دیوانی حەمدی/ت
Appearance
1
[edit]موبارەک بێ عەزیزم چوونە باغت | وەکوو غونچە بپشکوێ با دەماغت |
لە دووری تۆ منیش با هەر وەکوو گوڵ | بەرۆکم دادڕم تا سەر لە داغت |
2
[edit]ئەو سەرو قەددە سەرکەش و من خاکسار و پەست | چبکەم خودا کە دامەنی جارێ بگرمە دەست |
پڕ ئەشکی گریەیە قەدەحی مەی لە حەسرەتا | لەو وەختەوە کە دیدەتی دیوە خومار و مەست |
تیروکەوانی دەستی قەزایە موژە و برۆت | چاو هەڵبڕە بزانە لە دەستی کەسێ خەلەست |
ناسیح لە باسی عەشقەوە تەعنە لە من مەدە | ئەم تەوقە ڕۆحە گرتییە مل ڕۆژەکەی ئەلەست |
سەربەستە بۆ ڕژانی خوێن و شکانی دڵ | نەکراوە دلبەری بە ئەمەندە شکست و بەست |
ئەی دیدە ئینتیزاری سرشکم دە هیممەتێ | ئەمڕۆ فیراقە خاڵییە سەر بۆ قوڕێکی خەست |
حەمدی دڵێکی چەندە خودا گرتووت هەیە | بێ عار و بێ تەئەمموول و پڕ عەشق و تێنەویست |
3
[edit]تا کەی ئەدەی بە خەڵقی لە عەقڵ و زەکا زەکات | کوردە دەکا لە حیسسی حەیاتا حەیا حەیات |
ئیسڵاحی نەفسی خۆت بکە ڕازی ببە بە حەق | ئیزهاری عیجزە بەسیە ڕەواجی شکا شکات |
تا کەی لە نەفعی خۆت و زیانی خەڵقی دەدوێی | حەیفە کە ئابڕووی لە جیهانا تکا تکات |
گەر ساحیبی حقووقی بە سەربەست بڵێ بدە | نابینی بۆچ لە مەحفەلی عاما ڕیا ڕیات |
تەعریفی ئەم زەمینە چ شیرینە موتلەقەن | تامی دەچێ لە میسرەوە ناوی نەبا نەبات |
باب و برایە دوژمن ئەگەر کاسە پڕ نەبێ | دوژمن دەباتە ڕیزەیی باب و برا بەرات |
خەڵقی سەرا دەکا کە سەروپێیەکی نییە | شێتانە تۆ دەخەی کە بە تەوقی سەرا سەرات |
جەولانگەهی عیبادە وەتەن گەر بە غیرەتی | فەرموو بکە لە ساحەیی خەڵقی ترا تەرات |
بەنزینی عیلم و ئاگری هیممەت ببێ ئەدا | شەوقێکی بەرقیانە بە چۆن و چرا چرات |
حەمدی بەیانی حەق مەکە لەم عەسرەدا نەوەک | بۆ کوشتنت بکێشێ بە پشتی ملا مەلات |
4
[edit]ئەی خاکی وەتەن بێ فەرەح و زەوق و سەفا خۆت | پڕ حادیسە مەحکوومی هەموو حوکمی قەزا خۆت |
بازیچەیی سەرپەنجەیی ئەربابی ڕیا خۆت | بێ ئۆردوو بەبێ زەمزەمەیی شاهـ و سەرا خۆت |
سەد ئاهـ کە بوویتە هەدەفی دەرد و بەڵا خۆت | |
ئەم کوردە ئەبێ دائیمی هەر قوڕ بەسەرا کەن | هەر جارە لە گونیە ئەبێ بەرگی بەبەرا کەن |
وەک تەعزییە ئەلواحی ڕەش و شین بەدەرا کەن | پێویستی چییە دوژمنی خۆیان بە برا کەن |
عالەم کە بڵێن ساحبی ئەولاد و برا خۆت | |
گەر وا بێ تەمەددون من و وەزعییەتی وەحشەت | سەد خۆزگە بە زوڵمەت ئەمە بێ حاڵی عەداڵەت |
دەوڵەت ئەمە بێ ڕەحمەتی سەدبارە لە نەگبەت | دەرمانی نییە عاجزە لەم عیللەتە حیکمەت |
چ بکەم، چ بڵێم ئێستەکە مەحکوومی فەنا خۆت | |
بێ دەرپێ ئەبینم بوونە ساحێبی دەرپێ | بێ جێ هەموو دیارن بوونە ساحێبی ڕێ و جێ |
ئاساری نەما شوێنی کورد بوونەتە ژێر پێ | فەوتاوە نەزم ون بووە من کێم و ئەتۆ کێ |
بێ عالیم و بێ سانیع و بێ ئەهلی وەفا خۆت | |
وەسفت کە نەگونجاوەتە ئەفکاری چ شاعیر | نەوعی نییە، ئەرزت نییە شوبهەت بە مەنازیر |
وەک گەوهەرە بەرد و گڵەکەت عەینی جەواهیر | بێ میسلە موحەققەق چ لە باتین چ لە زاهیر |
بەم خەزنەیەوە مونتەزیری لوتفی گەدا خۆت | |
کوا تاقمەکە و وەلوەلەیی دەوری کەریم خان | کوا دوازدە سوارەیی بەبە مەشهوری مەریوان |
کوا فیرقەیی بتلیسی هەواخواهی بەدرخان | کوا میللەتەکەی موتتەفیقی دەورەی تورکان |
بێ پیاو و بەبێ کۆمەڵ و جێما و جیا خۆت | |
هاوسێ هەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەکوو لاک | چنگیان لە جگەرگاهی هەموو داوە بەبێ باک |
بێ خوێنە گوڵی زەرد و زەعیفە وەکوو خاشاک | حەمدی دە بپێوە قوڕ و سنگت بکە چاک چاک |
بێ قەوم و وەتەن پڕ ئەسەف و دەرد و جەفا خۆت |
5
[edit]شەمس دەشکێ دەڵێ بکرێ قەمەر تەشبیهی ڕوخسارت | شەکر دەتوێتەوە ببیێ ئەگەر شیرینی گوفتارت |
سەری شێواوە سەرو و تەوقی زاڵم چۆتە مل قومری | لە ڕۆژێکی کە دیویانە بە ناز و لەنجە ڕەفتارت |
خوماری نەشئەیی مەی هەر بە تەنها ساغیری دەشکێ | خوماری ناشکێ مەستی پیاڵەی چاوی خومارت |
بەجارێ ئێشی نەخچیری وەها ئەبڕێتەوە غەمزە | لە دەرمان و حەکیم ئازادەیە مەجمووعی بیمارت |
گلەی ناحەق دەکەی ئەی دڵ کە نەمپرسیوە ئەحواڵت | لەبەر ئازاری خۆم نەکرا بگەم ئەمشەو بە هاوارت |
لەگەڵ بانگی حەقا وەک کۆتری حاقو دەناڵێنم | بنازم گوڵستانی عەشق لەگەڵ مەنسووری سەردارت |
نیگاهت بۆ بینای عومری منی بێ چارە بۆمبایە | فیدات بم ئەی تەیارەی دیدە بۆ تەئسیری کردارت |
لە ئەلفاز و مەعانی بۆ ملت گەردنلغی گەوهەر | دەکەم فکرم نەئاڵۆزێ بە باسی زلفی تاتارت |
بە پەنجەی شانەیی فیرقەت خەیاڵت حەمدی داهێنە | میسالی دەستەیی گێسوویی یارە بەستەی ئەشعارت |
6
[edit]نەوەک جارێ هەزار جارێ دەکەم ئەم جەژنە پیرۆزت | ئیلاهی کوللی شامێکت ببێتە سوبحی نەورۆزت |
کە دێتە پێکەنین لێوی برینم بۆ دەمی تیغت | لە چاوی بەد بە دوور بێ نایەڵێ موژگانی دڵدۆزت |
وەهامزانی کە چەشمەی ئاوی حەیوانە کە دەمتم دی | لە پەردەی زوڵمەتی زلفا بە شەوقی کوڵمی ئەفرۆزت |
سکم سووتا بە خۆم عومری جوانیم هاتەوە خاتر | کە هەڵگیرسا چراغی دڵ بە نووری عەشقی پڕ سۆزت |
لە نیسبەت مەوقیعایە دایما خاسییەتی ئەشیا | موفەڕکە دامەنی دلبەر وەکوو بەردی شەخس تۆزت |
لە خەڵق و خوا نەترسای هەرچی مەیلت بوو ڕەقیب کردت | بەسە شەرمت ببێ ئەمجا لە زلف و ڕیشی ڕەش بۆزت |
سیەهـ بەختن ئەوانەی ڕۆژیان کەوتۆتە دەس زاڵم | هەواخواهی زلف حەمدی نەبی بۆ چی ڕەشە ڕۆژت |
7
[edit]بەبێ دەستی دەبن ئەهلی موحیببەت سەیری تا سەر دەست | کە کەس نەیبردووە هێشتا لە دنیادا هەتا سەردەست |
تەماسی ئەهلی حس ڕەونەق فزایی ساحیبی قەدرە | گوهەرزانی کە بێ قەدرە لە بەحرا هاتە دەر بەردەست |
هەوا ئاڵۆزە ڕۆژە خاکسارە هیممەتێ ئەی بەخت | کە گەردی بەخت ئەگەر هەڵسێ دەکا داوێنی خۆر دەردەست |
تەماشای گەردنی جانان مەکە دیدە لە گریانا | لە لەمپایێ کە داگیرسابێ نادا مەردومی تردەست |
غەرەز گەر کوشتنی عوششاقە جانا غەمزەیە بەسیە | چ موحتاجە کە مەستانە بدا چاوت لە خەنجەر دەست |
چەمەن ئارا بوو گوڵ کاری هەتا تەنها بە بولبول بوو | لە بازاڕا فرۆشرا گوێی کە وەک یار نایە دەست بەردەست |
دوڕی تاجی شەهنشاهان بە گەردێ قیمەتی ناکەن | خودا لوتفی ببێ حەمدی لە داوێنت بدا گەر دەست |
8
[edit]زەمینت نایە کەشکۆڵ ئاسمانت گرتە سەر کۆڵت | بنازم هیممەتی مەجنوون بە خۆت و کۆڵ و کەشکۆڵت |
لە هەر لایێ کە چۆلی بوو بە سایەی تۆوە مەعموورە | فیدات بم بۆ بە سایەکردنی مەعموورەیی چۆلت |
بە منداڵی بە ڕاستە و چەپەدا کردووتە مەشقی عەشق | نەپرسی تا لە وەسڵا کامە ساغە و کامەیە سوڵت |
نموونەی کفنی خوێناوی شەهیدی عەشقە ئەی فەرهاد | لە کۆسارا کە وەک لالە گوڵی عیبرەت دەکا خوڵت |
بەجێ ماوە لە ئەرزی ئولفەتا ئاساری ڕەنگینت | کە بەردی قەیسەری شیرین دەری خست زەحمەتی قوڵت |
بەسەر ئەهلی دڵا تێشەی موحیببەت دابەشی کردی | خەمیرەی قەلبی عوششاقە پڕیشکی خوێن و پڕ زۆڵت |
خەیاڵی تێشەبازی و چۆل گەردی قەت نەکەی حەمدی | بە گەردی قەیس و فەرهادا کە ناگا دەست و پێی کۆڵت |
9
[edit]هەموو فیتنەی زەمانە کەوتە گۆشەی چاوی فەتتانت | بەڵێ ئاشفتەیە عالەم لەبەر زلفی پەرێشانت |
حەواڵەی هیممەتی ساقی مەکە ڕەحمت ببێ توخوا | کە لێوانە لە نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانت |
شەوی بێ تۆ بە قەد ساڵێکە، ساڵێکە شەوە بێ تۆ | وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب بێتە دەر بێ ببمە قوربانت |
عەزاب و ڕەحمەت و دەردی سەری من ئارەزووی تۆیە | لەلام وایە بە ڕەسمی دلبەری فەرزە لەسەر شانت |
بە عەیبی دامەنێ ناڵە و فیغانی حەمدی تێفکرە | کە چەندە تیژ و خوێنڕێژە سەوادی نووکی موژگانت |
10
[edit]لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت | مەسیحی بێ ئەگەر ئەهلی موحیببەت دێتە سەر دینت |
بە یادی خاڵی تۆیە سەجدە بەر مۆرە دەبەن شیعە | لە مل زوننار دەکەن چینی لە خۆشی زلفی چین چینت |
چ ئیمکانە قەمەر هەڵبێ موقابیل شەمسی ڕوخسارت | بە پەروانە نەبێ پەروین لە شەوقی چاوی پەروینت |
بە جارێ تۆوی میشک و عەنبەری هەر کرد بە کۆی زوخاڵ | کە بۆی هێنا سەبا ناو و نیشانەی خاڵی میشکینت |
لە شاخا دەنگی فەرهادم لە گوێ دێ هەر دەڵێ عاشق | بە گژ کێوا بچۆ نامەرد هەتە گەر عەشقی شیرینت |
پڵ و پووشێکی وەک من کەوتە بەر ئەو شەمعی ڕوخسارە | حەقی سووتانە نابێتە دەلیلی لوتف یا کینت |
ئەوی لەیلا پەرستە نەی سوارە هەر وەکوو مەجنوون | کە وەستا مەرکەبت دنیا پەرست بیکە لە خۆت زینت |
وەکوو ئیکسیری ئەحمەر خالیسە خوێنی دڵی حەمدی | ڕەوایە ئێستە بیکەیتە نیگاری دەستی ڕەنگینت |
11
[edit]لە لوتفی دەمدەمی ساقی سەخایی حاتەمم دەس کەوت | فسانەی نەشئەیی سەهبا لە دەم جامی جەمم دەس کەوت |
بە شوێنی عالەما دەوری خەراباتی جیهانم کرد | لە ناو خاکا وەکوو خەم پارە ئێسکی عالەمم دەس کەوت |
لە باسی خەپلەیی جۆی زاهیدم چی من کە ئینسانم | قسەی ڕوخساری گەندمگون لە بەحسی ئادەمم دەس کەوت |
قسەی ئەفواهییە باسی دەمی ئەو شۆخە بێ ئەسڵە | لە دەریایی حوسندا فەرموو کەی شوێنی دەمم دەس کەوت |
مەکەن یاران لەگەڵ مەستی غرووری نازیدا ئولفەت | سەلامەت من لە چاوی حەزرەتی لەیلاکەمم دەس کەوت |
جوانی و پیری مابەینی بەقەد چاو هەڵبڕینێکە | بە شادیم دیدە هەڵهێنا بە دنیا ماتەمم دەس کەوت |
وەکوو ئەهلی زەمان لێم بۆتە شاهێد خۆ زمانی خۆم | لە دنیادا بە تەنها هەر دڵم بوو مەحرەمم دەس کەوت |
گەڕام بۆ ساڵی تەئریخی ویلادەتم و غەریبم دی | بە هیجری حەمدی دەنکێ بوو لە ناو«باری غمم» دەس کەوت |
12
[edit]زمانم شەق دەبا یەکدەم ئەگەر بێت و نەبا ناوت | بە کوێری دادەنیشم گەر لەبەر چاوم نەبێ چاوت |
لەبەر تەشریفی ڕێگەی تۆ نەبێ بۆچیمە نووری چاو | سەرم لازم نییە لازم نەکا بینێمە پێناوت |
لە داوی زلفتا وەک دانەیێکی جازیبە خاڵت | کە دڵ وا ڕادەکێشێ تا دەگاتە حەڵقەیی داوت |
وەکوو مەجمەر سەری کوڵمت بە ئاهم هەڵدەگیرسێنم | بسووتێ با وەکوو عەنبەر سەراسەر پەرچەمی خاوت |
تەبیبی دەردی هیجرانی منیش بیمار و مەهجوورم | کە هاتی دێتە دەر ڕۆحم لەباتی ئەجری هەنگاوت |
کە بۆ نەخچیری دڵ چاوت غەزالانە دەگێڕی تۆ | لە پارێزام منیش جانا وەکوو سەییادێ بۆ ڕاوت |
وەکوو خەڵقی دەڵێن بێ قەولە ئەمما هەر لە ئیڵتافا | لە جەورا حەمدی تەنها شاهیدە بۆ عەهدی نەشکاوت |
13
[edit]لە گوڵشەن لالەیێکی دی دڵم داغی دڵی پشکووت | وتی ئەم لالە شیرینە بە فەرهادم ئەکا زوو جووت |
لەسەر هێلکەی قەمەر سیمورغی گەردوون کڕ کەوێ بەڵکە | هەڵێنێ بێچووە ڕۆژێکی مونەووەرتر لە ڕۆژی ڕووت |
لە ئۆردووی سەلم و تووری وەک خەت و خاڵت چ پەروامە | کە ئەبرۆت پشتیوانم بێ کە دەس پێچم ببێ وەک مووت |
کە هەر ڕەحمی بزووت بمخاتە باوەش دایەیی خاکم | لەگەڵ تەختی سولەیمانی ئیتر فەرقی چییە تابووت |
هەتاکەی ئەم چڵ و چۆیە و گلاراوەت دەبێ ئەی دڵ | خودا هەر خۆی دەزانێ چەندە بێزارم لە خۆت و خووت |
بە دنیاخواز ئەگەر ڕازی نەبووبی بۆ چی ڕووت دایە | ئەگەر ڕازی بووبی دنیا لەگەڵ شووت بەسیە شاتو شووت |
بە شەڕ هاتوون لەسەر ماچی دەمی تیغت هەموو عوزووم | لە قاپی حەمدی وەستاوە لەسەر ئەو وەعدەیەی فەرمووت |
14
[edit]وەکوو ڕۆستەم کە دێوی کرد بە تیغ و زۆری بازوو لەت | بە شمشێری زمان دەیکەم ڕەقیبی لەعنەتی زوو لەت |
نەما ڕێی مونکیرانی موعجیزی شەققولقەمەر ئەلحەق | کە کردی قورسی ماهی ڕوومەتی جانانە ئەبرۆ لەت |
تەقازای موشکافی تێز فەهمانە جەفایی چەرخ | کە تیژی دەستی چەرخە تیغ ئەگەر بیکا سەری موو لەت |
لە زامی دڵ شەمیمی ئاوی تیرت هات کە وامزانی | شکا مینایی ڕۆحی گوڵ کرا یا نافی ئاهوو لەت |
لە بێ تەمکینییە پێوەندی ئولفەت عاقڵی لەت کا | لەگەڵ دێوانەیی ناکا کە دڵ یەک تاری گێسوو لەت |
دڵی گەورە و بچووکی عاشقانت بۆ چی دەشکێنی | بینای ئولفەت دەڕووخێنی کە بیکەی دار و پەردوو لەت |
وەرن بیبەینە سەر عومرێ بە باسی زلفی ئەو شۆخە | ئەگەر چی ناکرێ باسی بە عومری نووحەوە دوو لەت |
عەبەس حەمدی لە تەوقی زاڵمی سەروی دەناڵێنێ | بە مەحزوونی کە ناکا تەوقی مل قومری بە کووکوو لەت |
15
[edit]کە ڕۆیشتی بە جارێ من دڵ و جەرگ و هەناوم کەوت | کە چوویتە تانە تانەی سەر گلێنەی هەر دوو چاوم کەوت |
ئەڵێن هاتوویتە کوێت قوربان بڵێ قوربانی کوێتی کەم | کە نۆبەت بەر سەری نەحسی شکاوی بێ کڵاوم کەوت |
16
[edit]تا نەهاتی هەر نەهاتم بوو کە هاتی کەوتمە هات | جا بڵێم حەقمە بە ڕێگەی ئێوە ڕێی هات و نەهات |
ڕۆژی ئێمە هەر لە ڕێگەی ئێوەدا ئاوا دەبێ | هەر لە ڕێگەی ئێوەدا ئاوا دەبێ ڕۆژێ هەڵات |
17
[edit]گرپەیی بەنزینی عەشقە خول ئەدا چەرخی حەیات | ئەم مەکینە ماگنستی ناوێ قووەی پێ بدات |
من ئەوا نەفییم وەکوو ڕۆژ زاهیرە ئیسپاتی تۆ | وەسڵی تۆم ناوێ بە شۆرتی نەک بسووتێ کائینات |
18
[edit]گەر لە خیلقەتدا دەبووم حاڵی لە ئەحواڵی حەیات | یا بە خەو دەمدی سوئالی قەبر و بازاڕی مەمات |
بمبوایێ ئەو دەمە وەک ئێستە جوزئی ئیختیار | ڕوو ڕەشم مەیلم بکردایێ ئەگەر بۆ کائینات |
19
[edit]بۆ گەدایانیان بەجێ هێشت پادشاهان تاج و تەخت | ئاسمان بۆ پارە وەک سەحرا دەکەن یەکبارە تەخت |
من لە بەختم شەکوە ناکەم ئەو لە من شەکوە نەکا | ئەو دووچاری من بووە بێ چارەیە بەد بەختە بەخت |
بەم شەرارەی کوورەیەی من ئەلبەتە دەتوایەوە | بەرد بوایە گەر دڵی ئەو شۆخە یا پۆڵایی سەخت |
مەمدەنە دەستی ڕەقیب و بمکوژن ئێوە و خودا | لەت لەتم کەن بمخەنە بەر ئەو سەگانە نەخت نەخت |
سەد چرۆی کرد هەر یەکی بوو میوەیێ داری ئەمەل | بۆیە بێبەر مایەوە یەک میوەیە حەققی درەخت |
موژدە بێ بۆی ڕۆژی خۆت حەمدی گەڕا بۆی دێتەوە | دلبەرت بۆ کوشتنت تەشریفی هێناوە بە جەخت |
20
[edit]هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات | با حەیای مەجمەر نەچێت و ئابڕووی عەنبەر نەبات |
خەنجەری ئەبرۆ دەبوو نەدرایەتە دەست چاوی مەست | کەوتە خوێن ڕشتن خودا ڕەحمێ بکات و سەر نەبات |
لەم خەراباتە چ مەردێ غەیری ڕەندی بادەکەش | بوو لە مەیدانا کە سڕڕی دەر ببا سەر دەر نەبات |
دامەنی هەڵکردووە بەو بەر دەرە ڕازی نییە | ئەم ڕەقیبە زۆر نەفامە هەڵمەتی پشدەر نەبات |
بگرە زوو خوێنی ڕەگی سەودایی عاشق ئەی موژە | با بەشێتی سڕڕی ئولفەت بەردەمی نەشتەر نەبات |
بەرگی تاقەی شینی سورمەی کردە بەر ڕەنگە فەلەک | ڕوو بپۆشێ حورمەتی خۆیی و مەهـ و ئەختەر نەبات |
حوکمداری کیشوەری سەبرە گەدایی کۆیی یار | پێی بڵێن حەسرەت بە جاهی شاهی حەفت کیشوەر نەبات |
عاشقی هیممەت بڵندە وەختی کوشتن ئەو کەسە | دامەنی جەللادی نەگرێ و دەستی بەر خەنجەر نەبات |
21
[edit]سەیری من کەن ئارەزووتانە ئەگەر سەیرانی دۆست | عاشقی ڕەوشەن زەمیرە ئاوێنەی ڕەخشانی دۆست |
دوژمنت نامەردە داواکاری سەرتە ئەی نەفس | تا بە دەستی ئەو نەچوویی خۆت بکە قوربانی دۆست |
بێ هەناسەی سەردی بولبول غونچە کەی پشکووتووە | وەک نەسیمی سوبحە ئاهم بۆ دەمی خەندانی دۆست |
من بەسەر گەردی لە مەیدانی فیراقا کەوتووم | بەختی کێ بوو گەردێ هەڵسا گەیوەتە دامانی دۆست |
خوسرەوی ئیقلیمی حوسنە یار بە تەنسیبی ئەزەل | خەتتە شەرح و خاڵە توڕڕە و ڕوومەتە فەرمانی دۆست |
پێکەنینم دێ بە خەڵقی بۆ لە دوژمن خەوف دەکەن | گەر هەیانە باوەڕی کامیل لەسەر پەیمانی دۆست |
وەک شەیاتینێ کە ڕۆژ دەگرن بە چەپڵە بەر دەدەن | وایە تەمسیلی لەکن من گرتن و بەردانی دۆست |
دۆستی ئیقبالت لە ئیدبارا بە ئەکسەر دوژمنە | عیززەت و زیللەت وەکوو یەک وایە بۆ مەردانی دۆست |
ئەم کەلامەت وەک شامامە حەمدی نەخشاند و ئەسەف | کەس نییە وەک توحفەیێ بیباتە بەر دیوانی دۆست |
22
[edit]قەلبی ڕەشە بە زاهیر ئەگەرچی سپیشە پۆست | تەفرە مەخۆ بە دوژمنی سەر زاری دۆست |
بەدگۆ قەباحەتی نییە ڕاستت گەر دەوێ | دشمن چه کند چو مهربان باشد دوست |
23
[edit]بە قەسسابی وت مەڕ منت کەندووە پۆست | مەحاڵە ئیتر کەس بە تۆ بێتە دۆست |
سەرەو ژێری دەستی دەکا باوەشێن | تواضع ز گردن فرازان نیکوست |
24
[edit]شەبیهی زلف و خاڵ و ڕوومەتە سەفحەی مجەوهەر خەت | نەزیری سەروی قامەتییە بە ڕەعنایی موشەججەر خەت |
لە ئەووەڵ دەرسما شکلی برۆ و باڵایی یارم دی | لە مەشقی عەشقییا نووسیم وەک ئەلف و بێ بە عەنبەر خەت |
مەحاڵە ئەو دڵەی داخل بە حەڵقەی زلفی بوو بەربێ | بە سیحرێکی وەها دەیدا لە دەورەی میسلی چەنبەر خەت |
شەوی فیرقەت دڵم ئاگر کە دەگرێ وەک شەمەندووفەر | ئەوی ئیشی بە کۆیی یارە بێ ئەو وەختە بۆ سەر خەت |
برۆ فەرمووی بڕۆ تۆ عاشقی خۆمی مەترسە قەت | ئەگەر پەرچەم بە دەورەتدا بکێشێ میسلی ئەژدەر خەت |
شکی تێدا نییە زلفی کە شەرحی نووری ڕوومەت کا | دەبێ شەرحی مونەووەر بێ دەبێ بشبێ مونەووەر خەت |
لەبەر نووسینی وەسفی حوسنی ڕوخساری نیگارم بوو | کە سانیع زەحمەتی کێشا هەتا هێنایە دەفتەر خەت |
لەسەر لەوحەی جەمالا دەرسی عەشقە جووتە ئەبرۆتی | کە خەتتاتی ئەزەل نووسی بە میشکین خامەیی سەر خەت |
زمانی خامە مووی لێدێ لە باسی زلفی جانانا | بە دەس حەمدی نییە چ بکەم کە نانووسێ قەڵەم گەر خەت |
25
[edit]تا لەسەر ڕوو دەرنەکەوت ئاساری شەرح و خاڵ و خەت | نەمدەزانی بۆچییە تەرتیبی ئیملا و خەتت و مەت |
خاڵی سەر کوڵمت بەدەم بێنە هەڵی بگرم دەخیل | نەک لە مەعنادا بگۆڕێ مەتنەکەی نوقتەی غەڵەت |
مالیکی بەڕڕەین و بەحرەینم لە سایەی ئەشکەوە | وەک فورات و دیجلە لافاوی سرشکم بوونە شەت |
هێندە موشتاقم بە دیدارت لە عومرێکا دەمێ | بێت و نەتبینم ئیتر وا تێدەگەم نەمدیوی قەت |
کوشتەیی غەمزەی نیگاهە حەمدی کەشفی بۆچییە | جێ دەمی خەنجەر نییە زەخمی جگەرگاهی فەقەت |