کردەی زەمانە بردەیی لاوچاکی تیا نییە
Appearance
کردەی زەمانە بردەیی لاوچاکی تیا نییە | دوون پەروەرێکە ڕاست و ڕەوانی لەوا نییە |
وەک پایەبەرزی ئێستە بەنووکی قەڵەم نییە | ئیقباڵ و دەوڵەمەندی بەڕەنج و دوعا نییە |
کاکە بەنان و خوانی زەمان دەسخەڕۆ نەبی | نانێکی ئەو قڕانێ ئەکا بێ بەها نییە |
وا چاکە تێک نەچیت و هەوات بەرز نەبێ برا | وەختێ سەرت بخاتە سەما بێ تەما نییە |
دڵ ڕاگرە خەریکی خراپە و بەدی مەبە | گیان با نەبێ نموونەی ئیشت فەنا نییە |
نامرێ ئەو کەسەی کە چاکەی جێهێشت لەسەر زەوی | مردوو کەسێکە کردەوە و ئیشی چا نییە |
پەردەی زەمانە سەیرە لە فیکر و لە سینەما | وێنەی شریت و دیمەنی ناو سینەما نییە |
دوێنێ ڕەزا ڕەزایی چ سووک بوو بەتاجەوە | ئیمڕۆش ڕەزای چ قورسە کە دوو ڕۆژە شا نییە |
ڕەنگێکی ڕشتووە فەلەک ئەمڕؤ بەعالەما | ناچێتەوە چ بڵحە ڕەش و پیسی وا نییە |
چاکە نەماوە عەهد و وەفا بووەتە گفتوگۆ | هەرکەس ئەبینی بێنە ئەڵێ جارێ ها نییە |
عالەم ئەبینی هەڵپەیەتی و پارە مۆڵ ئەکا | تێربوون نەماوە، سواڵکەری ئێستە گەدا نییە |
زۆرن لەوانە باخەڵی پڕ قەرز ئەکا بەڕۆژ | چاو برسێتی لە چاوی ژن و پیاو جیا نییە |
ئای چەند برا و برادەری گیانیت هەیە کە بووت | پارەت نەبێ برادەریی و مەرحەبا نییە |
هاوخوێنی خووەتە داوی وەهات بۆ ئەنێتەوە | تیا دەرنەچی بزانە براتە، برا نییە |
باوەر مەکە بەخزم و کەس و دۆستی دڵفڕێن | تەنگانە بێتە پێشەوە خزمت لەلا نییە |
تا شک بەرن بەڕاست و چەپا ماڵەکەت ئەخۆن | کاتێ نەبێ لە دوور و نزیک ئاشنا نییە |
باوک مناڵی خۆی بەکەری سوخرە دائەنێ | ئەولادەکەش لە عاستی ئەوا بێ هەرا نییە |
چاکیان ئەناسم ئەهلی زەمانە لە خیلقەتا | هەر چاوەڕوانی چاکەیەکم ڕووبدا، نییە |
ئەو پیاوە کوانێ دەستی سەخای عالەمی ئەگرت | ئینسانی ئێستە شەرمی لە خەڵق و لە خوا نییە |
هەر فیتنەیی و درۆیە لە بەینی ئەم و ئەوا | دڵسۆز نەماوە سێبەری عەدل و وەفا نییە |
وا چارەنووس کە ئێمەی نووساند بەناسەوە | جارێ چوو چارەی لە دەسی تۆ و منا نییە |
تف لەم ژیانە چونکە وەها دێ و بەسەر ئەچێ | تف لەم جیهانە جێگەی عەیش و سەلما نییە |
لەم چەرخی بەدڕەوشتە خودایە هەزار ئەمان | ئەم ڕێیە چەوتە ڕێگەی ئەهلی هەوا نییە |
فایق دەخیلە تووشی تەڵەی دەهری دوون نەبی | ڕەحمی بەکەس نەکردووە، بۆ تۆش وەها نییە |
چاک بە و ڕەفیقیی ئەهلی زەمانە مەکە و بڕۆ | ڕۆژێکە کەس نەماوە بڵێن بێ خەتا نییە |
1941/12/01
چوارتا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|