وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە
Appearance
وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە | ئە هەر لایەک ئەچیت یا مێرگە یا خود لالەزارێکە |
کەوایی تازەیان پۆشا چیا و هەرد و کۆسار | بە ڕەنگاو ڕەنگی لێی داوە عەجەب نەقش و نیگارێکە |
چەمەن ڕازاوەتۆ ڕەنگین بە ڕەنگی لالە و نەرگس | نموونەی جەننەت و ڕێزوان لە گشت دەشت و دیارێکە |
ڕەیاحین عەتری بەخشاوە لە عەتری غونچە و عەنبەر | نەسیمی سوبح گاهان تێ شەمیمی موشک بارێکە |
چیا ئارایشی خۆی کرد بە سەد ڕەنگ ڕەنگی لێداوە | بە گوڵ چارشێوی داداوە ئەڵێی بووکی تیجارێکە |
تەماشای عیشوە و نازی بەڕەزای پاڵی تاوێر کە | ئەلێی مەحبووبی تۆراوە لە سایەی بەرقەتارێکە |
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ لە بەینی لالە و نەرگس | مەڵێ نەمدیوە وەک زوڵفی پەشێوی دڵ فگارێکە |
بە تاجی زیو و ئاڵتوونی لە مێرگی دڵ گوشا نەرگس | لەسەر ئاوڕەنگی زمڕووتی لە سیحرا شەهریارێکە |
بە عەینی خاڵی سەرو کوڵمی دلارامە | لە جەرگی لالە ئەو خاڵەی کە ماوی و ئاودارێکە |
گوڵاڵە چین بە چین سەف سەف لە دەشتا خەیمەیی داوە | بەنەوشە زەرد و سوور و شین عەجایب نەشئەدارێکە |
لە هەر کوێ دۆڵ و شیوێ بێ ڕەنگاوڕەنگ نەقشی کریاوە | بەڵێ سەد گوڵشەنی جەننەت لە دەوری کۆهسارێکە |
ئەچیتە سەیری هەر مێرگێ لە گوڵ ڕێی پێت نییە داینێیت | دەڵێی سەد دڵ ئەکا حەیران چ شیرین نە بەهارێکە |
لە گوڵشەن دەنگی سەمتوور و سەدایی سازت پێناوە | لەسەر هەر سەروێ ئەڕوانی نەوای کۆکۆی هوزارێکە |
دەچیتە سەیری گوڵ باغ و بە ڕەنگی ڕوومەتی دولبەر | دەشنێ و پرش ئەدا بولبول لە لایا نەغمەدارێکە |
بەنەوشە و سونبول و نەسرین بە عیش و زوڵفیان بەخشە | بە عەینی پەرچەمی پەخش و پەشێوی چاو خومارێکە |
ئەمانە مینە جاف گشتی بە ئەمری حەییی دادارە | بنازم قودرەت و جاهی کە وا پەروەردگارێکە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|