گیانەکەم هاوڕێی ژیانم نازەنین
Appearance
بەهەشتێکی ون بوو
گیانەکەم هاوڕێی ژیانم نازەنین | کوا لە کوێی دڵ بووەتە کانی ئاگرین |
بێرەوە وا لەشکری دەرد و جەخار | جێی بەمن لێژ کردووە ئەمڕۆ بەقین |
بێرەوە وا کۆشکی شادیم دەم بەدەم | وردە وردە ڕووئەچێ بۆ ژێر زەمین |
بێرەوە هەرچەند ئەزانم دیدەنیت | ئەم دڵە ناخاتەوە سەر پێکەنین |
وا زەمان ئەمڕۆ بەپەنجەی نەگبەتی | جەرگی کون کردم وەکو دێوی لەعین |
ئەو بەهەشتەی کیژ و کوڕ ڕووی تێ ئەکرد | بۆ ئەوەی هاوین بەخۆشی تیا بژین |
دڵ ئەڵێ یادێکی ڕابووردووی بکەین | یادی پێنجوین دڵ ئەخاتە سەر فڕین |
دێتەوە یادت چ خۆش بوو دیمەنی | بەرز و شیرین هەروەکو خولدی بەرین |
دێتەوە یادت هەوای چوارباخەکەی | چۆن دەوایەک بوو لەبۆ قەلبی حەزین |
دێتەوە یادت چ خۆش بوو ئاوەکەی | سارد و شیرین هەروەکو ئەسکەنجەبین |
دێتەوە یادت نزار و شیوەڵی | پڕ لە مەل بوو پڕ گوڵاڵە و یاسەمین |
دێتەوە یادت بەشەو لەو خاکەدا | چۆن لەگەڵ شادی ئەچووینە ناو کەمین |
دێتەوە یادت بەڕۆژ هەر کوێ ئەچووین | چەپڵەڕێزان بوو زەماوەن هەڵپەڕین |
چەندە خۆش بوو لەو کەلانە دەنگی مەل | ڕووی ئەکردە سەر زەوی و ئاسمانی شین |
ئای چ خۆشمان ڕابوارد ئەو موددەتەی | شاری پێنجوینمان ئەکردە جێنشین |
هەر پەنا شاخێک ئەچووین دەنگی ژیان | گوێی دڵی سەرمەست ئەکردین چین بەچین |
هەر مرۆڤێکمان ئەدی هەستێکی پاک | کوردپەرستی زیاد ئەکردین زۆر بەتین |
هەر سەراوێکی ئەچووین نەشئەی وڵات | ئەم دڵەی ئێمەی ئەخستە ڕاچەنین |
هەر گوڵستانێکی ڕوومان تێ ئەکرد | کەڵکەڵەی عەشقی ئەخستینە فڕین |
نازەنین دەستی شکاوم داخەکەم | ئێستە پێنجوین دڵ ئەخاتە سەر گرین |
ئەو تەلارانەی کە ئەت دی بەرز و خۆش | ڕۆچووە و بووەتە کەلاوەی نائەمین |
ئەو چەمەنزارەی هەوارگەی ئێمە بوو | وا پەپوو تیایا ئەخوێنی پڕ بەبین |
ئەو سروور و شادییەی لەو جێیە بوو | ئێستە بووەتە باوکەڕۆ و هاوار و شین |
ئەو مرؤڤانەی لەوێ بوون شادمان | ئاوەکی کەوتوون و بێ بەخت و نگین |
بەم بەرە جەژنانە ماڵوێران هەژار | نا بەدڵ ناچار هەموویان دەرپەڕین |
بوومەلەرزە وای سەرەوژێر کردووە | بگرە قەت نابێتەوە مەڵبەندی ژین |
بابچین توخوا بەرامبەر جێگەکەی | تێروپڕ بگرین بەجەرگی پڕ برین |
بابچین چونکە بەهەشتی ئێمە بوو | شیوەنێکی بۆ بگێڕین ماتەمین |
بابچین بۆ دڵنەوایی ئەهلەکەی | ڕووبکەینە کوردی پڕ عەزم و بەننین |
یەک بەیەک پێیان بڵێین دڵسۆزەکان | ئەم برایانە بەنامووسن بەدین |
وا فەلەک دووچاری کردن قەت نەکەن | زوو فەرامۆشیان بکەن بێگانە نین |
ئەم برایانە هەموو دەستی قەدەر | ناو دڵی توێ کردن و جەرگی بڕین |
بێنەوە بۆ کۆمەکی و باربۆی ئەوان | ناو تەلار و ناودەوار و زنج بچین |
بۆ هەموویان یامەتێکی وا بدەین | جەرگیان ساڕێژ بکا وەک پەنسلین |
سا بەقوربانی هەمووتان بم بەدڵ | ڕۆژی باربۆیانە با ڕوو سوور ببین |
1946/08/19
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|