Jump to content

هەی وەی

From Wikisource
هەی وەی (1962)
by ئەسیری
307998هەی وەی1962ئەسیری
وا بجووڵێ وابزانن کوردە هەی دەرکەوە دوژمن لە ترسا بێژێ وەی
تاکو کەی ئەم سستییە و خەم ساردییە بەسیەتی خەوتن بەگورجی هەڵسە دەی
وەک هەڵۆ دەفڕن بەگورجی ڕێ ئەکەن خەڵکی خۆرئاوا (بەسەرتا چاوکە سەی)
ساڵەڕێ کاروان ئەکەی خۆتش بەپێ دەردەدار و واوەیلی بەدحاڵی ڕەی
شەو لە تاوی کاری رۆژت بێخودی میللەتانی دی لە عەیش و نۆشی مەی
بەزمگاهـ و موتریب و جێی سینەما ڤنگەیی ساز و چریکەی دەنگی نەی
ماندوو و مردوو، کە بانگی شێوی دا هەر چ جێیێ بی وەکو جل لێی ئەخەی
بەم پەرێشانی و ڕەزیلی و ئەزیەتە لاوی من ڕێگا بە هیوا چۆن ئەبەی
خۆت وەهای، دڵگیرە نیشتمانی گەلت خێڵ و دێهات و وڵات و شارەکەی
باغتی کردۆتە مانەندی بەهەشت ڕەنگی سێو و بۆڵی مێو و بۆنی بەی
ڕەنگی گێلاس و هەڵووژە و زەردەلوو دڵ کەشە، چاو ڕوون ئەکا گوڵنارەکەی
شیرنی هەنجیر و خۆشیی تووی تەڕی شەوچەرە و بادام و گوێز و چوالەکەی
لەززەتی هەرمێی گوڵاوی و قۆخەکەی گێوژ و عەنناب و شاتووە مۆرەکەی
ئاڵوباڵوو و هێشووە کشمیش و هەنار چەورە قەزوان و، جوانە تابڵەی
خەربزە و هارووی و ترێزوو و گوندۆرە کاڵەکی ڕۆخی چەمی، شوتیی زلەی
سۆسەن و ڕەیحان و سونبل، نەرگسی بۆیی شەببۆی و، بریقەی لالەکەی
شەست پەڕو ڕەعناو و نەسرین و گوڵی لالەعەبباس و بنەفشە و گاوەرەی
چەن جوان و شیرنە ڕەنگی شلێر یاسەمەن دەرمانی دەردە بیخۆ دەی
بۆی ترنجۆکی ڕەزی، مسکیی چەمی قوتەڕەیحانی وو نەعنا کێویلەی
مێرگی دامێنی چیایی سەرسپی جێی ئەهەنگە بۆ شوانان و گەلەی
حیلە حیلی ئەسپ و، پڕمەی ماینان چاخی ئاو خواردن لە بەستانا ڕەوەی
ئاوی شیرینی خۆشە، مانەندی نۆش چاکە بۆ ساغی گەڕاوانی مەلەی
وا لەسەر کانی، لە بن داری چنار دڵ ئەبێ گەش بەو بلوورەی لێی ئەدەی
دەنگی قومری و، یاهووان و یا کەریم جۆش ئەداتە گوێدەری حەق، هوو و حەی
قاسپە قاسپی کەو کناچەی پۆڕ و مۆڕ حوزن ئەدا بولبول لەسەر گوڵ وەلوەلەی
ئەو سەرۆکەت بێتە دیوان هەیبەتی هەر وەکو شەستتیرە قۆڕەی نەرگەلەی
چەتفەوو مشکی و شەدە و هەوریت لەسەر لاوی من شۆخی، دەڵێی پاشای بەبەی
زۆر جوان و تەن دروست و زیرەکی بێیە سەر کار و بەرەت نەختێ هەڵەی
ئەم خووەت هەر چیت بەسەر بێ هەر لەمە دەس بەسەر یێکا ئەدەی هاوار ئەکەی
گەر هەرایێ بێ لە بەینی عەشرەتت پڕ لە چەک حازر ئەبن تا چووکەلەی
دەرئەچن چین چین لە دێ وەک شێری نەڕ ڕۆڵەیی ئاری نەوەی ئەخسارەکەی
ئەمبەر و ئەوبەر کە دەگرن، شەڕ ئەکەن شەققەیی قۆنداغ خڕ و، گیزەی گوللەی
کەف کەفەی خوێنە بەسەر بەرد و پلا کار ئەکا خەنجەر لە لەش، تامستەکەی
حەشرە ئەو ڕۆژە کە هەرچی تووشی دێی قوڕ دەپێوێ بۆ کەسی کوژراوەکەی
کوردە بۆ توونووی بەخوێنی خزمی خۆت تووشی بێگانەت ببی مل کەچ ئەکەی
هەر وەکوو ئەسفەندیاری بۆ کەست بۆ کەسی دی نۆکەر و، مەیتەر لەلەی
لەم پەرێشانی فرازیت گەر دەوێ هۆگری یەکبوونە، ڕاستیی چارەکەی
ڕۆڵەیی ساوەت بنێرە لای مەلا پێی بناسێنە خۆی و جێگەو بەرەی
خۆڵی ژێر پێت کانی زێڕ و نەقرەیە بەچکە لوڕ لاتی و دەرۆزەی بۆ ئەکەی
بۆ قوتابخانانی خۆرئاوا بچوو بەڵکە ئەم کانانە بۆ خۆت دەرئەخەی
بێجگە گاوانی و شوانی و جووت و گا دابنیشی لێرە ئینجا چی ئەکەی
سەرکەوە وا دوژمنت بێ سەرفرۆ با لە دڵتا هیچ نەمێنێ غائیلەی
جەوری تورکان چۆن لە بیرت دەرئەچێ هەتک و تاڵان کردن و سێدارەکەی
ئەو شەهیدانەی دیاربەکر و شیمال لاوی من تۆڵەی ئەوانە کەی ئەکەی
ماڵ و منداڵیان هەموو بوون دەربەدەر سەر بڕا نەختێ کە کەڵکی بێ ئەوەی
کوردێ گەر مەرد بێ ئەمانەی هەر کە بیست سووی ئەبێ، دەگری دڵی، دەدڕێ یەخەی
کوردە تۆ ڕەحمت نەبێ بۆ میللەتت هەر کە مردی زەحمەتە ئیمان ئەبەی
لێدە بۆ میللەت قەڵەم گردە زوان لەم پلە بەڵکو گەلت زوو سەر ئەخەی
گەر بدەی بۆ دین و گەل ماڵ و سەرت لاوی من فیردەوس ئەسێنی مز ئەدەی
گوێ بدەن، یا گوێ نەدەن، هەر تۆ بڵێ فائیدەی ئەمڕۆ نەبێ، ئەیبێ سبەی
وەعز و ئیرشادە ئەسیری پێت دەڵێ وابجووڵە، دا بزانن کوردە هەی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).