دیوانی بێخود/ە
Appearance
1
[edit]ئەوی دانایە جەرگی وەک پەڵاسە | ئەوی نادانە نازانێ چ باسە |
2
[edit]حەپس و عەزلی من لەسەر شانم ئەگەرچی برمەیە | چونکە ئەمری ئێوە بوو پاڵتاوی شاڵی تورمەیە |
گەردی ڕێت تاکەی لە بێخود مەنع ئەکەی ئەی ماهی میسر | چاوی ئەم یەعقووبە موحتاجی جەواهیر سورمەیە |
3
[edit]فیدات بم تۆ و خودا ئەی قەبری تەنگ و تیرە بڕوانە | کە ڕووناکی دوو چاوی بێخودت ئێستاکە میوانە |
ئەگەر دیققەت بکەی لەم میسرەعی تەئریخە، ئەیزانی | لەبیبێ بۆتە میوانت کە ئارامی دڵ و جانە |
4
[edit]لە بێخود ویستیان بۆ کۆچی شێخ ئەحمەد لەقەب موختار | بە هیجریش ساڵی تەئریخی بڵێ ئەو پیری وەستایە |
ئەویش فوجئی لە تەئسیراتی خەرقی عادەتی مەرحووم | بە حەرفی جەوهەری نووسی کە قازیی جەنەتئارایە |
5
[edit]لە حەسرەت لێوی ئاڵی ئەو نیگاری سوخمە شێرداخە | دڵم یا خوێنە، یاخۆ داخە، کارم ئۆفە یا ئاخە |
بە یادی شۆخیی ئەو چاوغەزاڵەی کەبک ڕەفتارە | نەزەرگاهی دڵی دێوانە یا سەحرایە یا شاخە |
ئەزانی من شەهیدی غەمزەم ئەی قەبرەڵکەنی دڵسۆز | لە باتی گوڵ لە قەبرا تۆ خودا خارم لە بۆ ڕاخە |
6
[edit]دڵم مەفتوونی چاوی دڵبەرێکی نیکتەپەردازە | کە مەحزی حوسنە، عەینی شۆخییە، سەرچاوەیی نازە |
لە باغی نازکیدا موعتەدیل سەروێکی ساوایە | لە دیوانی چەمەنزاری دڵا فەردێکی مومتازە |
بە زۆری حوسنی خۆی ئیقلیمی ئەرز و ئاسمانی گرت | لەسەر تەختی زەمین شاهی زەمان ماهی فەلەک نازە |
سووەیدای پەرچەمی وەک فەجری کازیب زوڵمەت ئەفشانە | بەیازی گەردەنی وەک سوبحی سادیق پەڕتەو ئەندازە |
هەرێمی چاو و بەینی ڕوومەت و تاقی خەمی ئەبرۆ | مەتافی نازە، کەعبەی ئیمتیازە، قیبلەیی ڕازە |
لە بازاڕی موحەببەتدا هەزار لۆمەم بکەن ئیخوان | ئەڵێم ئەم یۆسفە، پێغەمبەرێکی خاوەن ئیعجازە |
دەخیلت بم بڵێ ڕازی دڵی خۆی دەرنەخا بێخود | کە ئەم کەرکووکە جێی ڕاوی شەهێن و واشە و بازە |
7
[edit]گڵی یاقووتە، تۆزی عەنبەری سارایە بەرزنجە | گیای زمڕووتە، بەردی گەوهەری یەکتایە بەرزنجە |
لەلای کوێر گەر بینای وەک دۆزەخە، ئەمما لەلای چاوساغ... | وەکوو قەسر و قوسووری جَنَّةُ المَأْوى یە بەرزنجە |
مەتافی یادگاری شێری یەزدان و حُسَيْنَيْنە | زیارەتگاهی ئالی حەزرەتی طاها یە بەرزنجە |
نەوەک هەر کانیاوی عەینی شەهد و شیر و تەسنیمە | درەختیشی لەلای ئەربابی خۆی «تووبا» یە، بەرزنجە |
بڵێ ڕووی تێ نەکەن دەججاڵ و فیرعەونی زەمان، بێخود | کە جەولانگاهی شێخ عیسا و شێخ مووسایە بەرزنجە |
8
[edit]لە سایەی نەخلی تووبای قامەتی ئەو نەونیهالانە | سولێمانی بەهەشتی عەدلە، یەعنی پڕ لە غیلمانە |
دڵی زاهید بەجارێ بۆ نەبێتە بولبول و قومری؟! | لەلایەک گوڵ، لەلایەک جیلوەیی سەروی خەرامانە |
عەلی کەیوانە، تەوفیق زوهرەیە، نووری شەباهەنگە | عەزیز خان ئافتابی حوسنە، فائیق ماهی تابانە |
بە یادی خەندەیی ئەو بۆ نەژی غەوواسی دڵ، یاران | «عەلی» یاقووتی یاقووتە، «عەلی» مەرجانی مەرجانە |
وەها بازاڕی حوسنی گەرمە «تەوفیق»، وەک «عەزیز» ی خۆم | خەریکی ڕۆحە بیدا موشتەری گەر ماهی کەنعانە |
بە سەربەستی مەڕۆ ئەی «بیژەن»ی دڵ بۆ نەزەر بازی | مەگەر نازانی «نووری» ساحیبی چاهی زەنەخدانە |
ئەوە ڕوخسارە یاخۆ قیبلەیی حاجاتی ئیسلامە! | ئەوە میحرابە، یا تاقی خەمی ئەبرۆی «عەزیز خان»ە |
لە توڕڕەی کافری «فائیق» مەدەن ئەی ڕەهڕەوانی دین | ئەوەندەی لێ ئەزانم ڕەهزەنی کاروانی ئیمانە |
لە عەبدێکی وەکوو من گەر ئەپرسن سەییدت کێیە؟ | ئەمیری مالیکی جان، یەعنی شاهەنشاهی خووبانە |
یەدی بەیزای بەغەڵ پەروەردەیی ئیعجازی شۆخێکە | لە عەینی فەسڵی شەودا ساحیبی سوبحی گریبانە |
زەمانی نەزعە، توخوا لێم مەپۆشە، چاوەکەم چاوت | پیاڵەت بێنە گەردش ساقیا، سا وەختی ئیحسانە |
ئەوەندە وەسفی لەعلی لێوی شیرینی ئەمانەم کرد | کەلامم بۆیە وەک «بەنگاڵ»ە، بێخود شەککەرستانە |
9
[edit]بە شەو دەرزیی موژە مەشغووڵە یەعنی چاک ئەکا سینە | بە ڕۆژ چۆغەی دڵی عالەم ئەدا ئەو شۆخە ماکینە |
وەها پەرچەم ئیحاتەی دەوری جەبهەی داوە ڕۆژ و شەو | ئەڵێی تەسخیری موڵکی ڕۆم ئەکا ئەم حاکمی چینە |
کە پێی هێنایە باغی دڵمەوە یارم بە دەستی ناز | گوڵی سەبری چنی یەک دەفعە ئەو بێ ڕەحمە گوڵچینە |
لە تەحریکی مەکینە هاتە گوێم دەنگێ بە سۆز ئەیوت: | خوا بمکەی فیدای ئەو ساعید و ساقی بلوورینە |
بە ئەبرۆی وەسمە ڕەنگی کوشتمی، خوێنم مەفەوتێنن | گەواهم بۆ سبووتی موددەعا شمشێری خوێنینە |
لە شەوقی ئینعیکاسی خاڵی ماوی ئەو کەوا تاقە | لەبەر نیلۆفەڕی ئەنجوم زەمین وەک ئاسمان شینە |
هەناسەی لێوی لالەی کێیە وا ڕەنگی بەهاری ڕشت | کە ئەم دنیایە یەکسەر باغە، ئەم سەحرایە ڕەنگینە |
خوا بمکەی بە پۆڕێ ئاشیانم مەنزەری ئەو بێ | کە شایەد ببمە سەیدی غەمزەیی ئەو چاوە شاهینە |
بە وەسڵی ئەو نیگارە بێ ڕەقیب زەحمەت بگەی بێخود | لە دنیادا کەسێ بێ ئەژدەها نەیدیوە گەنجینە |
10
[edit]بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە!؟ | جەننەتی فیردەوس و عومری جاویدانم بۆ چییە!؟ |
تا موژە و ئەبرۆیی جەوهەرداری تۆ بێ ئەسڵەحەم | خەنجەری قەزبین و شمشێری دەبانم بۆ چییە!؟ |
ڕۆژی وەسڵت هەر سبەینێیە کە وا پڕتەو نەدا | من لە تاریکی شەوی هیجرا ژیانم بۆ چییە!؟ |
سەیری تۆی گەر پێ نەکەم کوێر بم، ئەگەر چاوم بوێ! | وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم لاڵ بم، زمانم بۆ چییە!؟ |
تا بەهاری ڕوویی گوڵڕەنگت بڕێژێ ڕەنگی حوسن | سونبول و نەسرین و لالە و ئەرخەوانم بۆ چییە!؟ |
بۆ قەدی هەروەک عەسایە غەیری قومری مەشرەبان | هیچکەسێ نازانێ ئاهی ناتەوانم بۆ چییە!؟ |
جێگە گازی من هەتا ئەو ڕوومەت و ئەو لێوە بێ | سێوی سەردەشت و هەناری شارەبانم بۆ چییە!؟ |
تۆ کە چاوت پێم بڵێ دەرسی زوبانی ئەجنەبی | وەک موفەتتیش بەگ ئیتر من تەرجومانم بۆ چییە!؟ |
یار کە فەرمووی بێرە باغی ڕوومەوە بۆ گوڵچنین | بێخود ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە!؟ |
11
[edit]سوبحی فەروەردینە ئەمڕۆ، بولبولی دڵ بێ غەمە | گەر لە خۆشیا ڕۆحی دەرچێ باخەوان هێشتا کەمە |
هەر دەڵێی غیلمان و حوورن نەو عورووسانی چەمەن | ڕووی زەمین جەنناتی عەدنە، هێندە تازە و خوڕڕەمە |
وا لقی لاولاو بە قەد سەروی ڕەوانا هەڵچووە | بۆ لە باوەش گرتنی باڵای بتان وەک پەرچەمە |
گوڵ خەریکی ڕەنگ و بۆ یەعنی شەبیهی ڕوومەتە | خونچە مەشغووڵی تەبەسسوم، هەر دەڵێی لێو و دەمە |
زەمزەمەی سار و کەبووتەر وەک نەوای نای و نەیە | هەمهەمەی دوڕڕاج و قومری ڕاست ئەڵێی زیر و بەمە |
بێنە ناو بەزمی چەمەن دنیا ببینن سەربەسەر | نەشئەیی «نَظّارە» یی نێرگس ئەڵێی جامی جەمە |
با نەدوێن ئیتر لە ئەستێرەی شکۆفەی بورجی باخ | بێینە سەر ئەوسافی نجم الدّین کە بەدری عالەمە |
چونکە میعماری تەریقەت باوک و باپیری ئەون | بۆیە دیواری حەساری نەقشبەندی مەحکەمە |
ڕۆحی «هودهود» بۆ قوربانی دەم و لێوی نەبێ!؟ | وەک «سولەیمان»ی زەمان ساحیب نگین و خاتەمە |
بۆ لە یومنی مەقدەمی سەرتان نەگاتە ئاسمان!؟ | جیلوەگاهی ئافتابی ئێمە عەرشی ئەعزەمە |
خەڵقە بۆ ناچن لەبۆ ڕەوزەی بیارە بۆ تەواف؟ | خاکی وەک خاکی بەقیعە، ئاوی ئاوی زەمزەمە |
نەک بە تەنها قەیسەری ڕۆم خادیمی دەرگای ئەوە | بۆ سوجوودی حاجیبی خاقانی چین پشتی خەمە |
نێرگسی ئەو تا تەبیبم بێ چ باکم زەخمە من | بۆ برینی زاهیر و باتین نیگاهی مەرهەمە |
هێندە بۆ ئیحیای دڵی مردوو یەدی بەیزای هەیە | گاور و جووش پێی ئەڵێن مووسا دەسە و عیسا دەمە |
ئیلتیفاتی شاهی من بۆ دۆست و دوژمن وەک یەکە | خزمەتی سِيّانە، گەر بێگانەیە یا مەحرەمە |
خاکی بەرپێی ئەو بە بێخود گەر بە ڕیفعەت تالبی | دەس بە داوێن گرتنی بۆ بانی عیرفان سوللەمە |
12
[edit]ئەم پارچە شیعرە بە بۆنەی کۆچی دوایی میرزا فەرجی حاجی شەریفەوە وتراوە کە لە ساڵی ١٣٧٣ی کۆچیدا مردووە
قەت بە دنیا دڵ مەدەن، جادووگەری ئێرانییە | سینەمایێکی پڕ ئاشووب و فریب و ئانییە |
قەت بە خۆشی و ئاشنایی و دۆستی باوەڕ مەکەن | گەر تەماشا کەن ئەزانن دوژمنێکی جانییە |
هەرکە ڕۆژی عومری هەرکەس هاتە ئاوابوون، ئەجەل | مۆڵەتی نادا قەسەم بەخوا بە قەد یەک سانییە |
خاوەنی شان و شەرەف میرزا فەرەج ئالی شەریف | تاکوو دوێنێ بوو مەلیک، ئیمڕۆ مەلەک میوانییە |
بەسیە ئەم نیو شیعرە بۆ تەئریخی کۆچی ئەو کە وا... | دەست و دامێن گیری عەبدولقادری گەیلانییە |
13
[edit]تا لە من ئەو ماهی چاوبەخومارە خۆی ون کردووە | تفڵی دڵمی تووشی بیماری سەروبن کردووە |
من لە حەڵقەی خەتمی نازا زۆر هیلاکی غەمزە نیم | ڕابیتەی ئەبرۆ جگەرمی ئەنجن ئەنجن کردووە |
قەت بە بێداریم نەدی تالیع، ئەڵێی مامانی دەهر... | گۆشی ئەم منداڵە بەدبەختەی بە نووستن کردووە |
تۆ خودا با هیندە بگریم تا بزانن شارەزوور | سەیلی فرمێسکی من ئاوی زەڵمی لیخن کردووە |
خوا لە دزیایش هەتا ئەحمەد بڕندە و تا پریس | تا عەبابەیلێ و هەڵەبجەی قیبلە بۆ من کردووە |
ئەی فیدای ڕەحم و وەفاتان بم، مەگەر من یۆسفم | ئەم برای خۆتانە وا ئاوارە و ون کردووە |
ئێوە عیلم و في المثل بەندەش مەلا، بێ ئیختیار | خوا منی بۆ خوانی وەسڵی ئێوە نەوسن کردووە |
گەر کەتان و ڕۆژپەرستی ئێوە نیم، بۆ ڕۆژ و شەو | ڕووم لە مانگ و ڕۆژی وارماوا و بێدن کردووە |
نامەتان نایێت و ئەشزانن کە چاوڕێژی ئەزەل | چاوی تاریکی منی بەو سورمە ڕۆشن کردووە |
هێندە بێ ڕەحمن ئەڵێی ئاسنگەری ڕۆژی ألَسْت | دەرحەقی من لەوحی دڵتانی لە ئاسن کردووە |
گەر ئەپرسن چۆنە بێخود؟ دڕک و داڵی دەشتی ئیشق | دوور لە ئێوە پێی دڵیشی دەرزیئاژن کردووە |
14
[edit]کاغەزت هات و دڵی مردووی منی چا کردەوە | وەک مەسیحا، سامی ئیبنی نووحی ئیحیا کردەوە |
15
[edit]کاغەزم نووسی بە خوێنی دیدەکەم | نووری چاوم، ڕۆحەکەم، بیخوێنەوە |
16
[edit]کوردینە بە گەل بێنەوە وا وەختی سروورە | وەختی گوڵ و ڕێحانە و ئەسرین و چنوورە |
بڕواننە گوڵشەن کە ئەڵێی بۆقەلەموونە | گەهـ سەوزە، گەهێ زەردە، گەهێ ماوی و سوورە |
بڕواننە ئاونگ و گیا تاکوو بزانن... | ئەم هەر وەکوو زمڕووتە، ئەویش چەشنی بلوورە |
بڕواننە دنیا کە ئەڵێی جەننەتە ئیمڕۆ | لایێ هەموو غیلمانە، لەلایێ هەموو حوورە |
نێرگس کە تەماشاگەهی سەیرانکەرە ئیمڕۆ | وەک چاوی بوتان خاوەنی سەد جۆرە فتوورە |
خزمینە ئەگەر باسی من و باوکم ئەفەرموون | ئاغایە سولەیمان و کەمالیش وەکوو موورە |
17
[edit]ئەی دڵ لە داخی ئەو مەهە بتلێ بە دەردەوە | بڕژێنە ئەشکی گەرم بە دەم ئاهی سەردەوە |
دەرچوو بە داخی عەشقەوە ڕۆحی ڕەوانیان | فەرهاد بە بێستوونەوە، مەجنوون بە هەردەوە |
گەر وەسفی گەنجی ڕوویی ببێ جارێ باخەوان | وێران ئەکا چەمەن بە هەموو دار و بەردەوە |
شۆرێ بە یادی لێوی بڵێ ئەی حەمەی عەلۆ | ئەمما بە شیعری مونتەخەب و بەیتی فەردەوە |
بێخود لەباتی سورمە لەسەر چاوی دائەنێ | ناڵی وڵاخی ئەو بە هەموو تۆز و گەردەوە |
18
[edit]بەندی یەکەم | |
دیسان لە ئێمە قاپییەکەی غەم کرایەوە | دەرگای تەرەب لە عالەمی دڵ داخرایەوە |
دیسان جگەر کرا بە قەنارەی مەشەققەتا | یەعنی دوکانی چەرخی جگەرچی کرایەوە |
دیسان برینی کۆنی غەمی ئێمە هاتە سوێ | جامی فەرەح بە بەردی حەوادیس شکایەوە |
دیسان دو چاوی سووری |
19
[edit]کەوسەر وەکوو تەنوورەیی چاوی پڕاومە | دۆزەخ وەکوو تەنووری دڵەی پڕ هەڵاومە |
ئاخۆ ئەلەکتریکە شەوی کردە عەینی ڕۆژ | یا خۆ بڵێسەی ئاگری کوورەی بە تاومە |
لەنگێزەیی بەهارە کە هەڵساوە «خاصە»، یا | فرمێسکی چاوی سووری بەخوڕ داڕژاومە |
یەک جێگەپێ نەمایەوە بۆ من زەمینی دەیم | یەعنی لە فەیزی گریەوە دنیا بەراومە |
بۆنی کەبابە، بۆچەکی چزڵیکە دێ لە دوور | یا بۆچرووکی جەرگ و دڵی هەڵکزاومە |
هێلانە زەردەواڵە ورووژاوە بەم شەوە | یا گرمەگرمی سینەیی کونکونکراومە |
داخی شکستی دڵ نییە ئەیخۆم لە موددەعی | دەردی بە بەردی حادیسە شووشەی شکاومە |
غەم واسیتەی حەیاتی منی بێکەسە و فەقیر | غەم نان و ئاو و چایی و گۆشت و پڵاومە |
بەربووم ئەگەر لە داوی تەعەللوق، ئەما بە ڕۆح... | دڵ گورپەگورپی پەرچەمی چین چین و خاومە |
وا تێ نەگەی لە ڕەعشەیی پیریمە ئەی جەوان | لەرزینی تیری غەمزەیی شۆخێکی لاومە |
شۆخێ کە یادی ئارەقی بۆنخۆشی لاملی | قۆڵۆنیا و شووشەیی عەتر و گوڵاومە |
شۆخێ کە ڕابیتەی دەمەکەی پڕ لە خەندەکەی | خۆنچەی گوڵی بە ئاوی حەیات ئاودراومە |
شۆخێ کە یەک موژەی بە مەسەل بۆ زەبیحی من | سەد خەنجەری خەلیلی بەدایم سواومە |
پەروانە نیم کە عاشقی شەمعی کوژاوە بم | پەروای چرایی تاکوو ئەبەد هەڵکراومە |
مەجنوونی لەیلی چاوی غەزاڵێکی «هاشمی» م | شاهید دەروونی چاک و یەخەی دادڕاومە |
یۆسف مەتاعی من نییە لێم لادە ئەی عەزیز | سەودای نگینی خەتمی ڕیسالەت بە ناومە |
بۆ گۆشەیێکی تێغی برۆی وەک ژنانی میسر | پەیوەستە ئارەزووی لەپی دەستی بڕاومە |
بۆ زەڕڕە خاکی توربەتەکەی ڕەشکی جەننەتی | یەک دەفعە بووم بە نێرگس و هەر چاوەچاومە |
*** | |
ئەو توربەتەی کە سە یقەلی میرئاتی چاومە | ئیکسیری قەلبی مەعاسی خوراومە |
ئەو توربەتەی کە خۆڵ و گڵ و وردە بەردی ئەو | ئاڵتوون و زیو و لیرە و غازی و دراومە |
ئەو توربەتەی کە تۆزی ئەگەر بێتە سەر سەرم | نایدەم بە تاجی خوسرەو و جەم گەر کڵاومە |
ئەی بازی سیدرە تۆبی خودا بۆ چی ناگری | نێچیرەکەت کە پۆڕی دڵی هەڵفڕاومە |
هەر فیکری تۆیە باعیسی ژین و حەیاتی من | هەر زیکری تۆیە قووەتی ئەژنۆ و هەناومە |
هەر وەسفی ڕووتە هەر قسەیێ وا لەسەر زمان | هەر سەرفی مووتە هەرچی خەیاڵی بڵاومە |
هەر وەک مناڵە کوردێ کە ون بێ لە باوکی | ئەگریم بەرەو مەدینە و هەر باوەباومە |
مەڕوانە چاوی تەڕ، بە خودا زۆر خەجاڵەتم | گریان نییە، دڵۆپی حەیاکەی تکاومە |
باکم لە دانەنیشتنی مەنهی نییە، بەڵام | ترسی بە ئەمری حەزرەتی تۆ هەڵنەساومە |
چاکەم بە دەست خراپەوە هەر زاک و زووکییە | چ بکەم پەرۆشی ماڵی بەتاڵان براومە |
سا تۆش بفەرموو: خادیمەکەی دەرک و بانی خۆم | پەت کەن کە چونکە ئەو سەگی قول هەڵکراومە |
یەعنی بە شەو ئەگەر سەگە، ئەیکەم بە توولە ڕۆژ | ئەم سەگ بە توولە کردنە بۆ پاس و ڕاومە |
من چونکە غەیری شیعر و غەزەل هیچی کەم نییە | بۆ خزمەتت هەر ئەم دووە دیاری نراومە |
دایم لە سەییدم ئەمەتە جائیزەم بڵێ: | بێخود قولی بە نەقدی شەفاعەت کراومە |
20
[edit]بێخود کە وا بە جان و دڵ ئەی خواجە بەندەیە | بەندەی وەفای شێخەکەی ئەحمەد بڕندەیە |
عەبدولکەریمی خۆم کە لە باخی مەحەببەتا | وەک گوڵ بەڕووی هەموو کەسەوە دەم بە خەندەیە |
ڕۆحم لە خۆشی قاقەزەکەت زوو کە دەر نەچوو... | جانسەختە، تیرەبەختە، نەفامە و سەهەندەیە |
یا شێتی عەشقی دڵبەرە ئاگای لە خۆی نییە | یا وەحشییێکە هەمدەمی دەعبا و دڕندەیە |
تریاقی نامەکەت کە گەیی بێخودی سەلیم | باکی لە ماری غەم نییە گەرچی کوشندەیە |
21
[edit]سەندت لە دەسم خودا هەچی موڵکی منە | دات بەو تەرەسەی کە وا نە پیاوە و نە ژنە |
لەم گەردشی چەرخە تێگەییم ئەی بێ باک | شیر لێدەر و دەفزەنت وەکوو یەک لە کنە |
22
[edit]بێخود شەوەکەی هەتا بڵێی تاریکە | ڕێگەش بە خودا درێژ و زۆر باریکە |
کاروان هەموو باری کردووە ڕۆیشتن، تۆش | خۆت گورجەوە کە کە ڕۆینت نێزیکە |
23
[edit]ئەی خاکی سیاهـ مستەفا مەزهەر بەگ | بیناسە مودیرێکە مەعاریف پایە |
وا هات و لە خزمەتی نەفەرمووی سستی | چونکی ئەوە وەک هوما و تۆ وەک سایە |
بۆ ساڵی وەفات و ڕیحلەتی بێخود ئەڵێ: | سەدرێکە لە خانەدانی قازانقایە |
24
[edit]میرم هەتا وەفا و تەوازوع شیعارتە | یەزدان موعین و حیرزی دۆعای ئێمە یارتە |
بولبول لە فیرقەتی گوڵە کەوتۆتە حەلوەلا | یا دەممە بەم بەیانییە وا بێ قەرارتە! |
شوکری خودا بە تیری توهەمتەن وەک ئەشکەبووس | سینەی عەدوو بە تێغی حەسادەت فگارتە |
بێخود ئەسیری مەعریفەتت چۆن ئەبێ نەبێ | تۆیێ کە شێری بێشەیی عیرفان شکارتە |
25
[edit]ئەمە بۆی نەسیمی بەهارە، یا خەبەری سرووشی هەوایییە | دەمی ڕۆحبەخشی نیگارە، یا نەفەسی مەسیحی سەمایییە |
کە دڵی بە عوقدە کرایەوە گوڵی ناشکوفتە گەشایەوە | نە ئەوە و نە ئەم، نە ئەمە و نە ئەو، هەموو موعجیزاتی خودایییە |
دەمی ئیبتیدایی مەسەڕڕەتە، نەفەسی نیهایەتی میحنەتە | لە هەموو محاڵەوە عوشرەتە، لە هەموو وڵاتەوە شایییە |
خەبەری قودوومی کەسێکە وا کە ئەکا برینی دڵان دەوا | کە لەبۆ جیهادی کولەی هەوا لە تەرەف خوداوە غەزایییە |
قەمەری سەمایی سەیادەتە، حەجەری بینایی ڕەشادەتە | گوهەری هومایی سەعادەتە، دوڕی تاج و ئەفسەری شایییە |
ئەسەری حەبیبی ڕەسوولە ئەو، جگەری نەجیبی بەتوولە ئەو | سەمەری قَضيبی قەبووڵە ئەو، گوڵی باغی ئالی عەبایییە |
ئەتەوێ ئەگەر گوڵی سەرمەدی، وەرە باخی نەعتی موحەممەدی | ببە بولبولێکی موئەببەدی، ئەمە شێوەیی ئودەبایییە |
لە تەریقیا نییە خوسرەوێ، کە نەبێ بە خاکی قەدەم لەوێ | بە خەیاڵی خۆی کە دەسی کەوێ، بە تەمای مەقامی گەدایییە |
مەلەکە و بە شاپەڕی سەوزەوە شەو و ڕۆژ خەریکە گەسک ئەدا | فەلەکە و بە کوندەیی هەورەوە هەموو ئیش و کاری سەقایییە |
دڵ و جەرگی بێخود ئەگەر لەتە، بە خودا بە تێغی مەحەببەتە | بە ئومێدی شەهدی شەفاعەتە، سەر و ماڵ و ڕۆحی فیدایییە |