پیرەمێرد دیارە ئەزانی تۆ هەواڵی عێلەکەم
Appearance
پرسیار لە «پیرەمێرد»ی شاعیر
پیرەمێرد دیارە ئەزانی تۆ هەواڵی عێلەکەم | پێم بڵێ، بۆ کوێ چوو، ڕووی کردە کوێ، کوا خێڵەکەم |
موددەتێکە من ئەسوڕێمۆ بە ئەم سەودایەوە | بوو بە ماخولیا لە سەرما، بووم بە ئەم خولیایەوە |
هیچ کەسێکم دەس نەکەوت بێت و بە ڕاسی پێم بڵێ | تا ئە دیوانی گەلاوێژ چووم و دێم دەسکە گوڵێ |
سەیری ئەو دەسکە گوڵەم کرد من بە چاوی موشتەری | تێ فکریام گوڵ نییە، گشت گەوهەرە لای جەوهەری |
مختەسەر مەفهومی کردم ئەو هەواڵ و مەتڵەبە | وا دیارە دیوتە تۆ پشت ماڵە و ئەو دەبدەبە |
چۆن بووە تۆ بی خوا ئەی پیرەکەی بێ کیزب و گەزاف | کەوکەبەی مەحموود پاشا و شەعشەعەی میرانی جاف |
ڕۆییتە ڕێی کۆچ، کە وەختێ خێڵ ئەهاتە خوارەوە | پۆلی نازارانت دی بوو تۆ بە تلمیت بارەوە |
دەوری دوو ئاوانت دی بوون و هەواری خێڵ ئەهات | هەر هەوارێکت ئەدی پڕ بوو لە سەد خۆشی و نەشات |
ئەو ئەمیرانەی ئەهاتن سەر بە زەوقی تازەوە | هەر یەکێ سەر لەشکری تیپێ بە تەپڵی بازەوە |
ئێستە کە ئەی پێرەمێرد بۆیە لە تۆم پرسی هەواڵ | چوومە ئەو وارگە، نەبوو لە ئەو وارگە غەیر ئەز دڕک و داڵ |
دیم لە جێی مەحموود پاشا و هەوارگەی میرەکان | بایەقوش لێل قوشقەڕە و داڵ و قەڵا گرتوویە لان |
پێم بڵێ تو بی خوا ئەی پیرەمێرد ئەحواڵیان | چی بە سەر هات ماڵە گەورە، کەوتە کوێ پشت ماڵەیان |
1940
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|