کە لە بەهەشتا ئادەم بۆی دەرچوو
Appearance
کە لە بەهەشتا ئادەم بۆی دەرچوو | بە سەیران نەبوو، بە دەرکردن بوو |
ئەم خاکدانە ناوی مەنفایە | نابێ پێی بڵێن جێگای سەفایە |
بۆیە پێغەمبەر شاهی ئەنبیا | فەرموویە ڕاحەت نابێ لە دنیا |
ئێمە تێ ناگەین لەم کاروبارە | دەست بەرد ئەهاوێ، بەرد گوناهکارە |
هەندێ سروشتی بنچینەی بەدە | ئەوە چاک نابێ دەستی لێ مەدە |
هەندێ بە بەدی باوکی ئەخوڕێ | پێکۆڕەی مشکە و جەواڵ ئەدڕێ |
خوا بۆ زیانێ کوللە ئەنێرێ | بە عەینەمەلیش پاسی ئەسپێرێ |
هەر زەد و خوردە کاری دنیایی | بۆیە لای عاقڵ خۆشە تەنهایی |
زۆرکەس بە قسە، چاکەی لا چاکە | کەچی کە بەدی پێش هات بێباکە |
ئێستری چەمووش چاکەی پێ ناوێ | لەسەر ئالیکیش جووتە دەهاوێ |
بە ئێستریان گوت باوکی تۆ کێیە؟ | وتی دایکی من شەجەرەی پێیە |
ئێستا دەبینی هارێک و هاجێ | یەک کەوتوون موویان بە بەینا ناچێ |
لە دڵدا خوێنی یەکتر ئەمژن | کە فرسەتیان دی یەکتر ئەکوژن |
دوو پیاوچاک چاویان بە یەک ناکەوێ | بە بیستنی دوور یەکیان خۆش ئەوێ |
ئەو کەسەی لەگەڵ خەڵک دڵی پاکە | خۆش ڕادەبوێرێ، لە ترس بێباکە |
کەچی بەدکارێ یا پایەبەرزێ | دڵی وەک گونی هەلاج ئەلەرزێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 573 و 190
1939/07/06
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|