چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ
Appearance
چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ | خۆی بسووتێنێ و نەفعی جەمعی بێ |
چەند خۆشە ئینسان خووی چاک بگرێ | ئەوە بگرێتە باوەش کە دەمرێ |
چەند خۆشە ئینسان کە بە ڕەنجی شان | کۆی بکاتەوە بۆ ئەرکی میوان |
نەک لە مەڕ چەور کا بیدا بە گورگان | خۆی مایەپووچ بێ و ڕووزەردی دیوان |
هەندێ چی دەست کەوت هەر تێ دەپەستێ | لغاوی شەیتان دەمی دەبەستێ |
ئەو پاشەکەوتە بۆ مێردی ژنە | بە زیندوویی خۆی ژن لێی دوژمنە |
هەرچی خوارد ئەڵێ: ئاخ نەمخواردایە | ژمارەی سەدەی تەواو بوایە! |
کە چوویشە گۆڕێ ئەڵێ: هەی بێداد | من کۆم کردەوە کێ پێی بوو بە شاد |
ئەمە دیارە لە پێش چاومانە | کەچی پیشەمان خۆ تەفرەدانە |
ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆرە | گەرمە گۆڕ نەبێ پیاو گۆڕبەگۆڕە |
ئەمە توانجی بێ دەوڵەتییە | منیش کە بمبێ گوێم لەمە نییە |
بێ دەوڵەتییە وا بێکارە بووین | بێ پارەیییە پارە پارە بووین |
پارەمان نەبێ بەچی دەخوێنین | ئاو نەبێ درەخت بە چی ئەڕوێنین |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 542
1937/11/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|