ڕۆژێ وە ڕزۆک چووم بۆ کەرکووک شار
Appearance
مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٦٢شاعیر ئەچێ بۆ کەرکووک لە شەمەندەفەردا چاوی بە شۆخێکی جوان ئەکەوێ و ئەم پارچە شیعرەی بە سەردا هەڵ ئەدا.
ڕۆژێ وە ڕزۆک چووم بۆ کەرکووک شار | تووشم بوو وە تووش شۆخێ شەدەلار |
نازار و ناسک، شیرین دولبەرێ | باڵا وەک شەماڵ، شمشاڵ کەمەرێ |
پەلکە کەمەندی گۆڕگیری بارام | ئەبرۆ وەک کەمان سەرەنگێزی شام |
ئەگریجە و پەڕچەم لە چین چینی خاو | لە سەر تویێ زوڵفی ئەڕژا تکەی ئاو |
ئاوێنەی جەمین جام جەم ئاسا | لە پرشە و ورشەی ئەچوویت وە تاسا |
مەوجە و ئاورەنگی لێ ئەدا دەم دەم | هەر وەک تیشکی خۆر بدا لە ناو چەم |
پەرچەم سەر ئاوێز دەوری جەمین بوو | بۆ و پەرەی گوڵباغ گۆنای پەرژین بوو |
برژانگی هەر وەک سینانی خوێنڕێژ | ئای بۆ دڵ پێکان سیا تیری تێژ |
دیدە وەک دیدەی ئاهووی خەتایی | ڕەش و پڕ ورشە و نازک نیگایی |
هەرچەن وە عیشوە ڕووی ئەکردە لات | ئەتوت هەسێرەی ڕۆژ ئەوا هەڵهات |
پرشی لێ ئەدا ورشە و تریسکەی | جەرگی ئەسووتان گرپە و بزیسکەی |
لووتی کشیاو و وە وێنەی قەڵەم | بووە دیدەوان غونچەی لێو و دەم |
سەر ڕوومەت ناسک پەڕەی گوڵەباخ | بۆی عەتری خاوی ئەیدا لە دەماخ |
خەت خەت سوورایی کوڵمی نیوەئاڵ | ڕژیاوە وە سەر لاڕووی زەرد و کاڵ |
سەد سوێندت ئەخوارد سێوی ڕێژاوە | شەفەق وە پرخەی «سیوەیل» ڕژیاوە |
جووتەی لێو وێنەی غونچەی تازەگوڵ | دەمی داوەتۆ سەحەر لە سەر چڵ |
ماوی خاڵ وە ڕووی چەنە و لێوی ئاڵ | هەر وەک باڕەکەو خۆی ڕەش بێ وە حاڵ |
لێو و چەنە و دەم نەخشین وە خاڵۆ | ئەتوت کەوبارە وا بە سەر یاڵۆ |
ساقی گەردەنی وە وێنەی بلوور | ئاورنگی ئەدا هەر وەک قوببەی نوور |
یا وەکوو شووشەی تەڕی پڕ لە ئاو | دابنرێت لە بەر تریسکەی هەتاو |
لە سەر سافاییی ڕووی ساقی گەردەن | تازە خاڵێکی کوتابوو بۆ پەن |
مل سپی و ناسک هەر وەک توێی ئاوو | بە فێڵ ئەو خاڵە لە سینەی کوتاوو |
ئەیزانی خاڵی بەربینی ئاوی | فامدار و دانا ئەبن شەیدایی |
دووەم ئاوێزان وە بەرۆکەوە | وەک دوو لیمۆی کاڵ بە سەر کۆتەوە |
خاڵی شین وەبەین دوو مەمانەوە | وەک هەسێرەی ڕۆژ وە بەیانەوە |
سنگ و بەرۆکی وەک کۆی پەڕەی کوڵ | خاو و گوڵاو بوو ناسک و نەرم و شل |
دووکێش سەوز و سوور وا وە سەریەوە | وەک نەقشی گوڵباغ وە ئاوێنەوە |
باوەش نەی ئەگرت سینە و ناو شانی | یا جووتەی سمت و کۆڵ و گۆڕانی |
بۆ شەرم جارشێوی ڕەشی وە سەرۆ | هەر وەک هەوری ڕەش وە سەر ڕووی خۆرۆ |
ڕووی ئەکەوتە دەر لە تۆی عەبادا | وەک خۆر لە مابەین هەوری سیادا |
جار جار ئەیڕوانی دەم وە نیو خەنۆ | ئەتوت کەنێکە وا وە دەربەنۆ |
کە خۆی با ئەدا وە شانە و شانا | مەر شیرین وا وێت لە تاق و سانا |
دیوانەی کردم عەوداڵ و لێوە | وەشێتی ڕووم کرد وەو کەژ و کێوە |
مینە بەو کەسەی دارایە و داوەر | لە بیرم ناچێ تا ڕۆژی مەحشەر |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|