یادی کیژۆڵەیەک
Appearance
لەسەر زاری کیژێک گوتراوە کە جەوری کۆنەپەرستی لە چواردیوارا بەندی کردووە لەسەر ئەوەشەوە خۆشەویستەکەی لە بەندیخانەدایە و ماوەی ئەوەی نییە کە بیبینێت یان سەری لێ بدات.
«شەو درەنگە بەڵام ئەو هەرچەند لەجیێ نووستنا بێ و بیەوێ بخەوێ بە خەویش نوستاقاڵێ خەو نابینێ»
گیانە وا کاتی دوای نیوەشەوە | هەموو کەس ئێستا فرمانیان خەوە |
منیش وا کەوتووم لەسەر جێی نووستن | کەوتوومە دەریای خەیاڵی بێ بن |
سەیری چواردەورم ئەکەم دیوارە | لەجێی ئەستێرەی ئاسمانم دارە |
داری بنمیچی ئەو ژوورەی کەوا | تیایا ئەچێژم ئازار و سزا |
ئێستاش لە دووریت دڵم ناسرەوێ | خەو بە توسقاڵیش لە چاو ناکەوێ |
پیشەی هەمیشەی چاوانم هەردوو | یەنێتە یادم ڕۆژانی پێشوو |
تارمایی شێوەی تۆ ئەدا بەدڵ | دڵیش کە بۆتە یەک پارچە سکڵ |
گڕ بەر ئەداتە هەناو و جەرگم | ئازار و یادت ئەبێتە بەرگم |
ئەو بەرگەی کەوا داییم ئەیپۆشم | یان ئەو ئازارەی گشت کات ئەینۆشم |
بە یادی تۆوە یادی ڕابوردوو | هەر شوێنێ تووش بم خێرا لە پەوروو |
خۆمی لێ ئەخەم بە وێنەی مردوو | تامی یەکجاری کاتەکانی زوو |
ئەدات لە دڵم ئەمژێنێتەوە | ئەو هەڵوێستانەم بیر دێنێتەوە |
ئەو هەڵوێستانەی کە بۆتە مێژووم | بۆتە یادی ژینی لەدەست چووم |
هەتاکوو مردن من هەر پێی مەستم | هەر وێڵی یادم، بێ هۆش و مەستم |
شێوەی تۆ وێنەی گلێنەی چاوم | پێویستی ژینمە جەرگ و هەناوم |
هەر کە تۆ ون بوویت من وا بەربادم | هەمیشە نوقمی دەریای پڕ یادم |
1958/09/15
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|