Jump to content

دیوانی کوردی/ت

From Wikisource
313099دیوانی کوردی — پیتی ت1850کوردی

1

[edit]
کوێر بووە هەر وەکوو یەعقووب بە خودا دیدە لە بۆت سا بنێرە وەکوو یۆسف بە شفای دیدە لە بۆت
دڵ کە جێی خۆت بوو بە ئاوری غەمی هیجرت سووتاند بۆچ بە دەست خۆت دەخەی ئەم ئاورە ناو مەنزڵی خۆت؟
دڵ لە دەس تورکی دوو چاوت چ دەبوو حاڵی ئەگەر نەبوایە لە سەری تیری موژەت، تیغی برۆت؟
بەرگی ڕووتی بە هەزار خەرقەیی شاهی نادەم چونکە مەحبووبە بە ناز پێم دەڵێی گاهێ (مچە ڕووت)
من کوتم کوژتمت ئەو سەبر بە بێدەنگی کوتی کۆنە کرمانج! ئەمە ساڵێکە بەڵەد بووم لە درۆت
شەمعی مەیخانە فتیلەی نەبوو تا دوێنێ، شوکور شێخی خۆمان بە شەڕاب دەڵقی گەدایی دەفرۆت
کە ڕەقیب دی من و یار پێکەوە نیشتووین، لە ڕقان وەک سەگێ پەت بکرۆژێ، دەم و لێوی دەکرۆت
دڵی کوردی کە گرفتاری جبەی قرمزییە، بۆچ دەکەن مەنعی بە خوێنی دڵ ئەگەر بەرگی دەشۆت!

2

[edit]
تاڵانی سەر و ماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت پابەندی دڵ و دینم کاکۆڵی پەرێشانت
وەک خەنجەری زیجەوشەن تا ڕۆژی حەشر دەتکێ خوێنی دڵی مەزڵوومان لەو ناوکی موژگانت
تەسخیری دڵی کردم حەملەی سەفی موژگانت هۆش و خیرەدی بردم لەعلی لەبی خەندانت
سەر لافی ئەوەی لێدا گۆی عەرسەیی بازیت بێ پۆسیدە بوو، نەیبوو تاب، بۆ زەربەتی چەوگانت
بۆ چم دەوێ ئەم قەلبە گەر نەیکەمە خاکی ڕێت؟ ڕۆحم بە چ مەسرەف دێ، گەر نەیکەمە قوربانت؟
خۆت بۆ ستەمان کەم بووی، بیستت قسەی ئەغیاریش فیرعەونی زەمان، ئامان! گوێ مەگرە لە هامانت
دڵ دائیمە وەک بولبول موشتاقی دەهەن وازە تا ئاوی حەیات نۆش کا لەو خونچەیی پێکانت
ڕۆیی دڵی مەحزوونم، داخم ئەوە نەمزانی دوو چاوی ڕەشت بردی یا زولفی پەرێشانت؟
باکم نییە مورغی دڵ بیکەی بە کەباب ئەمما بیدە بە سەگ و مەیدە دەرخوردی ڕەقیبانت
ڕۆح مایلی بۆسێکە لەم دامەنی پاکی تۆ مانع مەبە لەم خێرە، دەستی من و دامانت
عەزمت ئەمە بوو ئەی دڵ! ڕیسوام بکەی و کردت دەست هەڵگرە لێم ئیتر سا خۆت بی و ئیمانت
بۆ تیری قەزا سینەم بۆت بوو بە سپەر قوربان! بۆ تەجروبە سا تیرێ باوێژەرە قەڵخانت
چاو قاتڵی عاشق بوو جادوو بەچە بوو عەییار بۆ شوێنەونی دەسڕێ ئەم خوێنە بە دامانت
ئەزبەسکی فیراقی دی، وەک دۆزەخیان کوردی یەکسانە لە لای ئێستا نەزدیکی و هیجرانت

3

[edit]
وەک دوڕڕ و عەقیق نەخشە دەندان و لەبی ئاڵت میسلی بەڕەزا پەخشە ئەگریجە و خڕخاڵت
پەنجەت لە حەنا مەگرە سوورێکی تەڵخ ڕەنگە خوێنی دڵی من ئاڵە بەو پەنجەیی شمشاڵت
نەخلی قەدی چون سەروت چەند دڵبەر و مەوزوونە سەیری کە چ شیرینە پاوانە و خڕخاڵت!

4

[edit]
خۆشم، قوربان، بە بەندیخانە و زنجیر و سێدارەت به شرط آن كه ناری بر سر من طعن اغیارت
دڵم مەحبووسە جەرگم لەت لەتە عەقڵم لەدەس دەرچوو به تیغ حاجب و زلف کمند و چشم سحارت
نەوەک هەر من بناڵێنم وەکوو بولبول لە هیجرانت رقیبان سگ صفت گردند اندر باغ و گلزارت
ئەمن بووم باخەوانی باغەکەی تۆ ئێستە بێ مروەت دگر چیند گُلت، من دیده دارم بر خس و خارت
هەناسەم ساردە بۆ دووریت وەکوو مەیلت لە دووری من دلم سوزد ز تاب نیم تن چون برگ گلنارت
تەبیب ناکا عیلاجی دەردی دووری دڵ، وەها چاکە برَم این خسته پیش عارفی چون چشم خمارت
دەماغم ئەمڕۆ عەترئالوود و موشک ئەفشان و گوڵ بێزە مگر بویی صبا آرد ز سوی زلف تاتارت
گەلێ تاریکە دیدەم دوور لە دیدەی مەست و مەخموورت دهانم تلخ گشته بی لب لعل شکر بارت
عەزیزا ئەهلی میسرێ بوون بە کڕیارت بە گیان و دڵ کنون کُردی تنِ چون ریسمان آرد به بازارت

5

[edit]
شکاندی قیمەتی شەککەر، نەباتی لێوی شیرینت گەیاندی مەرسیەی مریەم خەیاڵی ڕووی نیگارینت
لە بەردا چین بە چین هاتو بچین چینی لەسەر چین دا چین بچین چین تا بە پا گێسویی چین چینت؟
حەنا بێ ڕەنگ و ڕەنگ تەڵخە بە ڕەنگی ساری گوڵ نادا وەرە ڕەنگ کە بە ڕەنگی خوێنی دڵ ئەنگوشتی ڕەنگینت
قەمیسی یۆسفە بۆ چاوی تاریکم وەکوو یەعقووب سەبا جارێک بەلاما بێنێ گەر بۆنی عەرەق چینت
گەر ئەهلی دڵ بە چاوی من نەزەر لەم شێوەیە ببڕن دەزانن هەرکە قیمەی دڵ دەکا ڕیشوویی پۆشینت
هەتا کەی بێ وەفایی، بەسیە شیرین وەقتی شیوەنتە سەراپا غەرقە دەر تیشەی جەفا، فەرهادی مسکینت
بە بەزمی لێوی شیرینت زەمانێ خوسرەو ئاسا بووم درێغا تێکی دا سەیر و سەفا، بەدکاری بێ دینت
بە ڕیسوایی و ڕووتی من، ڕەقیب! تۆ کامەران نابی هەتا تەسلیم نەبێ کوردی مەزەننە نایە تەسکینت

6

[edit]
بە داوی زولف و دانەی خاڵی سەر ڕووت گرفتارە دڵی سەد عاشقی ڕووت
نیگاهی چاوی مەستی نیمە خابت هەزاری وەک منی خستۆتە تابووت
سەبا گەر لابدا زولفت لە کوڵمەت دەڵێم یا ماهە یا خورشیدە ئەنگووت
شکاندت لەشکری عەقڵ و شەکیبم بە تابووری موژە و شمشێری ئەبرووت
لە چاهی ژێری لێوت وا ئەسیرن هەزارانی وەکوو هاڕووت و ماڕووت
مەهە یا ڕۆژە یا ڕووی تۆیە دەرکەوت؟ شەوە یا زولفە یا خۆ موویی دڵجووت؟
ئەمە یا نوقڵە یاخۆ خونچەیی کام؟ ئەوە دەندانە یا دوڕ، یانە یاقووت؟
فیدای دەست و کەمانت بێت کوردی دەپێکێ سێ و دوو هەم تاق و هەم جووت

7

[edit]
چێژتم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕۆحی شیرینم نەهات زامی کۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات
من خەمم خوارد و خەمیش خوێنی جگەرمی خواردەوە بۆیە گریام چەند بەچەند، فرمێسکی خوێنینم نەهات
غەم سەری لێدام و یاریش قەت سەرێکی لێ نەدام سەبر و هۆشم ڕۆییوە، غارەتگەری دینم نەهات
دڵ دەسووتێ چین بە چین دەشکێتە سەر یەک وەک فەنەر خاوەنی ڕووی ئاتەشین و زولفی چین چینم نەهات
دیدە وەک هەوری بەهاران خوێن دەبارێنێ و سەدای پێکەنینی غونچەیی نەو سەبزە پەرژینم نەهات
گۆی سەرم چەوگانی میحنەت دایە بەر خۆی ڕای فڕاند وای عەجەب، بۆ شاسواری خانەیی زینم نەهات؟
کەوتمە وەختی مردن و غەم خستمیە حاڵی غەڕغەڕە کوردی بێ کەس خۆم لە هیچ لایێ سەدای شینم نەهات