پێنج خشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی عەونی
Appearance
هوزاری خونچەزارێکم کە ڕوویی نەوبەهارێتی | نزاری لالەزارێکم کە دڵ وا داغدارێتی |
فیدایی لێو و زارێکم نقوودی جان نیسارێتی | خوماری چاوخومارێکم هەزاران وا خومارێتی |
ئەسیری زولفی یارێکم هەموو عالەم شکارێتی | |
بە تەوق و کۆتی کاکۆڵی لە پای خستووم و تاساندم | وەکوو نێچیری سەیادان لە خوونی خۆمی گەوزاندم |
کریشمەی گۆشەیی چاوی بوو ئیمڕۆ زیهنی شێواندم | وەکوو لەیلا بە سەد ناز و نەزاکەت عەقڵی لێ ساندم |
دڵم دائیم وەکوو مەجنوون لە عەشقا بێ قەرارێتی | |
لە هەر ڕەمزێکی سەد ناز و نەزاکەت دایە ئەم شۆخە | لە هەر غەمزێکی سەد فیتنە و هیلاکەت دایە ئەم شۆخە |
هەزاران تاجی شاهی وا لە ژێری پایە ئەم شۆخە | لە ئیقلیمی مەلاحەت چونکی بێهاوتایە ئەم شۆخە |
دەبینم چەند شەهەنشا وا موتیعی رەهگوزارێتی | |
ئۆمێدم نا لە ژین وەقتێ قیامی قامەتی لاوی | کە وەستاون لە بۆ قەتلم پیادەی پەرچەمی خاوی |
چ چارەی تیرەبارانە لە پەنجە و دەستی خوێناوی | دەزانم دەمکوژێ چاو و تەنافی زولفی داو داوی |
برۆی قەوس و موژەی پەیکانی عوشاقی هەژارێتی | |
مەتاعی جان لە ڕێی عەشقی بە تاڵان و خەسارەت چوو | هەموو عومرم لە هیجرانی بە سەد عیجز و مەرارەت چوو |
گەدایی دڵ بە مەزلوومی لە ژێر تەختی نەزارەت چوو | بە غەمزەی چاوەکەی عەقڵ و دڵ و دینم بە غارەت چوو |
خودا چی بوو کەوا ئیمرۆ هەموو کەس ئینتزارێتی | |
دڵی بولبول لەبۆ خونچەی دەمی هەر ئاخ و ئۆخێتی | کە زاغی خاڵەکەی دائیم لە باغی سێو و خۆخێتی |
لە ڕوو گوڵ، پەرچەمی سونبول، دوو نێرگس وا لە ڕۆخێتی | گوڵی ڕوخسارە، خونچەی لێوە عەرعەر قەدی شۆخێتی |
گەهێ بولبول، گەهێ قومری، گەهێ دڵ وا هوزارێتی | |
عەجاییب نەوبەهارێکە کە گوڵشەن چەتری هەڵداوە | لە لایێ سونبول و نەسرین، لە لایێ نێرگسی ساوە |
بە ناڵەی بولبولان سافی مەگەر چ بووە، چ قەوماوە؟ | شکۆفەی غونچەیی لێوی لە باخا وا دەمی داوە |
وە یا بۆی عەترە «عەونی»، خەندەیێکی لێو و زارێتی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|