دیوانی بێخود/ی
Appearance
1
[edit]مەلا محەممەدی نەژاد باخانی | کە پێشەوا بوو بۆ بزەینیانی |
بەهەشت ئارا بوو لە پڕ تەشریفی | ئەوەندە باش بوو ناکرێ تەعریفی |
یەزدان کە ڕۆژی عومری ئاوا کرد | یاران تەئریخیان هەموو داوا کرد |
دەسبەجێ بێخود وەک دانای تووسی | ئەم نیوەشیعرەی بە تەئریخ نووسی... |
عامی وەفاتی مەلای باخانی | عامی وەفاتی مەلای باخانی |
2
[edit]یا ڕەب بە شەفاعەتی شەهی سەرمەد کەی | بێخود لە سەگانی قاپیی ئەو عەد کەی |
یەعنی لە موحاکەماتی ڕۆژی حەشرا | ئەوراقی گوناهی ئەو بە ڕەحمەت سەد کەی |
3
[edit]تەئریخی عەزل و حەپسی ڕەزا شاهی پەهلەوی | ئەبجەد ئەگەر بزانی رضا شاه پهلوی |
4
[edit]ئەی پیاڵەگێڕی مەجلیسی تۆ تووسی نەوزەری | کەیخوسرەوی زەمانی و جەمشیدی کیشوەری |
تەندووری دڵ بە ئاگری غەم جۆشی سەندووە | بەزمم دەمێکە ساردە لەبەر بێ سەماوەری |
5
[edit]بێخود ئەم شیعرەیە تەئریخی وەفاتی زاتێ | کە کەسێ بوو بە وەفا و بە حقووق و وەتەنی |
کاک ئەمین زادە عەزیزی هەموو کەس کاکە حەمە | ڕەبی عەفوی کە بە ئیعجازی ڕەسووڵی مەدەنی |
6
[edit]ئاخ لە دەس دنیایی دوون و بێ وەفا | داد لەدەس گەردوون و چەرخی کەچڕەوی |
ڕەببی ئەی دنیا دەوامت قەت نەبێ | ئەی فەڵەک تۆش تا قیامەت نەسرەوی |
وەک گڕت بەردایە عالەم هەر وەکوو... | قونبولەی زەڕڕی لەسەردا بۆ زەوی |
خادیمێکی جانفیدا و میللەتپەرەست | داهییەکی گۆشەگیر و مونزەوی |
فەیلەسووفێکی ئەدیبی قەومی کورد | عالمێکی بەرزی ماددی و مەعنەوی |
خاوەنی ژین و قسەی پێشینیان | ساحیبی ئینشا و ڕۆحی مەولەوی |
باخەوانی چارباخی پیری تووس | گەنجەوانی پەنج گەنجی گەنجەوی |
بولبولی گوڵزاری «تەبریزی» لەقەب | قومریی سەروی ڕیازی مەسنەوی |
موحییی مەعنایی مردووی نەزم و نەسر | هەر وەکوو ئەنفاسی پاکی عیسەوی |
وەک حەمەد پاشا، بەڵام بێ شێرەوان | کردبووی شێری وەفا ڕام و کەوی |
مەجلیس ئارایی ئەدیبانی زەمان | پیری دنیایی و جەوانی ئوخرەوی |
حاجی تەوفێق دەستی «شێرۆیە»ی ئەجەل | ڕۆحی شیرینی دەرێنا خوسرەوی |
سەد کە ئیمڕۆ پێ لەسەر شانۆی سەمای | تۆش سەری بەرزت ئەبێ سوبحەی نەوی |
ڕۆژی ڕووناکت مەگەر ئاوا بووە | بۆیە بێخود تیرە دڵ چەشنی شەوی |
تۆش ئەگەیتە ئەوجی مەحبووبی خودا | گەر بە میعراجی سەخادا سەرکەوی |
کاکە اَلنّاسُ نِيامٌ پێت ئەڵێ | ئەو کە وا بیدارە، تۆ مەستی خەوی.. |
7
[edit]لە بورجی سینە کە ئەو زوهرە چاوە پێ ئەکەنێ | فریشتەیێکە لە عەرشی خوداوە پێ ئەکەنێ |
کە لێوی گوڵ بە هەناسەم ئەگا، ئەڵێی ئاخۆ... | چ خونچەیێکە بەدەم بای سەباوە پێ ئەکەنێ!؟ |
لە خۆشی ئەو دەمە زۆری نەماوە باڵ بگرم | ڕەقیب کە ئەگری و ئەو شۆخی لاوە پێ ئەکەنێ |
هەزار بولبول ئەکا مەست و ئەیشیگریێنێ | لە گوڵشەنێ کە ئەو ئارەق گوڵاوە پێ ئەکەنێ |
ئەسیری شێری دڵی ئەو کەسەم لە خۆشیانا | کە کەوتە سیلسیلەی ئەو زوڵفەخاوە پێ ئەکەنێ |
بەدی ئەکا کە سەحەر موویی ڕۆژ و ڕوویی شەوم | ئەڵێی بە من لە کەناری سەماوە پێ ئەکەنێ |
ئەزانی بێخود ئەگەر چۆنە بەم هەموو غەمەوە | بەدەم بروسکەیی عَرَقُ النِّساءوە پێ ئەکەنێ |
8
[edit]من کە ئیسلامم لە سایەی موعجیزەی پێغەمبەری | ئەم ئەبووجەهلانە، بێخود پێم ئەڵێن تۆ کافری |
ڕەببی ڕووڕەش بم ئەگەر نێزیکی ئەم بوختانە بم | خۆ ئەگەر دوورم ئیلاهی، ڕووسپی بێ موفتەری |
9
[edit]ئیلاهی ئەم گوڵی نەوڕەستە هەر دائیم بەهاری کەی | لە باخی پڕ لە میوەی توولی عومرا کامگاری کەی |
پەری تەقوا و عیفریتی هەوا و نەفسی موسەخخەر بن | لەسەر تەختی سولەیمانی بڵەند و پایە داری کەی |
لە ئەوجی مەیمەنەتدا وەک هومایونی موبارەک بێ | لە بورجی مەعریفەتدا هەر وەکوو ڕۆژ ئاشکاری کەی |
ئەوی ئەم نەونەمامی جۆیی عیرفانەی نەوێ یاڕەب | لەڕووی چاک و خراپا هەر تەرێق و شەرمەزاری کەی |
بە تەئریخی لە دایک بوونی ئەو دائیم ئەڵێ بێخود: | خودا وەک باب و باپیری وەحیدی ڕۆژگاری کەی |
10
[edit]دیسان لافاوی غەم هات هەر وەکوو بارانی نیسانی | بیناغەی قەسری مەعمووری تەرەب ڕووی کردە وێرانی |
دیسان شاهی قەزا یەخسیری فەرموو جەیشی جەمعییەت | کە سەوقی کردە سەر ئیقلیمی دڵ هۆردووی پەرێشانی |
لەناو فڕنی دەروونا وەک سەموون بۆ چی نەبرژێ دڵ | لە کوورەی سینەدا تاکەی نەبێ جەرگیش بە بوریانی |
کە وا مەخدوومەیێکی نەونیهالی کاکە شێخ عوسمان | لە باخی عومری خۆی نەیخواردبوو هێشتا بەری جوانی |
زەمین نەیدیبوو سەروی موعتەدیل وەک قەددی مەوزوونی | زەمان نەیبیستبوو خونچەی گوڵێ وەک لێوی خەندانی |
وەکوو تەیرێ کە بەربووبێ لە حەڵقەی داوی سەییادێ | فڕی ڕۆحی ڕەوانی بۆ ڕیازی خولدی ڕۆحانی |
ئەلا ئەی قاسیدی ئەسرین کە چووی بۆ زیارەتی قەبری | بڵێ نەوباوەیێکی نەقشبەندی بوو بە میوانی |
«بەدیعە» ی جەننەت ئارا گەر نەما، ئەمما بە لوتفی خۆت | بدەی یاڕەب دەوامی عومری جەدد و باوک و خزمانی |
چ جەد؟ ئاودێری باخی حیکمەت و دینی موبینی حەق | چەمەن پیرایی عیلم و باخەوانی شەرعی یەزدانی |
سەحابی گوڵشەن ئارایی حەدیسی ئەحمەدی موڕسەل | بەهاری نەشئەبەخشی خونچەیی ئایاتی فورقانی |
چ باوک؟ یادگاری حەزرەتی شێخی سراج الدّین | نەوەی نائیب، وەلی عەهدی علاء الدّینی عوسمانی |
لە تەکیە و خانەقای زوهدا ئیلاهی کامگاری کەی | بە جاهی شاهـ و بازی نەقشبەند و غەوسی گەیلانی |
لە تەئریخی وەفاتی ئەو بەدیعەی نەوجوان عومرە | ئەپرسن گەر لە پیری عەقڵی دانا قاسیی و دانی |
لە بەیتی ئاخری نیوشیعری سانی، حەرفی بێ نوختەی | ئەکا ئیزهاری ساڵی ڕیحلەتی مەرحوومەیی فانی |
ئیتر بێخود ئەڵێ «وا حەسرەتا» زوو گوڵشەنی چۆڵ کرد | بەدیعە ڕۆژگار و عەرعەری جۆباری عوسمانی |
11
[edit]دیسان هەوری بەڵا هات، سایەقەی وەسڵی گوڵان ڕۆیی | شەوی ماتەم پەیا بوو، ڕۆژی خۆشی بولبولان ڕۆیی |
تەمی غەم تا قیامەت بۆ چی دانەگرێ وڵاتی کورد | کە زاتێکی وەفادار و نەجیب و خانەدان ڕۆیی |
بچووک بۆ قوڕ نەپێوێ؟ گەورە توخوا بۆ بە کوڵ نەگری؟ | کە عاسای دەستی پیر و هێزی ئەژنۆی گەنجەکان ڕۆیی |
سەدای باوک و براڕۆی خەڵق و گرمەی سینە، ناڵەی دڵ | وەکوو ڕەعدی بەهار ئیمڕۆ زەمین تا ئاسمان ڕۆیی |
مشوورخۆری گەلی میللەت جەنابی مُصطفی مظهر | کە بانگی حوسنی خوڵقی بۆ هەموو کوردوستان ڕۆیی |
مەگەر «کاکینە» هاوتای ئەو بکا، ناویان لەیەک دوور بێ | وەگەرنێ چەشنی ئەو چەشنی حیکایە و داستان ڕۆیی |
لەسەر وەتراخی دەشتی ڕۆح و شاخ و داخی بەرزی دڵ | هومای ئەوجی سەعادەت، بازی عیرفان ئاشیان ڕۆیی |
بە غایب بوونی ئەو باوکی فەقیر و خادیمی قەومە | لەسەر هۆش و لە دڵ سەبر و لە تەن تاب و تەوان ڕۆیی |
ئەگەرچی میللەتی کوردی دوچاری دۆزەخی غەم کرد | بەڵام شوکری خوا خۆی بۆ بەهەشتی جاویدان ڕۆیی |
موحاسیب موهمەلی ئەم شیعرە گەر جەمع و جیبایەت کا | ئەزانێ کەی ڕەوانی پاکی بۆ باخی جینان ڕۆیی |
وەتەن بێخود وەکوو ئەولادەکانی بۆچ نەناڵێنێ | «مدیری دائیرەی بەرزی معارِف زی نشان ڕۆیی» |
12
[edit]سەبا دوێنێ لە وەختی نیوەڕۆدا قاقەزی هانی | لە پشتی زەرفەکەی نووسرابوو: بۆ بێخود، سولێمانی |
کە زەرفم کردەوە چاوم بە ئیمزای سەروی «نووری» کەوت | وەکوو بولبول خەیاڵم کەوتە سەر ئەوجی غەزەلخوانی |
لەپاش حەمد و سەناو شوکر و سوپاسی حەزرەتی بێچوون | لەپاش سەڵوات و تەسلیمی شەفیعی ئوممەتی جانی |
وتم: ئەی خەتت و خامەت میل و سورمەی چاوی مەهجووران | وتم: ئەی بۆیی نامەت بۆیی جامەی ماهی کەنعانی |
گەلێ ئەبیاتی تازەت ناردبوو بۆ من کە بیبینم | لە ئەووەڵ مەتڵەعا مەزموونی ئاخر مەقتەعم زانی |
لە لەفزا شیعرەکانت گەر تەواو بوون وەک قەدی مەوزوون | لە مەعنادا بەڵام وەک کردەوەی خۆت بوون بە نوقسانی |
لەباتی شیعر و میعری فارسی و کوردی ئەبێ جارێ | خەریکی دەرز و دەورت بی کە منداڵی دەبوستانی |
دەخیلت بم لە حوسنی خولق و سەعیا قەت نەکەی سستی | کە سەعی و حوسنی خولقی خەڵقە ئەمڕۆ باعیسی نانی |
لە کولبەی دیدەما گەر مەیلی ڕەققاسەت نەما، نووری | لە جەرگەی سینەما گەر سینەما باسی نەما، جانی |
خودا ناکەردە پەندی من ئەگەر وەک دوڕ لە گوێ نەگری | هەتا ڕۆژی قیامەت هەر پەشیمان و پەشیمانی |
ئەگەر ژانی وەها نەبوایە ڕۆماتیزمەکەی قاچم | ئەهاتم حەفتەیێ بۆ زیارەتی بەغدا بە میوانی |
ڕووەو بەیتی خودا خاڵت ئەڵێ دائیم لەسەر بەرماڵ | لە وەختی پاش و پێشی نوێژی ئێوارە و سبەینانی |
خوداوەندا بە جاهی خۆشەویستی خۆت بەدووری کەی | لە ئاسیب و بەڵا، ئەم خوشکەزایەم، خۆی و خزمانی |
13
[edit]لە دڵبەر گوفتوگۆیێکم نەبیست، ئەی سینە ئەفغانێ | لە لێوی پێکەنینێکم نەدی، ئەی دیدە گریانێ |
دەسم ناگاتە شووشەی گەردنی مینایی، ئەی ساقی | دەمم ناگاتە چاوی، ئەی عەرەقخۆرینە فنجانێ |
پەرێشانم، لەڕووی ئەو شۆخە لاچۆ ساتێ ئەی پەرچەم | دڵم بەینێکە زۆر تاریکە ئەی شەو ماهی تابانێ |
گەهێ زامداری تێغی ناز و غەمزەم، چارێ ئەی جەڕڕاح | گەهێ بیماری چاوم، ئەی ڕەئیسی سیححە دەرمانێ |
بە شەو شێواوی زوڵفی عەنبەرم، ئیمدادێ ئەی سونبوڵ | بە ڕۆژ چەوتاوی باڵای دڵبەرم ئەی سەرو جەولانێ |
لە شەوقی ماهی ڕووی ئەو شۆخە تۆخوا پڕتەوێ ئەی ڕۆژ | بە یادی چاکی سینەی، ئەی سەحەر سا دەی گریبانێ |
بەتاو هات لەشکری غەم، سا لە خۆ ڕۆییشتنێ ئەی دڵ | مناڵی زۆرە شاری سینە، ئەی مەجنوون بیابانێ |
زەلیلم، بگرە دەستم کەوتووم، سا ڕەحمێ ئەی گەردوون | فەقیرم، نامورادم، بێنەوام، ئەی مونعیم ئیحسانێ |
وەکوو بێخود لەمەولا بگرە بۆ خۆت ڕێگەیێ ئەی پێ | لە مەولای خۆت بووێ تۆش چەشنی ئەو ئەی دەست دامانێ |
14
[edit]برا، خۆ تۆ لەلای خۆت مەخزەنی عەقڵ و کەماڵاتی! | کەچی تا دەوڵەمەنتر بی فەقیر و سواڵکەر و لاتی |
بە تەحریکی هەوا دێیت و دەچی چەشنی شەپۆلی ئاو | سەراپا غەرقی گێژاوی غەم و بەحری خەیاڵاتی |
ئەگەر مازیت لەدەس چوو هێندە بێ حاڵیشی ئەی غافڵ | لە ئیستیقباڵی خۆت ئاگات نییە چون بێ موبالاتی |
بە قەسری ڕووی زەمین تێر نابێ، قەت چاوت وەکوو فیرعەون | خوا دەستت نەدا، دەستت ببێ ڕوو بۆ سەماواتی! |
بە جاهی خۆت مەنازە، ڕۆستەمی قابیز لە ڕێتایە | ئەگەر سەد شاهی چینیش بی، کشێکت هاتە بەر ماتی |
سولەیمان کوا نگین و ئاسەف و عیفریت و بەڵقیسی!؟ | سکەندەر کوا شکۆهـ و تەپڵ و بەیداخ و موهیمماتی؟ |
برا ناپرسی جارێ چی بەسەر هات حاڵی «کەیخوسرەو» | تەمیزێکت نییە تا تێ بگەی لەکوێیە میرئاتی |
ئەلا ئەی دیدە تاکەی ناگریت و ناگری عیبرەت | کە حاجی شێخ ئەمینی خاڵ لە ئارادا نەما زاتی! |
بە دووری خۆی ئەوا ئێمەی دوچاری دۆزەخی غەم کرد | خودا ڕوتبەی بڵند کا ڕووحی ئەو شاد بوو بە جەنناتی |
کە هەڵگیرا جەنازەی، بوو بە مەحشەر دەشتی سەر قەبران | لەبەر گریان و قوڕپێوان و واوەیلا و عەشاماتی |
ئەگەر بشبم بە سەحبان، ئەی ڕەفێق وا چاکە بێدەنگ بم | لەبەر بەعزێ نەفام نادووم لە کەشف و خەرقی عاداتی |
لەوێ بووم حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ باس کرا جارێ | لە فەزڵی خۆی و مەکتووباتی پڕ تەفسیر و ئایاتی |
نزیکی غەوس و شاهی نەقشبەندی کردووە بیللا | بەڵێ سەیید ئەبێ بەم نەوعە بێ هەر حوببی ساداتی |
کە میسباحی بهاء الدّین محمّد عالەم ئارا بوو | بە جەزبەی عەشقەوە عەرشی خودای ئەو بوو بە میشکاتی |
کە ساڵی ڕیحلەتی ئەم موڕشیدەم پرسی لە پیری عەقڵ | بە حەرفی جەوهەری ئەم ئایەتەی کردم ئیشاراتی |
لە سوورەی ئەنبیاء تا صالِحِین ئایەی وَ أَدْخَلْناهُ | بە تەئریخی وەفاتی موشعیرە بێخود حوڕووفاتی |
کەسێ ئەولادی عەللامەی «ئەبووبەکری موسەننیف» بێ | کە عالەم خۆی ئەکا قوربانی تەحریری «وضوحات» ی |
کەسێ نەسڵی شفيع المُذنبينێ بێ کە بڕژێنێ | بەسەر بێگانەشا لافاوی بارانی شەفاعاتی |
کەسێ تەئریخی ئەو بێ ئایەتی تەبشیری قورئانی | بە من چۆن شەرحی ئەدرێ حاشیەی مەتنی کەڕاماتی |
بە حەققی سینەیی ساف و دڵی مەسروور و مەحزوونی | بە بێ خەوفی لە مەخلووقی خوا و لە خوا مەخافاتی |
بە حەققی ئاهـ و ناڵەی ڕۆژ و گریانی سبەینانی | بە شۆری نیوەشەو پاڕانەوە و سۆزەی موناجاتی |
فەڵەک پڕ گریە بێ تا چاوی هەوری لێڵ و تاریکی | زەمین پڕ خەندە بێ تا لێوی غونچەی باخ و باخاتی |
بەسەر ئەحفاد و ئەتباعی ئەوا بارانی لوتفی خۆت | بەخوڕ بڕژێنی یا ڕەب، نەک وەکوو جەد، بەڵکوو سەد قاتی |
15
[edit]ئەگەر ئاغا لە دنیا زۆر فەقیر و موستەحەق ڕۆیی | بە ئوممێدی زەکاتی عەفو بۆ دەرگاهی حەق ڕۆیی |
لە بێخود پرسیان ساڵی وەفاتی، چونکە تیفۆی بوو | وتی: نووسیومە قالەی تۆفێق آغا بێ عەرەق ڕۆیی |
16
[edit]وەک بێدڵ ئەڵێ: حەیفە کە وا ساکنی باغی | بولبول لە دڵت دەرئەکەی و تێکەڵی زاغی |
بۆ شێخ عومەر، ئەو سەروی ڕیازاتی عولوومە | وا لافت ئەدا تۆ کە وەکوو لالە بە داغی |
لەوساوە کە جێی جەننەتە ئەو زاتە، کەچی تۆ | لەم ئاگرەدا عەینی سەمەندەر بە دەماغی |
بێخود غەمی ئەو عالەمی باڵایە نەکەی فاش | با هەر لە دەروونا بێ ئەگەر ڕاستی و ساغی |
لەو باغە ئەگەر ساڵی وەفاتی ئەو ئەپرسی | گڵ لابەرە، ئەئریخیە ابن القرداغی |
17
[edit]بێخود بەسە بۆ وەفاتی ئەحمەد موختار | ئەم میسرەعە، دەک خوای لێ بێ ڕازی |
تەئریخی موجەوهەری ویداعی قازی: | تأریخی مجوهری وداعی قاضی |
18
[edit]بێخود تاکەی خەریکی ئیشی قۆڕی | بۆ گرتنی ماسیی هەوا وەک تۆڕی |
بۆ گۆڕی جیهان ئەگەر بە بەهرامیش بی | بەخوا قەسەم ئاخری ئەسیری گۆڕی |
19
[edit]بێخود لە خەوی غەفڵەت ئەگەر هەڵساوی | ئەم پەندە بە گوێی دڵ ببیێ تا ماوی |
وەک تەرکی تەماشایی ژنت کردوە هەتیو | مەڕوانە لیباسیشی ئەگەر تۆ پیاوی! |
20
[edit]بێخود مەبە قەت تێکەڵی دنیایی دەنی | هەر ڕووت بە لە ئەلبیسە و قوماشی وەتەنی |
بۆ خاکی وجوودی تۆ لەڕێی تەجریدا | ئیکسیرە نیگاهێکی ڕەسوولی مەدەنی |
21
[edit]بێخود وەرە بێ پەردە بڵێ خۆت وتەنی | ئەم شیعرە بە بای سەبای عێراقی و یەمەنی |
ڕۆحی من و پەروانەیی شەمعی سەری غەوس | دەستی من و داوێنی ئووەیسی قەرەنی |
22
[edit]بە خەندەی زۆری من دێوانە ئەگری | بە گریانی کەمم فەرزانە ئەگری |
بە تاریکی دەروونم گەر بزانی | هەتا ڕۆژ وەک چرا پەروانە ئەگری |
لە بێ شیری ویساڵی یارە، شەو، دڵ | لە بێشکەی سینەدا تیفلانە ئەگری |
دوو دیدەی نێرگسینی پڕ لە لالەم | لە دەوری لێوی ئەو چاوجوانە ئەگری |
لە نەشئەی پێکەنینی ساقی ئیمشەو | لە بەزما پیری من مەستانە ئەگری |
شتێکت دیوە ئەی دڵ هەر لە مەجنوون | کە ڕێی ئەو بێ سەر و سامانە ئەگری |
وەسیلەی گەینە شارت کێیە بێخود | کە چەشنی حەڵقە بەردەرگانە ئەگری |
23
[edit]پەرێشانم لە حەسرەت دەردی دووری | بە لوتفی خۆت بدەی یاڕەب سەبووری |
چ دووری؟ دووری تا ڕۆژی مەحشەر | چ حەسرەت؟ حەسرەتێ تا نەفخی سووری |
گەهێ بۆ شاهەکەی ئەوڕەنگی تەمکین | گەهێ بۆ ماهەکەی بورجی وەقووری |
یەکێ بابا ڕەسوولی خەڵقی بێدن | یەکێ عەبدولکەریمی خانە شووری |
یەکێ جەننەت مەکانی بوو عوبەیدە | یەکێ گوڵشەن تیرازی شارەزووری |
نەوەی پێغەمبەرێ بوون، نەک پەری و جین | لە مەجلیسیا کە جەم کردوویە مووری |
شەهادەت نامەیی عیرفان لە دەستا | موجازی مەدرەسەی دینی و شوعووری |
لە تەقدیسا وەکوو شێخی بریفکان | لە تەدریسا مەلا یەحیای مزووری |
لە بێشەی عیلم و فەزڵ و شەرع و دنیا | چ شێرێ بوون بە ئازایی و جەسووری |
خەیاتی سەرمەدی هەر زوو بڕیبووی | بە باڵایان کەوا و خەرقەی غەیووری |
درێغا ڕۆین و منیان بەجێ هێشت | لە ماتەمخانەیی تاریکی دووری |
بەهەشت ئارا کە بوون العِزُّ لله | لە خۆشی خۆشیی غیلمان و حووری |
بِحمد للّه شەوانی غائیبانە | موبەددەل بوون بە ئەییامی حوزووری |
لەپاش ئەم دوو چرای بەزمی عولوومە | نەما پەروانە بۆی خۆشی و سرووری |
منم دائیم ئەکا دوودی هەناسەم | لە سینەی مەجمەرا کاری بوخووری |
منم وەک نانەوا فرمێسکم ئاگر | جگەر نان، چاو ئەکا ئیشی تەنووری |
شەهیدی تێغی ئیخلاسی حەقیقی | بە فلسێ نایەوێ تۆپێ بلووری |
مەحەببەت ڕێگەیێکی ڕاستە قوربان | نەکەی لادەی لە سەرحەدد و سنووری |
جیهان مادامەیێکی سینەمایە | لە بەریا بێ کەوا کەوڵی سەمووری |
دەخیلت بم نەدا تەفرەت وەکوو من | بە غازەی عاریزی و سپیاوی سووری |
پەنا بە خوا لە بەزمی جادوییدا | لە ساقی چاوی و ساقی بلووری |
بە چاکەی پڕخراپەی گەر خەڕۆ بی | یەقینت بێ کە سەرتاپا قوسووری |
هەزار کەیخوسرەوی و ئەفراسیابی | هەزاران وەک سوپاهی سەلم و تووری |
هەموو هاتوون و کوشتوونی لە پاشا | بە تۆپی نامورادی و تیپی زووری |
خوا ساڵی وەفاتی کاکە بابا | مونەووەر کەی مەزارستان بە نووری |
لە ساڵی فەوتی شێخ عەبدولکەریما | مورەسسەع کە ئەویش یا ڕەب قوسووری |
زەمین تا پڕ لە سونبول بێ کەناری | فەلەک تا پڕ لە ئەنجوم بێ جحووری |
ئەوی ماون بیانهێڵی ئیلاهی | بە جاهی خۆت کە وا حەی و غەفووری |
خسووس دزیایش و دانای پریسی | لەگەڵ ساداتی تەکیە و هانەسووری |
کە بێخود تۆزی داوێنی ئەوان بێ | ئەشێ یا ڕەب لە تەقسیری ببووری |
24
[edit]دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری | مناڵە و بۆ گوڵ و ڕێحانە ئەگری |
چرا ئیمشەو کە وا فرمێسک ئەڕێژێ | ئەڵێی هەر بۆ منی پەروانە ئەگری |
ئەکا شاباشی کێ دەریایی دیدەم | کە چەشنی گەوهەری یەکدانە ئەگری؟ |
چییە پیری دڵ ئیمشەو وەک عەرەق خۆر | لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری |
شەوێ بێ زوڵفی ئەو مەهپارە تا ڕۆژ | دڵم بۆ سینەچاکی شانە ئەگری |
غەزاڵی من ئەگەر ساتێ نەبینێ | بیابان قوڕ ئەپێوێ، لانە ئەگری |
کەوانئەبرۆ، بە تیغی غەمزە تاکەی | لە جەرگم بێ گونەهـ نیشانە ئەگری! |
لە بەزمێکا کە ساقی چاوی تۆ بێ | مەی ئەڕژێ، دڵ ئەچێ، پەیمانە ئەگری |
بە یادی نەوبەهاری ڕوویی تۆیە | کە چاوم هەوری زستانانە ئەگری |
برا تا نەبیە تۆز و گەردی بەر پێی | بە زەحمەت چاکی ئەو دامانە ئەگری |
لە دڵتا گەنجی یادی کێیە بێخود | کە ئیمشەو نۆبەتی وێرانە ئەگری |
25
[edit]وەرن بەزمێکی مەشرووعانە بگرین | بە کوێری چاوی پەروێز و جەم و کەی |
نەوەک نەقشی، تەریقەی مەولەوی وار | بە زیکری جەهری و دەنگی دەف و نەی |
بە دەوری نووری دڵدا حەڵقە بەستین | مەسەل ئەو مانگ و ئێمەش چەشنی هالەی |
بفەرموون ئەی قەدەحنۆشان بە ساقی | لە کووپەی مەعریفەت تێکا ئەویش مەی |
دەری بێنین بە زۆری نوێڵی شادی | درەختی غەم لە بنچینە و ڕەگ و پەی |
خودا، سا بۆ دڵی تاریکی ئیسلام | لە تیشکی لوتف ئیتر یەک زەڕڕە دەرخەی |
بە چاوی سەر هەتا عالەم ببینین | لە مەشریق تا بە مەغریب، ڕۆم هەتا ڕەی |
کە یاران مەستی بادەی لَمْ يَزَلْ بوون | دەسا بێخود غوڵامت بم ئەتۆش دەی |
بڵێ ساڵی لە دایک بوونی «تەوفیق» | کوڕی «ئەحمەد» کە یەعنی نووری دیدەی |
لە شیعری ئاخری نیوشیعری دوایی | ئەگەر دیققەت بفەرمووی پێی ئەبەی پەی |
لە دنیا و لە عوقبادا ئیلاهی | بە ساحیب ماڵ و جاهـ و سەروەتی کەی |