دیوانی حەمدی/ێ
Appearance
1
[edit]خودا دوو گوێی بە تۆ داوە و زمانێ | دوو ببیێ یەک بڵێ سریەی زمانێ |
دوو مەجلیس بۆ ئیدارەی یەک وجوودە | چەپ و ڕاستی ئەوێ زانی دەزانێ |
ئەگەر نەیکەی بە ڕاستە و چەپی ئەتفال | قەراری چەپ دەبێ ڕاستت نەزانێ |
فەسادە دڵ ڕەئیس نەبوایە دەیکرد | مەجالیس لەم وجوودە خۆش گەڕانێ |
جیهان وا چوو وەهایە وا دەبێ بێ | نە سەر بێ پێ، نە پێ بێ سەر دڕانێ |
2
[edit]ببڕین وەرە با لەم غەزەلە تازە کەوایێ | بەو شەرتە کە بیکەیتە بەر ئەم جەژنە کەوایێ |
بیماری موحیببەت هەموو دەم مونتەزیری تۆن | دامەن بتەکێنی کە لەگەڵ تۆزێ دەوایێ |
گوێ بگرە لە ناڵەم وەکوو نەی وایە موغەننی | هەنگامی نەوایە ئەجەلم وەختە نەوایێ |
لەم زیندەگییە مردنەکەم چاترە ئەمڕۆ | بێ شەوقە چراکەی ئەمەلم هەر بە هەوایێ |
جەرحی جگەرم خۆ نەکرا چاری بە حیکمەت | بۆ چاری منی خەستەیی بێ چارە ئەوایێ |
ئەم بەختە کوا نووستووە هەڵسانی ئەگەر بوو | مەعلوومە جەنازە وەکوو نووستوو لە خەوایێ |
ئەمڕۆ بە تەمای هاتنی دلبەر مەبە حەمدی | بەختم ڕەشە ئەو ڕۆژە بەدایم لە شەوایێ |
3
[edit]هەزار حەقم وت و نەشبووم وەکوو مەنسوور بە سەردارێ | نەما کەس دامەنی نەگرم پەنام بردە هەموو شارێ |
نە هاودەردێ هەبوو فکری بە حاڵم کا نە غەمخوارێ | «ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ |
ویساڵ یا قەتل یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ» | |
چ بۆ وەسڵ و چ بۆ کوشتن گەلێکم دیوە من وادەی | لە بەزمی خاسە بۆ من پڕ لە زەهری کردووە بادەی |
لە ڕێی خوادا بڵێن گەر بیکوژی ئەو وەختە ئازادەی | «وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فریادم نەما سادەی |
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ» | |
نەفەس سینە و کەمانێکە دەری خست شۆری مەفتوونی | سەراپا بێ سەر و پا پێم ئەکا تەمسیلی مەجنوونی |
کەلامم تێکەڵ و پێکەڵ شیعر نەیماوە مەزموونی | «لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی |
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ» | |
چ سیحرێ بوو بە عیشوە عالەمێکت شێت و شەیدا کرد | بە حوسنی یووسفی خیلقەت لەبەر چی تووشی سەودا کرد |
کەسێ ناڵێ سەنەم ئەم شۆری عەشقەت بۆ چی بەرپا کرد | «ئەلای هەر کەس ئەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد |
درێغ کوا حاڵزانێ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ» | |
لە خوبانا نیگار وەک خۆر لە ئەنجومدا بەڵێ تاکە | لەبەر ئەم حوسنەیە ئەو شۆخە بێ ئینساف و بێ باکە |
بە دائیم هەر جەفا و جەوری کە ئەیکا وا هەمووی چاکە | «لە ژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە |
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ» | |
ئەمە کاری خودایە دامەنی هێناوەتە بەر پێت | وەکوو گەرد دامەنم گرتووی و ماچی ئەکەم بەر پێت |
مەڵێ چاکەت چییە تۆ یا بکەم ئەم چاکەیە بۆ کێت | «سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من بپرسن لێت |
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ» | |
لە مەیدانی عەشقدا ئەم قسانە فەرموو کەی کوردی | وەیا کێ بوو لە شاعیردا وەکوو حەمدی دەس و بردی |
بە تەخمیسی کە تەسدیقی بکا ئەم نەزمە بوو وێردی | «دوڕ و یاقووت ئەبارێ لەم کەلامە شیرنەی کوردی |
خوا سا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ» |
4
[edit]چاکەم لە کەس نەدیوە برا مەرحەبا نەبێ | چی دەردەچێ لەکیسە قسەی سادە با نەبێ |
بیستوومە یەک شەوە بە شەوی پێگەیشتوو تۆ | یەک ساعەتەی لە یەک دەقیقە بترسە پەیا نەبێ |
دڵ کەوتووە بە بۆنی سەری زلفی عەنبەرت | بەو بۆنە کەس نەکەوتووە بادی سەبا نەبێ |
وەبزانە ئێستە وەسڵتە ئەگەر عەشقە ڕەهبەرت | زاهید ئەگەر موحیببەتەکەت بۆ ڕیا نەبێ |
ئەو سەربڕینی پەرچەمە بێ شک لەبەر ڕووە | زوڵمەت قەباحەتی چییە ئاخر زیا نەبێ |
ڕوو ڕەش ببی ڕەقیب خودایا ببی بە بەرد | ئەمما محەک نەبی بەوە قیڕووسیا نەبێ |
حەمدی ڕەئیسی مەجلیسی دەرد و غەمە ئەسەف | جێگەی دیارە دەوڵەتی ئەو با جیا نەبێ |
5
[edit]ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ | ئەگەر شاهی بە نامی بێ سەرم قەت ئەفسەری ناوێ |
تەرازووی عەنبەرە زلفی جەواهێراتە دەفرۆشێ | بە کێشانی برۆ دیارە کە ئەم سەر ئەو سەری ناوێ |
دڵ ئاوێنەی جەمالی تۆیە ژەنگی هیجرەتی هێنا | بە ئاوی وەسڵ ئەگەر بیشۆی ئیتر خاکستەری ناوێ |
لە کۆڕی عاشقانا پەرچەمی هێنایە سەر کوڵمی | وتی عوودە لەسەر پشکۆ دەسووتێ مەجمەری ناوێ |
وەرە بشکێنە ساقی ساغیر و هەڵبگرە شووشەی مەی | کەسێ مەستی نگاهت بێ شەرابی کەوسەری ناوێ |
کە کەوتە جیلوە ئەو ماهە بە بەرگی تاقەوە زانیم | فەلەک هەڵنایەنێ مانگ و لیباسی ئەختەری ناوێ |
بە نەوعێ ئابڕووی ئەرزی تکا تۆفانی لێهەڵسا | لەسەر کەشتی خەجاڵەت نەوعی غیرەت لەنگەری ناوێ |
مەڵێ گوللەی عەدو چونکە خەتەرناکە خەتەر ناکا | پەس و پێشی نییە تیری مەلامەت سەنگەری ناوێ |
لە ئەوجی میحنەتا تەبعم وەکوو تەییارە تەییارە | شەرارەی ئاهە بەنزینی ئیتر باڵ و پەڕی ناوێ |
کەسێ هەڵسا بە جارێ بێ شکە هەنگامی کەوتنیە | کەشیش و جاف و سەرگەڵووی دوو ڕوویی پشدەری ناوێ |
شەلی کەوتە گەلێ جێ ما قەلێ خێلێکی ڕووڕەش کرد | شەل و قەل خادیمی ئەفکاری ئەو بن مەسدەری ناوێ |
قەڵەم بەم باسە حەیفە حەمدی ئالوودە دەکەی بەسیە | کە میللەت موشتەقی ئەفعالی بەد بێ مەسدەری ناوێ |
6
[edit]بە سەد فەرزانەیە دێوانەیی زنجیری گێسوویێ | ئەدا ناکا لە حەڵقەی زلفییا شوکرانەیی موویێ |
کە نەیبێ چاو و ئەبرۆ و خاڵ و خەت و پەرچەم و زلفی | بەخۆر تەشبیهی ئەو حوورە مەکەن بۆ خاتری ڕوویێ |
بەرەو ئەبرۆ عەجەب خاڵی دەمی کردوویە تەسویری | لە حاڵی ئیعتیکافا بێ لە کەعبە بەچە هیندوویێ |
هەموو گوڵزاری تەبعم پشکنی بۆ شوبهی ڕوخسارت | وتی سێوێکی لاسوورە منم پڕ چنگی ئەبروویێ |
عومر کورتن نەفامان دڵ خەیاڵی سوحبەتی زلفە | لە حەڵقەی داوی سەییادا ئەکا هێلانە ئاهوویێ |
لە بازاڕی عەشقدا قیمەتی ئەشیا بەڕێکەوتە | بە لاقە کوللەیە نابێ کە بەعزەن دەست و بازوویێ |
غەزەلیاتی کە تان و پۆی لە باسی زلف و پەرچەم بێ | بە دڵ هەر زیندووە حەمدی بە ڕێکا گەر چی مردوویێ |
7
[edit]پڕی نووری موحیببەت کا کەسێ ویستی دڵی نەشکێ | بەبێ ئاگر تەیارە فەرموو بفڕێت و پەلی نەشکێ |
بە بەر کۆیی خەراباتا نەچن نامەرد بەبێ سوجدە | بەبێ تەقڵە بەوێدا مەل دەبا بفڕێ و ملی نەشکێ |
لە بەزمی عالەما خەندانی وەک گوڵ گەر مولایم بێ | دڕک نابێ لە دامەن هەڵچەقێ لووتی چڵی نەشکێ |
کە دەستی نایە مل شیشە وتم ساقی غەزەبناکە | قەدەح دڵ پڕ نەبێ زەحمەت بەریدا قولقولی نەشکێ |
مەمەڕڕی ناسک ئەندامانە کووچەی حەزرەتی جانان | ئەگەر چوو ڕووڕەشی نابێ میسالی قەل قوولی نەشکێ |
وەرە جانا لە ڕەغمی باغەوان ڕوویێ لە گوڵشەن کە | لە مەیدانی چەمەندا حەیفە تیپی گوڵگوڵی نەشکێ |
ئەوانەن مەرد کە عوریانی بە بەرگی عارییە نادەن | ژنە عاری کە بەر کرد تا دەقاقی سەرجلی نەشکێ |
دەمی خۆت بگرە بەردە دەس لە داوێنم ڕەقیب بەسیە | کەساز سازندە بوو نابێ دەم و لووتی تەلی نەشکێ |
لە حەمدی گەر ڕەقیب خۆی لانەدا یار قەهری لێدەگرێ | ئەوەندە غونچە ناپشکوێ هەتا دڵ بولبولی نەشکێ |
8
[edit]لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ | لە سوبحی سادقیش بەڵکە سپیتر بوو کە شەو دانگێ |
خودا حافیزی بێت بڕوا لە چاوما عەکسی گیراوە | کە ڕۆژ ئاوا ببێ بۆخۆم هەڵی دێنم وەکوو مانگێ |
هەزار بانگی بە ناحەقدا موئەززین باقییە هێشتا | کە مەنسووریش بەسەر دارا ئەکەن بیدا بە حەق بانگێ |
کە چاوی هەڵبڕی مومکین نییە بەندی جگەر نەبڕێ | هەزار نەشتەر لەلام وایە نەکا تەئسیری برژانگێ |
زەمانێکە بە ڕۆژووم بەو ئومێدەی هەر دەڵێم بیکەم | لە قورسی ڕوومەت و عەننابی لێوت بەڵکە بەربانگێ |
هەموو ئەعزای دەمە بۆ گرتنی یاران ڕەقیب یاڕەب | لە دەریای خوڵقەتا نابێتەوە بەو نەوعە قرژانگێ |
لە تاعوون و وەبا بێ باکە لەوساوە فەلەک حەمدی | هەناسەی سەردی تۆ ئەیدا بە دووکەڵ کوللی شەو قانگێ |
9
[edit]لەگەڵ ڕوومەت برۆت هاتۆتە مەیدان و جەدەل دێنێ | هیلال و خۆر لە مەغریبدا نموونەی ئەو مەسەل دێنێ |
بەبێ نووری جەمالت دیدە لێڵایی بەسەر دادێ | بەبێ سورمەی غوباری ڕێگەکەت ئەلبەت سەبەل دێنێ |
سەبا ڕەحمت ببێ بەسیە پەرێشانی مەکە پەرچەم | بە تەشویشی دەخیلت بم، شعووری من خەلەل دێنێ |
بەحەق حەقی جەنابی بولبولە نۆشینی عەتری گوڵ | دراوە ئێستە بەو مێشانە وا تۆزی عەسەل دێنێ |
کە وەستا مۆرەیی تاڵیع لە خانەی هەشتەما زانیم | تەنەزوولمە لە کورتیدا شەمس ڕوو بۆ حەمەل دێنێ |
دەکا سوڵحی عوموومی هەر بە یەک توڕڕە سەری زلفت | بە تەحریکی موژە چاوت کەچی حەربی دووەل دێنێ |
بە حیکمەت ناکرێ بیماری ئولفەت حەمدی یا چارە | نەسیمی کۆیی جانانە کە دەرمانی عیللەل دێنێ |
10
[edit]ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ | دڕک دەگرێ گریبانی سەراسەر یەخخە ئەدڕێنێ |
ئەگەر مەستی نیگاهێ بێتە سەیری مەجلیسی عوشرەت | سەری ساقی و ملی مینا بە بەردی تەعنە دەشکێنێ |
بە شەو زلفی لەسەر ڕوومەت کە لادا ڕۆژێ هەڵدێنێ | بە ڕۆژ بیخاتە سەر ڕوومەت بەسەر ڕۆژایە شەو دێنێ |
قیساسم کەوتەسەر من قاتیلی عەشقم بە ڕیسوایی | حەیاتی عالەمی تێدایە خوێنم بێت و بڕژێنێ |
بە مەیلی سەردەوە وەک ئاگرێ بەربوویە عومری من | دەخیلت بم ئەگەر وریا نەبی عالەم دەسووتێنێ |
ئیلاهی شانە لەت لەت بێ سەری ئەو پەرچەمە خاوە | ئەمەندەت پێچ و تاب داوە خەریکە دڵ بخنکێنێ |
قسەی شامی فیراقی خۆت بکە نەک باسی زلفی یار | خەیاڵێکی گوڵی ئاڵۆزە حەمدی ڕشتە ئەپسێنێ |
11
[edit]نەپشکووت ئەو دەمە وامایەوە ئەشکالی دڵ جارێ | دە چیبکا غولغولەی بولبول نەگاتە سەمعی گوڵ جارێ |
ڕەقیب و دلبەری دنیا بەیەک سک هەر دەبێ بووبێ | گوڵێکی بێ دڕک دیوتە کە بێتە دەر لە چڵ جارێ |
لە زلفی ئەو بتەم زەننارە بێ باکم لە نار و مار | سەرو ئازادی کرد قومری کە تەوقی کردە مل جارێ |
بە باسی جیلوەی ئەو ڕوخسارە نابێ دڵ مونەووەر کەم | کە دڵ فانۆسی یارانە نەوەک بێ موشتەعیل جارێ |
چ لازم مەنعی ئەو دنیا پەرستە موددەتولعومری | لە ئەفعالی قەبیحی خۆی نەبووبێ مونفەعیل جارێ |
کە دەستی گەییە قەبزەی تیغی ئەبرۆی چاوی خومماری | وتم حیفزی بکەی ڕەببی لە فیتنەی مەستی کل جارێ |
بەجێیە کوشتنی عاشق ڕەقیب ئەمما لە حورمەتدا | وتی سەبرت ببێ جارێ ببم بەڵکو خەجڵ جارێ |
مەگەر گەردم خەیاڵی عالەمی دامەن بکا حەمدی | لە ڕێی وەسڵا نەبوو نەشکێ بەجارێ پێ و پل جارێ |
12
[edit]قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ | کە نەیبێ کوڵمی هەر وەک گوڵ کڵافی میشکی تاتارێ |
مەلەک لەم ئاسمانانە کە مەشغوولی چراخانن | لە عوششاقا بە تاریکی دەڵێن نەک مابێ بیمارێ |
لە شارا جێی نەما مەجنوون لەبەر ئەحواڵی بەدمەستی | بە پیاڵەی دیدەیی لەیلا کە نۆشی فەرموو سەر شارێ |
لەبەر پێی شەوقی فەرهادا لە کاهێ کەمترە کێوێ | کە بولبول نێزە نابینێ لە گوڵشەندا بەقەد خارێ |
سحوورم قورسی ڕۆژی ڕوومەتی بوو ئەم سبەینێیە | چ خۆشە گەر بمێنم مەغریبیش بیکەم بە ئیفتارێ |
شوکر شاخی جنوون کەوتە چرۆکردن لە کەللەمدا | ئومێدم بەردەبارانە ئەگەر زوو بۆم بدا بارێ |
بەبێ یار و دیاریدا دیاری داوە مەحروومم | ئەوانەی بەختییان یارە یەکی کەوتۆتە دووی یارێ |
لەبەر کۆیی خەراباتا بەگەردی گەر حیسابم کەن | وەکوو کل گەر لە چاوم کەن بە تەکیەم من نییە کارێ |
لە ڕووتا من کە زەنناری زلف بەستم لە تار و مار | چ پەروامە خەلیلی عەشق ئەکا دۆزەخ بە گوڵزارێ |
خودا قودرەت بە خوێنی جەرگ و دوودی ئاهـ و ئەشکمدا | چ موحتاجم بە گوڵزار و خیابان و بە جۆبارێ |
لەبەر فریادی فەرهادا دەناڵێ بێستوونی چەرخ | کە چی شیرین نییە ئەی دڵ بکەین گەر ئێمە هاوارێ |
بە ناحەق من، بە حەق مەنسوور دەبێ بکرێ بەسەر دارا | حەق و ناحەق نییە مەقسەد عەشق لازمیە سەردارێ |
قسەی خۆی بردە سەر ئەو شۆخە حەمدی بۆ چی بێ شەرتە | کە شەرتی کردبوو نەیکا لەگەڵ کەسدا وەفا جارێ |
13
[edit]دەکێشێ نەقشی شیرینت هەتا پەنجەم قەڵەم دەگرێ | بەبێ فیکرت نییە قەلبم هەتا گۆشەی عەدەم دەگرێ |
لەگەڵ یارا ڕەقیبم دی وەکوو زەحمەت لەگەڵ ڕەحمەت | لە زوڵماتا ئەدا شوعلە غەزەب هەر بۆ کەرەم دەگرێ |
بە حیکمەت چاکە بیستوومە بسووتێ عەنبەری ئەشهەب | بە بۆنی زلفەوە جانا دڵم دەردی وەرەم دەگرێ |
چ حاجەت بێمە سەر باسی ویساڵت چەندە موشتاقم | دەمی دەشکێ قەڵەم، کاغەز ئەمەندەی کە ڕقم دەگرێ |
مەقامی عالیی تا بێ عوزاری تۆیە بۆ خاڵت | دەڵێی فیرعەونە نەشئەی خۆی لە گوڵزاری ئیرەم دەگرێ |
دەکا ئیعلانی مردن موو بە موو ڕیشی سپی تازە | لەبەر چاوی ئەجەل نەفسم سەگێکە ئێستە دەم دەگرێ |
بە ڕەنگی زەردەوە عاشق ئەگەر یاقووتی ئەسفەر بێ | بە غەیری تۆ کڕیداری نەبێ قەدری بەکەم دەگرێ |
شەهیدی عەشقە حەمدی لازمە بیبێ عەلاماتێ | لەسەر ئەم ڕووپەڕە یەک مەسرەعی کەڵکی عەلەم دەگرێ |
14
[edit]بەهای یەک کلکە توورە گەر کلی تووری بە کلتوورێ | بەری بۆ ئاهوویێکی مەستی نازی دیدە مەخموورێ |
بە زەننار و چلیپا بۆ چی مل نادەم کە وەک زلفە | لە سەبحە و تەیلەسانم چی ژنانە موو و بەرموورێ |
بە ئومێدی وەفا عاشق ژیا ئاخر جەفا کوشتی | بە دوو دیدەی فەلەک نەیدی وەک ئەو بێ چارە مەغدوورێ |
لەبەر قاپی خەراباتا قەلەندەر مەشرەبێ دەیوت | ئەسەف پیری موغان ئەم جێگەیەی داوە بە مەستوورێ |
بەسە بۆ خاریقەی بەدبەختی من دۆزینەوەی یارێ | نە دین و ئایینێکی بێ، نە قانوون و نە دەستوورێ |
لە خیلقەتیایە ڕیحلەت وا ئەزانم پیرەزاڵی دەهر | نەوەک تۆ دلبەری دینی نە میسلی پیلەتەن پوورێ |
لە چینی پەرچەما تۆمار و توڕڕەیی نایە سەر خاڵی | وتی با ئەم حەبەشزادەش لە چینا بێتە فەغفوورێ |
کە ماری زلفی حەڵقەیدا لەسەر گەنجینەیی لێوی | وتم بەم نەوعە با قاڕوون دەرێنێ گەنج و گەنجوورێ |
قسەی عوششاق و تۆ هەروەک قسەی فیرعەون و مووسایە | ئەگەر بووبێ لە فیرعەونا میسالی ئێوە مەغروورێ |
جەفای ئەو شۆخە وەک شەوقی قەمەر حەمدی جیهانگیرە | بەڵێ عەنقایە چاوت کەوت لە عالەمدا بە مەسروورێ |
15
[edit]لە من با دڵ وەکوو دنیا هەتا مەحشەر تەوەللا بێ | وەکوو مەجنوون دڵ و دنیا فیدایی چاوی لەیلا بێ |
وەرە مەستانە بۆ گوڵشەن بە مەخمووری نیگاهێکە | بە کوێری چاوی نێرگس جا لەمەولا مەست و شەهلا بێ |
بەیادی قامەتت دایم خەریکی ئەم خەیابانەم | لە جەولاندا ئەڵێم بەڵکە یەکێ هەمڕەنگی باڵا بێ |
دەمی تۆ و غونچەیە ئەسبابی دڵتەنگی من و بولبول | کە یاری فەیز بەخشە هەر وەکوو گوڵ ئاڵ واڵا بێ |
وەرە جانا بە تاریکی خەریکی خاتیمەی عەشقم | بەڕووتی ڕوومەتت بنوێنە با شەمعی موتالا بێ |
بە سەهلی دەم لە ئەسراری دەمی نامەرد مەدە حەمدی | نەپشکووتوو کە نەبووە غونچە پڕ لوئلوئی لالا بێ |
16
[edit]لە بەر قاپی خەراباتا کە وەک ڕەعد نەعرەدا مەستێ | لە غەیب بەرقی ئەدا بۆ مووددەعی تیغی لەسەر دەستێ |
حقووقی بولبولانیش چوو لەناوانا جەنابی گوڵ | کە گوێی وەک ئەو نیگارەی ناوەتە ژێر دەستی بەردەستێ |
لە باڵا ناگرێ جێگەی لە دامەندا ببێ گەردم | کە تا باڵانشینی بێ بەڵا ناگاتە سەر پستێ |
چ سەربەستە ئیلاهی ئەم ستەمکارە لە قەتلی من | بە مووسا باوەڕم نایە کە فیرعەون وا کەمەر بەستێ |
بەدەست دەرخستنی دنیای کە شێواند ڕوومەت و قامەت | کە دەرخا ڕەنگە هەر ڕۆژی قیامەت بێ حەشر هەستێ |
وشک هەڵهاتووە لێوم وەکوو پووش و هەناسەی سەرد | میسالی بەردە ئاهم ئاگرێ دێنێ وەکوو ئەستێ |
گەلێ حەمدی خودام کرد وەعدی وەسڵی خستە سبحەینێ | گەر ئارامی ببێ ڕۆحم دڵم ئەم موددە ڕاوەستێ |
17
[edit]بە بەرقی سینەیی شۆخێ کە دڵ چاوێکی بینا بێ | ئیتر ساحێب ئیعجازم کە موعجیز نووری مینا بێ |
خودا ڕۆژی لە هەر کەس کردەوە یەک شەو کیفایەتیە | چ ئەحمەد بێ، چ مووسا بێ، چ مینا بێ، چ سینا بێ |
18
[edit]مەڵێ جیننی هەموو شکڵی بچێ شکڵی مەلەک ناچێ | سولەیمان قەت لە عفریت و لە کورد هەرگیز وەلەک ناچێ |
کە مادام ئینقیرازی عالەمێکی مەقسەدە گەردوون | بەڵێ ئیشی موافیق قەت لە کرداری فەلەک ناچێ |
19
[edit]نیمە یارایی نیگاهی «غەین و میم و زێ و هێ» | غەمزە دڵدۆزە لەتم کە تۆ بە «شین و یێ و ڕێ» |
شیری ئەبرۆت یەک ئیشارەی بۆ منی شەیدا بەسە | تیژە چونکە داویە کوورەی موحیببەت «ئەلف و بێ» |
ئابی تیغت دیارە ئاوی زیندەگانی تێکەڵە | کوشتەگانت زیندوون تا ڕۆژی «حێ و شین و ڕێ» |
حەشرە هەستاوە لە عالەم قاپی تۆبە داخرا | غولغولەی عالەم کە گەییە ئەوجی «چێ و ڕێ و خێ» |
چەرخی کەچ ڕەفتارە باقڵ دەورەیێکی تر ئەدا | پڕ زەهر کا جامەکەم وەک «شین و ڕێ و بێ و تێ» |
شەربەتی مەرگی لە ئاوی زیندەگی پێ خۆشترە | وەعدەیی وەسڵی نەدەیتێ «حێ و میم و دێ و یێ» |
حەمدی تاکەی هەر بناڵێنی لەژێر باری غەما | بۆ چی نابێ ئەی سەنەم ڕەحمت بەویشا جاری بێ |
20
[edit]خوێنی چاوم وا خرۆشاوە خەریکە سەربەرێ | ئیحتیمالە بەم کوڵی گریانە ڕیشەی دڵ بەرێ |
دڵ نەبێ چیمە لە بەحری عەشقی یاری بێ وەفا | هەڵدڕێ ڕەببی وەکوو ماسی بە نووکی خەنجەرێ |
عاشقی ئەمڕۆ لە دنیادا نەمابوو نەوعی تۆ | گەر بە بێ ڕەحمی دەبوو شۆخی قەشەنگی دلبەرێ |
نازی ئەرزی بۆ نەکێشێ ئەوجی ئیعلایی فەلەک | کەی بە سنگی خۆیەوە دیویە وەکوو تۆ ئەختەرێ |
بێرە خەندە غونچە قیڕووسیا وەکوو گوڵ شەق دەبا | با ئەمەندە بگری بولبول تا وەکوو گیانی دەرێ |
خاڵییە دنیا لە مەرد و تاقەتی سەودا نەما | بێتە مەیدانی موحیببەت ماوە گەر تەنها سەرێ |
تۆ خەرامان بێرەوە دەڕوا جەهەننەم عالەمێ | سەد هەزاری هەر وەکوو حەمدی لە دەوری تۆ گەڕێ |
21
[edit]دڵ دەزانی بۆ لە شوعلەی کوڵمی لەیلا ناگەڕێ | تا نەسووتێ عەیبە پەروانە لە لەمپا ناگەڕێ |
زلف و ڕوومەت کفر و ئیمانە بە شەرعی عاشقان | دڵ لە مزگەوت دەستی ششت و بۆ کڵێسا ناگەڕێ |
غولغولەی هیجرە نیشانەی زەمزەمەی ڕۆژی ویساڵ | تا سەبو قولقول نەکا مەعلوومە سەهبا ناگەڕێ |
بێ سەرە سەرو و سنەوبەر بێ بەرە قەدری نییە | بۆیە وەستاوە لە دەوری قەددی ڕەعنا ناگەڕێ |
پڕ لە عەشقی تۆیە خۆشی هەر لە دنیا لانەدا | بەر شەقی دە هەر سەرێکە بێ دوو سەودا ناگەڕێ |
من زەعیفم دەردەچێ نەفسی قەوی باقڵ لە دەست | تۆ پەتی کە ئەم سەگە چونکە بە هەودا ناگەڕێ |
چی لە کل کا گەر گڵی دەرگانەکەی تۆی دەس کەوێ | بۆ جەواهیر سورمە ئەلبەت چاوی بینا ناگەڕێ |
چوویە گوڵشەن ئابڕووی گوڵ بۆیە یەکجاری تکا | عادەتا کوێرێکە نێرگس مەست و شەهلا ناگەڕێ |
دەک خودا وەرگێڕە ئەم چەرخە لەبەر بێ هیممەتی | قەت بە مەیلی ئەهلی هیممەت دەوری دنیا ناگەڕێ |
عاشقی مەهجوورە حەمدی تۆ مەپرسە حاڵی ئەو | عەهدی کرد بێ یادی تۆ ئەو دەشت و سەحرا ناگەڕێ |
22
[edit]غەیری ئەم سیانە لە گوڵشەن مەنعی من ناکا کەسێ | باغەوان یەک، بولبولان دوو، خاری دامەنگیر سێ |
سێ بەڵایە وا منی شێت و لەت و پەت کردووە | چاوی یەک، ئەگریجە دوو، ئەبرۆیی وەک شمشێر سێ |
کوشتە و دڵ پڕ لە داغ و بەستەیی سێ کافرم | خەتتی یەک، خاڵی سیەهـ دوو، گێسوویی زنجیر سێ |
زار و دڵخون و جگەر کون کون بویی ئەم سێ شتەم | خەندە یەک، دوو لێوی دوو، موژگانی هەر وەک تیر سێ |
وا ئەزانم بەرکەسی ناخەن بەهەشتیش سێ گروهـ | عەشقییا یەک، سائیلان دوو، مورشیدی ڕەنگ پیر سێ |
ئەم سیانە نایەڵن بمرم لە کۆیی دلبەرا | تەعنە یەک، تەزویر دوو، زەردەخەنەی تەحقیر سێ |
مانیعم سیانە کەڕ و لاڵم ئەکەن وەختی ویساڵ | شەوقی دڵ یەک، نازی یار دوو، پەنجەیی تەقدیر سێ |
تا ببن ئەم سیانە لوتفی قەت لەگەڵ حەمدی دەبێ | کیبری ئەو یەک، زیللی من دوو، فیتنە و تەزویر سێ |
23
[edit]لەم مەسافی عەشقەدا عاشق دەبێ بێ سەر کەوێ | داری مەنسوورە بەبێ حەق کێ هەیە بێ سەر کەوێ |
ئارەزووی قەتلت کە کردم شیر و تیرت بۆ چییە | کافییە موژگان و ئەبرۆت گۆشەیێکی دەرکەوێ |
دڵ کەناری گوڵگوڵی کردم بە خوێنی ئاڵ و گەش | بەڵکە جارێ بێتە سەیری بەر دڵی دلبەر کەوێ |
ڕەببی مووی لێبێ زمانم زیکری زلفی تۆ نەکا | گەر دەمم بێ باسی تۆ بێ بەردەمی ئەژدەر کەوێ |
بۆ بەڵا بێ ڕووبەڕووی تۆ بێ دوو چاوم حازرە | ئەو خسووفەی بۆ قەمەر دێ با لە دوو ئەختەر کەوێ |
زلفەکانت کەوتە سەر ڕوومەت بە بۆنی خستووم | دەستە دەستە عود و عەنبەر وەک سەری مەجمەر کەوێ |
دوودی ئاهی خەستەگان و دەردی فیرقەت یەک نەکەوت | خەرمەنی عومری ڕەقیبان بەڵکە بەر ئاگر کەوێ |
دەردی گرتووە نەخلی عومرم بۆ ئەڵێن بەرناگرێ | کێ بەری نەخلی مورادی سیححەتە بێ بەر کەوێ |
من نەخۆشیم گرتووە بمری بەری نادەم ئیتر | دوور لە تۆ زەحمەت دەدا با لەمسەر و لەوسەر کەوێ |
مونکیرت زۆرە وەرە حەمدی بنێرە کوورەوە | کۆمەڵێ لەعل و جەواهیر تا لە جێی ئەخگەر کەوێ |
24
[edit]باسی کوڵمی تۆ بنووسێ چۆن قەڵەم گوڵ ناگرێ | یا بکا یادی دەمت غونچە وەکوو چڵ ناگرێ |
چۆن بەسەر نێرگس نەگیرێ ناوی چاوت بێتە ناو | وەک وەنەوشە بۆ مل و خاڵت بە کەچ مل ناگرێ |
25
[edit]گەر لە مەحشەردا ئەبوومە مالیکی جەننەت شەوێ | حۆر و غیلمان و بەهەشت و قەسرەکانم دەس کەوێ |
نەوعی تەمسیلی ئەرازی کورد و کوردستان ئەکەم | هیچ کەسێ فەرقی نەکا ئێرانە خۆشە یا ئەوێ |
26
[edit]تیری برژانگی لەلام وایە سەهل دڵ هەڵدرێ | بەندی جەرگ و ڕشتەیی سەبر و تەحەمموول بپچڕێ |
باز بە چاوی جوانەوە ڕەنگە لە شەرما هەڵفڕێ | «لاوی قەد لاولاوی من گەر بێ بەناز چاو هەڵبڕێ |
وا دەزانم شێخ لە من زووتر لە ئیمان وەرگەڕێ» | |
لەم گرۆهی شێخە زاتەن کردبووم زووتر ویداع | چونکە دەمزانی بە حیلە دەمخەنە سەر ڕێی تەماع |
تەکیە ئەنواعی دەسیسەی تیایە فابریقەی مەتاع | «ڕۆژێ بێ جام کرد و ساتێ چوومە لای شێخ بۆ سەماع |
وەک کوزە کەمتیاری پێ بێ ساعەتەن لایدام لە ڕێ» | |
عومری خەڵقیان هەر بە وەعدەی هیچ پووچ داوە بە باد | حیرەتم بەم تەفرەدانە بۆ ئەبن مەمنوون و شاد |
دوێنێ یا برسی بووە نەیماوە خەرجی ئاو و زاد | «واعیز ئەمڕۆ هەم دیسان حەڵواخۆری کەوتۆتە یاد |
نەک لە ڕێگەت لا بدا گوێ مەگرە لێی با هەڵتڕێ» | |
فیکر و زیکرم یارە مەعلوومە لە عالەم ڕۆز و شەب | گەر کفر نەبوایە ئەموت ئەیپەرستم میسلی ڕەب |
چی بڵێم جوزئی تەبیعەتیە بەبێ بوونی سەبەب | «باز ڕەقیب دەستی بە فیشاڵ کردەوە وەک بای غەزەب |
بۆیەکا ئەمشەو لە بەزمی یار چرای من ناگەڕێ» | |
نییەتی تۆ خێرە با عالەم بزانێ عامیلی | بمکوژی ئەمجا لەسەرچی توخوا تۆ ماتەلی |
واهیمە گرتووتی یاخۆ هەر بە فکری باتیلی | «خوێنی من بۆ شوێن ونێ دەسڕی بە پەنجەی قاتیلی |
وەختە خۆی ئەنگوشتنوما کا لێی گەڕێن با بیسڕی» | |
خەڵقی ژینیان مەتڵەبە بۆ کەیف و سەیرانی جیهان | ئارەزووم نە ژیانە من تا بچمە ڕیزی عاشقان |
عاشقانی چونکە کوشتووە مامەوە من بۆ نیشان | «تیغ بە ملما دێنێ بە درۆ پێم دەڵێ نابڕێ قوبان |
تیغی ئەو دەبڕێ بەڵا هاوارە بەختم نابڕێ» | |
توخوا «حەمدی» بە غەیری مەیکەدە بۆ کوێ چویی | عاشقی مەیخوارە نابێ کردبێتی بەدخویی |
کفر و ئیمان باس ئەکەی نەتماوە مەیلی کەم دویی | «وای دەزانی ناسکە سەر چاوی «کوردی» پای نەنا |
وا بە پا خۆشە بووە بیشیکوتن دەرناپەڕێ» |
27
[edit]یا ڕەسوولەڵڵا زەلیل و دڵ حەزینم، ڕەحمەتێ | موستەمەند و بێ قەرار و بێ قەرینم، ڕەحمەتێ |
ڕاحەتی قەلب و وجوود و عیززەتی نەفسم نەما | وەختی مەرگە حافیزی ئیمان و دینم، ڕەحمەتێ |
دادخواهی مەحشەر و پشت و پەناهی موئمینان | هەمنشینی زاتی دنیا ئافەرینم، ڕەحمەتێ |
با بە «بِس٘مِ اللهِ الرَّحمنِ الرَحيم» دەس پێ بکەم | چونکە تینووی ڕەحمەتم دڵ ئاگرینم، ڕەحمەتێ |
کائینات «الحَمدُ لِلّه» پڕ لە نووری ڕوویی تۆ | ئەی حەبیب و یاری «رَبِّ العالَمين»م، ڕەحمەتێ |
ئەی وجوودت مەنبەعی ئەڵتافی «رَحمٰنِ الرَحيم» | «مَالِكِ»ی ئیعجازی شەمسی «يَومِ الدِّين»م، ڕەحمەتێ |
قائمی «إيَّاكَ نَعبُد» بووم بە تەبلیغاتی تۆ | وا «وَ إيَّاكَ» دەڵێم بۆ «نَستَعِين»م، ڕەحمەتێ |
«إهدِنا» بۆ ڕێی «صِرَاطَ المُستَقِيم»م تو خودا | بۆ ئیرائەی ڕێیی «صِرَاطَ الَّذيِن»م، ڕەحمەتێ |
من لە «ان٘عَم٘تَ عَلَيهِم٘» با نەبم بێ بەش چییە | خۆ سەگی کۆیی ئەمیرول مورسەلینم، ڕەحمەتێ |
«غَي٘رِ» تۆ کێ من لە «مَغضُوبِ عَلَيهِم» لا ئەدا | وەک «ولاالّضالِّيِن» ئامین هیچ نەبینم، ڕەحمەتێ |
توخودا غافل لە حەمدی قەت مەبە ڕۆژی جەزا | ڕووسیاهم ئەی شفيع المذنبينم، ڕەحمەتێ |
28
[edit]یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم، تۆبە بێ | هەرچی هەم بێ شک سەگی ئاسانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
زەڕڕەیێ شوعلەی جەمالت کائیناتی کردە نوور | هەر وەکوو زەڕڕە منیش پەروانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
ئەنبیا هەر کەس بە ئوممەتیانەوە وەک من دەڵێن | ئینتیزاری هیممەتی مەردانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
ناسیخی جوملە کیتاب و جامعی جوملە کیتاب | کافریش بم عاشقی قورئانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
سەیری ئەعمالم دەکەم دایم فیغان و ناڵەمە | گەر موفەڕڕەح بم لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
هەر بە ئانێ کاشفی سیڕڕی سەماوات و مەلەک | من وەک ئەفلاک و مەلەک حەیرانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
خاتیمەت کێشا بە فەرمانی هەموو پێغەمبەران | من وەکوو مەهدی لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
جەژنی قوربانە قەسابیش حازرە خۆزگەم بە خۆم | خۆم و ئەولادم هەموو قوربانەکەی تۆم، تۆبە بێ |
بێ کەس و حەیران و سەرگەردانە حەمدی وەک عەرەب | الأمان دەستی من و دامانەکەی تۆم، تۆبە بێ |