یادم بۆ ناکەی یادت بەخێر بێ
Appearance
یادم بۆ ناکەی؟ یادت بەخێر بێ! | وەعدەی زوو هاتن، وەختە زۆر دێر بێ |
هێندەم تەماشای ڕێی هاتنت کرد | چاو، خێل بوون لەسەر سەربان و سەرگرد |
ڕێگای کولتەپە دوور و درێژە | هاتنی «عەزیز»م یەکجار لەمێژە |
حەسەن لە دووریت نەخۆش و گێژە | تا مابووم نەمدی، هاتی بینێژە! |
دەردی بێدەرمان هەر دووری تۆیە | بە بایەک دەمرم، دەژیم بەو بۆیە |
دەردێکی دامێ دەرمانی نەکرد | شەماڵ بە بەفری کوێستانی نەکرد |
ژینم پێ خۆشە، دڵم پێی خۆشە | کە تۆم لێ دیار بێ لە بان و حەوشە |
فرمێسکم لە چاو دەڕژێن لە دوو دوو | ئەولام تەتەهوو، ئەم لام جەغەتوو |
ژینم بە بۆنەی «عەزیز»م خۆشە | هەر کەس تۆی نەوێ بێ هۆش و گۆشە |
دۆستی و ڕاستی، پارچێک بوو کڕا | بە بەژن و باڵای بەرزی تۆ بڕا |
لە دەردی دووریت خۆم دەغافڵێنم | چنار لێدەدەم، پەل دەچەقێنم |
لە گوێگجەلیڕا جۆی جۆمال دەکەم | لە موشیراباتی ئاشبەتاڵ دەکەم |
لە «عەبدوڵڵابات» باغی بادامان | زۆرم چەقاندن دەستم بە دامان |
کانی کووزەڵە هەر وەک خۆیەتی | حوسێنی حاجی هەر بۆخۆیەتی |
شوکر کوڕەکان ئەوێستا چوارن | لە پەنای خودا و حیفزی چوار یارن |
عومەر و عوسمان، بووبەکر و «ڕەحیم» | بیانبەخشێ پێمان ڕەحمانی کەریم |
«بورجی بەڵەک»ی بەر دەرکێت ماوە؟ | یا بە بای دوێنێ و پێرێ ڕووخاوە؟ |
خەڵوەتی ڕووخاو، چاکت کردەوە؟ | «وەستا مەمەد»ت لێرە بردەوە؟ |
چت کرد؟ چەقاندت باغی بەرماڵان | ڕیشەم حازرن هەرزان و تاڵان |
ئەگەر دەپرسی وەزعی زەمانە | میللەت پەرێشان، ئامان ئامانە |
کاری کوردەکان، خۆزگە بە پارە | هەرکەس بە دەردێک چوو، گرفتارە |
جەمعێک بە بیانووی «تەجدیدی نەزەر» | سەرگەردان کران لە قاپی و لە دەر |
لەتاو مەشموولی، کوردی موکریان | کچیان ئارەزوو، لەباتی کوڕیان |
مەشموولی خۆشە، زۆر موقەددەسە | نەک بۆ کەسێکی بێ گەورە و کەسە |
لە خەڵکی دەدەن، «سجیلت» کوانێ؟ | ماڵی قاچاغت لەسەر دووکانێ |
یەکی دی دەگرن «کوانێ کڵاوت؟» | بۆچیت لەسەر نا، شەدەی بڵاوت |
تووتنی نووسراوت بۆ کوێ بردووە؟ | ئیمزای ماڵیەت کوا وەرگرتووە؟ |
بە یەکێک دەڵێن: کوڕەکەت هەڵات | دەبێ پەیدای کەی، ڕێی هات و نەهات |
گەنمی دەستێنن بە بیانووی قشوون | وشتر بە بێگار دەگرن بێ قانوون |
هاوار لە زوڵم و زۆری ئەمنییان | نییەی نازانن، نابییێ گوێیان |
ئەوانە هەموو بیانوون بۆ پووڵی | بەبێ قانوونی و بەبێ ئوسووڵی |
هێندە پوڵ درا بۆ دەفعی شەڕیان | بەتاڵ بوون جیب و گیرفانی پڕیان |
نە ئاغاوەت مان، نە میر و مەزن | «هەرزن و بزن، چیایێ مەزن» |
خودایا! مەگەر کورد ئێرانی نین؟ | لە ئینسان خاریج، مەخلووقێکی دین؟ |
لە تام چۆتەدەر مەزلوومیی کوردان | خودایا! ڕەحمێ، بە چکۆلە و وردیان |
دەردی دڵ بەس کەین لەدەس ناکەسان | چون هەر خودایە کەسی بێ کەسان |
هەر کەس لە خۆیدا سەرداری نەبێ | حاڵی هەر وایە، ئاخری وا دەبێ |
بخوێنن چاکە هەتا دەتوانن! | بەڵکە تەکلیفی خۆتان بزانن |
ئەگەر حەز دەکەن یەکجاری نەمرین، | بەیەک دی شاد بن، لەبۆ یەک بگرین! |
قەت بە خراپی نێوی یەک مەبەن! | ڕەنجی شان و قۆڵ بەهەدەر مەدەن! |
چاوان لە نەویان هەرگیز مەگێڕن! | لە بڵیندان بانگ کەن، ئاوان هەڵگێڕن! |
گورگان بە کۆزی خۆتان فێر مەکەن! | سەی حیز و برسی بە دزی تێر مەکەن |
تا کەی لە دەرکان هەناسەساردی؟ | چاو لەدەس خەڵکی بە نامورادی |
هەڵناستن لە خەو هێند خەوگرانن | لەدوای مردنم قەدرم دەزانن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|