گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن
Appearance
گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن | نیعمەتێکە وەک بەهەشت و هاودەمی پیاوانە ژن |
بۆ دڵێکی بێ خەم و شەخسێکی بێ دەرد و ئەلەم | گەوهەرێکی شەوچراغی ژوور و بەرهەیوانە ژن |
گەر کەموکووڕیت لە ماڵیشا هەبێ باکت نەبێ | بۆ کەموکووڕی ترازووی کۆمەڵی خێزانە ژن |
ژن لەلای پیاوی نەزان و سەرسەری نرخی نییە | بۆ ژیانی کۆمەڵی باشتر لە میر و خانە ژن |
بۆ سوپاسی باسی چاکی چی بەیان کەم هەر کەمە | جووت و ئاش و نان و بەرگ و باخچە و بێستانە ژن |
باعیسی ئارامی قەلب و مەرهەمی دەرد و برین | بۆ هەموو دەردێ دەوابەخشێکە وەک لوقمانە ژن |
دەوڵەتێکی پڕ لە شەوق و زەوقە دایم بۆ بەشەر | نیعمەتێکی خۆشەویستی و بێ سەر و سامانە ژن |
کەی گوڵ و گوڵزاری باخاتی ئێرەم وەک ئەو ئەبێ | باخی ساحێب زینەت و پڕ لوئلوئی مەرجانە ژن |
بۆ کەسێ نووری سولەیمانی لە قەلبا بێ یەقین | پایە مەحکەم کردنی هەم دین و هەم ئیمانە ژن |
زۆرتری عەیشی بەهەشتی حوري العينن کچن | لەززەت و خۆشی بەیاناتی لەناو قورئانە ژن |
بێت و گەر موڵکی کەماڵ و گەنجی حوسنی یەک کەوێ | گەر دووسەد گەنجی لەسەر دانێی ئەڵێم هەرزانە ژن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|