کەسێ بەختی سەعیدی بێ دەبێ حازر لە دیوانت
Appearance
کەسێ بەختی سەعیدی بێ دەبێ حازر لە دیوانت | مەلازی مەنزڵی تۆیە نەسیبی وی لەسەر خوانت |
کە قووتی ڕۆحە مێهری تۆ لەسەر سەفحەی مەحەببەتدا | هەمیشە حازری وەقتە، جەسەد بۆچ بێتە میوانت! |
میسال تای چینی زولفی دڵبەرە «تاچین پڵاو»ی تۆ | لە دوور هەر دانەیێکی دڵ هەزاران دێنە پێشخانت |
زریشکی ڕەشکی خاڵی دڵبەر و حەسرەتدەری میشکە | لە زیرەی عەتربێزی ڕێزەڕێزە جەرگی کرمانت |
وەکوو ئارەق لەسەر کوڵمی نیگارین یاری گەندمگون | برنجی ڕەنجبەری کوردانە دانەی کەوتە سەر نانت |
تەواوی ڕانی بەرخێکی کە بەرخێکی تەواو دێنێ | بە سەد مەڕ ڕابرا ئەوڕۆ لەبەر چاوی دۆعاخوانت |
کەلامی بامەزە و خوڵقی خۆش و شیرین کیفایەتمە | بڵێ با دانەنێن قەنداو و دۆ، لابەن نمەکدانت! |
لە زەرد و سووری سەر دەوری، بەجارێ دڵ سپی بۆوە | لە ڕەغمی زەعفەران ڕەش هەڵگەڕا ڕەنگی ڕەقیبانت |
کە قاوە قاو دەکەی، تاڵیی میزاجم چا دەبێ شیرن | فیدای قەندی لەبت! ئاوی بەقا دەڕژێتە فینجانت |
دەلیلی عاقیبەت مەحموودییە مەحموودە هاوخوانم | کە وەک شاپووری خوسرەو وایە بۆ تەدبیری کارانت |
نەکیسا و باربەد وا چاکە بۆ ئەو بەزمە حازر بن | لە بەزمی خوسرەویی، مەحموودخان! کوا دەنگی جارانت؟ |
هەوای «حاجی عەلی کەند»ت لەبۆ دڵ، بوو عەلی سینا | شەڕارەی دەردی دڵ تەسکینە ئاو و خاکی «دەرمان»ت |
هەمیشە «حافز» و «سەعدی» بەڕۆحانی دەبن حازر | ئەگەر «خان» و «حەسەن» بێن و بخوێنن نەزمی شیعرانت |
«نیزامی» نەزمی بەرهەم، «ئەنوەری» نووری نەما شیعری | کە سەدری ئەنجومەن ئەوڕۆکەیە تەبعی سوخەندانت |
لە عیرفان زایدە «عورفی»، «سەنایی» نەزمی مەزموومە | «کەلیم» ئەوڕۆ کەلامی موهمەلە، زاهیر کە عیرفانت! |
لە مەیدانی سەعادەت بوو، نەسیبی من سەعادەت بوو | بە عینوانی مەدیحی تاوبەتاوێ دێمە مەیدانت |
کەلامی من وەکوو شیعری فڵانی بێ سەر و پێ نین | بکەم تەقتیعی ئەوزانی، یەقین ڕاست دێتە میزانت |
دەڵێن هەر کەس کە سفرەی بێ، بەهەشتی جێیە، ئەوڕۆ تۆ | بە نەقدیی ساکینی خولدی لەسایەی جووتە جیرانت |
لە هەرجێ، بۆ هەموو کەس جوودی تۆ بێ میننەت و مەنعە | وەکوو سەیلی بەهارانە سەخای وەک هەوری بارانت |
«عەلی»! مەشهوری شارە من کە «سەیفی» زولفەقاری تۆم | هەمیشە «یا عەلی»مە، گەر قەبووڵم کەی لە شیعانت |
ئەوا هات عیدی قوربان شوکری لیللا، خۆشی خۆشیمە | کە حەججی ئەکبەرە بۆ من کە وا خۆم کردە قوربانت |
هەتا موژگان، لەبۆ دیدە ببن حافز لە دیتن دا | لە ئەمر و نەهیدا تا ڕاست و چەپ بن تیغی موژگانت |
لە ڕاست و چەپ بڕۆن سەف سەف سەوارانت لە دوویی یەک | هەمیشە حافزت بێ بۆ حەوادیس لوتفی یەزدانت |
هەموو عالەم لە نیک و بەد بە حیسسەی خۆی دەکا شوکرت | لە وەقتی بەزلدا گەر سەروەرا! دەس بەریە گیرفانت |
کە تۆی ئەوڕۆ لە زومڕەی موخلیسانی شاهی شەمسەددین | دەلیلێکی تەواوە بۆ تەواویی نووری ئیمانت |
کەلامم خۆش و شیرینە لە نۆشانۆشی بەزمی تۆ | خوسووسەن، گەر دەکەم ئەندەک بەیانی فەزل و ئیحسانت |
هەتا حەڵقەی دۆعا و تەهلیل و خەتمن ڕۆژ و شەو دایر | لە دنیا و عاقیبەت یار و موعین بێ شەمسی بورهانت |
هەتا هەڵبێ لە مەشریق ڕۆژ و ئاوابێ لە ڕۆژاوا | هەمیشە ماڵت ئاوا بێ، پەنات بێ شەمسی بورهانت |
لەلام تەرکی ئەدەب کفرە، ئەمن تەرکی ئەدەب ناکەم | لەبەروەی بوو کە ڕاوەستام لە کن «میسباحی دیوان»ت |
فزوولی ئاوری شەیتانە، هەوای شەیتانی قەت ناکەم | لە بابەت ئاوی «خۆش گەلدی» لەسەر خاکی «ڕەحیم خان»ت |
«سمایل بەگ» لەگەڵ من کەی شکستی کاری وی فەرموو؟ | لەبۆ خدمەت «ئەدەب» ئەوڕۆ «حەسەن» هەر وەک «حسێن خان»ت |
کە «کانی قوڵقوڵە»ی تەبعم لە بەندی عەوق ئازادە | ڕەزام مەدح و دۆعایە بۆ عەزیزان و مەریزانت |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|