Jump to content

دیوانی ئەحمەدی کۆر/و

From Wikisource
313047دیوانی ئەحمەدی کۆر — پیتی و1856ئەحمەد کۆری موکریانی

1

[edit]
هێند بە دیتنت ئینتزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو دڵ تەنووری پڕ لە نارم، ئاخ لەبۆ یەک قەترە ئاو
ئاخ لەبۆ دڵ مێهرەبانێ، لەفز خۆشێ، حاڵ زانێ دڵبەری شیرین زبانێ، باوەشێن کا جێی سووتاو
باوەشێن کا جەرح و زامان، دڵبەری شۆخ و خەرامان یار وەبیر بێنێ غوڵامان، زوڵف ڕیحان لوول و خاو
زوڵف ڕیحان، لوول و کڕژن، وا لە هەنیانت دەچڕژن جەرگ و دڵیان پێ دەبرژن، تەن دەنێنە جۆش و تاو
تەن وەکوو کوورەی حەدادە، حەق بدا وەعدەی مرادە یار بەبێ قەول و عینادە، ڕەحم کا بە منی «بێ چاو»
ڕەحمێ کا بە منی هەژارە، جارێکی پێم بڵێ بە زارە شەربەتە بیخۆ بیمارە، ڕۆحم ئیحیا کا تەواو
حەی بکا ئەرواح و جانم، حۆریی حەوت ئاسمانم لەیلەتولقەدری زەمانم، تۆی دەوای جەرگی بڕاو
دڵبەرا دەردم دەوا کە، ساتێکی ڕوو لە خودا کە بەس دڵی من پڕ جەفا کە، بەو خەندەگی، تازەساو
لێم مەدە هێندە خەندەگان، شای غەزالان شۆخ و شەنگان من لەبەر زەبری نەهەنگان، لێم مەحو بوون ئیسم و ناو
لێم مەحو بوون ناو و ئیسمم، سووت دڵ و جان، جەرگ و جیسمم حەق وەهای دا پشک و قیسمم، قەددی ئەلفم بوو بە واو
قەددی ڕاستم کوفتەکارە، خەڵک لە ناڵەی من بێزارە ئەو چ دەردێکە دوچارە، هاتە سەر دڵ از نەکاو
هاتە سەر من ناگەهانی، سیڕڕی مەخفی و نیهانی ئاشکار بوو لە جیهانی، عەقڕەبێ خستوومیە داو
عەقڕەب و مار و ئیلانی، قاتڵی ئەرواح و جانی یار بە حاڵم گەر بزانی، بوومە تەیری باڵ شکاو
تەیرێکی بێ پەڕ و باڵم، مایەیی سووت و زوخاڵم دڵ بەجۆش و ئاهـ و ناڵم، لێم حەرام بوو خورد و خاو
خورد و خابم لێ حەرامە، مەسکەن و مەئوا و مەقامە بۆت وەها ڕیسوایی عامە، شێخ و شاب و پیر و لاو
شێخ و شاب بێ ئیختیارن، هەن لە بەندت، بەندەوارن میسلی وی چەندین هەزارن، هەن لە خاکی پات کوژاو
هەن لە خاکی پات هیلاکن، شێخ و سۆفیی سینەچاکن ناڵەکێش و دەردناکن، مەست و ئەقڵ پێنەماو
مەستی تۆن بێ ئەقڵ و هۆشن، با فوغان، شین و خرۆشن دڵ بەناڵە و دەرد و جۆشن، دڵبەران دڵ لێ ڕفاو
دڵبەران دڵ برد بە غارەت، هەرچی یار کردی ئیشارەت بۆ وییە موژدە و بەشارەت، شاهی حەو ئیقلیم تەواو
تۆ کە شای مڵکی زەمینی، هەر کەسێ ڕووی تۆ ببینی شاد دەبێ قەلبی حەزینی، زولف هەوری، ڕوو هەتاو
ڕووت مەهی دوو پەنج و چارە، ناوبەناو نەجم و ستارە عەقرەبان لێ گرت قەرارە، شوبهی شەمعی دڵگڕاو
شوبهی شەمعی شەو زولامە، پێی نەهێشتم ئەقڵ و فامە شوبهەتی وەحشی گەڕامە، تۆ منت کرد نەخچیر و ڕاو
تۆ منت کرد نەخچیر و سەیدە، نات لە پام زنجیر و قەیدە جانی جانان ئەو چ کەیدە، بوومە دانەی ناو خوراو
بوومە سەرمایەی جغاران، دڵ بە فیدای زولفی یاران داییمەن سوبح و ئێواران، لێی دەدا نەرمە خوناو
وان خوناوان لێ دەبارن، نافەیی ئاهووی تەتارن شوبهەتی شەبهایی تارن، عەتر و ڕیحان بۆی گوڵاو
عەتر و ڕیحان گوڵ شەمیمە، قەدستوونی زێڕ و سیمە دڵ لەسەر عەهدی قەدیمە، دڵبەری زێڕین کڵاو
دڵبەری قەد زێڕ ستوونە، تەختی عەقڕەب لێی سکوونە هێندەیان شیر لێ دەسوونە، دەسخەتی حەققن تەواو
دەسخەتی سونحی جەلالن، مەکتەبی پڕ خەت و خاڵن لەشکری غەم وەک مناڵن، قەت لە من نابن بڵاو
ئەحمەدی کۆری هەژارە، جارێکی تۆ بڵێی بە زارە شەربەتە بیگرە بێ چارە، ڕۆحم ئیحیا کەی تەواو
ئەحمەدی کۆری بێ چاوە، سەبر و هۆشت لێ بڕاوە ئاگری دڵ هێند بەتاوە، پێت نەما جەرگ و هەناو