Jump to content

دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ی

From Wikisource

1

[edit]
پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی یەخەی خۆی دادڕی گوڵ هەر کە دی چاکی گریبانی
شوکور وا جەژنی قوربانە لەسەر فەرموودەیی دولبەر وەکوو مەڕ بۆ بەڵاگەردانی ئەو ئەمکەن بە قوربانی
دڵی سووتاوە وەک من خاڵی لەعلی لێوی ڕەنگینی بەڵێ بەختی ڕەشە وەک من سەری زوڵفی پەرێشانی
گەڵاڕێزانی کرد گوڵ هەر کە دەرکەوت ڕوویی ڕەنگینی لەبەر باڵای ئەوا کەوتۆتە سوجدە ڕوویی بوستانی
ئەمە چەن وەختە مەست و سەرخۆشم بێ نەشئەیی بادە لە ڕۆژێکۆ کە دیومە دیدەیی مەخمووری فەتتانی
ڕەفیق هیچ غەم مەخۆ، خۆش ڕابوێرە، فرسەتە ئێستە بزانە تۆ لە دنیادا لەبۆ چەن ڕۆژێ میوانی
لە زیندانا هەتا ڕۆژی قیامەت دائەنیشت عاجز ئەگەر ڕووی تۆی ئەدی بۆ یەک دەقیقە شۆخی کەنعانی
دڵ و دینت فڕاندم، ڕۆحی شیرینیش ئەبەی جانا لە بەختی ئەحمەدا چەن ڕۆژە زۆر مایل بە تاڵانی

2

[edit]
چەرخی بەد، تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی بۆ لەبەر من هەردەمێ دەرگاهی میحنەت وا ئەکەی
ئەختەری ئینسانی ئەحمەق شەو لە شەو ڕووناک ئەکەی ڕۆژی بەختی عاقڵان تاریک و هەم ئاوا ئەکەی
پێم بڵێ تۆ بۆچ ملی کەر پڕ لە تەوقی زەڕ ئەکەی عاقڵی بێچارە بۆ چی دایمەن ڕیسوا ئەکەی
سەیری بەختی نەحسی من کە هەر گورێزانی لە من دڵبەرا تۆ بۆ چی مەشقی ئاهوویی سەحرا ئەکەی
دڵبەرم فەرمووی ئەگەر دەستت بگاتە باخەڵم تۆ بە تەحقیق هەر وەکوو مووسا یەدت بەیزا ئەکەی
خۆ ئەگەر ئیمڕۆ منی بێچارە قەیسی عامیریم تۆش بەقوربان ئێستە ئوستادیی هەزار لەیلا ئەکەی
تۆ بە خەندە و لێوی خۆت مردوو لە گۆڕ زیندوو ئەکەی دەک بەقوربانی دەمت بم موعجیزەی عیسا ئەکەی
پێی وتم عاشق حەقیقەت شێتی چونکە ئێستەکە بادەیی چاوم ببێ مەیلی مەی و سەهبا ئەکەی
قامەتی من حازرە، باسی قەدی شمشاڵ ئەکەی گەردنم مینایە تۆ بۆ ئارەزووی مینا ئەکەی
خۆزگە ئەمزانی هەتا کەی تۆ بە ئیفسادی ڕەقیب ئەحمەدی بێچارەیی خۆت شێت و هەم شەیدا ئەکەی

3

[edit]
ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی شەمعی ڕەخشان وا قبووڵی کرد شوکور پەروانەکەی
ئاسمان حەقیە بەخیل بێت و فڕێدا مانگ و خۆر لەو دەمەی یار خۆی نواند و هاتە ناو هەیوانەکەی
یار دەریخست ڕوومەتی خۆی، کۆمەڵی عاشق ئیتر لازمە ئێوە بزانن کەعبەیە سەربانەکەی
حەقیەتی ئەو شۆخە ئیمزا دابنێ: جەللادی دڵ ئەی دڵ و گیانم فیدایی توڕڕە و عینوانەکەی
وەختی وەسڵە گەهـ بە توندی، گەهـ بە خەندە و پێکەنین دڵ ئەلاوێنێ چ خۆشە خەندە و گریانەکەی
یار ئەگەر بێت و بڵێ زوححاکی تازەم حەقیەتی شاهیدن بۆ موددەعای دوو ئەژدەهای سەر شانەکەی
موژدەیە مەجنوون کە لەیلا هاتووە بۆ تەجروبەت تا بزانێ چۆنە حاڵی عاشق و دێوانەکەی
جەژنە لای عاشق کە مەعشووقەی بە ناز و پێکەنین دێتە سەیری تا بزانێ، چۆنە قوڕپێوانەکەی
موو لە پەنجەم بێتە دەر گەر دەست ببەم بۆ پیاڵە من گەر ببێ دەستم کەوێ دوو مەمکی وەک فنجانەکەی
خوێنی چاوی کوردەکانە بۆ وەتەن شیوەن ئەکەن بۆیە وا لێڵاو و سوورن تانجەرۆ و سیروانەکەی
وەعدەیی دابوو کە دڵ خۆش کا سەراسەر قەومی کورد حەیفی کرد وا زوو شکاندی وەعدە و پەیمانەکەی
مەزهەب و دینی لە قەبرا لێی بپرسن وا ئەڵێت خاکی کوردستانە ئەحمەد مەزهەب و ئیمانەکەی

4

[edit]
ئەبێ ئێستە خەریکی بادەنۆشین بم لەبەر شادی کە یار ئەتوانێ بێتە کولبەیی عاشق بە ئازادی
دڵم سەد پارە بێ یاڕەببی گەر بێت و لەبیرم چێ لە مردندا فەرامۆش کەم شەهادەت گەر نەکەم یادی
بە نووکی تێشەیی ناخون لەسەر سینەم بەیادی تۆ ئەکێشم نەقشی شیرین حەیفە گوم بێ نەقشی فەرهادی
چ فیرعەونێکە دولبەر بۆ جەفا نەمروودە شاگردی لە کوێ فێر بوو خوایا عیلمی سیحر و مەکری شەددادی
مەکەن باوەڕ ڕەفیقان گەر ڕەقیب لوتفی لە حەقتان بێ چلۆن چاکەی لەدەست دێ شەخسی پیس و سوفلە و عادی
وتی ئەحمەد ئەگەرچی پیری تۆ هێشتاکوو شاگردی تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە ئوستادی

5

[edit]
دڵی خوێناوە بولبول بۆ لەبی وەک لەعلی ڕوممانی لە باڵایی ئەوا پەستە قەدی سەروی گوڵستانی
بە ئیمای چاوی حاڵیی کردم ئەیفەرموو مەگەر بمری تەنەززول کەم کە بێمە سەر مەزاری تۆ بەمیوانی
قەزا ئەم فرسەتەی دام چوومە بەر دەرگانەکەی ئەمڕۆ سەر و ژێری زوبانی هەر جنێو بوو بۆ ڕەقیبانی
بەویش حەتتا بەخیلیم برد کە جوێنی دا بە ئەغیاری نەسیبی من نەبوو ئەو جوێنە تا خۆم کەم بە قوربانی
وتم حاڵت چلۆنە هامجەلیست کێیە ئەو فەرمووی دیارە هەر دڕک هاودەمیە گوڵ، بۆچ شێتی، نازانی؟
گەدایی و سواڵکەری بەر ماڵەکەی، دەستم کەوێ ڕۆژێ خوا نەیکا کە من بیدەم بە تەخت و تاجی سوڵتانی
دڵی سەودازەدەی ئەحمەد گرفتاری کەسێکە وا کە دی وا حەڵقەحەڵقە زوڵفەکانی کەوتە سەر شانی

6

[edit]
دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری لە بیری چۆتەوە چەن وەختە وا عەبدی وەفاداری
لە لام وابوو کە یارێکی وەفادار و وەفاجۆیە بەسەهوا چووم و نەمزانی وەهایە ڕەسم و ئەتواری
ئەگەرچی بێ وەفا و مەیلە، بەڵام ڕۆح و دڵم سەد جار بە قوربانی نیگاهی دیدە و لێوی شەکەرباری
ئیتر بۆ چیمە من ئیمان و دین و مەزهەب و ئایین ئەگەر دەستم کەون حەڵقەی چەلیپای زوڵفی زونناری
لەلام بێ قەدرە من بۆنی وەنەوشە و یاسەمین ئەمڕۆ کە دێتە بەر خەیاڵم پەرچەمی وەک موشکی تاتاری
نیشانەی خوێنی ئاڵی عاشقی کوژراوی ئەو یارەن سەری پەنجەی حەنایی و لیباسی سووری گوڵناری
وتی ئەحمەد لە عیشقا ئێستە وا مەشهوورە ئوستادی تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە عەییاری

7

[edit]
سەبا عەرزی خلووس و بەندەگیم و هەم دوعاخوانی ببە بۆ خزمەتی شاهی موحیتی گشت سولەیمانی
بڵێ قوربانی تۆ بم ئەی سەلاحەددینی ئەییوبی بە زۆری پەنجە وەک حەیدەر، بە سیما یۆسفی سانی
لە دەست کافر نەجاتمان بوو، بیحەمدیللاهی وەلمیننە لە سایەی دەست و تیغ و هیممەتی تۆ شێری یەزدانی
خوداوەندا بە لوتفی خۆت لە چاوی بەد بە دووری کە بە جاهی سەییدی مورسەل، بە ڕۆحی شاهی گەیلانی
لە پاش ئەم ئیحتیراماتە، بڵێ بەو شاهی دەورانە چ جورمێکی هەیە ئەحمەد، کە کردووتە بە زیندانی
ئەگەر شایەد لە خزمەتتا خراپەی ئەو بووە سابیت بە لوتفی خۆت عەفووی کە چونکە هەر خۆت ساحیب ئیحسانی
کە جورمێکی نییە تا کەی، لە حەپسا دانیشێ قوربان لە تەنهایی لە فیکری چۆتەوە ئادابی ئینسانی
ئەگەر داوای کەفیلی لێ ئەفەرمووی حازرە، یاخود موڵک تەئمین ئەکا سەد جار، بە ئایین و بە ئیمانی
هەتا مردن، وەکوو بەندە، لە خزمەت شاهی کوردستان حەیاتی خۆی فیدا کا بۆ هەموو ئەمرێک و فەرمانی
من ئەم حەپسەم لەلا فەخرە، بە شەرتێ سەروەری کوردان لە حەق ئەم بەندەیەی خۆیا، بمێنی لوتفی جارانی
بە زاتی پاکی بێ هەمتا، بە نووری ئەحمەدی مورسەل جەنابت سوێند ئەدەم قوربان، بە گشت ئایاتی قورئانی
بە لوتف و مەرحەمەت ئەم بندەیەی خۆتە عەفوو فەرموو ئەتۆ سەرفی نەزەر فەرموو، لە جورم و سەهو و نیسیانی
لە لوتفی تۆ زیاتر هیچ پەیامێکی نییە موختار بە کاری هیچ نەهاتن دۆستەکانی خزم و خوێشانی

8

[edit]
کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی قەد و باڵایی تۆ خۆش بێ لە سەروی بۆستانم چی
کە عیشقی تۆ لە سەرمایە لە تانەی واعیزانم چی موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهڕوخانم چی
لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی
دڵم دایم لە عیشقی تۆ نیگارا مەست و حەیرانە هەمیشە کاری شین و ناڵە و ئەفغان و گریانە
میداڵ و مەنسەبی ئەو ماچەکەی سەرکوڵمی جانانە نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داغی هیجرانە
بڕۆ ئەی ناسیحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی
ئەوا دێوانە بووم قوربان لە عیشقی چاوی غەددارت شەکەر ئەرزان ئەکا ئیمڕۆ نیگار لێوی شەکەربارت
لە باخی نێرگسی شەهلا نییە وەک چاوی خوممارت غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت
وەگەر نە بێ قەدی سەروت لە سەروی گوڵستانم چی
تو خوا قوربان عەفوو کە با کە من سەد جار گوناحم بێ خوا هەڵناگرێ تا کەی هەمیشە ئۆف و ئاهم بێ
ئیتر شەرتێکە خاکی ژێری پێی تۆ من کولاهم بێ کە من میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ
ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی
دڵم سۆراخ سۆراخە قەسەم بەو چاوەکەی کاڵت هیلاک و مەحو و بێ هۆشم لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت
دە لوتفێ کە لەگەڵ مندا فیدای ئەو دانەیی خاڵت شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت
بڵێ یەکبارە با ون بێ لە ماهی ئاسمانم چی
مەحاڵە لەم دڵەم دەرچێ بە سەد دەرد و ئەلەم میهرت ئەگەر یەک زەڕڕە تۆ جانا لەگەڵ مندا نەبێ میهرت
غوڵام و بەندەتم مەربووتە ڕۆحی من لەگەڵ میهرت بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت
کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی
هەموو عومرم بەسەرداچوو دەمێ ماچم نەکرد کوڵمت دوو زوڵفت هەر وەکوو پەرژینی گوڵباخی سەری کوڵمت
گەلێ بێ تاقەتە ئەحمەد لەبۆ ماچی سەری کوڵمت بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت
گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی