دیوانی گۆران/پیەس لە یەک پەردەی کورتا
دوشمنمان مێشوولە
[edit]- پەردە هەڵکشا -
کۆشکێکی گەورە دەرئەکەوێ، بە خەتی درشت لەسەر دەرگاکەی نووسراوە: «پرۆژەی لەناوبردنی مەلاریا». لە کۆریدۆر چوار پێنج پسپۆڕ و ناپسپۆڕی بێگانە دەوری مێزێکیان داوە بە میکرۆسکۆب تەماشای گەرا و کرمی مێشوولە ئەکەن. ئەمانە گشتیان نیشانەی پسپۆڕی: چاویلکەی زەق زەق و کەللەسەری زل زلی ڕووتاوەیان هەیە... لە پشت سەریانەوە تابلۆیەک بە دیوارا هەڵواسراوە، هی وێنەی هەزار جار گەورە کراوی مێشوولەیەکە بە هەزار ڕەنگ بۆیەکراوە، ڕەنگی وا جوان کە مێشوولەی قەحبەباب هەرگیز بە پەپوولەی بەهاریشەوە نەیدیوە... پۆلێک کرێکاری نیشتمانییش، پەڵاسی شڕ و چڵکن لەبەرا، سێپا و لوولەی خەریتە و سەتڵ و ترومپا و پاچ و خاکەنازیان هەڵگرتووە چاوەنواڕیی ئەکەن... پیرۆتە سیس کە نەخۆشێکی سیلاویی بێ دەرمان و بێ-خۆراکە، لەوبەری شەقامەوە پاڵی لێ داوە بە دیوارەوە، تەماشای ئەم دەزگا و دووکانە ئەکات.
پیرۆتە سیس (بە گۆرانییە کە لە گیزەی مێشوولە ئەچێ):
ئەم زانا و دوکتۆرە گەورانەی دوور وڵات،
نێرراون: بگەنە هاواری ئێمەی لات
دوو فلسێک هەمانە و تیا نابێ نرخی نان
بیدەنە تفاق و ترومپا و داودەرمان
تا ڕەگی مێشوولەی دوشمنمان دەربێنن
وا تۆڵەی لەبرسا مردنمان بسێنن!
- پەردە داکشا -
1953/07
شیوەنی دارستان
[edit]- پەردە هەڵکشا -
لادێیی چۆغەشڕ بەرامبەر بە کۆشکێکی گەورە وەستاوە، بە ئینگلیزی و بە عەرەبی لەسەر دەرگاکەی نووسراوە: «دائیرەی دارستان».
لادێیی چۆغەشڕ:
ئەم کۆشک و دەزگایە کە پۆشتەی تفاقە
بێگانە ئەیگێڕێ و بە ناو هیی عیراقە...
کەس نەبوو عیراقی کە هێندە دانا بێ:
بزانێ شاخ نابێ دارستانی تیا بێ؟
ناچار بووین هێنامان پسپۆڕی بێگانە،
بە زانست سووتاندی ئەم دارستانانە،
هەمووی کرد بە خەڵووز، پێشکەشی ئاغای کرد
ئاغاشمان بە دیاری بۆ پاشای بەغای برد...
ئێستاکە ئێمەین و شاخێکی وەک کەچەڵ،
با هەر بەین بە سەرا قوڕی خەست بە تۆپەڵ!
- پەردە داکشا -
1953/07
ماستاو...
[edit]- پەردە هەڵکشا -
ئا: تەلەفۆنی ئەم سەر: ئاغا لە هاوینە هەواری کوێستان
ب: تەلەفۆنی ئەوسەر: کاربەدەستێک لە باڵیۆزخانەیەک
ئا:
هەلاو... هەلاو... گەورەم! سێرم!
هۆی گیرفان و سکی تێرم
هەلاو... هەلاو...
ڕووناکیی چاو!
ب:
ئەلۆ... ئەلۆ... «شێک»م! «ئاگا»م!
لەناو گەلتا پشتم، پەنام!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆت» براڤۆ!
ئا:
جێگام بەرزە و سەیرانگایە،
نزیک بەوپەڕی دنیایە...
بۆچ بچووکت گەورە ناکەی؟
چاوەڕوانیی من هەتاکەی؟
هەلاو... هەلاو...
ڕووناکیی چاو!
ب:
زۆر «موشتاک»م، زۆر پەرۆشم:
بێم ماستاوی سارد بنۆشم،
بەڵام «ئاک»! لە «داک»ی ڕووتە
نۆشی گیان لام «زەکنەبووت»ە!
هەرچەند من دێم ڕائەپەڕن
لە منیش و لە تۆیش پڕن!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆم» برای تۆ!
ئا:
هەلاو... هەلاو... ڕووناکیی چاو!
لەگەڵ خۆت زۆر بێنە دراو،
بە مانگانە پیاو ڕائەگرم،
ورتەیان کرد سەریان ئەبڕم!
دوایی: نەیەی، ئەودیو سنوور
لێمان ئەکرێ بە ئاگری سوور!
هەلاو... هەلاو...
خاوەن دراو!
ب:
هەر تۆ و دراو؟ بە بانی چاو!
بەرخ سەر بڕە و سارد کە ماستاو!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆت» براڤۆ!
ئا:
هەرتۆ و کەباب؟ هەر تۆ و ماستاو؟
هەی بەسەر چاو! هەی بەسەر چاو!
ئاغا هستێریای کامەرانی ئەیگرێ، لەگەڵ ئەوەی خەت داخراوە، گوێدانی تەلەفۆنەکەی هەر بە دەستەوەیە، بە دەوری خۆیا ئەسووڕێتەوە و سەما ئەکا
میوان؟ دراو؟
کەباب؟ ماستاو؟
هەلاو...! هەلاو...!
هەلاو...! هەلاو...!
- پەردە داکشا -
1953/08
سلێمانی
وڵاتی ئاوا
[edit]- پەردە هەڵکشا -
دەستەیەک شاریی بێکار و بێ دەرەتان لەبەر دەرگای کۆشکێک وەستاون کە ئەوەندەی قشڵەیەک گەورەیە، لەسەر دەرگاکەی نووسراوە: «لاتخانەی شار». لەناو ئەم دەستەیەدا «نالە یەک لنگ» خۆی داوە بەسەر دارشەقەکەیا، هۆرە بۆ مەجلیسی ئیعمار ئەکا کە ئەم کۆشکە جوانەی بنیات ناوە:
بڕوانن لاتخانەی ئیعمار چ زلە:
چل ژوورە و هەر ژووری جێی نوێنی چلە!
بەم جۆرە، هەر شارە سەر و لاتخانە
دروست کا، کێ ئەڵێ: عیراق وێرانە؟
هەر بژی وڵاتێک: دەزگای ئیعماری،
لاتخانەی پڕ ناکا دانیشتووی شاری!
- پەردە داکشا -
1953/08
سلێمانی
جۆقی یۆنسکۆ
[edit]شوێن: دێیەکی ناوشاخ.
کەسەکان:
١- ئەندامانی جۆق: پڕۆفیسۆر، دومبەکچی، کەمانەژەن، کچە مامۆستای گۆرانیبێژ، کچە مامۆستای سەماکەرە.
٢- دانیشتووانی دێ بە ورد و درشتەوە.
نیاز لە هاتنی جۆق: فێرکردنی خوێندەواری و ماڵداری و دروومان و کشتوکاڵ و مۆسیقا و دانس تاد، بە دوو هەفتە لە چوار پێنج دێدا.
- پەردە هەڵکشا -
پڕۆفیسۆر:
هاتووینە دێی بەرد و کوچک
خڕ بیژەنە وەستای دومبک!
خڕ بیژەنە کەمانەژەن!
کچان، ئێوەش سەما بکەن!
ساز و سەما دەست پێ ئەکا
کچە مامۆستای گۆرانیبێژ:
من زانای دەرسی ئەلفبام
دوو جار بڵێن: تەرلای لای لام!
هەموو:
تەرلای لای لام...
تەرلای لای لام...
کچە مامۆستای گۆرانیبێژ:
«نوون» بۆ نانە، نانی گەنم.
تەرلای... پێتان پێ ئەکەنم!
هەموو:
تەرلای لای لام...
تەرلای لای لام...
کچە مامۆستای گۆرانیبێژ:
«گاف» بۆ گۆشتە و «پێ» بۆ پڵاو
نەک نایخۆن، نایبینن بە چاو
تەرلای لای لام، تەرلای لای لام
دوایی هات دەرسی ئەلفبام!
هەموو:
تەرلای لای لام...
تەرلای لای لام...
دومبەکچی:
تەپ تەپ... تەپ تەپ...
بە هەردوو دەست: سێ ڕاست، یەک چەپ!
تەپ وەک زرمەی دەستڕێژ وایە
بێ شەڕ نابێ ئەم دنیایە!
تا ئەتوانن تەپ تەپ فێر بن
سێ سک برسی، یەک سک تێر بن!
هەموو:
تەپ تەپ... تەپ تەپ...
سێ ڕاست، یەک چەپ!
کچە مامۆستای سەماکەرە:
دەی دانیشتووی بەرد و کوچک
لەسەر هەوای پیرە دومبک
چەپڵە لێ دەن، سەما بکەن
چەقەنە لێ ئەدا
ئاوا بکەن!
سمت بائەدا
ئاوا بکەن!
گشتیان ئاوا و ئاوا ئەکەن
تا وا نەکەن چۆن تێ ئەگەن؟
تا تێنەگەن چۆن پێ ئەگەن؟
پڕۆفیسۆر:
دانیشتووی دێ، درشت و ورد!
هەمووتانمان زۆر باش فێر کرد!
«تەرلای لای لام»تان لەبەرە
گشتتان بوون بە سەماکەرە.
چەقەنە لێ ئەدا و گشت بە شوێنیا لێی ئەدەن
ئاوا ئەکەن!
سمت بائەدا و گشت بە شوێنیا بای ئەدەن
ئاوا ئەکەن!
لە من باشتر سەما ئەکەن!
ئیتر کارمان نەما لاتان
ئەتانسپێرین بە خواتان!
بەدەم گۆرانی و چەقەنە و سووڕدانەوە، شانۆ دەست ئەکا بە چۆڵ بوون
هەموو:
تەرلای لای لا... تەرلای لای لا...
یۆنسکۆ جوان دەرس دائەدا!
- پەردە داکشا -
1953/09
سلێمانی
موحاکەمەی مام چەوەندەر
[edit]پەردە هەڵکشا و ساڵۆنی موحاکەمە بە دەستەی تەواوەوە، کەوتە بەرچاو...
١- موحاکەمە:
- ناوت چییە؟
- مام چەوەندەر!
- لە کوێوە دێی؟
- لە دەشت و دەر.
- بە چی هاتی؟
- بە پشتی کەر.
- کێ هانیتی؟
- لالە ڕەنجدەر.
- چۆنی هانیت؟
- بە دەردی سەر.
- بۆ کێی هانیت؟
- ئاغای سێبەر!
- ئاغا چیی وت؟
- ئیللا گێزەر!
کەڵکی نەگرت
تکای ڕنجدەر،
بەر شەقیان دا
دەستەی نۆکەر:
«ئیللا گێزەر...
ئیللا گێزەر...»
٢- بڕیار:
بەڵێ، مادام لالە ڕەنجدەر
بۆی نەگونجا لە چەوەندەر
بارەگێزەر بێنێتە بەر؛
وا داماننا بە تاوانکەر!
یەڵڵا، پۆلیس، بیدەنە بەر،
لەشی کوت کوت کەن بە خەنجەر!
پەردە داکشا و ئیتر کەس نەیزانی مام چەوەندەریش چیی بەسەر هات؟
1953/09
سلێمانی
نق و جق
[edit]دیمەن: ژووری دائیرەیەک... لای ڕاست کورسی و مێزی نق... لای چەپ کورسی و مێزی جق.
جێگای تەلەفۆن لە ناوەڕاستی هەردووکیانا، بە دیوارەکەی پشتیانەوە... دەرگای مەعبێن لەگەڵ ژووری سەرەک لە بەری لای نقەوە... تاد.
- پەردە هەڵکشا -
هەژار:
سێ هەنگاو ئەنێ بۆ بەردەمی نق
- قوربان کارم؟
نق:
بێ سەرهەڵبڕین
- بە دەست جقە.
هەژار:
سێ هەنگاو ئەنێ بۆ بەردەمی جق
- قوربان کارم؟
جق:
بێ سەرهەڵبڕین
- بە دەست نقە.
هەژار:
- قوربان، مەئمووری نق، کارم؟
عەرزوحاڵەکەی پێرارم؟
نق:
سەر هەڵئەبڕێ... قەڵەمەکەی دائەنێ... جگەرەیەک دائەگیرسێنێ... پاڵی لێ ئەداتەوە
- کوڕە، کابرا، نەموت بڕۆ؛
لای جقە عەرزوحاڵی تۆ؟!
هەژار:
- مەئمووری جق عەرزوحاڵم؟
هێند پرسیم کاول بوو ماڵم!
جق:
هەمان دەستووری نق پاڵی لێ ئەداتەوە
- کوڕە، کابرای بێ سەر و پێ،
نەموت لای نق بۆی بگەڕێ؟
هەژار:
لە بەر خۆیەوە
- تەقیم... ورگم پڕ بوو لە ڕق
بە دەنگی بەرز:
داد، گەورەی نق! داد، گەورەی جق!
دەرگای مەعبێن کرایەوە، سەرەک بە دەموچاوێکی تووڕەوە سەری کێشا، نق و جق هەڵسانە سەر پێ.
سەرەک:
چییە کابرای قڕە قڕکەر؟
جق:
گەورەم، لێمان تێک ئەدا سەر!
هەژار:
قوربان! عەرزوحاڵی پێرار!
سەرەک:
هەی قوزەڵقورت! هەی زەهری مار!
پەلە لە کاربەدەست ئەکەی؟
لە نق و جق سەر تێک ئەدەی؟
هەژار:
قوربان، پەلەم نەکردووە!
سەرەک:
بۆ عەرزوحاڵ دوو ساڵ زووە!
بۆچی ئێرە خوم خانەیە؟
یا جقخانەی شاهانەیە؟!
نق:
کاری ئاغا چوار ساڵی برد!
جق:
هی بەگمان بە پێنج تەواو کرد!
سەرەک:
لە بەر خۆیەوە بە تەوس و تووڕەیی:
پێرێ عەرز و حاڵی داوە،
ئەمڕۆ کەوتۆتە ئاژاوە...
روو ئەکاتە نق
تەلەفۆن کە، تەوقیف بکرێ.
با بەس بێت بەرۆکمان بگرێ!
نق:
دەم ئەنێ بە گوێچکەدانی تەلەفۆنەوە:
ئەلۆ... پۆلیس! مەوقووف هەیە.
سەرەک:
با تێ بگات درەنگ کەیە!
ئەوەندەی نەخایاند، پۆلیس پەیدا بوو... دەس کرا بە کەلەپچەکردنی هەژار...
هەژار:
بە واق وڕماوی چاوی گێڕا بە گشتیانا. لە بەر خۆیەوە:
حەی لە نق و جقی کارم
چەند گورج دەرچوون بۆ ئازارم!؟
هەژار درایە بەر بۆ بەندیخانە و ئیتر پەردە داکشا
1953/09
سلێمانی
خۆزگەی هەژار
[edit]- پەردە هەڵکشا -
بارامەگول بە پەڕۆی خامی چڵکن برینەکانی دەست و قاچ و ملی پێچاوە. لە تاو ئازار لە بن سێبەری درەختی شەقامدا چیچکەی کردووە... لەنگەری لەشی خستووەتە سەر گۆچانە لار و گێڕەکەی... بەرامبەری ئەو دەروازەی بەیتاڵخانەیە... ئەسپێکی ژان کردوو بە دەست نۆکەری ئاغاوەیە، بەیتاڵ خەریکە تەرمۆمیتر (گەرمی پێو) لە کۆمی وڵاخەکە دەرئەهێنێ و ئەیداتە بەر شووشەی چاویلکەکانی بۆ خوێندنەوە... مادامێکی تەڕپیریش خۆی لە پۆدرەیەکی خەستا گەوزاندووە، بە لچ و لێوێکی خوێناوییەوە توولەیەکی نەخۆشی گرتووەتە باوەشی، لایانا وەستاوە... مادام توولەکەی وەکوو مناڵ ڕائەژەنێ بۆ سووک کردنی ئازاری....
بارامەگول
بەدەم گڕی تاوە، بە گۆرانی:
ئەم کۆشکە، کۆشکی چوارپێی نەخۆشە،
بۆیە وا بەرزە و گەورەیە و خۆشە!
تفاقی و دەرزی و دەوا و دەستووری،
پڕفەرشیی و پاکیی تەویلە و ژووری
مایەی حەسرەتی دووپێی هەژارە
کە دوکتۆر دەوای ناکا بێ پارە!
سا خۆزگەی هەژار: بە گاجووتی بەگ،
بە ئەسپی ئاغا، بە تانجی، بە سەگ!
- پەردە داکشا -
1953/09
سلێمانی