Jump to content

هەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان

From Wikisource
هەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان (1955)
by مەزڵووم
303682هەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان1955مەزڵووم
هەر ئەمووت خۆزگە بمدیایە شەیتان ئیبلیسی لەعین دوژمنی ڕەحمان
داخی دڵی خۆم پێ بڕشتایە حەقی بەر و دوام لێ بسەندایە
من بەو داخەوە گەلێ مامەوە بەو حەسرەتەوە ئەتلامەوە
تا ئاخر شەوێ وەختی نیوەشەو بە عەزمی نوستن چاوم چووە خەو
دیم لە خەومدا تازە جەوانێ بە باڵا عەرعەر، شیرین زوبانێ
گەردن وەک شووشەی گوڵاو موعەتتەر نازکی گۆنای لە گوڵ نازکتر
بە سەد نەزاکەت هەت بەلامەوە زامار بووم زامی بۆ کولانمەوە
چاوم هەڵبڕی، دیم چاوی مەستی خەیلێ بێهۆش بووم کەوتم بە مەستی
وتم: ئەی جوان تۆ بی جوانی خۆت پەریت، ئادەمیت، بڵێ ناوی خۆت
تۆ بۆچی وێڵی، بۆچی عەوداڵی بۆچی موحتاجی دیوان و ماڵی؟
***
دەم بە خەندەوە، جوابی دامەوە یەک دوو قەدەمێ هات بە لامەوە
وتی: پەری نیم ئادەمیزادم وتی گوڵچینی باخی مورادم
من ئەو کچەم کە پارو پێرار لە عیشقی مندا لات نەبوو قەرار
ئێستاش بە یادی جاری جارانت خۆم بە دیاری هێنا دیوانت
بۆ فەرەحی دڵ بۆ خەڵوەتی خەو لە بو سەیران و ڕابواردنی شەو
وتم بەخێربێی قوەتی ئەژنۆم مەرهەمی دەردی زامانی بە سۆم
گەلێ مەمنون بووم ئەزیەتت کێشا لە بۆ دیدەنی تەشریفت هێنا
فەقەت تۆ نابێ گلەیی بکەی تەعنەی بێمەیلی لە دڵم بدەی
من لە پارەوە قەولم کردووە لە حەرام دوور بم تۆبەم کردووە
ئێستا تۆ لە من بە شەرع و قانوون گەلێ حەرامی بە بێ چەندوچوون
وتی: لەوساوە لەیەکبووین جیا هەڵ و تەقەلام بۆ ئەمشەو ئەدا
ئێستا تۆ ئەڵێیت، بە تۆ ناڕازیم تۆبەم کردووە، یەعنی کە سۆفیم
ئەو قەولی خۆتە، تۆ بدە بە باد بێرە پێشەوە هەرچی بادا باد!
بە گەنجی ئەگەر هەرچییە بکەی گوناهی کەمە، چونکە تۆ جوانکەی
بە عومری جوانی هیچ قسوور مەکە هەر وەقتێ پیر بووی ئەوسا تەوبە کە
موختەسەر چاکە هەڵمەتم بۆ برد وەک گورگی برسی ژێرەوژووم کرد
گەلێ سواری بووم کێشامە ژێربار بەناز جار جارێ ئەیووت ئەی هاوار
فاسیلەم نەدا تا وەقتی سەحەر دامە بەر کوت و حەملەی پڕ هونەر
ئەمەندەم لێدا بە حەربەی چەرمین ئەسڵی مەقسەدی گشت بوو بە برین
خوێن و ئاو جاری لێئەهاتە خوار وەکوو چۆڕاوگەی گوێسیلەی بەهار
سەراسەر لاشەی ئەو نەوجەوانە سیس و شێواو بوو وەکوو هەمانە
کاتێ بەتاڵ بوو خەیاڵی سەیران هەواو خۆشی و شادی مەعشوقان
لەب بە خەندەوە، هاتە کایەوە جەوابی منی وەها دایەوە:
من کەی یاری تۆم، کەی بە تۆ دۆستم من بۆ حالی تۆ مەینەتی و کۆستم
چونکە شەیتانم، دوژمنی ئادەم ئەیخەمە عوسیان ئیسلام زۆر و کەم
ئەمن دوژمنی ئەولادی حەوام بەری لە قاپی ڕەحمەتی خودام
تۆبەی چەن کەسی وەکوو تۆم شکان چەندە عابدم خستۆتە عوسیان
جوابم دایەوە وتم ئەی شەیتان قەسەم بە خودای زەمین و ئاسمان
تۆبەم لە جاران زۆر قائیمترە نوێژ و تاعەتم گەلێ چاترە
بۆیە هەر ئەمووت من تۆم بدیایە تۆڵەی عالەمم لێت بسەندایە
شوکر ئاواتم ئەوا هاتە دی دوژمنی خۆمم بە سەر شۆڕی دی
یاخوا سەد خێڕی وەها بێتە ڕێم کە دوژمنی خۆم هەر بەخۆم بیگێم
ئەلحەمدولیلا لە ڕۆژی مەیدان چەند زەڕبەی کاریم بە دوژمن گەیان
دوژمنم، شەیتان، بۆم هاتە مەیدان هەر بە دەستی خۆی خۆی دا بە تڕان
ئەی شەیتان یاخوا زوو بۆم هەڵکەوی دیسان بەر حەملەی مەزڵووم بکەوی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).