هاودەمی هامفەرد
Appearance
هاودەمی هامفەرد، سەرکردەکەی خەم | ڕێ نەکەوت خەمان جەم کەین لەگەڵ خەم |
هیوایەکم بوو بۆم نەچووە سەر | ئەمویست بە بۆنەی بۆنکز بێ کەدەر |
ئای بەو یادەوە ئێستەش سەرخۆشم | بەو شنۆی بایە هێشتا مەدهۆشم |
کاتێک بەو گەردن زیوی سافەوە | وەک ئاسکی خوتەن بە بۆی نافەوە |
لەو توون بۆ ئەو توون گومەتەی ئەبەست | عەترئامێز بوو ڕووی کۆ و هەرد و دەشت |
ئەو بۆنە خۆشە شەماڵ ئەیپەخشان | دەرمانی دەردی دووری ئەگەیان |
پەردەی دڵتەنگی لا ئەبردەوە | هەردەم ژیانی نوێ ئەکردەوە |
درەنگت پێ چوو، چەواشەی چەپگەرد | تەسەللایەک بوو ئەویشی لابرد |
ئێستا ئەو گەنجە، ئەو لار و لەنجە | بە سەرپەنجەی زۆر دڵت کرد ڕەنجە |
ئای لەش پڕ برین، دڵ بە خەریکی | دیدار بە دووری، مەرگ بەو نزیکی |
ئەلای کێ بەرین داخوازی تەدبیر؟ | هەی داد لە تەدبیر، هەی ڕۆ لە تەقدیر!! |
خۆ ئەم بەدبەختەی خۆشی نەدیوە | بەختی ڕەشی خۆی زۆرتر ناسیوە |
لەم چارە نووسەی قوربانی دولبەر | نەک جارێک چوار جار «اللە اكبر» |
لە گێژی دەریای ئاشووبی زەمان | بۆ کەشتی خەلاس ئەبووە بادبان |
1939
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|