دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ێ
Appearance
1
[edit]لەگەڵ دڵ شەرتی من وایە هەتا ڕۆژێ حەیاتم بێ | بەشی ئەو دەرد و غەم بێت و منیش ماتەم خەڵاتم بێ |
بە تەختی قەیسەر و کەیخەسرەوی نادەم ئەگەر دولبەر | قبووڵم کا بە بەندەی خۆی لە جێی مووچە و بەراتم بێ |
ئەگەر ماچی دەمی ڕۆژێ خوا بیکا بە قیسمەت بێ | بە زەهرم بێ ئەگەر من ئارەزووی نوقڵ و نەباتم بێ |
وتم ئەی بت لە لام پەشمن هەموو ئایین و دینێ من | بە یادت ڕەنگە مەیلی پەیڕەوی عوززا و لاتم بێ |
2
[edit]هەدەف مەعلووم نییە دڵ وێڵ و سەرگەردانە بۆ یارێ | خوایا سا نەسیبی کەی پەری ڕوویێکی عەییارێ |
ئەزانی بۆ چی کەچخوڵقم لە عالەم هەر گورێزانم | ئەمە بەینێکە وا لێم گووم بووە شۆخێکی غەددارێ |
بەهاران دایمەن هەر سوجدە بۆ نێرگس ئەبەم وەک شێت | کە چونکە پێوەیێتی شێوەیی چاوێکی بیمارێ |
زوبانی حاڵی بولبول هەر ئەڵێ ئەی گوڵ فیدای تۆ بم | ئەگەر مومکین نییە وەسڵت بە دیاری بمدەرێ خارێ |
ئەگەر یادی سەری زوڵفت لەبیرم دەربچێ جانا | لە سەحرای عیشقی تۆدا بمگەزێ یاڕەببی ڕەشمارێ |
حەیات لام پەشمە، مردن شادیی و کەیفە لەلام ئەمڕۆ | خوا بیکا ئەگەر بێت بۆ مەزارم یارەکەم جارێ |
نەما ئیمان و دینی قیبلەگاهی کەچ بووە ئەحمەد | لە تاقی ئەبرووانی دڵبەرێکی شۆخ و نازارێ |
3
[edit]ئەی دڵە بەسیە تەپ و کۆ چیتە ئارامت ببێ | تێپەڕی ئەو وەختە ئیتر دڵبەرا ڕامت ببێ |
سەرسەری و ئەوباش و بەدئەتواری وەک تۆ چۆن ئەبێ | ببیە پیاوێکی زەریف و شوهرەت و نامت ببێ |
بولبولی دڵ تا بەکەی ناڵە و فوغانی بێ سەمەر | زۆر مەحاڵ و موشکیلە شۆخی گوڵندامت ببێ |
چەرخی بەدبەختی وەهای هێناوە قەت مومکین نییە | دڵبەر و ساقی و شەراب و موتریب و جامت ببێ |
چونکە عاشق تۆ شەهیدی تیغی ئەبرۆی دولبەری | حەیفە گەر ترست لە ڕۆژی مەحشەری شامت ببێ |
چەندە خۆشە مورغی دڵ بۆ دانەیی خاڵت بچێ | تا ئەبەد مەحبووسی بەندی حەڵقەیی دامت ببێ |
بەختەکەی تۆ نووستووە زەحمەت مەکێشە ئەحمەدا | غەیری ئیمکانە لە دنیادا دەمێ کامت ببێ |
4
[edit]موژدە لەوە زەریفتر و چاتر لە کوێ ئەبێ | یار پێت بڵێ مەرامی دڵت جێ بە جێ ئەبێ |
ماچی دەمت ئەگەر بە نەسیبی بکا خودا | عومرم کە تێپەڕیوە دیسان سەرلەنوێ ئەبێ |