دیوانی شێخ نووری/بە یادی ڕابردوو
Appearance
ئاوڕێک بۆ دواوە
[edit]ئەی «ژیان»، ئەی ئەمەلی تائیفەی پیر و جوان! | ئەی بەبێ تۆ، شەوی دەیجوورە هەموو ڕۆژی ژیان |
هیچ مەوەستە لە دەسا تا دەگەیە «زەردیاوا» | ئەم دوو سێ شیعرە بەدیاری بەرە خزمەتی «گۆران» |
بڵێ: ئەی نازری ئەو دیمەنە جوانەی قەرەداغ | دوور لە دەرد و لە پەژارە، لە خەم و میحنەت و ئاخ! |
باوکم ئەو وەختە ئەدیبێ بوو لە ڕێزەی ئودەبا | مەلەوانێکی بەقودرەت بوو لە دەریای ئەدەبا |
ئەو دەمە شیعری دەوت، هۆش و شعوورێکی هەبوو | سەر و دڵخۆش و ڕەحەت، کەیف و سروورێکی هەبوو |
ئێستە کۆماوەتەوە پشتی بەسەر جەدوەلدا | قسمەتی خۆی ئەمە بوو، هەر لە دەمی ئەوەلدا |
ڕۆژ و شەو فیکری بە نووسینی حیساباتەوەیە | شەو و ڕۆژ زیکری بە تەسدیدی ئەماناتەوەیە |
شیعری بیکری بووەتە تەسفییەی تەسلیفات | وێرد و زیکری بووە بە تەحشیەی تەحویلات |
جەدوەلی مولحەق و تەسوییەی ناو ئازاری | بووەتە قافیە و میسرەعی مەعنیداری |
لە هەولێر بە لەتیفە
[edit]دەری مەیخانە بەسراوە، دڵی پیرانی گیراوە | تەڕەب وا قوڕ بەسەر خۆیا ئەکات و جەرگی سووتاوە |
لە قەلبی شووشەدا عارەق نەما، یەکدەفعە خوێناوە | سوراحی دیدەیی وا کوێر ئەبێ بۆت هێندە گریاوە |
ئەوەندە چاوەڕێی تۆن کۆمەڵی مەوجوودی مەیخانە | ملی مینا شکا هێند ئاوڕی لێ داوە بەو لاوە |
دڵی پڕیە لە خەم پیری موغان، قامەت خەم و خەمبار | لە پای کوپەی خوما، بێ چارە سەرتاپای لە خوم ناوە |
بە ئەترافی ئەویشا زائیرانی سەحنی مەیخانە | یەکێ شەیدا و شێواوە، یەکێ مەبهووت و داماوە |
لە تەپڵی سەر ئەدەن، هاوار ئەکەن بەم جەژنە ئازادە | سەمای سافی ئەم مەیخانەیە، بۆ ڕۆژی گیراوە؟ |
هەوێنی شیری شێرانی تەڕەب، ئەی ماکی دڵخۆشی | لە دووری تۆیە «نووری» گۆشەگیر و مات و داماوە |
وەرە ئەم جەژنە تۆزێ خەم بە با دەین پێکەوە توخدا | غەریبان چی بکەن، گەر غەم نەدەن نەختێ بە دەم باوە |
1938
هەولێر
بۆ بێکەس
[edit]جەژنی نەورۆز بوو لە گردی یارە | کۆ بووبوونەوە ئەهلی ئەم شارە |
لە ژن و لە پیاو، لە شێخ و ئاغا | لە کاربەدەستی میری کەس نەما |
کە نەهاتبێ بۆ ئەم نەورۆزە | بۆ زەماوەند و جەژنە پیرۆزە |
لە سەفارەتا زانای ئیستیعمار | مێجەر ئەدمۆنسی، یەکەم موستەشار |
بە توورەکەی مل، پڕ لە فێڵەوە | بەدرۆ و ئیشی چەوت و چوێڵەوە |
ئەویش لە پڕ هات خۆی کرد بەناوا | هەر چاوێکی کرد بە چوار لە تاوا |
من بەبیری خۆم زەینم وا بۆی چوو | بۆ ناوەرۆکی نەورۆز هاتبوو |
تێبگا مەبەس لە نەورۆز چییە | بێ ناوئاخنە و جەژنی پەتییە |
یا پڕە لە شت، ئەم هەمانەیە | ڕوو لە سەردەشت ە و مەبەس بانە یە |
بێکەس | |
بێکەس ئەناسن چەند فیداکار بوو | بۆ نیشتمانی، کە چەند بەکار بوو |
بۆ سەعادەتی قەومی کورد بێکەس | سەرشۆڕی و بەزین لای عەیب و عار بوو |
بێکەس لە ڕێگای بەرزی میللەتا | ملی بکرایە بەدار و پەتا |
لای وابوو ڕوتبەی شاهەنشاهییە | ڕێی وەتەن نەبێ، ڕێی گومراهییە |
بەندیخانە لای کۆشکی وەزیر بوو | گۆرانی و بەستەی زڕەی زنجیر بوو |
بەتەنگ ئازار و ئێشەوە نەبوو | لای بێکەس مەعنای وەتەن ئەمە بوو |
سەر، بەرز بوونەوەی بۆ سێدارە و پەت | ئەو سەربەرزییە دەس کەس نە ئەکەوت |
ئەمە ئایینی پاکی بێکەس بوو | هەر بەرزی وەتەن لای ئەو مەبەس بوو |
سەرنجم دا دان جیڕ ئەکاتەوە | لە داخی «ئەدمۆنس» پیش ئەخواتەوە |
لە پڕ هەڵسایە سەرپێ ئازانە | ڕووی کردە «ئەدمۆنس» وتی مەردانە |
پەنجەی کێشایە ناو هەردوو چاوی | وتی لە دەس تۆ من بۆ کوێ بڕۆم |
«بیست و حەو ساڵە من ڕەنجبەری تۆم | بەنان و ئاو و جل و بەرگی خۆم |
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم | کەچی ئێستاکە هەر من ڕەنجەڕۆم |
گوناهم چ بوو، بەم دەردەت بردم | بەناحەق بۆچی وا سووکت کردم» |
ئەم هەڵەبەستەی خۆی، جوان بۆ خوێندەوە | «ئەدمۆنس» هەروەها تاس ئەیبردەوە |
ئێستەش تا ماوم ئەم دەنگە خۆشە | لە پەردەی گوێما ئەزرنگێتەوە |
کوردیش ئەمێنێ و ئەم شیعرە جوانەی | بە فاتیحاوە ئەخوێنێتەوە |
1958/12/11
لە ستایشی متەسەڕیفی سولەیمانی «ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ»
[edit]شەوێ لە ماڵەوە دانیشتبووم بە حەیرانی | لە چەرخ و ئەختەر ئەفکریم و وەزعی یەزدانی |
شەوێکی پڕ لە سروور و شەوێکی پڕ بەرەکەت | شەوێکی پڕ لە زیا و شەوێکی نوورانی |
شەوێ بوو، مانگەشەوێکی عەجەب تریفە تریف | دوو سەد بەیان و دەمی سوبح ئەکەم بە قوربانی |
گەهێ خەیاڵی ویساڵی جەمالی یارم ئەکرد | گەهێ ئومێدی ئەمەم بوو، کە بێ بە میوانی |
لە پڕ نیگای وەتەن، میسلی خۆر تڵووعی کرد | لە پاڵی پەرچەمی لادا لە سوبحی پیشانی |
بەهایی موڵکی یەمەن، لەعلی لێوی جان بەخشی | خەرابی چین و خووتەن، زوڵفی عەنبەر ئەفشانی |
سەرێ نەبوو کە نەبێ پڕ خوماری ساغری ئەو | دڵێ نەبوو کە نەبێ مەستی چاوی فەتتانی |
هەزار ڕۆستەمی داستان، زەبوونی توڕڕەیی ئەو | هەزار بێژەن، ئەسیری چەهی زەنەخدانی |
نەفەس بە ئاخەوە، خوێناوی تیغی نازی برۆی | جگەر بەداخەوە، کوژراوی تیری موژگانی |
کە هات بە نازەوە، فەرمووی خەریکی چیت «نووری»؟ | سەبەب چییە کە لە من مودەتێکە پەنهانی؟ |
بە ئاهـ و ناڵەوە پێم وت: ئەوەندە ئاشفتەم | میسالی پەرچەمی ئێوەم لەبەر پەرێشانی |
دووبارە هاتە قسە، موشفیقانە پێی فەرمووم | مەگەر فراز و نشیبی زەمانە نازانی؟ |
گەهێ لە ئەسفەلی سوفلا ئەبێ بەنی ئادەم | گەهێ لە عالەمی باڵایە، شەخسی ئینسانی |
یەکێ خوماری مەی و بەزمی عیزەت و ئیقبال | یەکێ زەبوونی غەمی زیللەتە و پەرێشانی |
بە خۆشی و غەمی ئەم ئاسیابە تەفرە مەخۆ | کە هەروەها بووە ئەوزاع و چەرخ و دەورانی |
قەڵەم بەدەستەوە بگرە، بنووسە مەدحی کەسێ | کە فەوقی گونبەدی کێوانە، سەتحی ئەیوانی |
خەجستەفەڕ، متەسەڕڕیف، جەنابی «ئەحمەد بەگ» | کە کەحلی دیدەیی عیرفانە، گەردی دامانی |
لە فەیزی هیمەتی ئەو زاتە، هێندە مونتەزەمە | میسالی لۆندەرەیە مەرکەزی سلێمانی |
هەزار «کیسرا» و «جەم»، مەستی بەزمی مەعدەلەتی | هەزار «مەعەن» و «حەتەم» ڕیزەخواری سەرخوانی |
ئەگەر مەساعیی میعماری ئەو نەدەبوو | وڵاتی ئێمە هەموو، ڕووی ئەکردە وێرانی |
زەمین هەتاکوو بمێنێ قەرار و ئارامی | فەلەک هەتاکو بمێنێ گەڕان و سووڕانی |
لە جەمعی مەیمەنەتا بێ، بەبێ خسووف و کسووف | مەهی تەجەللی و خورشیدە، شەوکەت و شانی |
بۆ زاری کرمانجی
[edit]سەبا؟ ئەم دیارییەم بۆ خاکپای «زاری کرمانجە» | لە «نووری» نا، لە مۆری توحفە، بۆ خزمەت سلێمانە |
«ڕواندز» بەختیارە، قابیلە فەخری وڵاتێ بێ | کە چونکە مەرکەزی نەشری فیوزی عیلم و عیرفانە |
جەریدەی «زاری کرمانجی» ڕەفیقی «ژیان»ە بۆ میللەت | کەسێ زاری نەبێ، بێ زارە، ئیشی زار و گریانە |
لە دەستی خوێندەوارانا، ئەگەرچی ئەمڕۆ بێ قەدری | سبەینێ هەر ستوونێکت وەسییەت خوانی عومرانە |
بە ئەنگوستی تەجەسوس، ڕووپەڕەی زەرد هەڵگەڕاوی تۆ | ئەپشکنرێ کە چونکە مەرکەزی ئەسراری کوردانە |
وەکوو میرئاتی زەی ئیدراکی، بۆ مازی و ئیستیقبال | مەعانیی جوملەکانت کەنزی لایوفنای عیرفانە |
ئەمینداری خەفایای حەیاتی حازرەی ئەمڕۆی | سبەینێ یەک بەیەک ئەیدەیتەوە بەو نەوجوانانە |
بەهێز و قووەتی خۆت بانگ ئەدەی بۆ نوێژی سبحەینێ | چریکەی تۆیە وا گوێم لێیە دێ، لەو شاخ و داخانە |
ئەڵێ ئیتر شەوی غەفڵەت نەما، ڕۆژی سەعادەت هات | کە عومرێکە هەموو ئانێکی، دەرسی زلل و خوسرانە |
1926/10/25
بۆ عەلی کەمال
[edit]نامەکەت گەیییە دەست فەخری هەموو ئەهلی وڵات | بوو بە شانامەیی هەر مەجلیس و بەزم و حەفلات |
وا ئەبێ هیمەتی مەردانە و شێوەی حەتەمی | دەک ئیلاهی نەڕزێ قەت لە گڵا دەستی سەخات |
ڕێک بەقەد سەرتە، کڵاوی کەرەم و ئەفسەری جوود | خشت بەقەد قامەت و باڵاتە، کەوایی حەسەنات |
بەحری بەخشایشی ئێوە نییە ڕۆژێ کە نەکا | کەرەمی حاتەمی تایی، بە سورابی وەهەمات |
ڕوتبە و مەنسەبە، خوا لایقی شانی دیوی | بە فەقیران حەسەنات و بە غەریبان خەدەمات |
ئەمە بۆ تۆ بەسە، بۆ بەرزی خولقت بە دەوام | وردی ڕۆژ و شەوی ئەم عالەمەیە وەسف و سەنات |
ڕەبی مەحروومی نەکا خوا بەدەوامی ژینت | کۆمەڵی بێ دەسەڵاتانی وڵاتت لە بەرات |
1943/01/21
گلەیی
[edit]دێتە بیرت ئەو دەمەی تۆ ڕووت لە ڕووی پەیمانە بوو | من دڵ و خوێنی دڵم بۆ تۆ مەی و مەیخانە بوو |
دێتە بیرت هەر بە تەنیا تۆ لە پەردەی سینەما | سینەما بووی و لەوێدا غەیری تۆ سیما نەبوو |
دێتە بیرت کارەبای ڕووی حوسنی خولقی تۆ لە کوێ | شوعلە ئەفزا بوایە «نووری» زوو لەوێ پەروانە بوو |
دێتە بیرت کۆمەڵی جاران و شەوگارانی زوو | گفتوگۆی مەجلیس، هەموو هەر ڕاستی، مەستانە بوو |
دڵ لە باغی سینەدا بۆ تۆ لە ڕیشەی جەرگ و دڵ | ڕۆژ و شەو هەوڵی چنین و بەستنی هێلانە بوو |
شارەزای ڕێ بوو، ئەکەوتە بەردەمت دڵ دێ بە دێ | شاری بێ میهر و وەفایی، ئەو حەلە وێرانە بوو |
چی بەسەرهات ئەو زەمانەی ڕاستی و عەهد و وەفا | لای ڕەفیق و ئاشنایان، شێوەیی پیاوانە بوو |
چۆن موبەدەل بوو بە سەفرای تاڵی ئێش و دەردی دڵ | ئەو شەرابەی شەمعی جەمعی ئاشنا و بێگانە بوو |
تێگەیشتم بۆ نەماوە، شێوەیی میهر و وەفا | تاکوو ڕۆژی یەک دڵیی ئاوا نەبوو، ئاوا نەبوو |
بۆ شتێ چاکە «معاذ الله» بکەومە سەر زبان | ئەو خەیاڵاتەی کە من ئەمکرد، هەموو ئەفسانە بوو |
زووم ئەزانی من کە قەت ناکەومەوە بیری یەکێ | واسیتەی بیرکەوتنەوەم بۆ نەقڵی ئەم بارزانە بوو |
ئەو شەوەت بیرە لە بەزمی وەسڵی یارا دوو بە دوو | تا بەیانی، هەر بەیانی ڕازی دڵدارانە بوو |
ئێستە تۆ بوویتە وەزیر و من مدیرێکی فەقیر | شەرتی ئینساف و مروەت، وا بزانم وا نەبوو |
1951/08/20
زێبار
بۆ دۆستێکی قەدیمی
[edit]بەرم بۆ کێ سکاڵای دڵ لە دەس تۆ | مەگەر هەر بیبەمە لای دلبەری خۆم |
بڵێم ئیتر بەسی بێ، بێ وەفایی | بڵێ جارێ لە کوێیە کەمتەری خۆم |
فەلەک خستوومییە چاڵێکی واوە | کە دەس ناداتە دەستم ڕەهبەری خۆم |
ئەڵێی دایم لە دووم هەڵهاتووە ڕۆژ | لە پێ کەوتم، نەگەیمە سێبەری خۆم |
لەبەر تانەی ئەم و ئەو نادیارم | وەکوو ئەخگەر لەبەر خاکستەری خۆم |
نیازی من لە ئێوە یەک نیگاهە | کە بەڵکو زوو بکەم، چارەسەری خۆم |
لزووم ناکا بە شەرح و بەستی ئەحواڵ | کە ڕەمزێ کافییە بۆ داوەری خۆم |
ئەگەر لوتفت لە حەق من هەروەها بێ | ئەبێ لەم شارە من دەرکەم سەری خۆم |
1941/12/10
دیاری ژیان
[edit]ئەمشەو بە یادی تۆوە نەنووستم هەتا بەیان | لێم هاتە گفتوگۆ، قەڵەمی تیژی دوو زبان |
مەستانە دەستی کردە هەرا و گریە و فیغان | فرمێسکی وەک ڕەهێڵەی باران بە نەوبەهار |
ئەڕژایە خوارێ، چاو یەک و فرمێسک بڵێ هەزار | هاوار و شیوەنی گەیییە، عەرشی کردگار |
دەستم گەیاندە ناو قەدی، هێنامە پێشەوە | پێم وت بە نەرمی و بەدڵێکی بە ئێشەوە |
ئەم ناڵە ناڵ و ئاهـ و ئەنینەت لەبەر چییە؟ | ئەم پرمە پرمی زاری و شینەت لەبەر چییە؟ |
فەرمووی لە داخی تۆیە هەموو ناڵە ناڵی من | ئەم ماتییە کە ئەم دەمە کردووتە ئیختیار |
خستییە پەناوە، عەقڵ و شعوور و کەمالی من | ئەتلێمەوە بەداخەوە، بێ هۆش و بێ قەرار |
پێم وت، کە ئەی ڕەفیقی تەفەکور، ئەنیسی ڕۆح | هەمڕازی ڕۆژ و مونسی شەو، مەحرەمی خەیاڵ |
گەر تۆ نەبی، بە کێ ئەگەیی داستانی نووح | چۆن بەرز ئەبوو، شیعاری ئەدەب، فەلسەفە و کەمال |
کێ گوێی لە ناڵەی دڵی زار و زەبوون ئەبوو؟ | چۆن ڕۆڵەیی شیعر، ئەچووە باوەشی ژیان؟ |
کێ گوێی لە کردەوەی فەلەکی واژەگوون ئەبوو؟ | گەر تۆ نەبی و نەنووسی لە چەپگەردیی زەمان |
مەگری و بنووسە دەرد و سکاڵای دڵی حەزین | بیدە بەبای شەماڵ، بە پەلە، دەم بەپێکەنین |
بیبا و بچێتە باوەشی دایکی ژیانەوە | لای لایە چاک ئەزانێ، بەسۆزی بەیانەوە |
ژیرت ئەکاتەوە، خەوی خێرت لە چاو ئەخا | ئەخنێتەوە بەیانی، وەکوو گوڵ بە نەوبەهار |
دەم پڕ لە شیعری جوانی، وەکوو دوڕی ئابدار | ئەمجا شەرم مەکە و بڵێ، ئەی پیری نەوجەوان |
«شێخ نووری» ڕۆحی لاتە، مەڵێ وا لە غوربەتا | فریای عەزابی کەوتووە یادت، لە میحنەتا |
هەرچەند فەلەک نەشیدی بە زۆر پێ بڕیمەوە | عەرزت ئەکا بە تورکی، بە یادی قەدیمەوە |
«إربیلدە بن سنی دوشنور یاد إیدرایکن | قارشمدە بر شعاری شعر هیکلی ادب |
دورمقدە درس شعر ویرر حسیاتمە | بر انجذابی حس ایلە پر ذوق و افتخار |
دیکلر سکوت ایلە، بنی غرقی تفکرات | ایلر، ویرر سری ابدیت حیاتمە» |
بۆ متەسەڕیفی کەرکووک
[edit]ن. ناوی جەرگم هێند برینی پێوەیە وا سیل ئەکا | و. وا خەریکە خەم شعوور و عەقڵەکەم تەبدیل ئەکا |
ر. ڕۆح لە دەرچوونایە بۆ وەسڵی زولەیخای لوتفەکەت | ی. یووسفی ئاوارەکەت وا مەیلی عیزرائیل ئەکا |
ب. بەرد ئەبارێنی بەسەرما یەک لەسەر یەک چەرخی دوون | و. وەک سیاپۆشان، وجوودم ماتەمێ تەمسیل ئەکا |
خ. خەم وەها خوێنی دڵی هێناوەتە سەر دیدەکەم | ز. زیللەت و ئاهـ و فیغانم، شیوەنێ تەشکیل ئەکا |
م. مردنم لا چاترە لەم ژینە، گەردوونی دەنی | ت. تووڕەیە دایم لە جەمعی عوشرەتم تەنزیل ئەکا |
ج. جەوری ئەم غەددارە ڕەببی ڕوونەکاتە دوشمنم | ن. نەختە ئاوێکی لە ڕێدا، لێ بە بەحری نیل ئەکا |
إ ئانێ بێشەی شێر ئەکاتە لانەی ڕێوی غەریب | ب. بەینێ ئەیبینی کە سەرگەڕ گەڕ بە لاشەی فیل ئەکا |
ت. تا بەکەی تاڵاوی، ئەم زەهرەت بچێژم ڕۆژ و شەو | ا. ئێش و ئازارت، هەتاکەی کەیف و خۆشیم دیل ئەکا |
ڕ. ڕوو لە کوێ کەم گێژەڵووکە و گەردەلوولی نەگبەتی | ز. زیندەگی و خۆشیم بە سەد مەرگ و خەفەت تەبدیل ئەکا |
و. وس بە ئیتر بەسیە، هاوار و بەیانی دەردی دڵ | ی. یاری خۆت مەعنای سکاڵاکەت بە حەق تەئویل ئەکا |
ت. تێدەفکرم، دێتە گوێم دەنگێ بە ئەسپایی ئەڵێت: | ح. حامییەکی خۆت هەیە ئەو حاڵی تۆ تەعدیل ئەکا |
و. واز لەم و لەو بێنە، هەر بۆ ئەو بەرە شەکوای دڵت | ی. یاری پێشووی خۆتە، لوتفی خۆی بەتۆ تەشمیل ئەکا |
ل. لەم قسانە لادە، نۆبەی ئیحتراماتە و سەلام | ا. ئاشنایان با نەڵێن هەر بۆ حەجی خۆی تیل ئەکا |
ک. کاکی خۆمە زۆر سەلامی لێ دەکەم، سەدیقمە | ا. ئەو موئەشیرمە ئەزانم ئیشی من تەعجیل ئەکا |
ئەوەلی حەرفی هەموو میسرەع ئەگەر کۆ ببنەوە | میسرەعێکە قەسد و ناوی شاعیرێ تەسجیل ئەکا |
خۆت ئەزانی موخلیسە، بۆیە بەبێ پەروا ئەڵێت: | ........................ |
1948/08/07
تەق تەق