نەفسی حیز
Appearance
موددەتێکە نەفسی حیز حوکمی خراوم لێ دەکا | هەر بە قەهر و کینە دەڕوانێت و چاوم لێ دەکا |
جاربەجار دەگری و دەناڵێنێ وەکوو هەوری بەهار | گەهـ بە خەندە و پێکەنین دیتوو سڵاوم لێ دەکا |
یەک سەعات و یەک دەقیقە دەست لە من هەڵناگرێ | ڕوو لە هەر لاێی دەکەم هەر قاوەقاوم لێ دەکا |
بۆ خەرابات و کلیسا و مەسجید و دەیر و کەنیشت | دەمڕفێنێ ئەم سەگە سەد گورگەڕاوم پێدەکا |
هەرچی تەفرەی لێدەدەم، وەعد و وەعیدی پێدەدەم | ناسرەوێ تەکلیفی قۆڕ و بندڕاوم لێ دەکا |
عیففەت و عیسمەت کە باری کردووە، ئەم کافرە | کوللی شەو داوای کچێکی کەس نەگاوم لێ دەکا |
گەرچی دنیا بۆ مەلاکان بۆتە یەک بەیتولخەلا | زاڵمە دەعوای گوڵ و عەتر و گوڵاوم لێ دەکا |
ڕۆژی شیرینم نەماوە عەهدی ترش و تاڵییە | وەک مناڵ دەگریت و داوای شەکری خاوم لێ دەکا |
من لەبەر عیجز و پەرێشانی کە هیچ نوتقم نییە | ئیددیعای ئەشعار و بەیت و بەند و باوم لێ دەکا |
هێندە گریاوم لە چاومدا نەما فرمێسکی خوێن | زاڵمە بێ ڕوحمە داوای خوێنی چاوم لێ دەکا |
من بە ناری دڵ دەبرژێنم کەبابی جەرگی خۆم | بۆی دەبەم ڕازی نییە داوای پڵاوم لێ دەکا |
هەرچی فکری لێدەکەم ڕێگەی خەلاسیم بۆ نییە | بەم چلەی زستانە داوای تاو و ساوم لێ دەکا |
دەچمە ماڵێ ماڵ و منداڵ دێن و دەورەم لێدەدەن | یەک تەمەننای قەند و چا یەک نان و ئاوم لێ دەکا |
دەچمە مزگەوتێ لەوێش شەیتانی مەلعوون حازرە | ئیددیعای ئیسلام و ئیمانی نەماوم لێ دەکا |
ڕوو لە بازاڕی دەکەم ئەمجارە ئەربابی تەڵەب | هەر کەسێ تووشم دەبێ داوای دراوم لێ دەکا |
دەچمە سەر چۆم و خەیابان یەک نەفەس ئاسوودە بم | شارەبانی حازرە و داوای کڵاوم لێ دەکا |
سەیری خۆشتر، من کە «مەعڕووف»م لە نێو ئەم شارەدا | تازە ئیحسائییە داوای ئیسم و ناوم لێ دەکا |
دەردی بەدتر لەم هەموو دەردانە تیغی پیرییە | جەرگی لەت لەت کردووم داوای هەناوم لێ دەکا |
حەزرەتی قابیز بە حوکمی پادشاهی لایەمووت | ئیددیعای تەکمیلی عومری ناتەواوم لێ دەکا |
یەک لە ئەشخاسی ئەدیب و دۆستانی موحتەڕەم | ئیددیعای یەک گەوهەری کون ناکراوم لێ دەکا |
چوومە لای غەوواسی بەحری فکر و بۆی هێنامەدەر | گەوهەری ناسوفتە داوای باج و خاوم لێ دەکا |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|