دیوانی گۆران/ئۆپەرێت
ئەنجامی ئەژدەھاک
[edit]یەک دوو هەفتە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ (١٩٥٩) لەگەڵ هونەرمەندی بەهرەدار کاک قادر دیلان بڕیارمان دا کە پێکەوە تەقەلا بدەین بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەری بۆ ئەوەی لە جەژنی باسکراوا پێشکەشی گەلی شارە خۆشەویستەکەمانی بکەین. بەری تەقەلای من لەم پێناوەدا بیرکردنەوە بوو لە دانانی ئۆپێرایەک کە ئەمەی لای خوارەوە یەکەم پەردەیەتی. لەبەر کەم و کووڕیی ئەو کاتەی بە دەستمانەوە بوو، بڕیارمان دابوو کە ئەو بۆ ئەم پەردەیە دەست بکات بە دانانی ئاوازە و پراوە کردن لەگەڵ تیپی ئاوازە و تیپی تەمسیل تا من لە دانانی پەردەی دووەم ئەبمەوە، وە بەم جۆرە بڕۆین تا ئۆپێراکە ئەگاتە ئەنجام. بەڵام داخەکەم کاک قادر بۆی نەکرا بەڵێنەکەی بێنێتە جێ. ئەمە بوو بە هۆی ساردبوونەوەی منیش، وە بەم ڕەنگە دەستم لە پرۆژە هەڵگرت. ئێستاکە پەردەی یەکەم لە ئۆپێرای ناتەواو ئەخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی «بەیان»، ئەگەر لە هونەرمەندەکانمان - بە مۆسیقار و ئاکتۆرەکانەوە- هاندان و بەڵێنێک ببینم بۆ پشتگرتن و هاوکاری لە سەرپێگرتنی پرۆژەدا، ئەوا ئامادەبوونم پێشان ئەدەم بۆ تێهەڵچوونەوە و تەواوکردنی پەردەکانی تر.
—«گۆران»
پەردەی یەک
بازاڕی ئاسنگەران
جاڕچی (بەدەم زەنگ لێدانەوە):
بە فەرمانی شای بێباک،
خاوەن شکۆ: ئەژدەهاک،
ورتەتان لە دەم دەرێ،
بە شیر لە سەرتان ئەدرێ!
یاساوڵان: (شیر هەڵئەکێشن):
ورتەتان لە دەم دەرێ،
بە شیر لە سەرتان ئەدرێ!
جاڕچی:
مارانی شا بێ قەرارن،
ناشتای مێشکی هەرزەکارن
هەر ماڵەتان سەر و کوڕ،
کاسەی سەر لە مێشک پڕ
ئامادە کەن،
با یاساوڵان بیانبەن
بۆ چێشتخانەی شا، تا جووت جووت
مێشکیان بۆ مار ببێ بە قووت
بە دەستی وەزیر: کرماییلی ژیر!
سەرکردەی یاساوڵان:
سەر هیی شایە، ماڵ هیی شایە،
هەر ماڵە کوڕێک... چیی تیایە؟!
جاڕچی:
یەڵڵا! دەسا خاوەن کوڕان! هەریەکتان کوڕێ...
هەر ئێستاکە لەگەڵ ئێمە بیانخەنە ڕێ!
سەرکردە:
پەلە نەکرێ،
وەڵڵا! بیللا! ئاگر لە ماڵتان بەر ئەدرێ،
خاوخێزانتان ئەسووتێنرێ!
با گشت نەڕوا، یەک کوڕ ببرێ!
جاڕچی (لیستەیەک دەرئەهێنێ، دەست ئەکا بە خوێندنەوەی):
ڕۆستەم کوڕی کاوە، کوڕی یانزەمین...
کاوە (بەدەم ئاسن کوتانەوە، لە بەر خۆیەوە):
دەربەستی دە و یانزە نین،
وەستای پۆڵا و ئاسنین،
ڕۆژێک ئەبێ تۆڵەی گەلمان بسێنین!
جاڕچی (لەسەر خوێندنەوە ئەڕوا):
برزووی خوسرەو، کوڕی هەشتەمی خوسرەو،
نەوزاد کوڕی قوباد، بێژەنگی پڕتەو...
دەرچن لە ڕیز، بێن لێرەدا بوەستن...
یاساوڵی یەکەم:
باوکی سەگتان بۆتان ئەگرین وەکوو ژن!
کاوە (لەبەر خۆیەوە):
هۆی ژیانی گەل ژنە،
خەنجەر بێچووی ئاسنە،
زامی جەرگی ژن و پیاو
هیی دەستی یەک دوژمنە!
(دوو لاو بە پاڵەپەستۆ نۆرەبڕی لە یەکتری ئەکەن)
یاساوڵی دووەم:
کێشمەکێشی ئەم دوو سەگە
گلاراوی سەرەمەرگە!
لاوی یەکەم:
منم بێژەنگ، کوڕی خوسرەو!
لاوی دووەم:
منم! منم! خوشکمە ئەو!
(یاساوڵێک شیرین لە نیشانەی نێری ڕووت ئەکا)
سەرکردە (بە تووڕەیی سەر با ئەدا):
غەش لە شای ئەژدەهاک ئەکا؟!
کچان لە (ڕیزی پشتەوە دەر ئەپەڕنە دەرەوە):
زۆر چاک ئەکا! زۆر چاک ئەکا!
کچ بۆ نابەن لەباتیی کوڕ، خوشک لە جێی برا؟
کچ بۆ بژی، لە کاتێکا کوڕ تۆوبڕ کرا؟
(نیوەی یاساوڵان لاوەکان ئەدەنە بەر و ئەیانبەن)
مێشکی کوڕ و کچ لای مار،
لای ئەژدەهاکی زۆردار
هەر یەکە، هەر یەک بێگومان!
ئێتر بۆچ بێبەش بن کچان
لە خەبات و قوربانی دان
بۆ نیشتمان، بۆ کوردستان؟
سەرکردە:
یاساوڵان! ئەم کچانەش هەموو بگرن،
تا لە بەندیخانەی شاژن ئەیانکوژن!
(بەستەی کچان):
بۆ کچە کورد ژینی دیلی ژین نییە،
بە دەمی دیل هەنگوین هیچ شیرین نییە،
ئەی قژی زەرد! وەکوو پووشی دەسکەنە بە!
ئەی لێوی ئاڵ! بە بێ زەردەخەنە بە!
چاوی ڕێژراو! پێ مەکەنە وەکوو گوڵ
بۆ ڕۆژی ڕەش بڕژێنە فرمێسک بەکوڵ!
لەنجە مەکە بەژن و باڵای نەمامی،
ڕەشپۆشی جوانەمەرگیی چەند برامی؟
بە کەساسی کەچ بە، گەردنی بێگەرد!
سەرکوڵمەکان! بگرن ڕەنگی لیمۆی زەرد!
بۆ خۆشەویستی لێ مەدە ئیتر، دڵ!
لە ناو گۆڕی تەنگا با ببی بە گڵ!
کە ئازادی و باوک و برا لەکیس چوو،
کچە کوردێک چ زیندوو بێ، چ مردوو!
(کرماییلی وەزیر کە تێئەپەڕێ، گوێ لە گۆرانیی کچان ئەگرێ کە تەواو ئەبێ. دوایی کچان ئەبەن).
(ئاسنگەرەکان لەناو خۆیاندا کەوتنە مقۆمقۆ)
یەکەم:
داوەشینە! داڕزینە!
خەڵکینە کەی ئەمە ژینە؟
زۆربە:
خەڵکینە کەی ئەمە ژینە؟
شاگردێک:
وەستا هەلی ڕاپەڕینە!
هەندێک:
ڕاستە، هەلی ڕاپەڕینە!
کرماییل: (ئەگاتە بازاڕی ئاسنگەران، سڵاو لە کاوە ئەکا):
خاوەن شکۆ بێ دەماخە
دڵمان هەموو پڕ لە داخە!
چاوی ماری ناچێتە خەو
نە کاتی ڕۆژ، نە کاتی شەو!
لە خۆراکی مێشکی کوڕیش
سەر با ئەدەن بە فیشەفیش!
ئێستا ئەڵێم چۆپیی کچان
بکەم بە هۆی ڕەشمار لاس دان،
ماری دڵ تەڕ، کچ هەڵپەڕێ
خەویشی دێ و ئەشلەوەڕێ!
(سەر ئەنێتە گوێی کاوە)
هەر لاوێکم لە مەرگ بۆ لا دراوە،
لە نهێنگا ئامادە ڕاوەستاوە،
لەگەڵ یەکەم جووڵەی شۆڕش ئەوان زوو
داگیر ئەکەن لە کۆشکا برج و باروو
کاوە:
جووڵە بە زستان ئەتەزێ
سەرما وەکوو مار ئەگەزێ!
تا گوڵاڵە دەشت سوور نەکا،
پیاو ئاسان خوار و ژوور نەکا،
دەست دانە شۆڕش گرانە،
لەم وڵاتی کوردستانە!
کرماییل:
ئەی کە پێمان نایە بەهار؟
کاوە:
زۆر زۆر بەجێیە پەلامار!
هات و پەلامار سەرنەکەوت،
مل ئەنێین بۆ شاخ و ئەشکەوت
کرماییل (هەر بە چپە):
ئەم کچانەی ئەمڕۆ گیران،
پەڵپ و بیانووی چۆپیی ماران،
دەربازیان ئەکا وەک یاران!
کاوە:
هەر بژییت سەرباشقەی ژیران!
(کرماییل ملی ڕێ ئەگرێ. دوور ئەکەوێتەوە)
کاوە: (بە ئاسنگەرە هەڵچووەکان):
براکانم! ئەمڕۆ ڕۆژی دان بەخۆداگرتنە
ڕاپەڕینێک بێ وادە بێ هۆی ئێجگاری مردنە
لەم کاتەدا خزمەت تەنیا بێ وچان ئیش کردنە،
بۆ ڕۆژی خۆی چەکی زۆر و تفاقی زۆر خستنە
ئەگەر دڵسۆزی ڕاستیین،
ئەبێ هەرگیز نەوەستین،
ئاسن بکوتین بە ئاسن،
داس دروست کەین و گاسن،
شمشێر و تیر و خەنجەر
فریا خەین بۆ شۆڕش کەر!
(ئاسنگەرەکان سارد بوونەوە و دەستیان دایەوە کەرەستەکانیان و کەوتنەوە کارکردن)
- پەردە داکشا -