Jump to content

مەسەلەی ویژدان

From Wikisource
مەسەلەی ویژدان (1935)
by ئەحمەد موختار جاف
300756مەسەلەی ویژدان1935ئەحمەد موختار جاف
مەسەلەی ویژدان

ویلادەتم لە قەزای (هـ) بوو، لە بنەماڵەیەکی هەژار، باوکم لە شەڕی گەورەدا شەهید کرابوو، ئیتر بێکەس و بێدەرەتان مابوومەوە بە دیار دایکێکی هەژارەوە کە بە هەزار مەشققەت و کولەمەرگی، نانی هەرزن و بەرماوەی گەورەماڵان و هێندێ دانەوێڵەی پەیدا ئەکرد هەر بۆ ئەوەی منی هەتیو پێ بگەیەنێ لە مەکتەبدا، کە تازە کرابووەوە لە مەرکەزی قەزادا. بەڵام مەعەلئەسەف ئەم ئاواتانەی بەکورت و کوێری هاتەبەر، هێندەی نەبرد، خوا ئەویشی بردەوە بۆ لای خۆی.

بەم جۆرە منی بێکەس و بێدەرەتان لە لای چەن بۆرەخزمێکم بەتەنیا لەم دنیایەدا لە ناز و نیعمەتی دایک و باوک کەوتم. ئەم بۆرە خزمانەش لە ئینسانەتی خۆیانەوە بوو، کە نان و پیازێکیان پێ حەڵاڵ ئەبینیم، چونکە لە ڕاستیدا هیچ هەقێکم بەسەریانەوە نەبوو.

کە تۆزێ گەورە بووم و هۆشم کرایەوە، ئەوەندە ئەقڵم بەوە شکا کە ئەرکی بەخێوکردنی خۆم بخەمە سەر شان و بازووی خۆم بە تایبەتی کە خێراخێرا دەیاندا بە گوێمدا: «هەتیو! شوکور گەورە بوویت، بووی بە پیاو، مەعیشەتی خۆت ئیتر خۆت پەیدای بکە!» وەنەبێت لە لای ئەم بۆرە خزمانەش، مانەوەم بە بەلاش بووبێ، بەڵکوو لەو چەن ساڵەی لایان بووم، لە هەموو ئیشێک و بێگارییەکدا موشارەکەم کردبوو، هەر لە شوانی و گاوانی و عەردکێڵان و دێراوهەڵدانەوە هەتا شەنوکەو و خەرمانکۆکردنەوە.

بەمانە هەموو مەمنوون بووم، بەو شەرتەی دەرم نەکەن و نانێکی ڕەقم پێ حەڵاڵ ببینن. من هەر خۆم دەیزانم ئەو ڕۆژە چەن خەفەتبار بووم، کە مانەوەم لایان بەو شێوەیەش نامومکین بوو، ناچار ماڵئاواییم لێ کردن.

***

کە بینیم، ئیتر بێ دایکوباوک، بێخزم و بێکەس فڕێ درامە ئەم جیهانە سەختەوە بە شوێن ئەرکی نان پەیداکردندا. هەموو ئەمەلیشم ئەوە بوو کە دوو خەپلەی هەرزن و چایەکی شیرین حەڵاڵ بکەم!

جارێ سەرەتا، ڕۆژە نا ڕۆژێ دەگەڕام بەسەر دووکانەکانی شاردا، ڕۆژێ لای ئاسنگەر، ڕۆژێ لای دارتاش، ڕۆژێ لای پینەدۆز کارم ئەکرد. بەڵام لە چەن عانەیەک زیاتر هیچم دەستگیر نەئەبوو.

کۆنەئاشنایەکی باوکی ڕەحمەتیم، ڕۆژێ ڕەحمی تلیسایەوە بەرامبەر بەم وەزعە ناخۆشەی من، بیستبووی کە کەمێ خوێندەواری ئەزانم، لەگەڵ خۆیدا بردمی بۆ لای دووکاندارێکی تاجیر، بەو غەرەزەی معاوەنەتی بکەم لە دووکانەکەیدا. بەڵام هەر لە ئەوەڵەوە شعوورم بەوە کرد کە وەستای دووکاندارم، غەلوغەشێکی زۆر ئەکات، بە تایبەتی لەگەڵ ڕەشوڕووتی دەرەوەدا کە ئەهاتن بۆ کڕینی کەلوپەل و شەکر و چایی و شتی کە. لە پاش ماوەیەک، ئەوەندە ئاشنایەتیم پەیدا کرد لەگەڵ وەستامدا کە جاروبار بتوانم، دەمەتەقێیەکی لەگەڵدا بکەم. ڕۆژێکیان لێم پرسی:

- وەستا ئایا بە شەریعەت غەلوغەشکردن لە تیجارەتا حەڵاڵە؟

وەستام کە لەوە دەچوو قەت ئەوەی بە من ڕەوا نەبینیبێ سوئالی وای لێ بکەم، بە نیوە مۆڕی و نیوە تەعەجوبێکەوە سەیری کردم و ئەمجا فەرمووی:

- هەرچی تەسهیلی مەعیشەت بکات بۆ خەڵکی جائیزە، بەو شەرتەی قەتڵ و عەرز و نامووسبردنی تیا نەبێ!

- ئەی مەسئەلەی ویژدان چییە؟

- هەتیو لەمە زیاتر قسە مەکە!

مەجبوور بووم بە سکوت. ڕۆژێک پێم وت:

- وەستا من کوێرەخەتێکم هەیە، لەلام وایە ئەگەر حیسابت لەگەڵ هەر کەسێ هەیە لە دەفتەرێکا بینووسم چاکە؟

جوابی دامەوە و وتی:

- عەزیزم، من لە دەفتەر چاکترم هەیە.

هەڵسا چووە پشتی دووکان، گڵۆڵەیەک بەنی هێنا کە پارچە کرابوو. هەر پارچەیەکی بە نەوعێ ڕەنگ کردبوو، گرێی بچووک و وەسەت و گەورەی لێ درابوو. وتی:

- ئەمە دەفتەری منە!

کە ئەمەی وت، زۆر حیرەتم کرد. پێم وت:

- مەقسەدت چییە؟

کابرا بەبێ تەئەمول پێی وتم:

- ئەم دەفتەرە هەریەک ڕەنگی، عەلامەتی ناوی یەک شەخسی قەرزارە، و هەر یەک گرێیەکی عەلامەتی میقداری قەرزەکەیە.

- وەستا بەڵکوو ئەوەندە ئیسم کە تۆ قەرزت لە لایان هەیە، ئەوەندە ڕەنگ دەست نەکەوێت؟ شەخسێ سێ چوار قەڵەم قەرزارت بێ، بە گرێ جەمعی زەحمەتە، عەلاوەی ئەمانە، زۆر ناویان هەیە، وەک یەک وەهان.

مەسەلا مەحموودی کوڕی ئەحمەد و مەحموودی کوڕی قادر، تۆ چۆن لە بەینی ئەم دوو مەحموودەیا فەرق ئەکەیت؟

- بە ڕەنگی دەموچاویان من ئەیانناسم، وە من حیسابی خۆم ئەزانم. کە چاوم کەوت بە قەرزارێ یاخو بە شەخسێ کە حیسابم لەگەڵیا بێت، دڵم خورپەی تێ ئەکەوێت.

- ئەی بەڵکوو دوو کەس کە قەرزارت بن یەک دەفعە پێیان بکەوێت، مەسەلا یەکێ لەوان محەمەد کوڕی یاروەیسی ناو بێ، وە دە ڕوپیە قەرزارت بێ، ئەوی تریان محەمەد کوڕی میروەیسی ناو بێ، پەنجا ڕوپیە قەرزارت بێ، تەگبیری چییە؟

- ئیتر دریژی مەکەرەوە ئێمە باوک و باپیرمان وای کردووە و دەوڵەمەنیش بوون.

کە ئەم قسەیەم بیست مەجبوور بێدەنگ بووم، هەر چەند منیش ئەوەندە عاقڵ نەبووم. ئەمما لە دڵی خۆمدا موتەئەسیر بووم لەم تەقلیداتە کە ئەوەندە لە مێشکماندا جێگیر بووە کە تەرجیحی نەخوێندەواری بەسەر خوێندەواریدا ئەکەین. باوجوودی هێشتا هەقمان بەدەستە، چونکە ئەوەندە کەسمان دیوە کە بە خوێندەوار مەشهوورن و موعامەلاتیان وەکوو ترە، ئەو عەنعەناتی قەدیمییە وەکوو ئەمانە قبووڵ بکەین، هێشتا هەقمان بەدەستە. بە واسیتەی ئەوەوە کە شاگرد بووم و هەموو وەقتێ خواردەمەنی و سائیرەم دەبرد بۆ ماڵی وەستام، لە ماڵیاندا مەحرەمیەتم پەیدا کرد و هاتوچۆی ماڵی وەستام ئەکرد.

دیقەتم کرد وەستاژن بە دەرەجەیەک حوکمی بەسەر وەستامدا هەیە فەوقی تەسەور ناکرێ. مەسەلا ڕۆژێ حوکمی لە وەستام کرد و وتی:

«ئەمڕۆ لە حەمام ژنی فڵان کەسم دیوە کەوایەکی زۆر جوان و کراسێکی تازەبابەتی لەبەرابوو، بە خوا جوان بوو. دەبێ لەو نەوعە بۆم دروست بکەیت!»

وەستای بێچارە لەبەر ئەوە کە ئیتاعەتی زۆر بوو، هەر چەندە عمووم سەروەتی هەزار ڕوپیە نەدەبوو، فەورەن بۆی دروست کرد. کە وەقتێ ئەیکردە بەری، ئەوەندە درێژ بوو لە پاش و پێشەوە نیو گەزی بەناو قوڕاودا ئەخشا و لە مودەتێکی کەمدا خراپ دەبوو. لەبەر ئەمە کە سەروەتی کەم و مەسرەفی زۆر بوو، فەقیرە مەجبوور بوو، سبحەینێ کە ئەچوو بۆ دووکان ئەنواعی ساختەکاری و بێویژدانیی ئەکرد، بۆ ئەوەی کە زەرەری شەو، یەعنی دەستەجلەکە پڕ بکاتەوە، حیرەتم لە هەموو شت زیاتر لە یەک مەسئەلە بوو، کە باوجوودی ئەو هەموو موحەبەت و ئیتاعەتە مەحزە، بەعەزەن وەستا لە وەستاژنم عاجز ئەبوو هەزار قسەی پێ ئەوت کە ئینسان بۆ هیچ کەسێ ئیستعمالی ناکات، وە پێی ئەوت: «من تۆ لە سەگ بە کەمتر ئەزانم، هەر زۆر قسە بکەیت تەڵاقت ئەدەم!»

تەعەجوبم ئەکرد کە بەم هەموو ئیتاعەتەوە ئەم هەموو تەحقیراتە بێمەعنایە، مەعنای چییە؟ بەعەزەن کە ئەچووینە ماڵی وەستام تێ ئەفکریم، وەستاژنم بە دەستێ جلی جوانەوە دانیشتووە لە ماڵی نەزافەتدا، ئەمما حەوشە و ناو ماڵ و خواردنیان لە نیهایەتی پیسیدا بوو.

حەوشەکەیان پڕ لە پیسی و حەوزەکەیان بۆگەن، مەنجەڵەکانیان هەموو ژەنگاوی بوو. بەعەزەن ئەمدی فەقیانەی ئەو کراسە جوانەی، وەستاژنم لووتی پێ ئەسڕێ. ڕۆژێ پێم وت:

- وەستاژن ئەگەر دەستەسڕێ بکڕێ بە چوار عانە بۆ لووت سڕین چاکتر نییە؟ وە ئەگەر ئەم حەوشەیە هەموو ڕۆژێک پاک بکرێتەوە و لەو ئاوە پیسە چێشت لێ نەنێن خۆشتر نییە؟

- ڕۆڵە گوێ مەیەرێ. تەماشاکە ماڵی فڵان و فڵان کە لە ئێمەش دەوڵەمەنترن وەهایە. زەرەریش نییە بۆیان!

- ئەی مەسئەلەی حیفزولسیحە چییە؟

- ئەم قسانە درۆیە و ئێمە باوەڕمان بەم نەوعە شتانە نییە و ئەم قسانە دکتۆرەکان و مەکتەبلییەکان کە کافرن وتوویانە وە ئیللا بۆ هەموو نەخۆشییەک، دوعایەک یا شەخسێک هەیە. نیهایەت ئینسان یا کەللەیەک شەکر بۆ موریدێک یا شەخسێک ئەبات و یاخو نەختێ دانوولە وە یاخو سیوجگەرێک بۆ شەخسێک ئەبات و لە دەست ئەو نەخۆشییە نەجاتی ئەبێت. تەماشاکە عیللەتی باداری کە گاورەکان ڕۆماتیزئینی پێ دەڵێن وە هێشتا دەرمانی نەدۆزراوەتەوە، هەر کەسێ بیبێ ئەچێتە سەر کانی با و خەڵاس ئەبێ بەبێ دقتۆر و دەرمان، ئیتر ئەوانەی تۆ ئەڵێی درۆیە و باوەڕی پێ مەکە! بیستوومە نەختێ خوێندەواری، ئەگەر ئەتەوێ لەلای ئێمە بیت، ئەم نەوعە قسەی کافرانە مەکە!

لە پاش چەند مودەتێ کە تێ فکریم، بەو نەوعە لە لای وەستام ئیدارە ناکەم. مەجبوور تەرکم کرد، چووم بووم بە پیاوی تیجارێ کە هەقیقەت بە زاهیر پیاوێکی باش بوو، هیچ نوێژ و ڕۆژووی نەئەفەوتاند و هەمیشە مەشغووڵی ویرد خوێندن بوو ئەمما ئەو گەزە کە کوتاڵی پێ ئەفرۆشت لە گەزی خەڵقی کورتتر بوو، و هەر وەقتێ معامەلەی تووتن یا شتێکی تری لەگەڵ فەقیرێک بکردایە، تێ ئەفکریم خەریکە بە تەواوی مەحوی بکاتەوە و کەماڵی بێویژدانی و بێئینسافیی سەرف ئەکرد. ئەو دیانەت و ئەو خیانەتەی «موسبەت و مەنفی بوون و بووبوو بە باعیسی تەعەجوب و تەحەیور».

تیجاری ئاغام دوو کوڕی بوو، یەکێ لە عومری هەشت و یەکێ لە عومری دە ساڵیدا کە هیچیان نەخوێندبوو. ڕۆژێ عەرزی ئاغام کرد:

- ئەگەر ئەم منداڵانە بنێری بۆ مەکتەب چاکتر نییە؟

- هەتیو دیارە تۆیش بەواسیتەی ئەو کوێرەخەتەوە ئەحمەق بوویت. کوڕی من خوێندنی بۆ چییە؟ ئێمە کاسبین، هەقمان بەسەر خوێندنەوە چییە؟

من کوڕی خۆم بۆچی ئەنێرم بۆ مەکتەب؟ بۆچی کافری بکەم وەکوو گاوەرەکان لە هاوینا قاچ و سەریان ڕووت بکەن؟ ئێمە هەر چڵۆن بووین ئەبێ وەها بین! ئاغام عەلاوەی تیجارەت فەلاحەتیشی ئەکرد، لاکین خۆی ئاو و زەمینی نەبوو، بۆ فەلاحەت مەجبوور لە موڵکی بەگزادەیەکی دەوڵەمەندا فەلاحەتی ئەکرد وە نەزارەتی جووتەکانی درابووە دەست من، هەموو ڕۆژێ تۆوی جووتەکانی، من ئەمدا بە جوتیارەکان. ڕۆژێ کە چووم تێ فکریم جووتکردنی ڕۆژیان زۆر کەمە و تۆوی زۆر ئەبەن، هیچ دەنگم نەکرد! لە پاش دوو سێ ڕۆژ سبحەینێیەک زوو چووم بۆ تەحقیقاتیان. کە تێ فکریم یەکێ لە جووتیارەکان لە لای عەلافێک سێ مەن گەنمی وا بەدەستەوە و ئەیفرۆشێ، پرسیم:

- ئەوە چییە؟

- هی خۆمە!

- منیش لەبەر ئەوە ئەمزانی مەسئەلە چییە بە تەهدیدەوە پێم وت:

- بەڕاستی پێم بڵێ!

لە پاش ئیلحاحێکی زۆر، ڕاستیی پێ وتم:

- ئێمە قاعیدەمان وایە کە هەرچی گەنم ببەین بۆ تۆو، سلسی ئەفرۆشین بۆ خۆمان.

- ئەمە دوو زەرەری هەیە: ئەوەڵەن گەنمەکە ئەدزن ئەمە زەرەرێک. دووەم، تۆوەکە کەم ئەکەن وە کەمی تیا ئەبێت.

- قوربان جووتیاری هەموو کەس وایە، ئێمەش وەکوو خەڵق.

خوڵاسە نەزارەتی جووتەکانم کرد تا وەقتی حاسیڵات پێ گەیشت و کردمان بە خەرمان.

چەند خەرمانیکی تریش نزیکی خەرمانەکەی ئێمە بوو. وەقتێ کە خەرمانەکان پاک کران و سووربوون، تێ فکریم هەموو فەلاحەکان بە شەو دەستیان کرد بە دزینەوەی گەنم و جۆ.

منیش شەوێک پێم وتن:

- ئەمە داخڵی ویژدان نییە! ئەم ساحیب موڵکە ئینسانەتی کردووە، ئێوە بۆچی دزیی لێ ئەکەن؟

- برادەر، ئەمە کە بەحسی ئینسانییەت و ویژدانکردنە، لێرە پارە ناکات!

تەنیا من نەبێ هەموو دراوسێکانم بە قەدەر ئارەزوو لەو خەرمانانەیان دزی، سەرکاریشمان حازر بوو، ئەمما هەر یەک میقدارێک گەنم و جۆیان دا بە سەرکارەکان. کە کابرای سەرکار هات بە منی وت:

- بۆچی تۆ هیچ دەنگت نییە؟

- من خیانەت ناکەم!

- باشە چاوت بە خۆت ئەکەوێت!

کە ڕۆژ بووەوە تێ فکریم بەگ تەشریفی هات دوو سێ توولە و تانجیی بە شوێنەوە بوو، لە کەماڵی عەزەمەت و شەوکەتدا، تەماشایەکی خەرمانەکانی کرد. کابرای سەرکار دوو سێ قسەی بە دزییەوە بۆ کرد، تا هاتە سەر خەرمانەکەی ئێمە.

با وجوودی ئەوە کە بە نیسبەت کای خەرمانەکەوە گەنمەکەی ئێمە زۆر بوو، سووریی خەرمانی دراوسێکانم کەمتر بوو. کابرای بەگزادە بەبێ تەئەمول دەستی کرد بە حیدەتکردن وتی:

- درۆ ئەکەی دزیت کردووە!

منیش مەجبوور حیکایەتی دزێتیی گەنم و جۆ و بەرتیلخواردنی سەرکارم بۆ گێڕایەوە.

زیاتر حیدەتی کرد و وتی:

- تۆ درۆ ئەکەیت! من پیاوی خۆم ئەناسم دزی لە من ناکەن. ئەمانە هەر ئەو پیاوانەن کە تا ئێستا دە کەسیان بەبێ قەباحەت هەر لەبەر ئارەزووی من بۆیان کوشتووم، وە سەد کاروانیان بۆ ڕووت کردوومەوە و ئەم موڵکانە کە من هەمە لە سایەی چوار پێنج پیاوی وەکوو ئەمانەوەیە.

کە وای وت بە حیدەتەوە زیاتر وتی:

- خەرمانەکان دەور بکەنەوە!

لەسەر وڵاخەکەی خۆی دابەزی و لە پاش دەورکردنەوەی خەرمانەکان ئەوانەی کە دزییان کردبوو، هەر کەسێ میقدارێکی تریش لەسەر ئیقتراحی سەرکارەکە عەفوو کران بەغەیرەز خەرمانەکەی ئێمە کە بە زیادەوە لێی سەندین، مەعلووم بوو کە سەداقەت خیانەتە و خیانەت سەعادەتە. کە هاتمەوە خزمەتی تیجاری ئاغام ئەم حیکایەتەم عەرز نەکرد.

لە وەقتی هاویندا لەگەڵ ئاغام، چووم بۆ دێهاتی ئەتراف بۆ تووتنکڕین. لەوێ تووتن پێ نەگەیشتبوو. کە لە ڕێگەوە ئەچووینە ماڵی کوێخا، دیارییەکی جوان، بە قەدەر شەئنی کابرای کوێخا دێ بوو، بە ناوی خەڵاتەوە تەقدیمی ئەکرد. وە لەگەڵ عمووم ئەهالیدا بە نەوعێ گفتوگۆی ئەکرد بە کەماڵی شیرینی و نەزاکەت وە هەر وەقت بەحسی قیمەتی تووتن بهاتایە پێشەوە، هەزار سوێند و قورئانی ئەخوارد کە «ئەمساڵ تووتن زۆر ڕەزیلە و ئێمە هەموو مەحو بووینەوە، ئەمما بە هەر قیمەتێ کە ئێوە بڵێن من قبووڵمە، هەر بە شەرتی ئەوە لە یەک لیرە چوار ئانە قازانجم بۆ بهێڵنەوە، لەوە زیاتر، حەرام بێت وەکوو گۆشتی سەگ. چونکە ئێوە عمووم ئاشنای قەدیمی منن». منیش لە دڵی خۆمدا لەوەی کە تەسەورم کردبوو ئاغام پیاوێکی بێویژدانە پەشیمان بوومەوە، وە زۆر تەقدیری ئاغامم کرد لە دڵی خۆمدا، کە ئەم پیاوە لەم هەموو دێهاتەدا کە گەڕاین لەگەڵ هەموویاندا دۆستایەتی و معامەلەی ئەوەندە لە داخڵی ویژدانایە. خۆڵاسە گەڕاینەوە ناوشار لە پاش چەند مودەتێ چووین بۆ تووتنداگرتن، وەختێ کە ئەچووین بۆ سەر کللاری تووتن بێچارە زەڕاعەکە لە دڵی خۆیدا قەراری دابوو مەسەلا: ئەو کللاری تووتنەی دە باتمان دەرئەچێ وەختێ کە دەورمان ئەکردەوە شەش باتمان دەرئەچوو.

کابرا خۆی سەرسام ئەبوو وە هەقیقەت منیش زۆر تەعەجوبم ئەکرد ئەمووت «یا ڕەبی ئەمە چی بێ ئایا موازەنەی ئێمە غەڵەتە یا ئیمساڵ باتمان گەورە بووە! مەگەر کە من نازانم و تێ نەگەیشتووم تیجاری ئاغام بزمارێکی داوە لە تۆپی قەپانەکە و ئەنواعی حیلەبازیی تیایدا کردووە بۆ ئەوەی هەمیشە دە باتمان بکات بە شەش باتمان. وەلحاسڵ تووتنمان داگرت، ئەهالی گردبوونەوە بۆ قەتعی نرخ. ئاغام وتی:

«کە چوومەوە مەملەکەت بێن، نرخ ئەبڕین!»

کە چووینەوە شار لە پاش چەند ڕۆژێک بەفر و باران بە شیدەت ئەباری هەموو ئەهالییە بێچارەکان بە لەرزەلەرز و هەموو لەشیان قوڕاوی بوو، هاتن بۆ دەرگای حوجرەی ئاغام.

تەماشام کرد، ئەو سیما بەشووشەی ئاغام بە عەبووسی تەبدیل بوو، ئەو قسە شیرینانەی بوو بە زەهری مار. بە حیدەتەوە پێی وتن:

- ئەم قەرەباڵغە چییە؟ بۆچی هاتوون؟

وتیان:

- قوربان هاتووین بۆ نرخی تووتنبڕین.

کە وایان وت، دەفتەرێکی دەرهێنا و وتی:

- مردووتان مرێ، نرخی چی؟ هەموو قەرزارن! ئەمساڵ باتمانێ تووتن دوو ڕوپیە ناکات.

- قوربان ئێمەش فەقیرین مەرحەمەتت ببێ!

- لەوە زیاتر قسە مەکەن وەئیللا ئەڵێم بە پۆلیس دەرتان بکات! بڕۆن شکاتم لێ بکەن، ئەوسا چاوتان بە خۆتان ئەکەوێت، ئەوانەی ئێوە شکاتی لە لا ئەکەن، هەموو شەو لە دیوەخانی منا قاوە و چایی ئەخۆنەوە!

هەر کە ناوی پۆلیسی هێنا هەر وەکوو شەیاتین کە بیسمیللای لێ بکرێت، هەر یەک بە لایەکدا ڕایان کرد، وەهایان ئەزانی پۆلیس وەزیفەی مەخسووسی ئەمەتە کە ئەوان ئەزیەت بدا.

ئەوەندە عەقڵیان نەبوو بڵێن پۆلیس بۆ ئینزباتی مەملەکەتەیە کە کەس غەدر لە کەس نەکات. منیش لە گۆشەیەکەوە دانیشتبووم تا خەڵق ڕۆیشت. بە ئاغام وت:

- قوربان ئەم حاڵەتە چییە و لەسەر جی عاجز بوویت؟ خۆ تۆ ئەوسا لە دێهاتا زۆر بە شیرینی قسەت ئەکرد؟

- ڕۆڵە تۆ ئەم سەگبابانە ناناسیت، ئەوسا ئەگەر بە شیرینی قسەم نەکردایە تووتنەکەیان نەئەدامێ، ئێستاکە تووتنی خۆمم وەرگرتووە، ئەبێ وا بڵێم.

- قوربان لە خسووسی ویژدانەوە چی ئەفەرموویت؟

- قسەی قۆڕ مەکە! ئەگەر لە ساڵێکا دەستی ئەهالیی چوار دێ نەبڕم، چۆن ئیدارە ئەکەم؟

دەستی کرد بە پێکەنین و وتی:

- ڕۆڵە ئەمانە زۆر کەرن! ئەمین بە ئەمساڵ زووتر دێنەوە.

هەقیقەت ئاغام ڕاستی کرد، هەر عەینی ئەو ئەهالییە لە ساڵی ئاتیدا زووتر هاتنەوە بۆ لای ئاغام و ئاغایش عەینی پرۆغرامی تەتبیق کرد و دیسان مووەفەق بوو، زۆر تەعەجوبم کرد، سەبەبی چییە کە ئەم ئەهالییە وا ئەکەن؟ هەر چەندە فیکرم کردەوە هیچم بۆ مەعلووم نەبوو. هەر ئەوەندە تێ گەیشتم کە ئەهالییەکە لەبەر فەقیری مەجبوورن هەر لە زستاندا دەست بکەن بە قەرزکردن لەسەر تووتن وە ئەوەندە عەقڵیان بوو، کە بچن بۆ هەر کوێ هەر وەکوو ئەم وایە، جا کەوابوو ئەم ناسیاوترە و ئومێدی ڕەحمیان لێ ئەکرد، هەر چەند نەیشیبوو.

«حەیوانە کێوی تەنیا لە یەک پڵنگ ناترسێ با وجوودی حەیوانی، ئەوەندە عەقڵی هەیە کە هەموو پڵنگێک ئەیخوات!» ئەم ئەهالییە فەقیرە و ئەم مەحسوورمانەوەیان سەبەبی چییە وە بۆچی وەهان؟! حیرەتم کرد هەر ئەوەندەم زانی کە نەبوونی مەکتەب و واسیتەی نەخوێندەوارییانە کە ئەحواڵیان وایە. ئەکسەری وەقت تەماشای دەفتەری ئاغام ئەکرد کە لەو شارەوە کە مەوقیعی ئیستیهلاکی تووتنە وە تووتنی بۆ سەوق ئەکەن بۆی ئەهات.

سەرسام ئەمام چونکە بەعزێکی بە تەرک وە بەعزێکی بە سەماح، وە قسمێکی بە(فۆگانی) و ... و ... لە تووتنەکەی دەرئەچوو، بێچارە ئاغام با وجوودی ئەو هەموو زوڵم و زۆرە کە کردبووی کە وەختی تووتن لە تەرەف تەدبیرچیی ئەو شارەوە بۆی ئەفرۆشرا یا قازانجێکی زۆر کەمی ئەکرد وە یا سەروبەر دەرئەچوو، چونکە ئەو تەدبیرچییە هەر چی ئارەزووی خۆی بووایە ئەوەندەی بۆ ئاغام پارە ئەناردەوە.

ڕۆژێ عەرزی ئاغام کرد:

- ئایا ئەگەر ئێوە کە چەند تیجارێکی دەوڵەمەنن، ئیتیفاق بکەن وە قوومپانییەک تەشکیل بکەن وە لە تەرەف ئەو قوومپانیایەی خۆتانەوە، دوو کەس لەو شارە بە وەکالەت دابنێن، بۆ عموومتان تووتن بفرۆشێت، ماکینە جەلب بکەن و قیسمێ لەو تووتنە بکەن بە پاکەت، ئەو قازانجە بۆ خۆتان بێت باشتر نییە؟ ئێوە کە مادام ڕۆحی ئەم ئەهالییە بێچارەیە دەردەهێنن کە بە ئەنواعی ڕەزاڵەت و فەلاکەت بە خۆی و ماڵ و مناڵییەوە شەش مانگ خەریکە دە باتمان تووتن پەیا ئەکات وە ئێوە بەم نەوعە لێی ئەسێنن، بۆ خۆتان بێ باشتر نییە لە غەیرە؟

- عەزیزم دیارە تۆیش وەکوو مەکتەبلییە شێتەکان وایتە. ئێمە باوک و باپیرمان هەر وەهایان کردووە، خۆشمان ئەبێ وا بکەین!

- قوربان ئەقڵی باوک و باپیرمان بۆ زەمانی خۆیان باش بوو، بە کاری ئێستا نایەت. عەجەبەن تفەنگی قەپاغلی باشە یا موعەدەل ماووزەڕ و مەترالیۆز و ئەم نەوعە شتانە؟ سواری کەر باشترە یاخو ئوتومبێڵ؟

- هەزار قسەی وەها بکەیت عەقڵی کۆن لە عەقڵی تازە باشترە!

کە تێ فکریم بۆ ئیلزام و سکووتی ئاغا، سکووتکردن و بێدەنگیبوون لە هەمووی چاکترە، ناعیلاج بێدەنگ بووم.

لە پاش ئەوە چەند مودەتێک لە لای تیجاری ئاغام مامەوە. موازەنەم کرد، لە لای ئەو دانیشتن بۆ من فائیدەی نییە. هەڵسام لەگەڵ کاروان لە شار دەرچووم، ڕۆیشتم بۆ قەزایەکی تر کە داخڵی ئەو لیوایە بوو. کە گەیشتمە مەرکەزی قەزا هەقیقەتەن جێگەیەکی خۆش و هەوایەکی لەتیف و باخ و باخچەیەکی جوانی بوو. ئەمما مەعەلئەسەف ناو کۆڵانەکانی لە کەماڵی پیسیدا بوو، پڕ بوو لە مەجاری و ئاوەڕۆ و زبڵ و پیسایی، بەمە هەقیقەتەن دڵتەنگ و عاجز بووم، تێ فکریم بۆچی شوێنێ هێندە باخ و گوڵزاری تیادا بێ وە لە جەمالی تەبیعەتدا وەکوو بەهەشت بێ، کەچی وا بێ قەدر و قیمەت سەیر بکرێت؟ لە پاشانا تێ فکریم کە ئایا ئەم قەزایە بێ بەلەدیە بێ؟ وە ئەگەر بەلەدیەی تیادا مەوجوود بێت، کێ بێ ڕەئیسی بەلەدیەی؟ ئایا ئەگەر خەڵکی ئەم قەزایە بێت، چۆن ڕیعایەت و چاودێریی ناکات؟

پاش ئەوەی لە چایخانەیەک هێندێ ئیستراحەتم کرد، ئینجا چووم بە شوێن هۆدەیەکدا بگەڕێم بۆ ئەوەی ئیستراحەتی خۆمی تیادا جێبەجێ بکەم. هۆدەیەکم دۆزییەوە بە پارەیەکی هەرزان. شەوێ تێ فکریم کە ئایا لەم قەزایەدا چۆن گوزەران بکەم؟ کە بیرم کەوتەوە خۆ من کوێرەخەتێکم هەیە، ئەی بۆ نەچم بۆ سەرای حکوومەت وە بە ئیستدعانووسین نانێ پەیدا نەکەم؟ پاشان ترسی ئەوەم لێ نیشت کە ئیجازەم نەدەن. بەیانی، بە کەماڵی مەراق و شڵەژاوییەوە، ڕووم لە سەرا کرد. هەر ڕەوشوڕووت و لادێیی بوون، وەک شارە مێروولە بە یەکدا ئەهاتن و ئەچوون.

کە چاوم گێڕا تەنها دوو سێ عەرزوحاڵچی مەوجوودن، کە بە سیمایاندا و خەڵکی دەوریاندا، ئەوزاعیانم بە خراپ نەزانی. ئیتر منیش قسوورم نەکرد، هەر لەو نزیکانە چەن تەبەق کاغەز و دوو سێ ئووچ و هێندێ مەرەکەبم کڕی و لە سووچێکی بەر دەروازەی سەراکەدا دەرگا و دووکانی خۆمم دامەزراند. ڕسقی ئەو ڕۆژەم تەنیا ئیستدعایەک بوو، بەڵام خوا ئەمیشی بە خێر بۆ نەگێڕام. چاوەڕێی ئەوە بووم، عەرزوحاڵی یەکەمم مەجرای خۆی بگرێت وە ڕەئیسی دائیرە بیخوێنێتەوە.

ئێستاش بۆم حەل نەبوو، ئایا لەبەر خراپیی خەتەکەی من بوو یاخو ڕەئیسی قەزاکە نەخوێندەوار بوو، حاسڵی بە هەر ئەحواڵێک بوو خوێندبوویانەوە، بۆی مەعلووم بوو کە مەسئەلەی ئیستدعاکە لە جیاتی ئەوەی کە بنووسم «حەیوانەکانم ژمارە کراون و دوو جار قۆچانیان بۆ بڕاوە، مەغدوورم»، نووسیبووم «من دوو تاقم حەیوانم هەیە و هەر تەنیا تاقمێکی ژمارە کراوە. ئیسترحام ئەکەم، ڕەفعی مەغدووریەتم بفەرموون!»

ڕەئیسی دائیرەکە ئەمەی دیبوو، بە حیدەتەوە ڕووی تێ کردم.

- کوڕە کابرا تۆ خەڵقی کام وڵاتی؟

- قوربان ئەسڵەن خەڵقی ئەم وڵاتەم.

- ئەم دەستبڕینە چییە؟ تۆ مادام نازانی بنووسی، بۆچی خۆت کردووە بە عەرزوحاڵچی؟ تەماشا کە بەم خەتە پیسە، ئەم ئیستدعایە بێمەعنایە نووسیوتە؟ لە جیاتی بۆ ڕەفعی مەغدوورییەتی ئەم فەقیرە بنووسی، زیاتر مەغدوورت کردووە، هەر ئێستا حەواڵەی پۆلیسخانەی ئەکەم و ئەوراقت لەحەق بگرن. ئەمجا چاوت بە خۆت ئەکەوێت، بە قانوونی عەشایر چۆنت مەحکووم ئەکەم تا ئیتر لە مەولا کەس ئەمانە نەکات! کە ناوی قانوونی عەشایری برد، تەعەجوبم کرد، چونکە بیستبووم قانوونی عەشایر مەخسووسە بۆ ئەوەی کە شەڕێکی موهیم لە بەینی دوو عەشایردا واقیع بێت، قەتڵ و قیتالی تێدا کرابێ بە مەحکەمە قابیلی حەلکردن نییە، یاخود بۆ مەسئەلەیەک کە ئەگەر بە قانوونی مەدەنی بکرێت بۆ سیاسەتی ئەو مەوقیعە زەرەر بێت، ئەمجا بە قانوونی عەشایر ئەکرێت.

زۆر ترسام وتم: «ئەم مەسەلەی منە زۆر موهیمە».

بە ترس و دڵەلەرزەوە عەرزم کرد:

- قوربان من عەشایر نیم و ڕەئیسی عەشایریش نیم. فەقیرێکم بۆ خۆم کاسبی ئەکەم، من هەقم چییە بەسەر قانوونی عەشایرەوە؟

- ئا کوڕە! کێ لەوێیە؟

فەورەن دوو سێ حازر بوون، وتی:

- دەی نەختێ دەموولووتی بکوتنەوە!

بێئەدەبی نەبێ قەدەرێ دەموولووت و چاوم بە شەقازلە تەئدیب کرا.

ئەوراقەکەمی حەواڵە کرد و دای بە دەستمەوە. کە تێ فکریم ئەو خەتە پیسەی من، هێشتا زۆر لە خەتی ڕەئیس جوانترە. لە دڵی خۆمدا وتم:

«خودا قودرەت قابیلی تۆیە یەکێ لەسەر خەت ناشیرینی موحاکەمە دەکرێت و یەکێ لەبەر خەت ناشیرینی مەسعوود بووە و بەختیارە؟»

حاسڵ بردمیان بۆ پۆلیسخانە، لەوێ تەقریریان وەرگرتم. کابرایەک کە نەختێ دۆستم بوو بوو بە کەفیلم و بە کەمالی عاجزییەوە گەڕامەوە، چوومە ئەو هۆدە خانووەی کە بەکرێم گرتبوو. دانیشتم ئێوارە لەبەر عاجزی نانم پێ نەخورا، شەوێ کەفیلەکەم هاتە لام وتی:

- عەزیزم عاجزی فائیدەی نییە، هەڵسە بڕۆ عیلاجی خۆت بکە!

- عیلاجم چییە؟

- پارەت هەیە؟

- بەڵێ!

- ڕەئیس موعتەمیدێکی هەیە، بچۆ تەشەبوسی پێ بکە!

- ئاخر نایناسم؟

- مەراق مەکە من دێم لە تەکتا.

خۆلاسە هەڵساین چووین بۆ ماڵی کابرای موعتەمید، کە تێ فکریم دیوەخانێکی درێژی هەیە کە پڕە لە کێچ و ئەسپێ و دووکەڵ ئینسان کوێر ئەکات.

خۆی لە سەدری مەجلیسەوە دانیشتبوو، ماڵاماڵ ئەو دیوەخانە، پڕە لە ئینسانی ڕەوشوڕووت. وام بۆ مەعلووم بوو کە هەموویان وەکوو من لە موخاتەرەدان. وە بۆ ڕەفعی ئەو خەتەرە کە لە ڕێگایاندایە بەغەیرەز ئەو دیوەخانە پیسە، مەلجەئی دنیاهێکیان نییە، چونکە هەموو کەس ئینتیزاری ئەکرد کە سائرە هەڵسن وە خەڵوەت بێت، منیش لە عەینی ئەو فیکرەدا بووم، ئەمما لەبەر ئەوەی کە خۆفی من لە هەموویان زیاتر بوو وە یاخو تەحەمولم بۆ عەزابی کێچ و ئەسپێ و دووکەڵ هەبوو لە هەموویان زیاتر، لە دانیشتدا سوباتم کرد. تا هەموویان هەڵسان، وە بە مەحرەمانە شەرفیابی حوزووری موعتەمید بووم و ئەوەی لازم بوو جێبەجێم کرد و گەڕاینەوە!

سبەینێ تەماشام کرد کە چوومەوە پۆلیسخانە، گەزی چی و جاوی چی؟ ئەوساکە بە پێوە ئەوەستام، ئێستا دامئەنێن. ئەوساکە بە حاڵ مەیدانی قسەم بوو، ئێستا مونتەزیری گفتوگۆی منن. خۆم پێ نەگیرا لە قۆمیسەرم پرسی:

- ئەمڕۆ خۆم زۆر بە موحتەرەم ئەبینم بەعەکسی دوێنێ، ئەمە چییە؟

- بەخوا منیش نازانم! ئەوەندە هەیە ئێستا ئەمریکمان لە جەنابی ڕەئیسەوە بۆ هات کە فڵان کەسی ئیستیدعانووس کە ئەوراقی بۆ ئێوە حەواڵە کرابوو، ئەوراقەکانی ئیعادە بکەنەوە بۆ خۆم و زۆر ئیحترامی بگرن! ئێمەش مەجبوور بووین بە ئیتاعەتی ئەمر و حەقیقەت ئەم مەسەلەیە وەکوو موعجیزە وایە!

ڕاستیشی ئەکرد، قۆمیسەر خەبەری نەبوو، ئەمما خۆم ئاگام لەو موعجیزەی ئەو شەوە هەبوو کە کردبووم.

قۆمیسەر وتی:

- ڕەئیس وای ئەمر کردووە کە تەشریف بێنن بۆ مەقامی ئەوان! منیش هەڵسام و چووم و ڕەئیس فەوقلحەد ئیحترامی گرتم و ئەمری کرد چایییان بۆ هێنام و پێی وتم:

- ئیشت چییە بۆت بکەم، ئەوا ئەوراقەکەشم لا بردی؟

- قوربان ئیشم هەر ئەوەیە مەئزوونم بفەرموون بۆ ئیستیدعا نووسین.

- عەزیزم تۆ نایزانی من تەگبیری باشترت بۆ دەکەم.

دەرحاڵ ئەمرێکی نووسی کە بەغەیرەز زۆراب ئەفەندی ناو، کە ئەسڵەن خەڵقی ئێرەیە وە ئێستا هاتووەتەوە و خەتی جوانە ئیستدعانووسین بۆ هەموو کەس مەمنووعە، منیش بە کەماڵی مەمنوونییەوە ئەمرەکەم وەرگرت و دام بە ڕەئیسی بەلەدییە. دوو عەرزوحاڵنووسی فەقیر کە دراوسێی دووکانم بوون و وەجهی مەعیشەتیان تەنها ئیستیدعانووسین بوو، بە ئەمری بەلەدییە مەنع کران! منیش هەر چەند قەلبەن موتەئەسیر بووم بۆیان کە نانم بڕین، ئەمما لەبەر ئەوە وەزعی موحیت وای تەقازی ئەکرد کە هەموو شەخس سەعادەتی خۆی لە فەلاکەتی هاوجینس و هاوزمانی خۆیدا ئەبینێ، منیش سەرفی نەزەرم کرد لە ویژدان و وتم:

«بە جەهەننەم ئەمرن لە برسا! بە ئیستلاحی کوردی بە گونی بارگیرمەوە! با خۆم مەسعوود بم، ئینسان ئەبێ تابعی موحیت بێ».

چەند مودەتێ بە عەرزوحاڵنووسین مامەوە، لە سایەی ئەو مەسلەکەوە میقدارێ پارەم کۆ کردەوە وە بە واسیتەی ئەو پارەیەوە مەغروورییەتێکی تەواوم لە خۆمدا دەرک دەکرد، وە بەو مەسلەکەی خۆم ڕازی نەبووم، هەموو وەختێ چاوم لە بەرزبوونەوە بوو بۆ جێگای عالی، هەر چەندە ئەو لیاقەتەم لە خۆمدا نەئەبینی. ئەمما چونکە زۆری وام دیبوو کە بەو هەموو جەهالەتەوە، من لەمان عالمتر بووم وە مەقامی گەورەیان ئیشغال کردبوو، منیش ئەو ماخولیایە کەوتبووە سەرم و نەمئەزانی چی بکەم؟ ڕۆژێ لەگەڵ کابرای ئاشنام قسەم کرد وتم:

- فڵانی من خەیاڵێکی وام هەیە؟ کابرا جوابی دامەوە و وتی:

- عەزیزم ئەوەڵەن پێم بڵێ پارەت هەیە یان نا؟

- مەبلەغێکی کافیم هەیە.

- کەوابێ ئیتر شتێ سەهلە، ئەمما بەعزێ مەسلەک هەیە ئەبێ قبووڵی بکەیت!

- وەکوو چی؟

- مەزەڕەت بۆ هاوجینسی خۆت، درۆزنی، خیانەت!

- مەعنای ئەمە چییە؟

ئاشناکەم جوابی دامەوە:

- ئەمانە لەم موحیتەدا وەکوو شەهادەتنامەی مەکتەب وایە لە سائیری وڵاتانا! هەتا وا نەبی ئومێدی تەرقیکردن بێمەعنایە! هەر چەند منیش ئەو مەسلەکانەم زۆر لا ناخۆش بوو، ئەمما ئەوەندە حەزم لە تەرەقی ئەکرد، لە دڵی خۆمدا، قەرارم دا کە وەکوو ئاشناکەم وتی وەها بکەم. دەستم کرد بە درۆزنی و خیانەت و تەتبیقی ئەو پرۆغرامە کە کابرا بۆی دانابووم. هەقیقەت لە مودەتێکی زۆر کەمدا موشاهەدەم کرد کە ئیحترامم قات قات زیادی کرد و هەموو کەس لە جاران زیاتر ئیعتیمادم پێ ئەکات. لەو مودەتەدا کە لەو شارەدا بووم بە موناسەبەتی ئەوەوە کە جێگەکەم نزیکی مزگەوتێ بوو، ئاموشۆی مزگەوتەکەم ئەکرد، مەلای مزگەوتەکە بوو بە ئاشنام. جارجار ئەچومە لای تەماشام ئەکرد ئاوی حەوزەکەی مزگەوت و ناو حەوشەکەی زۆر پیسە، وە هیچ تەماشای نەزافەتی ناکەن و هەتا ئاوەکەی بۆگەنە. دەفعەیەک عەرزی مەلام کرد:

- قوربان بۆچی مولاحەزەی نەزافەتی ئەم مزگەوتە ناکەن؟ مزگەوت ماڵی خودایە و ئەبێ لە هەموو جێگایەک پاکتر بێ وە ئەم ئاوە دەستنوێژی دروست نییە، ئەوەندە تف و بەڵغەمی تێ کراوە و ئاوی زۆر کەمە و ڕەنگ و تامی گۆڕاوە. دەستنوێژیش مەقسەد لە نەزافەتە، ئەم ئاوە ئینسان پیس ئەکات!

مامۆستا جوابێکی زۆر مەعقوولی دامەوە:

- ڕۆڵە دیارە نەخوێندەواری! بۆچی نازانی ئەم حەوزە قولەتێنە؟ قولەتێن چۆن پیس ئەبێ؟

کە وای فەرموو سکووتم کرد.

ڕۆژێ لەبەر هەتاوی مزگەوت دانیشتبووم لەگەڵ مەلا کە دەرسی ئەوتەوە، جارجار دەستی ئەبرد لە لاملی ئەسپێی ئەگرت و فڕێی ئەدا، لەو وەقتەدا لە ماڵی مەلاوە نانیان هێنا. مەلا بە دەستی نەشۆراوەوە دەستی کرد بە نانخواردن. عەرزم کرد:

- قوربان بۆچی دەستت نەشۆرد؟

- رۆڵە هەموو دوو ساعەت نابێ دەستنوێژم شۆردووە!

- ئاخر ئێستا ئەسپێت لە لاملت گرت؟

- بۆچی نازانی من سەرەڕای مەلایەتی داخڵی تەریقەتی قادریش بووم کە لە تەریقەی قادریدا کوشتنی کێچ و ئەسپێ جائیز نییە، ئەیانگرین و زۆر بەبێ ئەزیەت فڕێیان ئەدەین، ئیتر بۆچی دەستم پیس ئەبێت؟

هەقیقەت تەقدیری مەسلەکی مەلام کرد کە ئەوەندە تەرەفداری موحافەزەی زیڕوحە وە هیچ ئارەزووی زەحمەتی زیڕوح ناکات.

بۆ سبەینێ دووبارە چوومەوە مزگەوت، تەماشام کرد قەرەباڵغێکی زۆر دانیشتوون و مەلا، وەعز دەخوێنێتەوە و ئایەت و حەدیس بۆ ئیسپاتی ئەو قسانە کە ئەیکرد بە دەلیل ئەیهێنێتەوە، یەکێ سڵاوات ئەدات، یەکێ ئەگریا، یەکێ تۆبە و ئیستیغفاری ئەکرد. منیش لە بەینی سامیعیندا لە لای کابرایەکەوە کە زۆر ئەگریا دانیشتبووم. بە کەماڵی مەلامەتییەوە لێم پرسی:

- تۆ کە ئەوەندە ئەگریت ئەڵبەتە لە هەموو کەس چاکتر لە مەعنای ئەم وەعزە و مەعنای ئایەت و حەدیسە تێ ئەگەیت.

جا حەز ئەکەم منیش حاڵی بفەرموویت!

- نەوەڵڵا باوکم من نازانم مەعنای چییە، هەر ئەوەننە ئەزانم کە عارەبییە!

- ئەمجا کە تۆ مەعنای تێ ناگەیت بۆچی ئەگریت؟

- بیستوومە هەرچی بە عارەبی بێت بەحسی قەبر و قیامەتە!

زۆر تەعەجوبم کرد لەم ئەحواڵە. خۆم پێ نەگیرا و لە وەقتی وەعزخوێندنەوەدا کە مەلا ئایەتێکی خوێندەوە دەرحاڵ عەرزم کرد:

- قوربان چونکە من زمانم عارەبی نییە و مەعنای نازانم، ئەگەر مەعنای ئەو ئایەتە بە کوردی بفەرموون مەمنوون ئەبم!

هەر کە وەهام وت مەلا هاتە خوارەوە و بە چەپۆک دای گرتم.

وتی:

- کافر بوویت، قسە مەکە!

سائیری خەڵقەکەی تریش بە چەپۆک دایان گرتم و وتیان:

«بیکوژن ئەم کافرە! غەزایە».


هەر چەندە هاوارم کرد:

«کوڕە خەڵکە بۆ خاتری خوا من هیچم نەوتووە».

فائیدەی نەبوو، هەر کەس ئەهات بە چەپۆک پێیدا ئەماڵیم، بەبێ سوئال یاخو تەحقیقات، تا نیهایەت کابرای ئاشنام هات و بە هەر نەوعێ بوو خەلاسی کردم و بردمیەوە ماڵ. تەعەجوبم کرد کە یاڕەبی من چیم کردبێ کە ئەمەم بەسەر هات؟ ئاشناکەم وتی:

- عەزیزم تۆ هەقت چییە بەسەر ئەم قسانەوە، بۆچی خۆت خراپ ئەکەیت؟ سوێندم خوارد کە هیچی خراپم نەوتووە.

کابرا وتی:

- ئێستا ئەمانە فائیدەی نییە، هەڵسە عیلاجی خۆت بکە، ڕۆحیشت وا لە خەتەرا!

- تەدبیرم چییە؟

- ڕاوەستە تا شەو؟

ئەو ڕۆژە نەمتووانی بچم بۆ دەرەوە تا شەو، لە شەودا کابرای ئاشنام هات بردمی بۆ ماڵی کابرای مەلا و ماڵی چەن مەلایەکی تر کە لەو شارەدا بوون. تەشەبووسم پێ کردن وە زۆر پاڕامەوە، ڕەفیقەکەم دەستی کرد بە چەقەکردن لەگەڵیاندا و ئەوەی لازم بوو کردی، نیهایەت عەفوویان کردم.

ئەمجا هێنامیان شایەتمانیان پێ هاوردم و دینیان تازە پێ کردمەوە. لەمەوپێش بەحسم کرد کە خەیاڵی گەورەیی و مەئموورییەت کەوتبووە سەرم، تیکرار سوئالم کردەوە لە ئاشناکەم کە تەدبیری من چییە؟

وتی:

- ئەو مەسلەکانە کە پێم وتی قبووڵت کردووە؟

- لەوانیشە زیاتر.

- جا کەوایە دەست بکە بە ئامشۆکردنی ئیشبەدەستەکان و مەدح و سەنایان، جارجار دیاریشیان بۆ ببە! ئیتر سەهلە.

هەقیقەت نەسیحەتی ئاشناکەم ڕاست بوو. مودەتی مانگێ دەستم کرد بە مەدح و سەنا و ئاموشۆکردن و دیاری بۆ بردنیان. ڕۆژێک بانگیان کردم وتیان: «وەزیفەی تەحسیلداری مونحەللە، ئیستیدعا بنووسە و داوای بکە!»

فەورەن ئیستیدعایەکم نووسی.

هەقیقەت لە پاش چوار ڕۆژ تەعین کرام و موباشەرەتم بە وەزیفە کرد. ئەمجا دەست لە من و قووەت لە خودا، دەستم کرد بە ئەهالی-ڕووتاندنەوە. کە وەقتێ ئەچووم بۆ دەرەوە دەفتەرەکەم لە بەردەمی خۆمدا دائەنا، دەستم ئەکرد بە تەحسیلات ئەوەی کە چوار قڕانی لەسەر بوو، شەشم لێ ئەسەند و عیلم و خەبەری دوو قڕانم ئەدانێ، چونکە عمووم نەخوێندەوار بوون و نەیانئەزانی.

دەفعەی دووەم کە ئەچوومەوە ئەو دێیە هەر لە عەینی ئەو پیاوە کە چوار قڕانی لەسەر بوو شەشم لێ سەندبوو، تیکرار داوای سێ قڕانی ترم لێ ئەکرد.

کابرا ئەیوت:

- ئەفەندی چی بوو هەر تەواو نەبوو؟

- کوڕە سەگباب هێشتا لە کوێتانە؟

دەستیان ئەکرد بە هاوارکردن و پاڕانەوە، منیش لە جیاتی ئەوەی ڕەحمیان پێ بکەم، ئەمرم ئەکرد بەو پۆلیس و قۆڵچییانەی کە لە مەعییەتما بوون، دەستیان ئەکرد بە لێدان و فەلاقەکردن. ئەهالییە مەزڵوومەکە بە مریشکسەربڕین و جۆلێسەندن بۆ وڵاخەکانمان و لە دوای لێدانێکی زۆر تەحسیلاتەکەم بەهەوەسی خۆم ئەکرد.

ئەهالیی بێچارە ئەچوون بۆ شکات و لە مەرکەز ئیستیدعایان لێ ئەدام، بەیانی غەداریی منیان ئەکرد، ئەمما بێفائیدە بوو، چونکە هەموو مافەوقەکانی خۆم تەرەفدارم بوون و من لە پێش ئەواندا ئیشی خۆم مەحکوم کردبوو، ئیتر بە مەئیووسی ئەگەڕانەوە. جا ئەمجارە کە ئەچوومەوە لە هەق ئەو شکاتەدا کە کردبوویان، زیاتر لە جاران غەرامەم ئەدان. خۆلاسە بەم نەوعە مودەتێ دەوامم کرد، کە تێ فکریم بووم بە ساحیبی شەشسەد حەوتسەد لیرەی خۆم، ئەمجا بە تەواوی خەیاڵی گەورەییم کەوتە سەر و بە ئەو مەسلەکەی خۆم ڕەزا نەبووم، چونکە لە دڵی خۆمدا ئەموت:

«واسیتەی تەرەقیی ئەم زەمانە، ناڕاستی و نەخوێندەواری و ساحێب پارەیییە، من هەر سیانیانم هەیە، ئیتر بۆ چ بەم وەزیفە بچکۆلەیە ڕەزا ببم؟»

بە شەو و ڕۆژ لەبەر ئەو مەراقە خەو و ئیستراحەتم نەبوو، هەر لە ئەو ڕۆژانەدا بۆ بەدبەختیی من مەئموورێکی تەحقیقات بۆ تەماشاکردنی ئیشوکاری عموومیی قەزاکە هات، هەر چەند لە پێش هاتنی ئەودا، لە مەرکەزی لیواوە بەسیڕی ئەخبار کرابووین وریاییی خۆمان بکەین، ئێمەش بە عموومی هەرچی لازم بکا بۆ تەنزیماتی ئیشوکاری خۆمان لە پێش ئەودا کردمان، مەسەلا ئەوسا کۆڵانەکان کە پڕبوون لە پیسی، لە تەرەف بەلەدیەوە بە دەرەجەیەک پاک کرانەوە. دائیرەی ئێمە کە دەفتەر و ئەساسێکمان نەبوو، شتێکمان دروست کرد، سندووق کە خاڵی بوو هەمووی درابوو بە قەرز، پارەمان بە قەرز هێنا و خستمانە ناوی، لیباسمان کە هەموو پیس و چڵکن بوو، لیباسی جوانمان کردە بەرمان، ئەوسا کە قسەی خۆشمان جنێو و شەق بوو لەگەڵ ئەهالی، ئەمجا کەوتینە میهرەبانی و زبانشیرینی.

ئەمما مەئمووری تەحقیقات چونکە خەڵکی موحیتی خۆمان نەبوو وە لە جێگەیەکی دوو مانگ ڕێگاوە هاتبوو، بە پارە، یا بە دەعوەت ئیقناع نەئەبوو، تەحقیقاتێکی زۆر بەشیدەتی ئەکرد، وە چەن کەسێکی دەست لە ئیش کێشانەوە و ئەوراقی لەهەق گرتین کە یەکێ لەوانە من بووم، هەر چەند ئەویشی هێشتا بە تەواوی نەیکرد. هەر خەریکی مەئموورە پچکۆلەکان بوو، دەستی لە گەورەکان نەدا، ئەگەرچی خۆیشی زۆر چاک ئەیزانی هەموومان وەکوو یەک وەهاینە، بەڵکوو گەورەکانمان خراپترن، چونکە مەسەلەی مەشهورە (گەورە ئاو ئەڕێژێ بچووک پێی لێ ئەخا).

نازانم لەو ڕۆژە سیاسەت وەها ئیجابی ئەکرد کە دەست لەوان نەدا، یا زۆر بە گەورە و موهیم هاتبوونە بەرچاوی و وەهای ئەزانی کە ئەگەر دەستیان لێ بدات دنیا ژێراوژوور ئەبێت، ئەگەر چی هیچی تێدا بە سەر نەبوو، موداخەلەی ئەوانی نەکرد. وەلحاسڵ ئەوراقی بۆ گرتین و تەودیع بە مەحکەمە کراین، هەر چەند هەر چی ئەوارقێکی لە هەقمان گرتبووی ڕاست بوو. ئەمما لەبەر ئەوەی کە لە وەقتی خۆیدا ئەهالیمان چاک ترساندبوو، لە پاش ڕۆیشتنی ئێمە ڕەفیقەکانمان کە ئامیری ئێمە بوون بە وەزیفەوە لە قەزادا مابوونەوە، بە دزییەوە شەو و ڕۆژ تەهدیدی ئەهالییان ئەکرد کە شەهادەت لە عەلەیهیی ئێمە نەدەن. هیچ کەس شەهادەتی نەدا، مەحکەمە مەجبوور بوو بە تەبریەکردنمان. ئەمما مەئمووری تەحقیقات پیاوێکی گەورە بوو، ئیسراری ئەکرد لەسەر عەزلی ئێمە، چونکە بۆ خیانەتمان قەناعەتی ویژدانی حاسیڵ بووبوو. لە پاش تەبریەکردن عەزل کراین هەر کەس چووین بە وڵاتێکدا، منیش گەڕامەوە ئەو جێگەیە کە لەوە پێش تیادا مەئموور بووم. مودەتێ بەبێ ئیشوکاری سووڕامەوە، شەرمم ئەکرد ئیستیدعانووسی بکەم، چونکە لە حەیاتی تەحسیلداریمدا وەکوو حاکمێکی بالاستقلال بووم، ئێستا چۆن عەزروحاڵنووسی بکەم؟ کە تێ فکریم ئەگەر هەروەها بمێنمەوە خراپە، فیکرم کردەوە کە چی بکەم چاکە؟ لە دڵی خۆمدا قەرارم دا کە مەسەلەی میللەت بگرم بە دەستەوە و خۆم بکەم بە وەتەنی. ئەمجا دەستێ لیباسی سویلی زۆر جوانم لەبەر کرد و وەکوو پیاوێک کە لە مەکتەبێکی عالی نەشئەتی کردبێ، خۆم بە لیباس ڕازاندەوە و باستۆنێکی باشم گرت بە دەستەوە، جانتایەکم پڕ کرد لە کاغەزی سپی و کتێب کە ئەکسەریانم نەئەزانی خۆم بیخوێنمەوە، خستمە بن دەستم و دەستم کرد بە گەڕان بە ناو بازاڕو و ماڵان وە قاوەخاناندا، لە هەر کوێ دائەنیشتم دەستم ئەکرد بە باسی وەتەن و ئیستقلالییەت وە لەزەتی سەربەستی و ئازادی. هەموو ڕۆژێک غەزەلێکم ئەنارد بۆ مەتبەعە، بەعزەن مەقالەیەکم ئەنووسی ئەگەرچی هیچ کامیان لە قەڵەمی خۆم دەر نەئەچوو.

بە شەو لای شەخسێک ئەمنووسی وە لەبەرم ئەکرد وە بە ڕۆژ نەشرم ئەکردن. بەعزەن خەڵقم کۆ ئەکردەوە وە دەستم ئەکرد بە باسی ئیستقلالییەت وە جاربەجار بە شەودا بەیاننامەم ئەنووسی لە عەلەیهیی حکوومەت بە ئیمزای موستەعار وە فڕێم ئەدا بە ناو کۆڵانەکاندا، بەم نەوعە مەشهوور بووم بە پیاوێکی زیرەک و وەتەنپەرست، بۆ خۆم ناوێکم پەیدا کرد، ئایا حکوومەت ئایا ئەهالی، بە پیاوێکی فەوقەلعادەیان ئەزانیم، بێخەبەر بوون کە پرۆغرامی من هەر ئەوە بوو کە تەعین بکرێم بە مەئموور و تیکرار دەست بکەمەوە بە خواردنی خوێنی میللەت، وە پارە گلێر بکەمەوە بۆ خۆم. چەند مودەتێ بەم نەوعەش مامەوە کە تێ فکریم زۆر بە موهیم و گەورە کەوتوومەتە پێش چاوی حکوومەت و ئەهالی. هەر ڕۆژێک لە تەرەف پیاوێکی گەورەوە دەعوەت ئەکرام، و هەر وەقت تەسادوفی پیاوێکی گەورە و سیاسیم بکردایە زۆر بە دیقەت گفتوگۆی ئەکرد لەگەڵما، چونکە هەر وەکوو تووتی ئەو چەند قسەیە کە فێر بووبووم تیکرارم ئەکردەوە، وای ئەزانی کە من پیاوێکی زۆر موهیم و سیاسیم وە عەمدەن قسە ناخەمە دەرەوە، بێخەبەر بوو کە بەغەیرەز ئەو چەند کەلیمەیە هیچ نازانم و قسەنەکردنم لەبەر هیچنەزانییە. لە پاش چەن مودەتێ، ڕۆژێک کە لە ماڵەوە دانیشتبووم، تێ فکریم ئەمرێکم بۆ هات کە جەنابی زۆراب ئەفەندی بە ڕەئیسی قەزای خۆرنشین تەعین کراوە، حەرەکەت بکا بۆ سەر وەزیفە وە عەجەلە موباشەرەت بە ئیشی ئیشعار بکات. فەورەن حەرەکەتم کرد بۆ وەزیفە.

لە پێشدا تەلغرافم نووسی، ڕۆژی مواسەلەتم بەیان کرد، ئەو ڕۆژە گەیشتمە مەرکەزی قەزا تا مەسافەی نیو سەعات ڕێگا، هەموو ئەهالی و ئەشرافی مەملەکەت هاتن بە پیرمەوە، منیش لە کەماڵی عەزەمەتدا لە ئوتومبێل دابەزیم و مەرحەبا و سەباح خێرم لەگەڵ ئەشراف و ئەهالی کرد. چوومە سەرا بەبێ ئەوەی چاوم کەوتبێ بە ڕەئیسی پێشوو، بەبێ ئەوە بیناسم لە خۆمەوە قینم لێ هەڵگرتبوو، ئەم پرۆغرامەم بۆ خۆم دانابوو کە هەر چی ئەو کردبووی بەعەکسی ئەو معامەلە بکەم. کە گەیشتمە مەقام ئەوەڵ قسەم ئەمە بوو کە ئەم ئەسکەملە و ما هەیە بۆچی وا دانراون؟ دیارە ئەو کەسە کە عەقڵی نەبوو.

فەورەن ئەمرم کرد، بەعەکسی جارانەوە مێز و ئەسکەملییەکەیان دانا و دانیشتم بەبێ ئەوەی موازەنەی بکەم یا بیانناسم، لەوە پێش هەر کەس کە بیستم دۆستی ئەو بووە وەکوو دوژمن سەیرم ئەکرد.

لە پاش چەند ڕۆژ مانەوەم هەر چی عادەت و سیاسەتی ئەو بوو بەکوللی تەغەیورم کرد.

هیچ تێ نەئەفکریم کە ئێمە هەر دووکمان خزمەت بە یەک حکوومەت ئەکەین و هیچ عەداوەتێکمان لەمەوپێش نەبووە، بۆچی وا بکەم بەڵکی عەقڵی ئەو لە من چاکتر بووبێ، بۆچی چاک بە خراپ تەبدیل بکەم؟ هەر لە خۆمەوە بووبووم بە دوژمنی ئەگەرچی خۆیشی لەوێ نەبوو. عەجایب لێرەدایە هەر وەقت چاوم بکەوتایە بە منداڵێکی مەکتەبلی ئەگەر ئەولادی خۆیشم بووایە، حەزم ئەکرد بیکوژم، چونکە وەهام موازەنە کردبوو کە ئەگەر ئەوانە گەورە ببن وەزیفە دەست ئێمە ناکەویت، با خسووس، لەوان زیاتر ڕقم لە موعەلیمەکان بوو. لە دڵی خۆمدا ئەموت:

«ئەم شەیتانانەی خراپن، هەر ئەمانەن کە نەشری معاریف ئەکەن وە ئاخری خاتیمە ئەدەن بەم ئەحواڵە وە نانمان ئەبرن».

ئەمما دڵم زۆر قایم بوو بە ئەوە کە ئەوەندە خەڵق لە خسووسی ڕەغبەتکردن بە مەعاریف سارد بوون، ئەمزانی تا من حەیاتم هەیە ئەوە نابینم وە هەمیشە ئەکسەرییەت بە تەرەف خۆمانەوە ئەبێ، چی بکەم دەسەلاتم نەبوو کە هەر چی مەکتەبی ڕەشوڕووتەکان هەیە دایبخەم و ئەم خەتەرەیە لە دڵی خۆم لا بدەم؟ دڵخۆشی خۆم بە ئەوانە دایەوە. حاسڵی لە دوای چەند ڕۆژێک دەستم کرد بە تەتبیقی پرۆغرامی پێشوو، یەعنی خوێنی ئەهالی گرتن وە پارە بۆ خۆم گلێر کردنەوە. هەموو ڕۆژ ئەمرێکی بەشیدەتم ئەدا بۆ کۆکردنەوەی حاسڵاتی ئەو ساڵە. تەسادوفەن حبووبات، یەعنی ڕزق قیمەتی نەئەکرد وە ئەهالی هەموو ڕۆژ ئیستیدعایان ئەنووسی کە ئیمساڵ ڕزق قیمەت ناکات، ئیستیرحام ئەکەین حکوومەت سەبرمان لێ بکا، بێچارە ئەهالی وایان ئەزانی ڕزق هەرزان بووە، نەیانئەزانی پارە گران بووە، چونکە قاعیدەیە، هەر شتێ کەمبوو گران ئەبێ، سەبەبی گرانیی پارەشیان نەئەزانی، منیش نایزانم، با وجوودی ئەو هەموو ئیستیدعایە و پاڕانەوەی ئەهالی، من بۆ تەحسیلات ئەمری بەشیدەتترم ئەنووسی. لە دڵی خۆمدا ئەموت:

«من هەقم چییە، هەر ئەوەندە خۆم تەقدیر بکرێم، ئیتر با هەزار فەقیر بمرێت لە برسانا یا بە دەم شەقی مەئموورەوە هەر هاوار بکەن».

بەعزەن لەبەر بێتاقەتی و موحتاجی تەنهایی بووم، بە تەنها ئەچووم بۆ سەحرا. چونکە وەقتی بەهار بوو وە هەموو کەس ئێواران ئەچوو بۆ دەرەوە، تەسادوفی زۆر جەمعیەتم ئەکرد کە دانیشتوون دەستەدەستە. بەعزێک عەرەقیان ئەخواردەوە، بەعزێ خەریکی تریاک و بەعزێ خەریکی بەنگکێشان بوون، تاقمێ عەرەقخۆر لەسەر سەوزەگیا دەنکەکوولەکە و گۆشتی برژاویان دانابوو، هەر جارێ پیاڵەیەکیان هەڵبگرتایە، هەر کەس بە ئەوی تریانی ئەوت: «ئەمە بە شەرەفی تۆوە» یەکێ ئەیوت:

«بە نامووسم ئەم جەمعیەتەم لە برای خۆم لا موحتەرەم و عەزیزترە».

یەکێ لە سیاسەت قسەی ئەکرد، یەکێ لە فەلسەفە بەحسی ئەکرد، زۆر مەجلیسێکی خۆشیان بوو، ئەموت:

«ئەمانە وەکوو برا وەهانە، هیچ وەقتێ عاجز نابن، وە لە ئەهلی ئەم عەسرە ناکەن».

تاقمێ بەنگکێش هەر لە خۆیانەوە پێ ئەکەنین، نازانم پێکەنینیان بە وەزعیەتی حازرە ئەهات یا بە وانەی کە عاقڵن و ئیدیعای بەشەرییەت ئەکەن، وە یاخود بە خۆیان پێ ئەکەنین لە خۆشیانا کە ئەو مەسلەکەیان قبوڵ کردووە و وەکوو بەعزێ کەسی عاقڵ خۆیان دووچاری فیکرکردنەوە وە یا خەیاڵاتێ نەکردووە، بە هەر کامیان پێ کەنیبن هەقە. ئەمما تاقمی تریاککێش کە یەک لەسەر یەک نەفەسیان لێ ئەدا وە چایی شیرین و پڕ ڕەنگیان ئەخواردەوە، مات و مەلوول دانیشتبوون وە قەتعەن سەدایان نەبوو وە حەتا لە دەنگی خەڵقی عاجز بوون. نازانم ئەو مات و مەلوولییە کە بوویان چی بوو؟ فیکرمان لەوە ئەکردەوە کە بۆچی خۆیان موبتەلا کردبوو بە ئیستیعمالی ئەو زهرە کە حەیاتی عەزیزی ئەوانی مەحوو کردبووەوە، یاخو موازەنەیان ئەکرد بزانن تریاک کە بۆ تەداویی سحەتیان ئیستیعمالیان کردووە، تەئسیری بەخشیوە یان نا، چونکی ئەکسەری ئەوانە کە موبتەلا بوون بە ئیستیعمالی تریاک بە بەهانەی نەخۆشییەوەیە، کە لە پاشاندا موبتەلا بوون و لە میعادی خۆیدا ئیستیعمالیان نەکرد وجوودیان تێک ئەچێت، هەر کە ئیستیعمالیان کرد، فەورەن وجوودیان چاک ئەبێتەوە.

جا لەبەر ئەوەیە کە بۆ هەموو عیللەت بە دەرمانی ئەزانن. ئایا هەر لە ئەوەڵەوە فێر نەبن چاکتر نییە؟

عەودەتم کردەوە ناو شار، سبحەینێ کە چووم بۆ سەرا، هەموو عەرەقخۆرەکانم لە ساڵۆنی مەحکەمەدا چاو پێ کەوت، یەکێ سەری شکابوو، یەکێ دەستی، یەکێ خەنجەرێکی پێوە بوو، حاسڵی، هەر یەک بە نەوعێک بریندار بوون، زۆر تەعەجوبم کرد.

لە فەڕاشی مەحکەمەم پرسی:

- لام مەعلووم بکە ئەمانە چییە؟

- قوربان ئەمانە دوێنێ عەرەقیان خواردووەتەوە و لە ئەسنای سەرخۆشییا شەڕیان بووە لە ناو خۆیانا.

زۆر تەعەجوبم کرد، نەتیجەی ئەو هەموو موحیبەتەی دوێنێ کە من لە وانم دی، بۆچی وای لێ هات؟ مەعلووم بوو ئەو موحیبەتەش هەر خەیاڵی سەرخۆشی بووە.

ئەڵبەتە شتێک کە عەقڵ زایل بکا نەتیجەی هەر وەها ئەبێت. تەسادوفەن، ئێوارەیەکی تر چووم بۆ سەحرا، تێ فکریم لە کەناری ئاوێکی پاک و سەوزەگیایەکی جواندا دەروێشێک دانیشتووە کە سیمای شەهادەتی ئەدا پیاوێکی عاقڵ و تێگەیشتووە. چووم سەلامم کرد وە جوابی دامەوە. لە لای دانیشتم، ئەو هیچ قیامی لەبەر نەکردم، من لە دڵی خۆمدا پێم ناخۆش بوو، وام زانی لەبەر کوسرەتی تەفەکور بوو، ئەمما لە پاش چەند دەقیقە بۆم مەعلووم بوو لەبەر لاقەیدییە لە دنیا. لە پێش ئەوەدا کە من قسە بکەم ڕووی تێ کردم و وتی:

- برادەر لە زەمانی قەدیمەوە شاعیر و فەیلەسوفەکان ناوی دینایان بە پیرەژن بردووە، ئەمە لە لای تۆ سەحیحە یا نە؟

منیش چونکە هیچم لێ نەئەزانی وتم:

- چیت عەرز بکەم؟

- عەزیزم دنیا پیر نەبووە، چونکە مەعنای پیر ئەوەیە کە ئینسان پیر بوو، قووەتی هەموو ئەعزای کەم ئەبێ، هەر کامیان لە وەزیفەی خۆیاندا، تۆ تەماشا بکە! بزانە ئەم دنیایە هیچ لە وەزیفەی خۆیدا، یەعنی لە پەروەردەکردنی ئینسان و حەیوانات و نەباتاتدا کەمی کردووە؟ لاکین ئەوەندە هەیە، خۆمان پیر ئەبین، لە کار ئەکەوین و ئەمرین قەباحەت ئەخەینە سەر دنیا. بە پێچەوانەوە دنیا هێشتا منداڵە، چونکە ڕۆژ لە ڕۆژ وا لە تەرەقیدا وە هێشتا تەکامولی نەکردووە، لەوانەدا کە ئەو پەروەردەیان ئەکا قیسمێکی ئینسانە کە گوایا لە هەموو ئەو شتانەی کە ئەو پەروەردەی کردوون حیس و عەقڵیان زیاترە، با وجوودی ئەو هێشتا قیسمێکی زۆر لە ئینسان وان لە حاڵەتی وەحشەتدا کە زۆریان ماوە تەکامول بکەن، ئەوانەیشیان کە لایان وایە خۆیان تەکامولیان کردووە، هێشتا لە لای من وەها نین، چونکە ئەگەر وەها بوونایە، ئەوەڵ وەزیفەی تەکامولی ئەوانە دۆست بە هەموو بەنی نەوعی خۆت، ئەبوایە سەعییان بکردایە ئەوانەی کە هێشتا لە حاڵەتی جەهالەتدا ماوەنەوە تەکامولیان پێ بکەن، ئایا منداڵێکی نەفام کە لەلەی لەگەڵدا بێت؟ شتێکی خراپ بکات یا دەستی خۆی بسووتێنێ، خۆی مەسئوولە یا لەلەکەی؟ تەبیعی ئەگەر بیزانیایە ئاگر دەست ئەسووتێنێ، دەستی خۆی نەئەکرد بە ئاگردا! کە وابوو کابرای لەلە مەسئوولە. ئایا مەعنای تەکامول ئەوەتە ئینسان هەر بۆ خۆی هەوڵ بدات؟

بەیاناتی دەروێش تەئسیرێکی گەورەی کرد لە دڵمدا وتم:

- بۆچی تەشریف ناهێنی بچین بۆ ماڵی ئێمە؟ من ڕەئیسی ئەم قەزایەم، ماڵی جوان و خۆراکی باش و نوێنی پاکم هەیە و چەن ڕۆژێک خزمەتت بکەم؟

جوابی دامەوە وتی:

- هیچ وەقتێ باوەڕ ناکەم لەم جێگەی خۆمە خۆشتر بێت. چونکە ئەو فەرش و نوێنی تۆیە موتلەقەن هەقی غەیری وا بەسەرەوە. ئەو نانی تۆیە بە تەحقیق لە نەتیجەی زوڵمێکەوە پەیدا کراوە. ئەو خانووە جوانە، ئەمینم کە زۆر کەس بە ناڕەزامەندی ئیشی تیادا کردووە، کە لە ئۆدەکانیدا دائەنیشی زۆر مەحدوود ئەبینی، یەعنی هەر چاوت وا لە دیوارەوە وە تەجەمولاتی ناوەیەوە. ئەمما لەم سەوزەگیایە کە من لە سەری دانیشتووم، لە قودرەتی سانعێکی بێمنەتەوە دروست کراوە کە موحتاجی هیچ نییە، وە ئەم ئاوە موباحە بەم پاکییە بە پێش چاومدا ئەڕوات و مەنزەرەیەکی زۆر جوان تەشکیل ئەکات، ئەویش بە قوردرەتی سانعێک کە فەوقی هەموو عالەمە، لە نەتیجەی بارانەوە پەیدا بووە، تەماشای ئەم فەزای ناموتەناهییە ئەکەم زۆر لە سەیری ئۆدەکەی تۆ جوانترە، چونکە ئیحتیمالە وەقتێ تۆ سەیری ئۆدەکەت ئەکەیت بەعزێ شتی تیادا ئەبینی کە هینی غەیر بووە، وە لە نەتیجەی زوڵمێکەوە پەیدات کردووە، ئیحتیمالە ویژدانت موعەزەب ببێ، ئەمما من کە سەیری ئەم فەزا ناموتەناهییە ئەکەم کە هەقی غەیری تیایدا نییە ویژدانم موستەریحە و زۆر پێی موتەلەزیز ئەبم کە سەیری ئەم مەوجووداتە ئەکەم کە چەن نەوع مەخڵووقاتی تێدا خەڵق کراوە. جا لەبەر ئەمانە من ناتوانم بێم بۆ ماڵی ئێوە!

بەیاناتی دەروێش تەئسیرێکی گەورەی کرد لە دڵمدا. خوداحافزیم لێ کرد و بە مات و مەلوولی عەودەتم کردەوە بۆ ماڵێ. لەو مودەتەدا کە لەسەر ئەو وەزیفەیە بووم، کابرایەک دوو سێ قەتعە موڵکی بوو لە خاریجی مەرکەزدا و بە مەسافەی دوو سەعات ڕێگا دوور. زۆرم حەز لێ کردبوون وە ئارەزووم ئەکرد ڕێگایەک پەیدا بکەم ئەو موڵکانەی لێ بستێنم، چونکە هەروەکوو لە غەربدا ئەوسا قاعیدە بوو، هەر کەس ئەرازییەک یا موڵکێکی نەبووایە ناوی (کۆنت)ی نەئەدرایە، با خسووس لە خاکی فرانسەدا، کە بەبێ ئەرازی قابیل نەبوو ئینسان ببێ بە (کۆنت).

منیش هەر چەند ئەوەندە قاعیدەی غەرب شارەزا نەبووم وە ئەوەندە مەعلووماتی تاریخیشم نەبوو، ئەمما وەها حاڵی بووبووم کە ئەگەر موڵکم نەبێ، بەو مەسلەکانەی کە خۆم ئەمەوێت قایل نابم مەسەلا وەکوو ئەعزایەتیی پەرلەمان، یا ئەعیانی، یاخود وەزارەت، چونکە وەهام چاو پێ کەوتبوو کە ئینسانی بێسەروەت و بێموڵک با زۆر عاقڵیش بێ، قایل نابێت بە ئەو مەسلەکانە. بەخت موساعەدەی کردم، کابرای ساحیب موڵک بە مەسئەلەیەک ئیتیهام کرا و حەپس بوو. هەر کە ئەمەم بیست، ئەوراقەکەیم لە پۆلیسخانە داوا کرد هەتا خۆم بە قانوونی عەشایری تەماشای بکەم، هەر چەندە کابراش خۆی، عەشایر نەبوو، ئەمما لە ئەوەڵەوە، بە سوێند ئیقناعم کرد کە زەرەرم بۆی نابێ، هەتا ئیستیدعایەکم پێ نووسی کە ئیستیرحام ئەکەم من عەشایرم، ئەم دەعوای منە بە موافقی قانوونی عەشایری تەماشای بکەن!

هەر کە عەرز و حاڵەکەیم دەست کەوت، فەورەن سێ کەسم تەعین کرد بە حەکەم کە خۆم ئیعتیمادم پێیان بوو، وە دەرحاڵ نووسیم بۆ مالییە، کە فڵان کەس ئێستا مەوقووفە زیممەتی چی هەیە لێی تەحسیل بکەن. زوو بە زوو مالییە ئیختاریان کرد کە لە مودەتی دە ڕۆژدا، ئەو میقدارە زیممەتە کە لە سەرتە ئەگەر نەیدەیت، مودەتی سێ مانگ و یەک شەو، موافقی قانوونی تەحسیل ئەموال حەپس ئەکرێیت، یەعنی نەوەد و یەک ڕۆژ.

ئەوراقەکەیم تەودیع کرد بە هەیئەتی حوکم، ئەو هەیئەتە کە هەتا ئیمزای خۆیانیان نەئەزانی بنووسن. لە حزووری کابرای موتتەهەما وتم بە هەیئەتی حوکم کە ئەم کابرایە نابێ لە سێ ساڵ کەمتر مەحکووم بکرێت، چونکە مەسەلە ئیسپاتە.

کابرای موتتەهەم کە ئەمەی بیست وە لەو لاشەوە لە تەرەف مالییەوە تەهدید کرابوو، دەستی کرد بە هاوارکردن و وتی:

«بۆ خاتری خوا! قانوونی عەشایر بۆ تەسهیلی ئومووری عیباد دانراوە، ئەو وەختە کە ئەم قانوونە دانرا مەقسەد ئەوە نەبوو کە بەعزێ کەس بیکەن بە ئالەتی شەڕ».

دەستم کرد بە حیدەتکردن، ئەمرم کرد بردیانەوە حەپسخانە. کابرای موتتەهەم، پیاوێکی عاقڵ بوو، فیکری کردبووە، زانیبووی هاوارکردن فائیدەی نییە، تەحقیقاتی کردبوو، موعتەمیدی من کێیە، بە هەر نەوعێک بووبوو، چاوی پێ کەوتبوو، پێی وتبوو:

«جەنابی ڕەئیس مەقسەدی چییە؟»

وتبووی:

«مەقسەدی ئەوەتە ئەو موڵکانەی پێ بفرۆشیت، بە کاری تۆ نایەن و ئەگەر تۆ ئیتاعەتی ئەمری بکەیت لە هەموو شتا معاوەنەت و موساعەدەی تۆ ئەکات».

کابرا لەبەر مەجبووری ڕەزا بوو!

بۆ سبەینێ زوو لە دائیرەی تاپۆدا تەقریری بۆ دام و موڵکەکانی پێ فرۆشتم، منیش قیمەتی حەقیقییان چەند بوو نیوەم دایێ. هەر لەو پارەیە زیممەتەکەی تەسلیم کرا، ئەمریشم کرد بە هەیئەتی حوکم، قەراری بەرائەتیان نووسی. کە لە حەپس هاتە دەرەوە، زۆر ئیحترامم گرت، وە دوو سێ ڕۆژ لە ماڵی خۆمدا دامنا وە موحیبەتێکی زۆرم لەگەڵیدا کرد، لە پاشا عەودەتی کردەوە، جا کە بووم بە ساحیبی موڵک لە وەقتی تەخمیندا، ئەموت بەو مەئموورانی تەخمینەی، کە هەموو ئەهالی قەزاکە بە دەستیانەوە فریادی بوو وە ئەوەندە تەخمینی فەلاحەتی ئەهالییان زیاد کردبوو کە هەموو مەحوو بووبوونەوە، تەخمینی دێهاتەکەی منیان زۆر کەم ئەکرد، لەبەر ئەوەی کە فەزڵەی تەخمینەکە بۆ خۆم بمێنێتەوە و شتێکی زۆر کەمیان لەسەر دائەنان، وە خۆم سەرکارم تەعین ئەکرد لەگەڵ هەقی تاپۆدا هەقی میریشم جەمع و جبایەت ئەکرد وە خۆم ئەو تەخمینە کە لەسەر ئەهالی کرابوو، لە مەعاشی خۆم ئەمدا بە ناوی فەلاحەکانەوە و لە نیهایەتی حاسڵاتدا قیمەتی ئەو وەختەی دەغلودان چەند بوو، دوو قاتم لە ئەهالی دێهاتەکانی خۆم ئەسەند، هەر کەس بۆی مومکین نەبووایە بیدات، بۆم ئەکرد بە قەرز بۆ ساڵی ئاتی، ئەمما یەک بە دوو. تەبعەن ئەهالیی بێچارە لە ترساندا نەیانئەتوانی بڕۆن و ڕێگای شکاتیشیان نەبوو، جا نازانم عەقڵیان پێ نەئەشکا یا ئەیانزانی شکات فائیدەی نییە. ئەو موڵکانەی کە بووم، حدوودیان نەختێ کەم بوو، دەستم کرد بە تەعەڕوزکردن بە موڵکی ئەو کەسانەی کە نزیکم بوون، بە واسیتەی ئەو وەزیفەیەوە کە بە دەستمەوە بوو، لە مودەتێکی کەمدا، حدوودی قەدیمیی موڵکەکانم چەند بوون، کردم بە دوو ئەوەندە بە زۆری خۆم! ساحێب موڵکەکانی ڕەفیقم نەیانئەوێرا دەنگ بکەن، چونکە ئەیانزانی، ئەگەر قسە بکەن، دووچاری خەتەرێکی گەورە ئەبن وە بە ناهەق بە مەسەلەیەکی سیاسی ئیتیهامیان ئەکەم. سبحەینێیەک کە چووم بۆ دائیرە، لە ناو کۆلانێکدا دوو منداڵم دی، کە بە یەکەوە یارییان ئەکرد.

- تۆ ئەزانی خودا کێیە؟ ئەوی تریان وتی:

- تۆ قسەی قۆڕ ئەکەی، چۆن نازانم؟ دیارە خودا ڕەئیسی قەزا زۆراب ئەفەندییە!

کە منداڵەکەی تر ئەوەی بیست دەستی کرد بە پێکەنین و وتی:

- پەشیمان بەرەوە، زۆراب ئەفەندی عەبدێکی زەعیفە وەکوو من و تۆ! خودا ئەوەتە کە لە هەموو جێگایەک حازرە و ئەم دنیایەی دروست کردووە وە هەمیشە باقییە.

منداڵەکەی تر وتی:

- جا ئەگەر زۆراب ئەفەندی خودا نییە، بۆچی هەزار ئەمر بدات ئیجرا ئەکرێت؟ و بۆچی بە حیدەت و لوتفی، هەموو خەڵق ڕازین؟ سەبەب چییە کەس نییە کە هەقی خەڵقی لەو بستێنن؟ مەعلووم بووە تۆ شێتی و تێ نەگەیشتوویت کە زۆراب ئەفەندی بە خوا نازانی؟

دووبارە ئەوی تریان وتی:

- برای خۆم تۆ بۆچی خۆت شێت کردووە، خودا فەوقی هەموو عالەمە نیهایەت ئەم زۆراب ئەفەندییە مەئموورێکە لە تەرەف حکوومەتی خۆیەوە تەعین کراوە، قانوونێکی دراوەتە دەست معامەلەی پێ بکات. ئەمما چونکە لە موحیتی ئێمە قانوونەکە بە زوبانی خۆیان نییە، وە لە مەعنای نازانن وە یاخود خوێن لە وجوودیاندا نییە، وە لە تەڵەبی هەقی خۆیان عاجزن هەزار زوڵم و زۆر بکات کەس دەنگ ناکات، لەبەر ئەوەتە ئەوانەی کە بێعەقڵن بە خودای ئەزانن. ئەگەر ئەو کابرایە کە تۆ بە خودای ئەزانی لە بەعزێ مەملەکەتی موتەمەدیندا بێ، حەتا حەماڵیشی دەست ناکەوێت.

تیکرار منداڵەکەی تر وتی:

- ئێمە کە تازە چووینە مەکتەب خۆت ئەزانی لە ڕەفیقەکانمان بیستووە کە لە بەعزێ مەملەکەتی موتەمەدینا، حەتا ئەوانە کە مەئزوونی مەکتەبن، ئوتومبیلچییەتییان دەست ناکەوێ، ئەی سەبەب چییە ئەم کابرایە ئەوەندە گەورە بوو؟

- عەزیزم ئەو مەملەکەتانە هەموو خوێندەوارن وە لەوانە عالمتر هەیە.

- بۆچی لە زۆراب ئەفەندی عالمتر لەم موحیتەدا نییە؟

- بەڵێ هەیە، لاکین ئیحتیمال ئەوەی کە وا ئەم قبووڵی ئەکا، خوێندەوارەکان تەحەمولی ناکەن! ئەمما هیچ عاجزیش مەبە ڕۆژێک ئەبێت حەقیقەت جێگەی خۆی بدۆزێتەوە و ئەم میللەتە فەقیرە بێدار بێتەوە و ئەم نەوعە میقرۆبانە دەفع بکەن، چونکە ئەم زوڵمە کە ئەمانە کردوویانە بە پیشە، ئاخری ئەهالی مەجبوور ئەبن بە فیکرکردنەوە بۆ پەیداکردنی ڕێگایەکی نەجات، چونکە حەپس تا زیاتر ئەزیەتی بکەن، زیاتر فیکر ئەکاتەوە بۆ ڕێگەی وەسیلەی فیرار.

کە ئەم قسانەم بیست لە منداڵەکان زۆر لە دڵی خۆمدا حیدەتم کرد، وتم: «ئەم شەیتانانە تازە چوونەتە مەکتەب و فیکریان وەهایە، ئاخۆ ئەگەر تەحسیل تەواو بکەن چلۆن ئەبن وە حاڵی ئێمە چی لێ بێت؟ ئاخ مومکین بووبووایە ئەم نەوعە شەیتانانەم لەم موحیتەدا نەهێشتایە؟» لە پاش فیکرکردنەوە بە عاجزییەوە چووم بۆ مەقامی خۆم.

تەسادوفەن ئەو ڕۆژە، ڕۆژی ئیحالەی ئەو نەهرانە بوون کە عائیدی حکوومەت بوون، وە زۆر کەس لە ئەهالی و ئەشراف هاتبوونە دائیرە ئیجرا بکەن. لاکین لەو وەقتەدا کە خەریک بوون پەی بخەنە سەر نەهرەکان، پیاوێک کە هەموویان ئەیانزانی پیاوی منە، هاتە ژوورەوە و بە تەسدیقێکی زۆرەوە وتی: «من تالبی فڵان نەهر وە فڵان جۆگەم» خۆلاسە تالبی عمووم جۆگەکان بوو بە تەنزیلی بەدەلی پێشوویان با وجوودی ئەوەی کە ئەوانەی دانیشتبوون ئەیانزانی بەدەلی نەهرەکان نیسفی واریداتیان نییە وە خۆشیان عمووم بە نیەتی تیجارەکردن هاتبوون، کە چاویان کەوت بە کابرای پیاوی من وتیان:

«ئێمە تاڵب نین وە ئەزانین کە بەدەلی ئەو نەهرانە زۆر گرانە».

وە بەغەیرەز ئەم زاتە کابرایەکیان وتی:

- من زەم ئەکەم!

فەورەن وتم:

- تەسدیقت هەیە!

تەسدیقەکەی نیشان دام. وتم:

- ئەم تەسدیقە لە وەقتێکا من لێرە نەبووم، لە تەرەف وەکیلمەوە تەسدیق کراوە و نەیزانیوە، تۆ هەزار ئیشی کەت هەیە، وە سەروەتت ئەمەندە نییە!

خەریک بوو قسە بکات، دەستم کرد بە حیدەتکردن و دەرم کرد، لە پاشا کابرا لەم خسووسەوە هەر چەند شکاتێکی زۆری کرد، هیچ فائیدەی نەبوو، وە لەبەر ئەو مەسەلەیە زەرەرێکی زۆرم لێ دا. هەر لە ئەو ڕۆژەدا ئیحالەی نەهرەکان درا بە ئەو پیاوەی من. دائیرەی مالییە چونکە پرۆغراممان یەک بوو بە کەمالی مەمنوونییەتەوە قبووڵی کرد.

لە وەقتی حاسڵاتا هەر وەکوو بەحسمان کرد هەر معامەلەیەکم لە موڵکەکانی خۆمدا ئیجرا کردبوو، لەو ئەنهارانەشدا ئیجرام کرد، یەعنی وەکوو ڕووتاندنەوەی وە خوێنخواردنی ئەهالیی مەزڵووم. بەم نەوعە ئیشانە پارەم زۆر بوو، یەعنی بێجگە لە تەحەمولاتی ناو ماڵ و قەرز، بووم بە ساحیبی بیست سی هەزار لیرەی نەقد.

هەر وەکوو لەمەو پێش بەحسم کردبوو خولیای گەورەیی ئەوەندە لە سەرمدا بوو، هیچ ئارامم نەبوو. جا ناردم لە وڵاتێکی خاریج بەعزێ قالیچەی ئاوریشمی جوان و بەعزێ شتی بەقیمەتم سەند و بە نیازی تەرەقیکردن، مەئزوونیەتی یەک مانگم وەرگرت و چووم بۆ پایتەخت. کە گەیشتمە پایتەخت واقیعەن لە ئەوەڵەوە، هەر وەکوو خۆم ئارەزووم بوو، ئەوەندە حورمەتم نەبوو. ئەمما لە پاش تەقدیمکردنی ئەشیاکان بۆ ئەو جێگایانە کە لازم بوو، حورمەتم ئەوەندە زیادی کرد خەریک بووم خۆم نەناسمەوە. هەر ئێوارەیەک لە ئوتێلێک وە هەر شەوێک لە سینەمایەک لە تەرەف پیاوێکی گەورەوە دەعوەت ئەکرام، وە لەو شارەدا ناوێکی گەورەم پەیدا کرد.

زۆر کەسی وا بوو کە چاویان پێم نەکەوتبوو نەیانئەناسیم وە هیچ ئیستیفادەم بۆیان نەبووبوو، هەر لە خۆیانەوە مەدح و سەنایان ئەکردم. بە مەحزی ئەوەی کە بیستبوومان زۆراب ئەفەندی پیاوێکی موهیمە، ئەوانیش بە تەقلیدی خەڵقەوە مەجبوور بوون بە تەعریفکردنم. ئاخر ئەگەر ئەهلی ئەم وڵاتە ئەوەندە سەریع ئەلقەرار نەبوونایە حاڵیان وەها نەئەبوو.

لە پاش چەند ڕۆژێک وەعدەم وەرگرت کە بە وەزیفەیەکی گەورەتر تەعین بکرێم. دوای تەواوبوونی مودەتی مەئزوونیەتەکەم، گەڕامەوە محەلی وەزیفەکەی خۆم. تەسادوفەن بۆ دەوریە لە مەرکەزی قەزا چوومە دەرەوە، لە بەینی دوو عەشیرەتدا کە داخڵی ئەو قەزایە بوون، چەن ساڵێک لەوە پێش شەڕوشۆڕێک واقیع بووبوو، وە سێ چوار کەس لە بەینی ئەواندا کوژرا بوون. لەو وەقتەدا کە من گەیشتمە ئەو ناوە مەشغووڵ بوون لە ناو خۆیاندا سوڵحیان ئەکرد و قەراری موساڵەحەیان دابوو، بەم نەوعە کە قاتیلەکانی ئەم عەشیرەتە دوو کچی خۆیان بدەن بە کوڕی مەقتوولەکانی ئەو عەشیرەتەکەی تر، وە قاتیلەکانی ئەو لاش دوو خوشکی خۆیان بدەن بە برای مەقتوولەکانی ئەم عەشیرەتە. خۆم گوێم لێ بوو کچەکانی ئەم عەشیرەتە هاواریان ئەکرد ئەیانوت:

«بۆ خاتری خودا ئێمە ئەوانە ناناسین کە ئێمەتان داوە بە ئەوان، هەتا ئێستا نەماندیون؟ ئێمە خۆ کەسمان نەکوشتووە کە مەسئوول بین و دڵی قەوم و خوێشیان شاد و مەمنوون بکەین. خوا هەڵناگرێ یەکێکی تر قەتلی کردووە، یەکێکی تر کوژراوە، ئێمە بۆچی بکەوینە عەزابەوە؟ ئیحتمال ئێمە دڵمان تەعەلوقی بە شەخسێکی کەوە بێت بۆچی ئێوە سەرمایەی حەیات و ژیانی ئێمە مەحوو ئەکەنەوە؟ ئەمانە خودا و ویژدان قبووڵی ناکات؟»

بێخەبەر بوون کە خودا ئەوەندە سەبری هەیە هەزار شتی وەهای قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا هەر ئیسمی هەیە و کەس بە چاو نەیدیوە! کوڕەکانی عەشیرەتی ئەو لا لەگەڵ کچەکاندا بیستبوویان من لەو ڕۆژانەدا وام لەوێ، بە هەر نەوعێک بۆیان مومکین بووبوو، خۆیان نەجات دابوو و فیراریان کردبوو، هاتنە لای من. ئەوەڵەن کچێکیان کە زۆر جوان و مەحبووبە بوو پێی وتم:

«جەنابی ڕەئیس ئەمڕۆ ئێمە زۆر بەختیارین کە جەنابی عالیتان تەشریفی هاتووە بۆ ئەم ناوە، چونکە ئومێدمان وایە و بە تەحقیق ئەزانین کە هەقی مەزڵووم لە زاڵم دەسێنی».

تەواو


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).