گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت
Appearance
گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت | بریندارم بە تیری سینەسووزی نێشی موژگانت |
بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت غارەتت کردم | دڵێکم بوو ئەویشت خستە ناو چاهی زەنەخدانت |
بە قوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پابۆست | منیش هاتم، بفەرموو بمکوژن، بمکەن بە قوربانت |
تەشەککور واجیبە بۆ من ئەگەر بمرم بە زەخمی تۆ | بە شەرتێ کفنەکەم بدرووی بە تای زوڵفی پەرێشانت |
لە کوشتن گەردنت ئازا دەکەم خۆت بێیتە سەر قەبرم | کە ڕۆژی جومعە بمنێژی لە لای نەعشی شەهیدانت |
کەسێ تۆ کوشتبێتت ڕۆژی مەحشەر زەحمەتی نادەن | ئەگەر وەک من لە ئەم دونیایە سووتابێ لە هیجرانت |
هەمیشە سوژدەگاهم خاکی بەر دەرگانەکەی تۆیە | ڕەقیب ڕووڕەش بێ ناهێڵێ بگا دەستم بە دامانت |
دڵم مەشکێنە چونکوو مەخزەنی دەرد و خەمی تۆیە | فدای شەرت و وەفات بم چی بەسەر هات مەیلی جارانت |
ئەتۆ ئەمڕۆ لە موڵکی دڵبەریدا نادرەی دەهری | بە ڕەسمی بەندەگی مەستوورە وا هاتۆتە دیوانت |
This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago. |