گلەیی قانع لە ڕۆزگار
Appearance
دیسان دێمە سەر نووسینی ئەشعار | دەردی دڵی خۆم چاک ئەکەم ئیزهار |
قەرارم وا بوو نەیەمە گوفتار | بەڵام نایەڵێت چەرخی چەپ کردار |
ئەبێ بنووسم یەکێ لە هەزار | |
تەماشا ئەکەم چەرخەکەی گەردوون | کەر ئەکا بە شا، شا ئەخاتە توون |
چەندە نەوجەوان ئەکا سەرنگوون | لەیلێ بۆ ئەغیار شیوەن بۆ مەجنوون |
بەش وەها ئەبێ کۆنەی بەد کردار؟ | |
سەرداری سەر تەخت ئەکەی بە بێ سەر | بێ سەر ئەبەیتە ڕیزی تاجوەر |
خوێنی چەن مەزڵووم ئەدەی بە هەدەر | بەرگ ئەدەی بە مەڕ، کێر ئەدەی بە کەر |
ئافەرینت کەن دەوری ڕۆزگار | |
من هەر زوو زانیم کە دوون پەرەستی | تۆیش بەوێنەی من بێ بادە مەستی |
دایم خزمەتکار ڕەزیل و پەستی | شەو و ڕۆژ خەریک کەڵەک و بەستی |
بەڵکوو فەقیرێ بخەیتە ژێر بار | |
چەرخە داوەشێی بێ خان و مان بی | لە من خرابتر تۆ سەرگەردان بی |
گیرۆدەی دەردێ بەبێ دەرمان بی | نان خۆری درگای خانەقایان بی |
ببی بە عیبرەت لە بازاڕ و شار | |
چەرخە دەک پیر بی وا منت پیر کرد | بە کەس ناوێری منت ئەسیر کرد؟ |
هەسێرەی منت لە گۆما گیر کرد | منت کرد بە شێت ئەحمەقت ژیر کرد |
وەعدەی من و تۆ دیوانی غەففار | |
گاجووت ئەکەیتە سەردەسەی ئەعیان | ئەدەی بە ڕێوی نەعرەتەی شێران |
یابوو ئەبەیتە ڕیزی سەرداران | تاکەی چەپگەردی؟ ماڵت بێ وێران |
ئەکەی بە پێشەنگ دێڵە کەمتیار |
![]() |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|
![]() |