |
چ پەروامە ڕەقیبانت ئەگەر فیرعەون و هامانن | کەلیمە عاشقی پیرت کە نایە سەر عەسا دەستی |
لە نووری مەی کە جامێکی بلوورین پڕ ئەکا ساقی | ئەڵێی دێنێتە دەر ڕۆژێ لە مەتڵەع وەک چرا دەستی |
لە یەخخەی شەو کە سەر دێنێتە دەر ئەم ماهی تابانە | ئەڵێی جانانە دەردێنێ لە گیرفانی کەوا دەستی |
هەتا کەی حەمدی بۆ شەوکەت لە ئەحواڵی زەمان دەدوێ | کە وەختی ڕۆیینە هەڵمەت بەرە بۆ ئاشنا دەستی |
چ ئەمڕۆ بێ چ سبحەینێ چ تۆ چی کافەیی مەخلووق | لە وادی مەحشەرا وێڵن هەتا ئەو دەردەخا دەستی |
کەوایە فرسەتە لەم مەتڵەعە وەک پارسای پارس | سەرت دەربێنە بۆ عەرزی تەمەننا بۆ سەنا دەستی |
25
[edit]ماهی ڕەمەزان هاتنی ئەووەڵ بە شەوم دی | تا ڕۆیی لەبەر مەستی وەهامزانی خەوم دی |
بۆ مانگ ئەگەڕان خەڵقی منیش ئەبرۆیی یارم | دی و چووم وتم قازی بە حەق ماهی نەوم دی |
26
[edit]ڕەقیب بۆ بەزمی خەڵوەتمان کە هاتی | وەکوو دوومەڵ لە جێی ناسک دەراتی |
لە شەوقی ڕوومەتی ئاوا بوو ڕووزەرد | قەمەر ئەی شەمس ئیتر تۆ بۆ هەڵاتی |
سەبات کێوی لە بن هێناوە سەیلیش | بە دەریایێکی کردووە بێ سەباتی |
خزر بیدە بە عالەم شەربەتی مەرگ | دەکا ئەمڕۆ بەهای ئاوی حەیاتی |
دەمت پڕ باسی نار و ماری وەیلە | بچۆ واعیز کە تۆ هێندە بەزاتی |
دەمێکە ئینتیزاری تەوق و پێوەند | دەکا دێوانەکەت بکرێ خەڵاتی |
کە وەک موو بێ سیرات گوڵزاری حوسنی | دەلیلە جەننەت و زلفە سیراتی |
بە ڕەنگ و بۆ حەقیقەت دار گوڵێکی | بە شەککەر خەندە وەک شاخی نەباتی |
بەراتە یا شەوی قەدرە کە جانان | بە حەمدی ماچیدا مووچە و بەراتی |