گفتوگۆی قانع و مەهابادی کچی شێخ لەتیف
Appearance
کۆرپەی نازەنین! گوڵخونچەی بەهار! | وەنەوشەی چیمەن، شەوبۆی لانزار! |
بێچووەئاسکەکەی سارای کوردستان | سەرتەقەکێشی پۆلی چاومەستان |
دایکی دواڕۆژ، نازاری باوان | لە خوا ئەخوازم دوور بی لە چاوان |
ئۆغرت بەخێر، خەیاڵت کوێیە؟ | دیارە کەرەسەی خوێندنت پێیە |
کێژۆڵەی نازار، گوڵخونچەی سەر چڵ | گڵۆپی نیشتمان، ڕوومەت تۆپی گوڵ |
ڕاستم پێ بێژە کە تۆ کچی کێی؟ | لە کام شار، کام دێی؟ لە کام ماڵ، کام جێی؟ |
وەڵامی مەهاباد | |
مامۆستای دڵسۆز! شاعیری کوڵۆڵ! | وێڵی بیابان، هەردەی چۆڵ و هۆڵ |
نەوەی شێخ مەحموود، کچ شێخ لەتیفم | خزمەتگوزاری جنسی زەریفم |
باوکم لە ڕەگەز ئەحمەدی کاکە | کە بۆ دینداری، لە گێتی تاکە |
دایکم لە خانان سەرحەدنشینە | بەگزادەی بانە، ئیختیاردینە |
مێژوو شاهیدە ئیختیاردینی | دووهەزار ساڵە وانە ئەیبینی |
گاگا سەربەخۆ ئەژیان لە نیشتمان | گاگا ئەکەوتنە ژێر دەس فارسەکان |
تایەفەی باوکم مەشهووری شارن | هەتا پێغەمبەر لە عام دیارن |
ناوم مەهاباد پۆلی یەکەمم | بۆ خۆم و هۆزم دڵ پڕ لە خەمم |
بۆ خۆیندن ئەچم بۆ قوتابخانە | بۆم بەیان کردی زۆر چاک بزانە |
وەڵامی قانع | |
بۆچی کیژۆڵە، ئێوەیش ئەخوێنن!؟ | بۆ پێشکەوتنتان غیرەت ئەنوێنن!؟ |
وەڵامی مەهاباد | |
بەڵێ مامۆستا، زۆر چاک ئەخوێنین | ڕیشەی نەزانی لە پنج دەردێنین |
خوێندن بۆ کچان فەرزی تەواوە | چونکوو کچ دایک کوڕانی لاوە |
لە کۆش ئێمەدا کوڕان پێئەگەن | خزمەتی گەل و نیشتمان ئەکەن |
گەر ئێمە خۆمان نەخوێندەوار بین | وەک ژنانی زوو کز و بیمار بین |
کوڕمان کە زل بوون بێعەقڵ و فامن | چونکە پەروەردەی دەستی عەوامن |
هەر دایکێ کە خۆی چاک خوێندەوارە | ئەڵبەت کوڕەکەی زرنگ و هۆشیارە |
گەر دایکەکانمان خوێندەوار ئەبوون | ئەولادەکانیان وا هەژار ئەبوون!؟ |
مەعلووم هەر کوڕێک بە جنۆکە و دێو | بە هاڵ و شەوە و شەولەبان و خێو |
پەروەردە بکرێت قەت بە هیچ نابێ | هەتا قیامەت ئەبێ هەر وا بێ |
بێشک هەر دایکێ کە خۆی زانایە | کوڕێکی زانا دێنێتە کایە |
بە شیری ڕاستی بەخێوی ئەکا | بۆ فیداکاریی گەل هانی ئەدا |
وەتەن نافرۆشێ بە فلس و دینار | هەڵنامژێ خوێنی فەقیر و هەژار |
مامۆستا! ئێمە لە دەس دەرچووین | لە خەفەت نیشتمان تەواو مردووین |
خزمەت نیشتمان لە سەر ژن و پیاو | هیچ فەرقی نییە وەکوو یەک تەواو |
بە تۆفیقی خوا، چینی دوایی | نیشتمان دەردێنن لە ژێر ڕیسوایی |
نایەڵین هەرگیز ببن بە جاسووس | بە پارەی دوژمن بفرۆشن نامووس |
ئەیاندەین بە کوشت لەسەر حەقی گەل | تا هەوارگەیان ئەبەنە سەر کەل |
گەر ئێستە کوڕان خایەنی هۆز بن | خەتای دایکیانە، دەک ئەولاتر چن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|