دیوانی ئەحمەد موختار جاف/مەسنەوی
Appearance
1
[edit]چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە | چ وەقتی شادی و عەیش و سروورە |
پەڕت بۆ ئاڵ و ڕەنگینن بەهاران | دوڕئەفشانن لە قەترەی ئاوی باران |
مەگەر حیسست نییە تاکوو بزانی | لە خاکی کێ ڕواوی بۆیە جوانی |
ئەتۆ نازانی بۆ چی ئاڵ و سووری | لە بەزما مایەیی کەیف و سرووری |
ئەگەر ببوایە لای تۆ عەقڵ و فامی | دەماغ و مێشک و حیسسی تەمامی |
لە جێی سووری بە ڕووزەردی ئەهاتی | گەڵاڕێزت ئەکرد ئێستا کە ماتی |
سەرت وەقتێ کە دەرهێنابوو ئەبوا | بە ڕەشپۆشی بهاتیتایە دنیا |
ئەترسم چونکە تۆ بێ حیسسە گۆشت | وەکوو ئینسان نییە ئەفکار و هۆشت |
نەبی حاڵی لە مەعرووزاتی بەندە | هەتا شەرمەندە بی تۆ سەرفگەندە |
ئەما هەر وەختێ هەنگێ یاخو مێشێ | ئەبینم من بەسەر تۆوە ئەنیشێ |
هەڵئەبزڕکێ بەجارێ ڕەنگی ئاڵت | پەشێوی دێ بەسەرتا وەزع و حاڵت |
کە وا بوو دیارە ئەی گوڵ تۆ ئەفامی | ئەزانی و ساحیبی عەقڵی تەمامی |
ئەگەر بێت و بکەم عەرزت ئەزانی | کە تۆ بۆچ وا تەڕ و تازە و جوانی |
کە وا بوو ئێستە ئەی گوڵ تۆ بزانە | سەوزبوونت لە خاکی دولبەرانە |
لەسەر خاکێ بنی ڕیشەت ڕوواوە | بە جەرگی عاشقانا داخی ناوە |
وە یا سەوزی لەسەر خاکی حەزینێ | کە کوژراوە بە تیری نازەنینێ |
لەسەر قەبری شەهیدێکا ڕوواوی | بە خوێنی جەرگی ئەو تۆ ئاو دراوی |
کە دایناوە حەیاتی خۆی بە مەردی | لەپێناوی وڵاتی قەومی کوردی |
لە لق بۆیە کە تۆ سەر دەر ئەهێنی | بە چڵ سەوزی بە ڕەنگت میسلی خوێنی |
بەڵام مادام کە مەحویی ئەو کەسانە | کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە |
لەبۆ تۆ بۆتە مایەی عەیش و خۆشی | بە سەربەرزی کە بەرگی سوور ئەپۆشی |
ئەگەر ببوایە تۆ عەقڵت لە سەردا | ئەبوو بیکەی جلی ماتەم بە بەردا |
وە یا خود تۆ بە یادی ڕۆحی یاران | ئەبوو بولبول بلاوێنی بەهاران |
کە ئەو تەیرە ئەوەند مەجبووری تۆیە | شەو و ڕۆژ بۆ ویسالت ڕەنجەڕۆیە |
کەچی ناپرسی تۆ ئەسڵەن لە حاڵی | دەمێ ناکەی بە دڵ مەیلی ویساڵی |
بەڵێ عاشق کە ناڵەی وا حەزینە | هەموو سەرمایەیی ئاهـ و ئەنینە |
لەلای مەعشووقە وەک دەنگی ڕوبابە | ئەگەر چی عاشقی جەرگی کەبابە |
وەلێ مەعلوومە جەور و زوڵمی دڵدار | ئەبێ حەددێکی بێ بۆ عاشقی زار |
خسووسەن تۆ کە خوڵقاوی لە خاکی | گەلێکی سێ کەسی سەربەرز و چاکی |
ئەشوبهێی تۆ بە یەک لەو سیانە ئەی گوڵ | کە کونکون بوو بە غەمزەی سینە و دڵ |
وەکوو ئەو دوانەکەی تریانە بولبول | دڵی مەشکێنە توخوا حەیفە ئەی گوڵ |
لە دەرحەق بولبولی بێچارە و زار | ئەوەند مەغروور مەبە نیشان مەدە خار |
2
[edit]لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت | ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود |
لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت | گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود |
*** | |
هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام | کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا |
کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام | تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا |
*** | |
زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ | بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ |
خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ | هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ |
*** | |
بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ | ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ |
ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە | بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ |
*** | |
دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن | خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا |
بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن | بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا |
*** | |
ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە | کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان |
غالبیەتی بێ و بکات لەنجە | بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان |
*** | |
یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ | یا بەو «پەپولەی» هەڵیانئەسێنێ |
ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ | ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ |
*** | |
لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر | کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە |
بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر | کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە |
*** | |
ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان | کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر |
چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان | لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ |
*** | |
لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە | نەفامن چونکی هێشتا نازانن |
بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە | ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن |
*** | |
موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە | ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن |
چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە | بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن |
لە ژمارە ٢٤٧ی ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە.
1930/06/26