Jump to content

یادی نەورۆز

From Wikisource
یادی نەورۆز (1966)
by عوسمان عوزێری
303141یادی نەورۆز1966عوسمان عوزێری
ئەمڕۆ ڕەنگی گەشی خوێنین بەری ئاسمانی گرتووە
گشت ڕووی کوردستانی شیرین ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە
***
سەیری ئاسۆی کوردستانی کەن زەرد و سپی و پەمەیییە
سەیری دەشت و چیاکان کەن ڕەنگ سەوزێکی قەرسیلییە
***
ئەڵێی سرووشت لە ئەزەلا ئەم بەرگەی پێ سپاردووە
یان بە ڕەنگی خوێن هەر وەها ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە
***
ئەوەش هەمووی کڵپەی خوێنی شەهیدانی کوردستانە
وا تیشکی سووری بزوێنی لەسەر ڕووی ئەم نیشتمانە
***
بڵاوە و پەخشان بۆتەوە بەسەر دۆڵ و دەشت و هەردا
ئازادیی کۆ کردۆتەوە لەناو دڵ و هۆش و سەردا
***
بەتایبەتیش ئەمڕۆ جەژنە جەژنی گشت کوردەوارییە
کوردستان بە هەمە چەشنە ڕازاوەیە و بەختیارییە
***
یادی نەمانی بەڵایە لەگەڵ ڕووخانی بێداری
یادی هەڵکردنی ئاڵایە بەسەربەستی و بە ئازادی
***
شەهیدانیش بێبەش نابن لەم جەژنە خۆشە پیرۆزە
یان وەنەبێ بێئاگا بن کە ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە
***
ئەوەتانێ ئا ئەو ڕەنگە کە کوردستانی گۆڕیوە
کە ئێستا پێی شۆخوشەنگە وا بەو جۆرەی کەس نەیدیوە
***
ئەوە ڕەنگی خوێنی سووری تێکڕا گشت پێشمەرگەکانە
بۆ ئاواتی ئێستا و دووری خەڵکی ئا ئەم کوردستانە
***
ناردوویانە بە جەژنانە چونکە ئەوانیش هەر زیندوون
ئەوەش دروشمی بیریانە کە لە پێناویا بەخت بوون
***
لەسەر ڕزگاریی کوردستان وەک شێر جەنگان تاکوو مردن
بەڵام مێژووی ژینی بەرزیان هەر ئەمێنێ و قەت نامرن
***
ئەم نەورۆزە کە ئاگرەکەی زیاتر ئەبێ و ناکوژێتەوە
گشت ساڵێ لە نوێ یادەکەی زامی کورد ئەکولێتەوە
***
چونکە گەلی کوردی دلێر بە یادیا دێت کەوا کاوە
هەڵمەتی چۆن برد وەکوو شێر ژیانی خۆی خستە لاوە
***
گەلی چەوساوەی کۆمەڵ کرد تێیگەیاندن تاکەی کەوا
بە خێزان و دروشت و ورد بچێژن کۆیلەیی و سزا
***
تێیگەیاندن کە نە هەژار نە ڕەنجبەر و نە کرێکار
نە پاشای قەڵبی خوێنەخوار یا وەزیر و یاخود جووتیار
***
جیاوازییان نییە تۆزێک هەموو وەک یەک گیانلەبەرن
هەموو مرۆڤن لە هۆزێک بێ جیاوازی گشت بەشەرن
***
بۆچی مرۆڤی بە بەها کە هەر وەک ئەویش بەشەر بێ
بڕوا لە ڕێی ئەوا هەروا یان بۆی تووشی دەردیسەر بێ
***
ئەویش نەک تەنها خوێنخۆر بێ بەڵکوو پیاوخۆرێک بێویژدان
ئینسانێک بێت زوڵمی زۆر بێ گەل بخاتە گەرووی نەمان
***
پێوستە گەل وەکوو بورکان بتەقێ و تاراجی تێک با
دەستی کەوی ماف و بافتان ئاڵای ڕزگاری هەڵبکات
***
لەناو خۆدا وا ڕێک کەوتن کە کاوەی نەبەز و نەبەرد
کاتی شۆڕش بۆ سەرکەوتن بچێتە سەر شوێنێکی بەرز
***
ئاگر بکاتەوە بۆیان هەر کاتێ شەوقیان بەدیی کرد
بزانن ئەوەیە نیشان بەرەو کۆشکی زۆردار بە گڕ
***
هێرش بەرن بەبێ بەزین هەتا قەڵای زۆر ئەڕوخێ
دەست هەڵنەگرن بە گیان و ژین بگرن، هەڵبێنن ڕۆژی نوێ
***
جا لەم ڕۆژە پیرۆزەدا کاوە ئاگری کردۆتەوە
هێرشیان برد لەم ڕۆژەدا بە درشت و بە وردەوە
***
کاوەی نەبەز ئەو پێشڕەوە بە چەکوش لە بەریانەوە
ئەیوت ئەی گەل بۆ پێشەوە دنیای گشت ئەلەرانەوە
***
هەموو گەیشتنە سەر ئەژدەها هێرشیان برد کۆشکیان ڕووخاند
کاوە خۆی گەیاندە زوحاک یەخەی گرت و توند ڕایوەشاند
***
قیژانی بە سەریا وەک شێر وتی زۆرداری ناپەسەند
چەند لاوی نەبەرد و دلێر تۆ نەمامی ژینت هەڵکەند
***
دوێنێ ڕۆژی تۆ بوو ئەمڕۆ ڕۆژی گەلە پیسی ناپاک
بڕوانە گەلی دڵ پڕ سۆ چۆن دێنە سەر کۆشکی زوحاک
***
ئەمڕۆ داخی دڵیان هەموو بە تۆ ئەڕێژن هەی بەدفەڕ
تازە ژینی تۆ بەسەر چوو بەوجۆرە ژین نابەیتە سەر
***
هیچ زۆردارێک لە دەستی گەل ڕزگاری نابێ و هەر ڕۆژێک دێ
گەل وەک تۆ بیکات لەتوپەل ڕۆژی ئازادی لێ هەڵبڕێ
***
ئەمەی وت و چەکوشی دەستی لێ هەڵبڕی و هاواری کرد
بژی ژیانی سەربەستی بۆ میللەتان و گەلی کورد
***
بە چەکوشەکەی بەربووە سەری ئەژدەهاک و بەگشت تینی
پژانی مێشکی بێفەڕی دیسان بانگی کرد بە ژینی
***
گەل و مردن بۆ زۆرداران ئێمەی کورد نامرین و ئەژین
زوڵم ببارێ وەک باران خەبات ئەکەین بەرگەی ئەگرین
***
هەتا تۆڵە و مافی خۆمان ئەسەنین و سەر ئەکەوین
ئەگەر دامانناوە ژیان قەت نابەزین و نانەوین
***
ئەمڕۆش کەوا، وا ئازاد بووین ئەکەین بە جەژنێکی پیرۆز
وا بەرەو ڕۆژێکی نوێ چووین ناوی ئەنێین جەژنی نەورۆز
***
ئینجا ئێستا ئا ئەو یادە کەوا یادی ئازادییە
جەژنێکی پڕ سۆز و شادە جەژنی گشت نەوەی مادییە
***
جەژنێکە هەتاهەتایە هەر ئەمێنێ و لە بیر ناچێت
هەتاکوو دنیا دنیایە کڵپەی زیاد ئەکا و کەم نابێت
***
جەژنێکە تێکەڵ بە گیانە تێکەڵ بە خوێن و ئێسقانە
بزوێنەری خەباتمانە هۆی بەرزبوونەوەی ژیانە
***
جەژنێکە میللەت پێشخەرە مەشخەڵە بۆ کوردستانمان
جەژنێکە بیر و باوەڕە بۆ ڕزگاریی نیشتمانمان
***
لەبەر ئەوە هەموو ساڵێ گەلی کورد بە پەرۆشەوە
گەورە و بچووک لە گشت ماڵێ بە دڵێکی زۆر خۆشەوە
***
لە هەر چوار قوڕنەی کوردستان ئەیکەن بە جەژنی بەختیاری
گەشتر ئەبێ گوڵی ژیان بەهیوای بەرەو ڕزگاری
***
نەورۆز کەوا ئەو جەژنە بێ کە کورد شانازە بە بوونی
یاخود ئەو ڕۆژە نوێیە بێ کە قەت نییە بەسەرچوونی
***
یان ئەوە بێ کە گشت جارێ گڕی خەبات زیاتر بکات
کوردپەروەری لێ ببارێ باوەڕ فراوانتر بکات
***
ئەو ئاگرە ناکوژێتەوە گشت کوردستان ئەگرێتەوە
بە هیچ کەس کز ناکرێتەوە تا بێ بەرزتر ئەبێتەوە
***
کوردیش هەر گڕی خۆش ئەکات بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە نوێیە
یەکی بخات، پێشی بخات چونکە دڵی لەت و توێیە
***
بۆیە ئەڵێ هەتا مردن منی کورد هەر خەبات ئەکەم
ئامادەم بۆ لەخۆ بووردن تا نیشتمانم یەک بخەم
***
ئەم جەژنەش کە نیشانەمە لە ژیانا جەژنی منە
ئاواتی ئەم ژیانەمە کوێر کەری چاوی دوژمنە
***
بۆیە ئەڵێم تا دوای ژیان ئەی کوردی دڵ پر سۆ و سۆز
با بژیی جەژنی کوردستان جەژنی نەورۆز، جەژنی نەورۆز

1960/03/17


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).