Jump to content

پەندەکانی پێشونیان

From Wikisource
پەندەکانی پێشونیان (1950)
by پیرەمێرد
306094پەندەکانی پێشونیان1950پیرەمێرد
پیاوی حەرامخۆر وەک کەڵەشێرە لایەک بانگ ئەدا و بە چینەش فێرە
پیاوی تەماعکار هەر ئەڵێ: بیدە کەر بە جۆ بمرێ ئەوسا شەهیدە
***
سوحبەتی نادان تاڵ ڕابواردنە لە دوای کەر ڕۆین تەرس بۆن کردنە
مەیەڵن نەفام دەنگی دەربێنێ سەگی هەڵەوەڕ دزتان بۆ دێنێ
***
ئەمڕۆ بەکەڵکە تۆ بە دۆست دەرچی پاش لێزمەو باران کەپەنگ بۆچی
شێخ ئەڵێ: ئاگام لە عەرش و قورشە کێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە؟
***
کە من بە ڕەنجی شانی خۆم بژیم سەری سەرداران بە ڕیشی زەعیم
لە زاڵم چاکە ناوەشێتەوە گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە
***
بە سوێندی درۆ خۆم ناخەمە داو تاریکە شەو و گەڵاڵی لە ناو
گرێی دەست بۆ دان مەهێڵەرەوە شەڕ بەشی ئاشتی تیا بێڵەرەوە
***
زۆردار کە زانی مسکین بێهێزە پێی ئەڵێ: سەگباب، گاڵت - وەگوێزە!
من پڵاوخۆرم بە دۆ تێر نابم من ئەسپسوارم بە کەر فێر نابم
***
قەت توخنی پیاوی سەرچەوت مەکەوە بە دەست قەرز بدە و بە پێ دووی - کەوە
دووگوێ و زبانێک دراوە بە تۆ دوو ببیە و یەکێک بڵێ لەسەرخۆ
***
ئاگری درۆزن ساتێک ئەگڕێ بەڕە هەر لە لای تەنکی ئەدڕێ
لە پردی نامەرد مەپەڕەرەوە جەردە ڕووتت کا با لەو بەرەوە
***
دوژمنی ناوخۆ ڕەگ دەردەکێشێ دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵیشێ
لە هەموو هەورێک باران نابارێ ڕاز کەوتە زارێ، ڕاست کەوتە شارێ
***
وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵ تا نەگری مەمک نادەن بە مناڵ
مادام کە خۆتان خستە کایەوە نیوەشەڕ، شەڕە، چی تیا مایەوە؟
***
تف لە بەری دەست، قوەت لە یەزدان گوڕ ببەستنەوە باز دەن بە ئاسان
خۆ هەڵدەنە سەر بەرانی سپی کاتێکتان زانی پێتان تێ چەسپی
***
خەڵکە من بۆ خوا وا پێتان ئەڵێم ئەمە وەسیەتە وا من لەسەر ڕێم
ئەگەر ئەمجارە لێک بپسێنەوە ئیتر تا دەمرن ناحەسێنەوە
***
تا لەبەینا بێ ئەم شەڕەجوێنە ئاخری ئەبێتە چڵکاوی سوێنە
شەڕ بێ و نیوەشەڕ هاتنە کایەوە نیوەشەڕ، شەڕە، چی تیا مایەوە؟
***
دێی فرە کوێخا مسکین هەلناگرێ تڕەکەڵەکێ دیارە سەر ناگرێ
کە هات سیاسەت کەوتە ناو ژنان ئەبێ دەس بکەین بە قوڕەڕەش پێوان
***
زۆر گوڕتان بەست و بازێکتان نەدا بۆیە باوەڕتان پێ ناکەین بە خوا
هەرچەندە هەڕۆ خۆشتان تێی دەگەن وەرن یا هەڕۆ یا مەڕۆی لێ بکەن
***
وەک شێری بێشە گەرد و خۆڵ دەکەین کەچی لە دەنگی دەهۆڵ سڵ دەکەین
هاکا هەڵپچڕا ئەم گیر و بەندە هەر کەسە عەقڵی خۆی لا پەسەندە
***
ڕا مەکە لە دوای کاری پڕوپووچ هەڵ ئەخلیسکێی لەپڕ لنگەوقووچ
ئەوەی بە چاکەی خۆی خۆشیان ئەوێ دەستگیری زۆرە ئەگەر بشکەوێ
***
ئەوەی ئەخوێنێ و ئەیهێنێتە کار ئەبێ بە چرا بۆ ڕووناکی شار
هەندێکی واش هەن چراوەکوژێنن جووتە ئەهاون کاسە ئەڕژێنن
***
بەرچاو و پیڵاو هەردووکیان تەنگ بێ ئەبێ پێی دڵ و پێی ڕۆین لەنگ بێ
ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کار لە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار
***
گوێی ڕاستت سووک بێ بۆ چاکە بیستن گوێی چەپت کەڕ بێ لە فیت هەڵبەستن
قسەی چاک زەحمەت ئەگاتە جێی خۆی واتەی بەد زۆر کەس پۆستەچییە بۆی
***
پاشەکەوتی جۆ بە کەم مەژمێرە خواردنی چوارپێ و دووپێیە لێرە
دووپێ بە چوارپێ ئەڵێ ڕوو بەڕوو نوخشە بێ لە تۆ نوخشەمان دەرچوو
***
چوارپێ لە دووپێی بەدخوو چاکترە بە جۆ هەڵدەکا و دڵی پاکترە
یەکێ بە درۆ، یەکێ چاوەڕاو یەکێ بە ئاغام پاشام هاتە ناو
***
مادەم دنیایە و ئەمانەی تیایە پیاوی دنیایی لە برەودایە
کە قەلەڕەشمان ڕێنیشاندەر بێ ئەبێ گەورەمان هەر دەربەدەر بێ
***
ئەمە دوو جارە ئەکەوینە چاڵ زەرەر دەبینین بە ماڵ و مناڵ
هێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوە گرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە
***
باوەژن چەپۆک نەدا لە هەتیو هەرگیز فێر نابێ ڕێی ئەم دیو ئەو دیو
موور تا نەیتاشی نابێت بە تەختە بێ تەجروبە خام نابێ بە پوختە
***
خۆی پێوا وتی: باڵا شەش گەزم سەیرم کەن ئەزم وا هەڵدەبەزم
کە هاژەی تەرزەی لەپڕ هاتە گوێ بۆ کون ئەگەڕا کە خۆی تێکوتێ


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).