گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری
Appearance
گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری | خۆم بۆ بگێڕم لەدەوری سەری |
بە وشکی بۆ چی بم بە مەیتەری | وەختێ دەرکەوێ هەستم لە بەری |
هەر بۆ خۆی دایم هەوڵی ژیان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک چاوی لە فەقیر نەبێ | دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ |
کەس لە پووڵێکی دەسی گیر نەبێ | جەرگی بۆ میللەت وێنەی قیر نەبێ |
مێمڵ بە ماڵ و دوژمن بە جان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک دایم خەمخوارت نەبێ | مەرهەمی ئێش و ئازارت نەبێ |
جێگای تەنگانە و هاوارت نەبێ | حەکیمی جەستەی بیمارت نەبێ |
ئەگەر خاوەنی خاکی ئێران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک چاکتر لە باب نەبێ بۆت | ڕزگارت نەکا لە بەند و لە کۆت |
جارێ نەپرسێ هاوار و ڕۆڕۆت | کەڵکێکی نەبێ بۆ منداڵ و خۆت |
ڕەنجی هەر بۆخۆی بۆ بەرگ و نان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک وەک خۆی نەڕوانێتە من | خۆی پڵاوخۆر بێ و من نانی هەرزن |
سەرباقی ئەوەش تاڵان و کوشتن | ڕیشەی سەربەستیم دەربێنێ لە بن |
هەر خۆی قەڵەو کا و شان و مل پان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک سەرم بەردەبازی بێ | جەرگم نێچیری چنگی بازی بێ |
بەسەرما تانجی دەرگای نازی بێ | نەشبینم جارێ دڵنەوازی بێ |
ڕەفتاری باشی ئێش و سووتان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک ژینی بە خوێنمژین بێ | زیادەنانی خۆی بە نانبڕین بێ |
هێندە بێ ڕەحم و ویژدان و دین بێ | عالەم لە جەوری دڵ پڕ برین بێ |
ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەردی گران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک نیوەی لە ڕەنجی ساڵت | بسێنێ لە دەس خۆت و ماڵت |
هێشتا بەزەیی نەیە بە حاڵت | بە دار و بە شەق بشکێنێ باڵت |
چاویشی لە دەس شوان و سەپان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک ساتێ لەژێر دەستی ئەو | ئارامم نەبێ بێ خۆراک و خەو |
پاسەوانی بم بە ڕۆژ و بە شەو | جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو |
ئەگەر شۆرەتی وەک سلێمان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک ئێش و نۆشێکی نەبێ | ڕوویەکی خۆش و گەشێکی نەبێ |
بۆ حاڵی بچوک هۆشێکی نەبێ | دڵێکی گەرم و جۆششێکی نەبێ |
گەر ئەسکەندەری شاهی جیهان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ | |
گەورەیەک لەلەی مناڵەکەی بم | خۆڵ ڕێژی حەوش وناوماڵەکەی بم |
پێشمەرگەی خۆی و هی خاڵەکەی بم | بێ بەش لە نان و چاتاڵەکەی بم |
ئەگەر ڕۆستەمی مازەندەران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|