کۆتر و ڕاوچی
Appearance
ڕۆژێ دەروێش ئەوڕەحمان | ساچمە زەنی کردە شان |
کولەکەی بەستە کەمەر | بۆ ڕاو لە دێ هاتە دەر |
ساچمە زەنی گرتە مشت | دووسێ نانی بەستە پشت |
تاوێ سەر شان، تاوێ شیو | تاوێ چاڵایی نەدیو |
تاوێ لە دەشت تاوێ دوڵ | ئەسووڕاوە چۆڵ بە چۆڵ |
ڕوانی داری بەری جوان | سەوز و گەش و گەڵا پان |
باڵا بەرز و بن قەوی | بووبوو بە چەتری زەوی |
کاتیش کاتی هاوینە | خۆرەتاو زۆر بەتینە |
ڕاوچی بەدبەخت و غەددار | لایدا بۆ سێبەری دار |
دانیشت وەنەوز ئەیبردۆ | کیسەی لە پشتێن کردۆ |
سەبیلێ لا شکاو | بەبنێشت پینە کراو |
سەبیلی بادا تەواو | دەری هێنا ئەستێ و تاو |
ویستی کە دایگرسێنێ | ئارەزووی پێ بشکێنێ |
کاتێ ئەستێی دا لەبەرد | کۆترێکی دەنووک زەرد |
کەوتە خوێندن لەسەر دار | هەروەک بوڵبوڵی بەهار |
لەگەڵ بێچوولەکانی | دەمیان کرد بە گۆرانی |
بەدەنگێکی نەرم و نۆڵ | هەموو پێکەوە بە مۆڵ |
ئەیانوت بژی وڵات | گشت کەس بگا بە ئاوات |
کۆتر ئەیوت بە بێچوو | دوبارەی ئەکرد زوو زوو |
بڕوانن بۆ ئەم دارە | چەمەڵ بەندی نازدارە |
ڕۆڵە یاخوا گشت وڵات | دووربێ لە زوڵم و ئافات |
ئەوڕەحمانی خوا گرتوو | گوێی لە دەنگی کۆتر بوو |
بێ ئینسافی مل قەوی | سەبیلی نایە زەوی |
بەسووک نەوی لە تفەنگ | مشتی لێگرت بەبێ دەنگ |
ڕەحمی نەکرد بە بێچووی | تازە لە هێلکە دەرچووی |
تفەنگی هێنا سەرپێ | تەقانی و کوشتی لە جێ |
ساچمە ئاژین بوو لە دار | کۆتری پێکراو کەوتە خوار |
بە زمانی حاڵ هاتە زمان | وتی ڕاوچی بێ ئیمان |
بۆچی واتکرد بە حاڵم؟ | بۆچی شکانت باڵم؟ |
بۆچی لە بێچووت بڕیم؟ | بۆچی جەرگت هەڵدڕیم؟ |
بۆچی لە گیانی شیرین | بێ بەشت کردم لە ژین؟ |
وەک تۆ ژینت لاخۆشە | دڵ منیش بۆی پەرۆشە |
ئەوا خۆم هیچ بێچووەکان | بێ خۆم چی بکەن بۆ ژیان؟ |
لە عومرا زۆر مناڵن | هێشتا بێ پەڕ و باڵن |
چۆن بژین؟ چۆن بمێنن؟ | لە دەوری کێ بخوێنن؟ |
ئەی کافرەی بێ ئیمان | چیبکەن بێکەس لە هێلان؟ |
ئەشێ چی بێ گۆشتی من | وا لێم بوویی بە دوژمن |
گۆشتی من دە مسقاڵە | ئەویش زۆر تورت و تاڵە |
ئەو گوللەیە تەقانت | بەدڵ منا چەقانت |
ئەگەر بتدایە بە گۆشت | گۆشتی زۆرتر ئەکرد بۆت |
ئەی خوێنمژی هەژارخۆر | ئەی ملهوڕی خاوەن زۆر |
ئەگەر ڕاست ئەکەی پیاوی | یا وەک مانگا نەزاوی |
هەڵچۆ لە خۆت بەرەو ژوور | بکوژە نزیک تا لە دوور |
ئەرنا لەخۆت بەرەو خوار | هەی بێ حەیای شەرمەسار |
ئەوە کام دین؟ کام ئایین؟ | بەتۆ ئەڵێی ئافەریین |
بۆ هەر کەسێ کە کەسە | یەک تیری تانە بەسە |
ئەگەر خاوەن حەیا بی | لە دنیا تاکوو مابی |
ناچی بە گژ هەژارا | تفەنگ ناخەی بەدارا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|