گفتوگۆی گا و کەر
Appearance
گا وتی بە کەر مەرحەبا کاکە | چاکی چلۆنی ئەحواڵت چاکە؟ |
ئێستەش وەک جاران بارکێشی باری | یا لەبار کێشان تەواو ڕزگاری؟ |
خۆ شوکور ئاغا و حاجی دەوڵەمەند | بۆ بار هێنانیان وا لۆرییان سەند |
گۆشتت ناخورێ بڵێم کەبابی | زۆر ناشرینی بۆ سوار بوون نابی |
بەڕەڵات ئەکەن سەربەست و ئازاد | بسووڕێرەوە زۆر بە خاتر شاد |
بارت لێنانێن هەر بنرکێنی | لەبەرەو ژوورە ئارەق بڕژێنی |
نەقیزەی بزمار درووست ناکەن بۆت | بە هێواش هێواش بەئارەزووی خۆت |
بگەڕێ لەناو دەشت و چیادا | خۆت بگەوزێنە لە مێرگی گیادا |
بەڵام من جووتکەر هەر بەردە بارم | ئەڵبەت موستەحەق یا گوناحکارم؟ |
هەتا پیر ئەبم ئەمە حاڵمە | بە شەو و بە ڕۆژ ڕەنجی ساڵمە |
کاتێ کە پیر بووم ئەمدەن بە قەسساب | قەسسابیش ئەمکات بە لوولەی کەباب |
ئەم دیو و ئەو دیو چاک ئەمبرژێنێ | یا لەناو ڕۆنا هەڵم ئەقرچێنێ |
بە هەرزان ئەمدات بە هەژارەکان | ئەمە حاڵمە لە دەورەی دەوران |
وەرامی کەر: | |
کەر وتی ئەی گا بەخوا هیلاکم | لە ژێر بارکێشان تەواو خەمناکم |
چوونکە ئوتومبیل بۆ پارە دارە | بۆ فەردە تووتن بۆ شارە و شارە |
جاران من تەنها ئەمساڵ بۆ ئەو ساڵ | کاکێشانم بوو لەگەڵ داری ماڵ |
بەڵام ئێستەکە ئەبێ بار بێنم | خێزان بەخێو کەم خۆیشم بخنکێنم |
کراس کەیبانوو لاستیکی مناڵ | بۆم تەواو نابێ بە دە بار زوخاڵ |
ئەبێ بیست بار بێ بە ناعلاجی | ئەوسا تەواو بێ قەرزی مام حاجی |
خاوەنم سەلەم ئەکا بە تووتن | تووتنی نابێ دێتە ئەستۆی من |
کاکە گیان بۆیە تەواو دڵ ڕێشم | بەشەو و بە ڕۆژ ئەبێ بار کێشم |
من کەوا یەکجار ماڵم وێرانە | تا خەرج گران بێ بارم گرانە |
بەڵام ئەی گاجووت موژدە بێ بۆ تۆ | کەوا تراکتۆر هاتووە ئەمڕۆ |
نە جووتت هەیە نە بار نە گێرە | بۆ خۆت ئازاد بە لەم گەرمەسێرە |
وەرامی گا جووت: | |
گا وتی بە کەر برای هاودەردم | لەمن خرابتر هەناسە سەردم |
ناوی تراکتۆر لای ئێمە نییە | بەخوا نازانین تراکتۆر چییە؟ |
ئەگەر تراکتۆر ماڵی پارەیە | خاوەنەکەی من هەر ئاوارەیە |
ئەمە دە ساڵە جووتی بۆ ئەکەم | پارەم لێ نەدی نە زۆر و نەکەم |
خەمی خۆم ناخۆم هەر خەمی تۆمە | لەلای خۆی ئەڵێن چەرخی ئەتۆمە |
بۆ چەرخی ئەتۆم ئەبێ هەر وابێ؟ | کۆمەڵی جێماو هەر لە دوا بێ؟ |
سەد هەزار خۆزگەی هەژاران بە زوو | بە دەورانی بەرد کە زانست نەبوو |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|