دیوانی حاجی قادری کۆیی/م
Appearance
1
[edit]جیهان بوویتە جەزیرەی بەحری گریەم | بەبێ بوختان ئەتۆ زین و ئەمن مەم |
لە جینسی ئادەمی وەک تۆ نەزاوە | پەری ڕوویەک لە ئادەم تا بە خاتەم |
ئەمن شێخم، سەرم شاخە، هەناسەم | نەسیمە، دیدە کانی، مێزەرم تەم |
دەڵێن مەعشووقە دێتە سەر سەرینم | دەزانم وا نییە وەڵڵاهو ئەعلەم |
لەبی زەححاکی فەرمووی ماری زولفم | جەمی کەللەی کەیە، مووچەی سەری جەم |
مەڵێ کەززابە سۆفی، ساغە واعیز | لە لای من وەک یەکن بێ کەیف و بێ کەم |
موریدی سادق و شێخی کەرامەت | حەریسی قانیعە و عوششاقی بێخەم |
سەوادی ئەعزەمی قوستەنتەنییە | گەلێ بێناوی کردە سەدری ئەعزەم |
بە دەستوور و بە قانوون و نیزامی | خودا وای کرد کە سووری کرد بە ماتەم |
کوڕانی دوو هەوێن دونیا و عوقبا | میسالی داکیانن ئەو لەگەڵ ئەم |
بە یەک ناچن ڕەقیب و حاجی قادر | خودایا ئەو ڕەزیل کە و ئەم موکەڕڕەم |
2
[edit]وەها مەشغووڵی تۆیە جیسم و جانم | بە ڕووحکێشانی خۆم زەحمەت بزانم |
ڕەقیب و سەگ چ لازم تا ئەمن هەم | بە ڕۆژێ دەرگەوان، شەو پاسەوانم |
میسالی ڕۆنی زەیت و مێوی شانە | وەها مەعلوومە سووتانی نیهانم |
پەرێشانی دڵ و جەمعی ڕەقیبە | لە سەودای زولفی تۆ، سوود و زیانم |
بڵێن: قادر! دەڵێم: ناوم حەبیبە | بە زیکری ئێوە وا فێرە زوبانم |
ئەوی شاعیر نەبێ کوێرە وەجاخی | لە سایەی شیعرەکان بابی کوڕانم |
مەڵێن: بێکارە بوو حاجی لە ڕووما | ئەمن پیاوم لە نێو شاری ژنانم |
3
[edit]وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم | کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم |
بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز | لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم |
لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە | تەبەسسوم ماوە تێ ناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم |
کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم | دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم |
ئەبووزەیدی دەکا ڕۆحم لەگەڵ ماچی دەمت ئەمما | دەترسێم وەک نیشانم دا بڵێ: هیچە و پەشیمانم |
کە دوێنێ هاتی فەرمووت بێ و نەهاتم مەسڵەحەت وا بوو | ئەمێستە چاوەکەی من چی دەفەرمووی بەندەفەرمانم |
ئەگەر بەغدا شکا سەددی، نەما داری لە سەر بەردی | لە دەجلەی ناگرن حاجی، دیارە جۆشی گریانم |
4
[edit]بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم | گەهێ دڵگەستەیی مارم، گەهێ گیانخەستەیی نارم |
سەگی دەرگات و مەجنوون و نجوومی ئاسمان یەکسەر | مەگەر هەر خۆت بزانی چۆن گەواهن من کە بێدارم |
بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم | دەجۆشێ، غایەتی دوورم، دەزانی من وەفادارم |
لە بەحر و بێشە و سەحرا، نەهەنگ و زەیغەم و ڕووبار | وەکوو سەگ هەڵدەیێن ئێستا لە ئاهـ و ناڵەیی زارم |
ئەمەیش جاران نییە قوربان توفەیلی بێمە سەر خوانت | خەتت میهمانییە ئەمساڵ نەماوە لەززەتی پارم |
بە گریانی ڕیا واعیز بەسەرما هات و نەیزانی | کە وا من ئاشنام ناگاتە قاپیم مەستی هوشیارم |
عەراقی بێ نەوا، مەشرەب موخالیف، وەک سەبا هەستە | مەقامی ڕاستی حاجی حیجازە گەر دەچێ یارم |
5
[edit]دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم | ئەمی کە داویە دەیدا، چ ڕازقێکە، کەریم! |
مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم | ئەوی لە دەستی دەگریام ئەمێستە بۆی دەگریم |
سەوادی سێبەری تۆیان هەتا نەکردە میداد | نەنووسرا وەرەقی ئەمری كُنْ فَكانی قەدیم |
لە لای مەعاریجی تۆ تەلغراف و بەرق و شەهاب | نەزیری ڕەوتی تەنافبازە فیکری تەبعی عەقیم |
جودایی باسی مەکە فەسڵی قابەقەوسەینت | کەمانی ئەبرویی تۆ بوو لە بەزمی خاسی عەلیم |
خەڵاتی عیززەتی لەولاک و تاجی ئەڕسەلناک | بەسە سەنایی جەلال و کەماڵی خوڵقی عەزیم |
خولاسە نێوی نوبووەت لە پاش ڕیسالەتی تۆ | میسالی مار گەزیدەی مولەققەبە بە سەلیم |
بە بەر شەفاعەتی خۆتی ئەگەر نەخەی حاجی | لیباسی کەعبە لە بەر کا دەبێ بچێتە جەحیم |