Jump to content

دیوانی حاجی قادری کۆیی/ن

From Wikisource

1

[edit]
ئەم سەگانەی کە لەلای ئێمە وەزیر و وکەلان بێنە لای تۆ بە خودا نایکەیە گاوان و شوان
ئەمە کەرمێزە دەڵێن واریسی شەرعی نەبەوین هەموو عەبدی سەنەمن، باسی مەکە گەورەکەیان
هەر ئەدیبێک بووە سا خوا لە دەمی ناوە بڵێ: دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
هەر کەسێکی کەسە، ناکەس نییە، حەرفێکی بەسە وەرە سەر باسی خەت و خاڵی هەتیوی خۆمان
ئەی فیدای خاکی دەرت تاجی کەی و مەسنەدەی جەم وەی بە قوربانی سەر و فێسی کەچت تاجی کەیان
خۆم بە دارا و بە ئەسکەندەر و خوسرەو نادەم گەر بزانم لە بەر ئەم دەرگەیە دەبمە سەگەوان
عاشقانی تۆ هەموو تیری نیگاهێکی بەسە وەرە دەرگانەکەمان زامینی تۆم بمکە نیشان
بە ئومێدی ئەسەری حوسنی ڕەزا دەچنە وڵات شیعرەکانم کە سەراپا وەکوو خۆم بێ سەروپان
نالی و خاکی بەبە، حاجی و کۆیە بە مەسەل عەینیهی حافز و شیرازە کەلیم و هەمەدان

2

[edit]
خاکی جزیر و بۆتان، یەعنی وڵاتی کوردان سەد حەیف و سەد مخابن دەیکەن بە ئەرمەنستان
وا ڕێگەتان دەبەسرێ عێلاتی جاف و بڵباس گەر مردوون لە گەرمێن مەمنووعە بچنە کوێستان
کامی کچ و هەتیوی شیرین بێ ڕایدەکێشن هاوار دەبەن ئەبەر کێ پەشمە دەخیل و ئامان
مەسجید دەبێتە دێرە ناقووسیان موئەززین مەتران دەبێتە قازی، موفتی دەبێتە ڕەهبان
هیچ غیرەتێک نەماوە سەد جار قەسەم بە قورئان پەیدا بێ ئەرمەنستان نامێنێ یەک لە کوردان
سەرتان لە قوڕ هەڵێنن، ئەحواڵمان ببینن چۆنین لە دەستی زوڵمی بێدینی دوور لە ئیمان
وەڵڵاهی سوممە بیللا، تەڵڵاهی ئەم بەڵایە هەر هێندی پێ دەزانن ئیقلیمی کردە تۆفان
تۆفانی ئاو نییە هیچ دەرچێ لە کێوی جوودی بەحری تفەنگ و تۆپە، ئینسانە بەحری عوممان
ئەم قیسسەیەی کە کردم ناگاتە چەند ساڵێ ئەم حاڵەتە دەبینن یەک یەک بە چاوی خۆتان
حاڵ ئێستەکە وەهایە مەگەر خودا بە سووکی تێکیان بدا وە ئیللا دوورە لە عەقڵی ئینسان
هەرچی وەکوو بەیانم بۆ کردوون بە تەحقیق پەیدا دەبن سەگانە، کام قوڕ بکەین بە سەرمان
لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی فەرقی نەبێ شوان و جوتیار و میر و گاوان
سوێندیش بخۆن بە دین و ئیمان و سێ تەڵاقە بۆ حیفزی دین و میللەت خۆتان بکەن بە قوربان
گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن بێگانە چاکە دوشمن نەک دوشمنی لە خۆتان
ڕۆمی وەکوو بەنی موون کەس پشتیان پێ نەبەستێ کەوتوونە داوی خۆیان، سەرگەشتە ماون و حەیران
کوا والیی سەنەندوج، بەگزادەیی ڕەواندوز کوا حاکمانی بابان، میری جزیر و بۆتان
ئەو ئایەتەی فَسِيرُواْ فِي الأَرْضِ خوا کە فەرمووی ئیجرای دەکەن سەگانە بالنفسه شاهی خۆیان
کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحیبی جەیش و عیرفان
جۆشێک بدەن وەکوو هەنگ، تەدبیر بکەن بەبێ دەنگ ئەسبابی شەڕ پەیا کەن ئەرکانی حەرب و لێدان
پاڕانەوە و تەوەککول لەم عەسرە پارە ناکا تیرە دوعایی جەوشەن پەیکانە حیرزی مەیدان
بۆ چی بەشیری ئێمە یەعنی ڕەسوولی ئەکرەم هیچ ئەدعییەی نەزانی ڕۆژێ کە دەچووە مەیدان
وەک خێوە و بوخارا، ناڕوا بەڵا بە هیممەت ڕەفعی بکەن مەشایخ، دەفعی بکەن مەلاتان
هەر میرێ کەوتە شوێنی یەک دوو کەسی ڕەش و ڕووت خەڵکی بە موور دەزانێ، خۆی حەزرەتی سولەیمان
یەکتان نەچوونە گەردش وا تێ دەگەن لە دنیا هەر پادشاهی ڕۆمە و شاهی عەجەم لە تاران
قوتبی زەمانە خالید ئاوارە بوو وەکوو من بێ قەدر و قیمەت و شان، بێ خان و مان و بێ نان
شیر و قەڵەم شەریکن لەم عەسرەدا، درێغا شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵەمدان!
ئەم مەسئەلە مەشهوورە گەر قوڕ دەکەی بە سەرتا ئیکسیرە خاک و خۆڵی دەرماڵی گەورەماڵان
تەنها ئەمە وەها نین، دیباچەیی مەم و زین حاڵیت دەکا چلۆنە ئەحواڵیان سوخەندان
خۆتان دەڵێن: ئەگەرچی مەشهووری خاس و عامە هەر ڕێوییەک گەڕابێ ئازاترە لە شێران
سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ ڕۆژنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان
بنواڕە سەعی و غیرەت ئێستا لە دەوڵەتی ڕۆم خۆیان خەزێنەدارن، خۆیان تەبیب و سوڵتان
هەر دوێنێ ئەهلی سوودان هەستانە پێ وەکوو شێر ئێستێکە موستەقیللن مەحسوودی کوللی ئەدیان
بولغار و سیرب و یۆنان، هەم ئەرمەن و قەرەتاغ هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەددی بابان
هەر یێکە موستەقیللن، کوللێکی دەوڵەتێکن ساحیبی جەیش و ڕایەت، ئەرکانی حەرب و مەیدان
هەم حەققیانە ئەرمەن غیرەتکەشی یەکترن وەک ئێمە نین لەگەڵ یەک دەعوا بکەن بە شیران
بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبت و ڕەبتی میللەت دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان
حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان

3

[edit]
لە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران بە هەیئەت تێی گەییم کوردە بە شێوەی ئەهلی کوردستان
کە چوومە خدمەتی پرسیم: برادەر خەڵکی کام جێگای؟ لە کام لا هاتوویی؟ گریا، گوتی: بابان! گوتم: بابان؟
دڵم داوە، گوتم: باوکە هەموومان بێکەسین لێرە چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ هەروەکوو باران
گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان
گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما جیهان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان
لە وەقتی خۆی هەموو شا بوون، سەراپا بێخەم و شا بوون لە جوودا حاتەمی تایی، لە شەڕدا ڕۆستەمی مەیدان
لە پێشا خاکی مە لانەی پڵنگ و شێری ئازا بوو ئەمێستا مار و مێروو، گورگ و ڕێوی لێی دەکەن سەیران
لە کوێ ما نەعرەتەی تەقڵە و جلیت و ڕمب و ڕمبازی! لە کوێ ما دەنگی زوڕنا و دەهۆڵ و شایی و سەیران!
لە هاڕەی شەشپەڕ و نەڕڕەی سوار و بەرقی شەشخانە لە تەققەی ناڵ و شەققەی سم، لە ڕەققەی تۆپز و قەڵغان
دەهاتە جونبوش و لەرزین لە ماهی بگرە تا ماهی لە سەحرا چەندە وەحشی بوون لە ترسان چوونە سەر کێوان
لە ڕیزی زەبر و زەنگی وان کەسێکی تر نەبوو هەرگیز بە شیر و حیشمەتی کوردە کە ماوە دەوڵەتی ئێران
سەرا و ئەیوانیان ئێستا کەلاوەی کوندەبوو و جوغدە ئەگەر مەیدان و دیوانە سەراپا بوویتە جێی دۆمان
لە پاشی ئەو هەموو گریان و ناڵە و زارییە پێم گوت: عەزیزم غەم مەخۆ هێندە، لە سایەی ڕەحمەتی ڕەحمان
ئەمیرێک ماوە پاشایە. گوتی: کێیە؟ گوتم: شێرە گوتی: لێرە؟ گوتم: لێرە، هەتا تاران و هیندستان
بە خۆی شێرە وەکوو ناوی، لە شەڕدا دوژمنئەندازە تەمایان هەر بە ئەو ماوە جەمیعی خاکی کوردستان
هەچی جێگەی ئومێدمانە و ئەوی دڵ خۆش دەکا ئەمڕۆ کەسی دی لەو بەدەر نابێتە خەمخۆری گەلی کوردان

4

[edit]
پەرچەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوان تاجی کەیانە و عەلەمی کاویان
من لە غەمت ڕێگەیەکم کەوتە بەر خوانی بەهەشتە و سەفەری هەفتخوان
بێژەنی چاهی زەقەنی تۆیە دڵ ڕاهی نەجاتی فەلەک و ڕێسمان
تیری موژەت بۆ دڵی ئەسفەندیار تیری گەزی ڕۆستەمی مازەندەران
فیرقەتی تۆ لەشکری ئێرانییە سەبری منیش لەشکری توورانیان
بەسیەتی سا خوێنی سیاوەش نییە جان و دڵت بردووە هەم دینمان
حاجییە فیردەوسیی کورد، سا ئەتۆش گوێ وەکوو مەحموود مەدە قەولی بەدان

5

[edit]
فەلەک بە تیر و کەمانی لە ئێمە چۆتە کەمین شکارگاهی زەمینە، لە چنگی کێوە دەچین!
دەخاتە گەردنی ئێمە میسالی دابەستوو گوریسەکی بەڵەکی سوبح و شام و ناترسین
بە حوققەبازی و لەعبی زەمانە ناخەڵەتێین ئەمێستە پێدەکەنین و لە ئاخیرا دەگرین
ئەمین مەبە لە سبەینێ ئەمەت بەسەر دێنێ حەوادیساتی زەمانە کە نایەتە تەخمین
وجوودی ئێمە کە ڕۆژی حەیاتی ئاوا بوو یەقین بزانە کە شەو لێ گەڕاو و دەربەدەرین
ئەم ئەرزە کۆنەهەوارە، خەلایقیش کۆچە تەماعی سووری نەبێ کەس لە ژێری چادری شین
دوو گەز زەمین و سێ گەز جاو و مستەخۆڵێکە لیباسی پێخەف و ڕایەخ هەتا دەگاتە سەرین
سەبا موسەللەمی ئافاقە قاسیدی غورەبای ئەنیسی یاری و هەمڕازی عاشقی خەمگین
سبەینێ هەستە مەوەستە خەبەر بگەینە وڵات دیارە چەندە حەزین و غەریب و بێ کەیفین
کە چوویە سەر حەدی بابان و عێلەکەی جافان بگریێ هەروەکوو بارانی ماهی فەروەردین
لە قوڕ بنیشە بڵێ: قەوم و قیلە هاوارە ئەسیرە کەیفی لە ڕۆما لە حەبسی زێری زەمین
لە کوردی بگرە هەتا تورک و عارەب و عەجەمی لە ئاخ و داخی دەسووتێن و شین دەکەن دەگرین
لە کوێرەدێیێ کە کەیفی تیا بێ فیردەوسە جەهەننەمە کە نەما کەیفی شاری قوستەنتین
حەزین و دەرهەمی ئەم شارە زۆری بێگانەن لە حەسرەتی عەجەبا شارەزووری چەن دەگرین!
گەلێ هەناسەیی کێشا و چاوی خۆی گێڕا کەسی نەدی لە عەشیرەت، لە داخی چۆن نەمرین!
زوبانی کوردی و تورکی و فارسی و عەرەبی وەهای دەزانی وەکوو بەیتی خوسرەو و شیرین
ئەمەش دەلیلە لە تەئسیری مەرسییەی کە گوتم: چوار زوبانی تێ دایە قەسیدەیی ڕەنگین
دریغ و حسرت از آن شاهباز سدره نشین به دام مرگ فتاد و به خاک گشت دفین
ز لوحه‌ی خط موزون و قطعه‌ی منظوم خجل شد ابن هلال و ڕوان ابن متین
بە کێ بڵێم کە بە کەیفی بڵێ بە کەیف و سروور: خەمی نەبێ کە فەلەک عاکیفاتی چللەگوزین
جنوبهم تتجافی عن مضاجعهم یستغفرون لک بالغدو حتا حین
علی تعلو بااعلی الجود عبرتنا مدی الزمان انوح نیاح منتدبین
اوگون کە اسب کلامی زمانە ایلدی زین کف کفایتی کیفیە ویردیلر دزگین
بو گیجە کیفی افندی گورندی ڕویادیە جناندە زمزە غلمان و حورە اولدی یقین
کسلدی ماتم نظمندە زەهرەنک تاری طاغلدی حسرتی نثرندە عقدەی پروین
کبیر در بو مصیبت، عظیم واقعە در صغیر یازینە تاریخی، خامەی مشکین
لە یەک دو لاوە هەتیوی لە پاش بە جێ ماوە یەکێکی بیکری مەعانی، دووانی تیفلی حەزین
ئەمن کە مامی ئەوانم دەیاندەمە ئودەبا، کچانی زادەیی تەبعی لەتیفی حیجلەنشین
وەلێ کوڕانی ڕەزا نین بە خاکی ڕۆم و دەڵێن: لەلای ویلایەتەوە چاوەنۆڕی مامی ترین
قەڵەم شکا و موڕەککەب ڕژا و نامە نەما لە داخی قافییە تا خۆی گەیاندە ئاهـ و ئەنین
ئەدیب و ئاقڵی لەم بەحرە وەک «تڕی بن گۆم» گەلێکی ون بووە حاجی وە چاکە لێی دەرچین