کوردستانی من
Appearance
ئەی جێی ئازادخواهیی کوردان | نیشتمانی نەوەی گوردان |
تۆی کە کوردستانی منی | جیگەی کوردانی مەزنی |
باو و باپیر و ئەژدادمان | لەگەڵ تۆ بوون ماوەی ژیان |
خوێنیان لەسەر تۆ ڕژاوە | هەناو و مێشکیان پژاوە |
هەر بۆ بەرزی و سەربەستیی تۆ | جێگایان بوو بە هەرد و کۆ |
ئەو گشت گوڵ و گوڵاڵانە | کەوا ڕەنگیان سوور و جوانە |
شێوەی خوێناوی ئەوانە | کە بووەتە ئەو گوڵانە |
یاخود سەیری ڕەنگی ئاسۆ | کە خۆر لێی هەڵدێ لەسەرخۆ |
پەمەیییە و جوان و دڵگیر | ڕائەکێشێ ئارەزوو و بیر |
تا هەرکەسێ بە توانای خۆی | پیا بڵێ هەرچی هات بۆی |
یان سەر لووتکەی چیای بەفرین | هەروەکوو سەرپۆشی زیوین |
لەسەر تەوقەسەری چیا | چاو ئەهێنێتە ماخۆلیا |
دیمەنیشی هەمەڕەنگە | ئاوازی ... جۆرەها ڕەنگە |
دەنگی پۆڕ ئەلێ کناچە | خۆشترێکە لە کەمانچە |
کەویش هەروا بە قاسپەی خۆش | دنیا هەموو دێنێتە جۆش |
دەنگی گەرووی شمشاڵی شوان | مێگەل ئەهێنێتە زمان |
ئاوی تاڤگە بەوێنەی زیو | ئەڕژێتە ناو دۆڵی نەویو |
یان بۆ ناو چەم دێتە خوارێ | وەکوو زیو بێ کە ببارێ |
ئینجا بەڕوو، مازوو، چنار | تووتڕکی چەم، شنگی کەنار |
دەوەن لە قەدپاڵی چیا | گوڵاڵەزەردەی ناو گیا |
گۆیژ و هەرمێ و سێوی سوور | نێرگس و وەنەوشە و چنوور |
بەری سووری دار بەڵاڵووک | دڕک و گەڵای سەوزی خڕنووک |
لەنجەی لقوپۆپی دار کەوت | بەربوونەوەی کۆمەڵە جەوت |
بەلەک لەگەڵ دڕکی زەردا | گوڵاڵەی سوور لەبن بەردا |
کەرتەشی و پرچی هەڵاڵوک | بەرگی زبری سەلکە پیشۆک |
دڕکی کنگر و نێرکەهاز | تامی خۆشی لاسکە چاوباز |
ئاسک و چێرکی ناو پاوەن | مەڕەکێوی بەبێ خاوەن |
نەک دڵێ، سەد دڵ سەرسامە | نازانێ جوانی لای کامە! |
ئینجا وەرە سەیری دێهات | دڵت پڕ ئەکا لە خەبات |
کاتی ماووزای بەهارە | دوو بێریی ڕانی ئێوارە |
باڕەی بەرخ و کار و بزن | هاواری شوان لە دەستی ژن |
هەتاکوو کاتی تەواوبوون | کار و بەرخە و بەیەکا چوون |
ئینجا دەستەی ژن و کیژان | مەنجەڵە شیر لەسەر سەرشان |
هەموو دێنەوە بەرەو ماڵ | بە گۆرانی و زڕەی خرخاڵ |
ئەمەی کە باسم کرد هەموو | تۆزێ وەسفی کوردستان بوو |
ئەگەر هەموو باس کەم تەواو | چی تیا هەیە بێتە بەر چاو |
بە ملیۆنەها ڕووی دەفتەر | دوایی پێ ناهێنێ نووسەر |
جا لەبەر ئەوە گشت گیانم | هەتا دوا کاتی ژیانم |
قوربانییە بۆ نیشتمان | نیشتمانی هەموو کوردان |
ئەیپەرستم تا دوا تینم | ئەوە، هێزی گشت بینینم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|