پیرەمێرد خۆی دەرخست
Appearance
دەردی گرانە تووشی نەوەی نەخوێندەوار ئەبێ | مێردەزمەیە کە سواری کوڕانی بەکار ئەبێ |
بەرزی خەیاڵە کە هەڵیئەبڕێت بۆ کەمەندی بەند | زیهنی تەڕ و جوانە کە بە شیعر ئیختیار ئەبێ |
سواری «سمندر» سم لە هەوادایە لە مەعنییا | نازانێ کە کەوتە خوارەوە، غەمخوارە خوار ئەبێ |
ئاهەنگی وەزن و قافیەیە بە شەو لە کەللەیا | تاری درۆیە بە «أحسن أكذب» ئەشعار ئەبێ |
دەعیەی دەماغی نایەڵێ کاسبیەک بکا بۆ خۆی | بە شەو خۆی پیادەیە کەچی خەوی لێ سوار ئەبێ |
دێتە ئەمەی کە بنووسێت، لەپڕ شیعری دێ بە تاو | نەینووسێت بیری نامێنێ ڕەنجی بە خەسار ئەبێ |
تاریکە ژوور، چرای نییە، بۆی دێتە دەر بۆ حەوشە | گەر مانگیش نەمابێت، ئەستێرەی شەوقی دیار ئەبێ |
بەو ڕەنگە وا گریمان قەسیدەکە تەواو کرا | کەس نابێ کە بۆی بخوێنێتەوە بێ قەرار ئەبێ |
جارێکیان لە ئەستەموڵ لە شەوا تازە شاعیرێک | شیعرێک ئەڵێت لە خۆشی ئەو شیعرە گەشکەدار ئەبێ |
چی بکات؟ ئەچێتە بەردەرگا و بەگچییەک تێئەپەڕێ | بانگی ئەکات بۆ خوێندنەوەی، ئەوسا شیعری سوار ئەبێ |
بەم ڕەنگە فێری شاعیری بوون و سەهلە دوای ئەمە | سەد قۆرتی وا هەیە کە گوزەران ژاری مار ئەبێ |
چاوی ڕوا کە بەشکو نانی لە «دوونان» دەستکەوێ | گەر ڕۆحی بوایە مەدحی درۆ شەرمەزار ئەبێ |
کەوتووینە دەورەیەکەوە کە بە هەزار بەزم و نەزم | باوەڕ مەکە کەرەمکەر کە بە دەست ئیختیار ئەبێ |
هەجویش ئەکەی، پەڵێکە کە ئەیهاویە ناو جۆگەلە | داوێنی هەجوەکەشت بە پریشک لەکەدار ئەبێ |
من ئەم قسانەم بۆ ئەدەبی میللەتەکەم ئەکەم | کە ئاوێنەیەکە زۆر کەسی وای تیا دیار ئەبێ |
شیعرم هەیە کە بانگە لە ناو کوولەکەی تەڕا | بووکم هەیە وەکوو مانگە؛ بەڵام جێی حەسار ئەبێ |
زۆری نەماوە کوڕگەلی کورد بێنە ناو کایەوە | ئەوسایە شەخسی شەخسی خۆی بەخۆی سەنگەسار ئەبێ |
ئەنجار ڕەواجی شیعر و ئەدەب وەختی دێتە بڕەو | ئەو سنعەتە نەفیسە هەر هەمیشە بەهار ئەبێ |
نەزمی جەلیلە کە موعجزەی «خاتم النّبی» یە | شیعریش بەشێکە لە حیکمەت، وەک دین پایەدار ئەبێ |
هاتم بە قافیە و بە قسەی قۆڕ و لەنگ و درێژ | نووسیم نەوەک بڵێن کە تەڵاکەم کەمعەیار ئەبێ |
خۆزگە ئەوانەی وا بە فەساڵ و بە فیشاڵ ئەدوون | لەو تیرەیە دەبوون کە تیر و کەوانیان دیار ئەبێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|