نەورۆز (گۆران)
Appearance
ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ! | ڕۆژی نەورۆز دای بە هەوری زستان، دڕ! |
گەرمی و ژین و شادیی هێنا بە دیاری، | کوردی خستە جەژنی تازەی بەهاری |
پووش بو بە گیا، چیلکەی باخ بوو بە دارگوڵ، | لە وشکەسی کانی کەوتە قوڵە قوڵ |
گوڵاڵەی دەشت، نێرگزی مەست، وەنەوشە، | وەک پێشەنگی بەهار کەوتوونە گەشە، |
ئەڵێی پەلەی پەرداختی نەورۆزیانە، | بۆ جەژنی کورد ئەو گوڵانەش سۆزیانە |
هەروەک سروشت ئاگادار بێ: کە کاوە | چ ڕەنجێکی بۆ ئازادیی گەل داوە! |
هەروەک مەلان بە حەواوە بزانن: | کە بە ساردی چەن دای چەکوش لە ئاسن! |
تا زنجیری ئەژدەهاکی لە گەردن | نەتەوەیەک داماڵی پیکی ئاسن! |
شەوی دیلی بوو بە ڕۆژ، خەم بە شادی، | زستان گەڕا بە بەهاری ئازادی... |
ئەی هاوچین و هاونەتەوەی کاوەی مەرد! | تۆیش بە بازووی خەباتی سەختی وەک بەرد، |
شەڕفرۆش و ئیمپریالیست و ناپاک، | وا داپڵۆسە کە یەکسان بن لەگەڵ خاک؛ |
ئیتر هەرگیز سەر هەڵنەبڕن وێنەی مار | هەنگوینی ژین لە مرۆڤ پڕ کەن لە ژار! |
1960/03
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|