کچە لادێیی
Appearance
کچە لادێیی شیرینتر لە مانگ | پەریت ناگاتێ بە برۆ و برژانگ |
پرچی درێژت بەوێنەی ڕەشمار | بەسەر ناوشانتا هاتووەتە خوار |
ڕوومەتی ئاڵت وەکوو سوورە سێو | زەردەخەنەکەت، نیشانەی لای لێو |
ملوانکەی مێخەک لەگەڵ موورووی شین | گەلێ جوانترن لە خشڵی زێڕین |
بوویت بە قیبلەی لاوی دەر و شار | چونکە جوانییەکەت خواکردە و بێ کار |
نە بە دەرمان و نە سووروسپییاو | نە هەڵگرتنی ڕوو بە شریت و داو |
وا ڕێکوپێکیت، جوانیی خواکردە | بوویت بە ئاسکی لە من ڕاکردە |
توخوا ئەی جوان لە من وێڵ مەبە | فیری ڕمبازی و مەکر و فێڵ مەبە |
چونکە وێڵی جوانیی خواکردم | تووشی تۆ هاتم ... هەناوت بردم |
ئێستاش ئەم دەشت و کێوەم ئەگێڕی | باخچەی دەروونم بە سۆ ئەدێری |
منیش هەتاکوو تینم تیا هەبێ | بە دواتا وێڵم تا هێزم ئەبێ |
ئینجا کەواتە ڕوویەکم تێکە | بە چاوی جوانت زامێکم لێکە |
با نیشانە بێ بۆ یادگاری | لەسەر سینەما بەوێنەی دیاری |
هەتاکوو ئەمرم هەر بکولێتەوە | شێوەی جوانی تۆی پێ بیر بێتەوە |
1957/08/09
بەغدا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|